ئایا خەون سوودی بۆ تەندروستی هەیە؟

ئایا خەون سوودی بۆ تەندروستی هەیە؟

  لە ڕاپۆرتی پسپۆرانی خەو لە زانكۆی ئەریزۆنا هاتووە كە بینینی خەون واتە خەوێكی دروست كە بە قۆناغی جوولەی خێرای چاوەكاندا Rapid Eye Movement تێپەڕێت سوودی زۆری بۆ تەندروستی هەیە. خەون لەكاتی نووستنی هاوكات لەگەڵ قۆناغی جوولەی خێرای چاوەكاندا REM دەبێت كە چاوەكان بە خێرایی بە ئاراستەی جیاواز دەجوولێن، ئەمەش سەلمێنراوە كە نووستنی هاوكات لەگەڵ جوولەی خێرای چاوەكاندا ڕۆڵی ئەرێنی بۆ نوێبوونەوەی تەندروستیی مێشك و لەش هەیە هاوكات لەگەڵ زیاتربوونی توانا فیزیكی و درەوونییەكان لەكاتی ئەنجامدانی چاڵاكییەكانی ڕۆژانەدا. قۆناغی جوولەی خێرای چاوەكان دوا قۆناغی خەوە، هەموو ماسوولكەكانی لەش بە تەواوی بێ جووڵە و خاودەبنەوە، هەناسە تەنك و خێرا دەبێت هەروەها لێدانەكانی دڵ و پەستانی خوێن زیاد دەبن، قۆناغەكە تەنیا 20-25%ی كۆی خەوی شەوانە پێكدێنێت واتە 90 خولەك بۆ نووستنێكی 7-8 كاتژمێری. ئاماژە بەمەش كراوە كە خەوی بێ خەون یان بێ جووڵەی خێرای چاوەكان هۆكارە بۆ زیادبوونی ئەگەری گەلێك حاڵەت و نەخۆشی وەكو: زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، گرفت لە تەركیزو بیرهاتنەوەدا، هەستكردن بە ناڕەحەتی و گرژی دەمارەكان، پەستی، هەلوەسە Hallucinations، هەروەها نەخۆشییەكانی كۆئەندامی دڵ و سووڕان.

Top