هیوا ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی بەشی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان بۆ گوڵان: پارتی وەكو ئەركێكی نیشتمانی و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستاندا ئامادەیی تێدایە هەموو پێكەوە كار بكەین و هەڵبژاردن ئەنجام بدەین
گۆڕانكارییەكانی دوای كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان و پرسی هەڵبژاردن و چالاككردنەوەی ڕۆڵ و پێگەی سەندیكا و یەكێتی و كۆمەڵەكان و گرنگیدان بە خواست و داواكارییەكانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان، تەوەرەی دیداری گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ هیوا ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی بەشی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی.
* لە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆمەڵێك گۆڕانكاریی گەورە كرا، ئەمەش ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بۆ قۆناغێكی نوێ ئامادە دەكات و، دەیەوێت بەڕاستی گوێ لە خواست و داواكانی گەلی كوردستان بگرێت و، فاكتەرێك بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، ئایا ئەو میكانیزمە چۆنە كە بۆ ئەم قۆناغە نوێیە كاری پێ دەكەن؟
- بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری دهۆك بەڕێوەچوو، هەر وەكو سەرۆك بارزانی داوای لێ كردبووین، كۆنگرەكە ئامانج و ڕاسپاردەكانی لە پێناو خزمەتی بەرژەوەندییەكانی باڵای گەلەكەمان و خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان بێت، بۆ ئەمەش پێویست بوو پارتی بۆ ئەم قۆناغە خۆی نوێ بكاتەوە و پەیڕەو و پڕۆگرامی خۆی تازە بكاتەوە، لەئاست ئەو گۆڕانكارییانەشدا بێت كە لە دوای كۆنگرەی 13 لە ساڵی 2010 هاتووەتە پێشەوە. لەو ماوە زەمەنییەدا گۆڕانكاریی زۆر لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهان ڕوویان داوە، ئەو دەمە ڕووداوەكانی بەهاری عەرەبی و گۆڕانكارییەكانی كە بەسەر زۆر لە وڵاتانی عەرەبی و شەڕی سووریا و هاتنی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی زۆر لە شارە گەورەكانی عێراق و هاتنی دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارە و گەمارۆی سەر هەرێمی كوردستان و بڕینی بودجە لەلایەن عێراق و پەتای كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و داشكانی بەهای نەوت و وشكەساڵی و دەیان ڕووداو و كارەسات و گۆڕانكاریی دیكە ڕوویان نەدابوو، بۆیە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان جیاواز بوو لە كۆنگرەی 13ی پارتی و بە شێوەیەك بەسترا كە لە ئاست هەموو ئەو گۆڕانكارییانە و ڕووداو و پێشبینییانەدا بێت، هەرچی ئەو گۆڕانكارییانەش هەیە لە دامەزراوەكان و دامودەزگاكانی لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و خزمەتی خەڵكدا بووە، هەر ئەمەش لە پارتی چاوەڕوان دەكرێت كە هەر لە دامەزراندنیەوە لەسەر دەستی سەركردەی كاریزمای نەتەوەیی كورد و كوردستانی مەلا مستەفا بارزانی خاوەنی دۆزی ڕەوای گەلی كورد و كوردستانە، پارتی لەسەر ئەم فكرو ڕێبازە لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد خۆی بە بەرپرس زانیوە و هەرگیز لە بەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە و داكۆكیكار و پارێزەری سەرەكی و سەرسەختی مافەكانی گەلی كوردستان بووە بە جیاوازی نەتەوەیی و پێكهاتە و ئایین و ئایینزاكانەوە، ئەم ڕەوتە نەتەوەیی و كوردستانییەی پارتی و هەڵوێستی بۆ چارەسەركردنی گرفت و كێشەكان و پارێزگاریكردن لە پێكەوەژیان و ئاشتی و تەبایی وای كردووە، لە ناو جەماوەری كوردستاندا خاوەنی پێگە و قورسایی خۆی بێت. لە شەڕی داعش و كۆڕۆنا و قەیرانی دارایی و هێرشكردنە سەر كوردستان، پارتی ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی هەڵگرتووە لە پارێزگاریكردنی قەوارەی هەرێم و لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان درێخی نەكردووە و شەهید و قوربانییەكی زۆری داوە، بە پێچەوانەوە حزبی دیكەش هەبووە لە كوردستان ڕاستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ خزمەتی بە ئامانجەكانی دوژمن كردووە، هەر لەم پێناوەشدا ئەوەی دژی دۆزی ڕەوای كورد و لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، هاوكات دژی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە، زۆربەی جار ئەم دژایەتیكردنەی پارتی بە مەبەستی لێدان لە بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك و بە پەراوێزخستنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵك بووە، یان چاكسازی و گۆڕانكارییەكانیان لە حوكمڕانیدا پێ هەزم نەكراوە، لەگەڵ ئەمەشدا پارتی وەكو ئەركێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان ئامادەیی تێدایە لەگەڵ حزبەكان هەموو پێكەوە كار بكەین، چونكە پارتی بە تەنیا ئیدارەی هەرێمی كوردستان ناكات، دەبێت لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكە پێكەوە ڕووبەرووی تەحەددییەكان ببینەوە، چ ئەو تەحەددییانەی ڕووبەڕووی جیهان یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتەوە، یان ئەو تەحەددییانەی لە ناوچەكە و لە نێوخۆی عێراقدا دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە. كوردستان هەرێمێكی فیدڕاڵییە لە ناو چوارچێوەی عێراقدا وەكو پێگەیەكی دیار و لەبەرچاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا، هەروەكو چۆن دۆست و هاوپەیمانی هەیە، هەرواش نەیار و ناحەزی هەیە، بۆیە عەقڵ و لۆژیك پێمان دەڵێن دەبێت لە قۆناغی داهاتوودا ناكۆكییەكان بەلاوە بنێین و لەگەڵ حزب و هێزە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزەكان كاری جددیی و بوێرانە ئەنجام بدەین، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو تەحەددییە جیهانی و ناوچەیی و نێوخۆییەكان و چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی خەڵك، ئەوەتا پارتی توانی لە پرۆسەی حوكمڕانیدا وەرچەرخانێك لە بەڕێوەبردن و چاكسازی و ڕاگرتنی گەندەڵی و فرەچەشنكردنی ئابووری و دابینكردنی مووچە و خزمەتگوزارییەكان و پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان ئەنجام بدات. ئێمە هەرگیز نەمانوتووە كەموكورتی نییە، بەڵام لە بەرپرسیارتی ڕامان نەكردووە و شانمان داوەتە بەری و چارەسەرمان كردووە، وێڕای هەموو ئەو تەحەددییە گەورە جیهانی و ناوچەیی و عێراقی و نێوخۆییانەش ڕەوتی ژیان و خزمەتگوزارییەكان و ئارامی و سەقامگیریمان پاراستووە، ئێستاكەش پارتی بۆ بەهێزكردنی بنەماكانی حوكمڕانی و دیموكراسییەت جەخت لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردن دەكاتەوە، وەكو بنەمایەكی گرنگی دیموكراسی و ڕووی جوانی هەرێمی كوردستان زۆر پێویستە چیتر ئەم پرۆسەی هەڵبژاردنە دوا نەخرێت.
* وەك ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەشێكی لەو بڕیارەی مەكتەبی سیاسی كە بڕیار دراوە ئەمساڵ هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت، بەڵام كاتەكە دەڕوات و هیچ هەوڵێكی جددی بۆ هەڵبژاردن نابینین، یان ڕاشكاوانەتر كات ئەوەندە بە دەستەوە نەماوە كە لە ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، ئایا پارتی سەبارەت بە هەڵبژاردن هەڵوێستی چی دەبێت؟
- ئێمە پێمان وایە هەڵبژاردن جگە لەوەی مافێكی سرووشتیی هاووڵاتیانە و پێویستە هەر چوار ساڵ جارێك پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بنەمایەكی بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستانیشە، بەپێچەوانەوە خۆ ئەگەر هەڵبژاردن نەكرێت، سیمای هەرێمی كوردستان ناشیرین دەبێت و، دامەزراوەكانی حكومەت شەرعییەتیان نامێنێت و، وڵات دەكەوێتە ناو بۆشاییەكی یاساییەوە، ڕەنگە ئەو دەمە لە بەغدا كەسانێك بڕیار بدەن، لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نەبێت، تەنانەت كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەزامەندی دا بەوەی ماوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵێك درێژ بكرێتەوە، تەنیا لە بەر كەمیی ماوە بوو، چونكە یەكێتی و زۆر حزبی دیكە داوای هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنیان دەكرد، هەروەها دەیانویست پرۆسەی هەڵبژاردنەكە لە یەك بازنەوە بكرێتە چوار بازنە، پارتی لە پێناو پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێو حزب و لایەنە سیاسییەكان و بۆ پێدانی ماوەیەك بۆ جێبەجێكردنی ئەم داواكارییانە ڕەزامەندی دا بەوەی بۆ ماوەی یەك ساڵ هەڵبژاردن دوا بخرێت، ئەگینا پارتی پێی باشە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بكرێت و ژینگە و بیرۆكەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا گەشەی پێ بدرێت. پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە بیرۆكەی دیموكراتی لەم هەرێمە گەشەی پێ بدرێت و دەستاودەستكردنی دەسەڵاتیشی لە حزب و كەسێكەوە بۆ حزب و كەسێكی دیكە زۆر بە سرووشتی زانیوە و پێشوازی لێ دەكەین. لە ئێستادا لەگەڵ یەكێتی لە گفتوگۆداین و كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و كۆبوونەوەیەكی دیكە لەگەڵ یەكێتی و حزب و لایەنەكانی دیكە بەم نزیكانە ئەنجام دەدرێت و ئومێد هەیە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان بە بەهێزی بهێڵینەوە و ناكۆكی و پشێوی دروست نەكرێت و لەم پێناوەشدا درێخی ناكەین.
سەبارەت بە تەوەرەی دووەمی پرسیارەكەتان بەوەی بۆچی هەوڵێكی جددی لەلایەن زۆر حزب و لایەنی سیاسی نابینن، ڕەنگە بەشێكی بۆ ترسی ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە بگەڕێتەوە بەوەی پارتی جەماوەرییە و لەبەرپرسیارێتی هەڵنەهاتووە و وێڕای بوونی كەموكورتی، بەڵام بەپێی توانا خزمەتی بە گەلەكەی كردووە و جەماوەری خۆی لەدەست نەداوە، بەشێكی دیكەش لەم نەبوونی جددییەتە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە یەكێتی ترسی ئەوەی هەیە لە ناوچەی پارێزگای سلێمانی و گەرمیان حزب و لایەنی سیاسی دیكە دەنگ بهێنن، بۆیە پێویستیان بە پشتیوانیی پارتی هەیە، بەهەر حاڵ ئێمە پێمان وایە دەبێت لێكتێگەیشتن هەبێت، تاوەكو هەڵبژاردنێكی ڕاست و تەندروست و پاك ئەنجام بدرێت و هەمووان بەپێی پێگە و قەوارەی ڕاستەقینەی خۆیان دەنگی ڕاستەقینەی خۆیان بەدەست بهێنن.
* بەشی ڕێكخراوە جەماوەرییەكان، دوو بەشی گرنگ لە خۆی دەگرێت كە بریتین لە ڕێكخراوە جەماوەرییەكان و ڕێكخراوە پیشەییەكان، سەبارەت بە ڕێكخراوە پیشییەكان كە كرێكاران و كاسبكارانی پیشە جیاوازەكان لە خۆیان دەگرن و هەریەك لەو پیشانە سەندیكا و ڕێكخراوی خۆیان هەیە و ماوەیەكی زۆرە ئەم ڕێكخراوانە هەڵبژاردنیان نەكردووە، ئایا بەرنامەتان بۆ دووبارە ئەكتیڤكردنەوەی ئەم ڕێكخراوە پیشەییانە چییە؟
- سەندیكا و یەكێتی و كۆمەڵەكان بەشێكن لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و داكۆكیكارن لە چین و توێژەكانی پیشەیی خۆیان، ڕۆڵێكی گەورەشیان لە هاوكاریكردنی حكومەت و هوشیاركردنەوەی هاووڵاتیان هەیە و بۆشایی نێوان دەسەڵات و خەڵك پڕدەكەنەوە، بەشێكی ئەم ڕێكخراوانە ماوەیەكی زۆرە كۆنگرەی خۆیان نەبەستووە، لە ئێستادا لە گفتوگۆداین لەگەڵ ئەندامەكانمان تاوەكو پاڵپشتییان بكەین و كۆنگرەی خۆیان ببەستن و خۆیان نوێ بكەنەوە.
* ڕێكخراوە جەماوەرییەكان چەندین چین و توێژی هەستیاری كۆمەڵگە لە خۆی دەگرێت، بەتایبەتی هەردوو ڕێكخراوی قوتابیان و ڕێكخراوی یەكێتیی لاوان، ئەمانیش بڕیار بوو پێش كۆنگرەی 14 كۆنگرەی خۆیان ئەنجام بدەن، بەڵام دواكەوت بۆ دوای كۆنگرە، بۆچی خەمساردی لە كۆنگرەی ئەم دوو توێژە گرنگە هەیە؟
- قوتابیان و لاوان ڕۆڵی گەورەیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستان و هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بینیوە. مەلا مستەفا بارزانی بۆ پاڵپشتی و بەهێزبوونی ڕۆڵیان ئەم دوو ڕێكخراوەی دامەزراندووە و بە هەموو توانایەوە هاوكاری و پاڵپشتی كردوون، لە ئێستاشدا كەسایەتیی گەورە و ناسراو و شارەزای زۆریان لە ناو كۆمەڵگە تیا هەڵكەوتووە. سەرۆك بارزانی بەردەوام جەخت لەسەر گرنگیدان بەم دوو توێژە دەكات و هەموو پاڵپشتی و هاوكارییەكی پێشكەش كردوون و هەزارەها ئەندامی پارتی دیموكراتی كوردستان لەناو ئەم دوو ڕێكخراوەدایە و زۆربەیان وەكو ئامار بە ئەندام حیساب ناكرێن لە ناو پارتیدا، ئامانجی ئێمە ئەوەیە بەپێی توانا پاڵپشتیی تەواوی حەز و ویستەكانیان بكەین لە بواری پەروەردەیی و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و خوێندن و گرنگیدان بە وەرزش و لایەنی هونەری و ڕۆشنبیری و گەشتكردن و بەرزكردنەوەی تواناكانیان، سەبارەت بە لاوانیش جگە لەم بوارانە هانی ڕێكخراوەكانی لاوانمان دەدەین خول بۆ لاوەكان بكەنەوە و هەلی كاریان بۆ بدۆزنەوە و لەم پێناوەدا پەیوەندییەكانیان لەگەڵ كۆمپانیا و كەرتی تایبەت بەهێز بكەن و پارێزگاری لە ئاستی ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانییان بكەین و پاڵپشتیی داواكارییەكانیان بەتایبەتی لە پەیمانگە و زانكۆكان بكەن و هاوكاریی ماددی و لایەنی تەندروستییان بكەن، پارتی بێ ئەوەی گوێ بە لایەنی سیاسیی توێژەكانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان بدات پاڵپشت و بەرگریكارێكی سەرسەختیانە و لە زانكۆ و پەیمانگاكان پاڵپشتی داواكارییە ڕەواكانیان دەكات، ئەمانیش وەكو زۆربەی سەندیكا و ڕێكخراوەكانی دیكە پێویستە كۆنگرەی خۆیان ببەستن.
* ڕێكخراوێكی دیكەی جەماوەری «یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان»ـە و ئەم ڕێكخراوە لەگەڵ ئەوەی ڕێكخراوێكی دێرین و گرنگە، دەبێت ڕۆڵێكی زۆر دیاری لە كۆمەڵگەدا هەبێت، بەڵام بەو ئاستە بە چالاكی نایانبینین، ئەمە لە كاتێكدا لە كۆنگرە بڕیار دراوە دەبێت بایەخێكی تایبەت بە ئافرەتان بدرێت و ڕۆڵی دیاریان پێ بدرێت، ئایا بەرنامەیەكی هاوبەشتان لەگەڵ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەیە بۆ ئەوەی ئەو ڕۆڵە بدەن بە ئافرەت كە سەرۆك بارزانی مەبەستێتی؟
- كەس ناتوانێت نكۆڵی لە ڕۆڵ و پێگەی ئافرەتان بكات لە سەرجەم بوارەكانی ژیان و پەروەردەكردنی منداڵ و پێگەیاندنی نەوەی دواڕۆژ و ڕۆڵی گەورەشیان لە ناو ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. ئافرەتان حزوورێكی گەورە و گرنگیان لە سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و دامەزراوەكانی حكومەت و كەرتی تایبەت و حزبدا هەیە، ئافرەت كۆڵەكەیەكی گرنگە بۆ ڕاگرتنی كۆمەڵگەی ئێمە و كەسایەتی و ڕۆشنبیر و هونەرمەند و ئەندازیار و پزیشك و كارمەندی بەتوانا و دڵسۆزیان تێدا هەڵكەوتووە، ئێمەش لە ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو پێیەی لەناو حزبدا ژمارەیەكی یەكجار بەرزی ئافرەتان بوونیان هەیە، بۆیە لە ناو ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكان 30%ی كادیرەكانمان لە توێژی ئافرەتانە و پێگە و ڕۆڵی خۆشیان هەیە، لە پلان و بەرنامەماندایە كە وا گرنگی و بایەخێكی زیاتر بە توێژی ئافرەتان بدەین لە سەرجەم بوارەكاندا بەرنامە و پلانمان هەیە و پشتگیریی سەرجەم ئافرەتانیش دەكەین لە چوارچێوەی دابونەریتە جوانەكانی كوردستان و ئایینی پیرۆزی ئیسلام داوای مافەكانی خۆیان بكەن و هەست بە وجوودی خۆیان بكەن، لە بەرنامەی ئێمەدایە هەل و ژینگەیەكی لەبار بڕەخسێنین تاوەكو سەرجەم ڕێكخراوەكانی قوتابیان و لاوان و ئافرەتان ڕۆڵ و پێگەی خۆیان بۆ بگەڕێتەوە.
لە كۆتاییدا من سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە ڕۆڵ و دەنگ و ڕەنگ و قورسایی خۆی هەیە و كەسایەتیی مەعنەوی خۆی پاراستووە و گرنگی بە لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێكەوەژیان و ڕۆڵی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەدات.