بەختەوەری لە ئاسودەیی ویژداندایە

بەختەوەری لە ئاسودەیی ویژداندایە

فەیلەسوف ونوسەر و شاعیری ئەمریكی (ڕالف ئیمرسۆن) دەلێ" هیچ شتێ بەختەوەریت بۆ ناهێنێ‌ جگە لە خۆت".
بێ شك تەنها كەس خودی خۆتە دەتوانی بەردەوام بەدوای بەختەوەریدا بگەڕیی و بۆخۆتی دروست بكەی، بۆیە گرنگە هەمیشە مرۆڤ بەدوای بەختەوەریدا بگەڕێ و هەوڵ بدات بۆ بەدیهێنان و بەدەستهێنانی. ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاتێ‌ لە ژێر داگیركاری بەریتانیا رزگاری بوو لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیدا دروشمی(هەوڵدان بۆ بەختەوەری) كردە ئامانجی خۆیان و نووسییان لە ڕاگەیاندنەكاندا. بە بۆچوونی شارەزایان (40%) دڵخۆشی و بەختەوەر هەركەسێك دەوەستێتە سەرچۆنیەتی بیركردنەوە و كردارەكانی كە دەتوانێ‌ بەرزەفتیان بكات، كەسە دڵخۆش و بەختەوەرەكان جۆرە داب و نەریت و عورفێكیان هەیە، ڕۆژانە ڕۆژ دوای ڕۆژ پاڵپشتی و پشتگیری دڵخۆشییەكانیان دەكەن و بەردەوام بەختەوەر دەردەكەون، بە پێی چەند توێژینەوە و بەدواداچوونێك كە لە پێگەكان و سەكۆكانی پسپۆڕ و پەیوەندیدار وەكو سەكۆی (زاكۆنڤێرسیشن) و سەكۆی (ئینتەرپرینۆر)و سەكۆی (ئینك) و گۆڤاری (ڤۆرسبی) وا دەردەكەوێت كە چەند داب ونەریتێك هەیە مرۆڤ دەتوانێ‌ لە ژیانی ڕۆژانەی پراكتیزەی بكات و دڵخۆش و بەختەوەر دەبێت كە گرنگترینیان هەست كردنە بە دڵنیایی و ڕازی بوون و سوپاس كردنی خودای گەورە لە سەر ئەو خێرو بێر و بەشەی كە مرۆڤ هەیەتی، پێویستە مرۆڤ هەردەم چاودێر و قایل بێت و ڕازی بێت بەوەی كە هەیەتی و بە پێی چەندەها توێژینەوە دەركەوتووە، ئەگەر مرۆڤ توانی چێژ وەربگرێت لەوەی كە هەیەتی، ئەوا زیاتر گەشبین دەبێت، وە هەست بە دڵنیایی و ئارامی و ئاسوودەیی دەكات لەو خێرو خۆشییەی كە هەیەتی و دەتوانێ‌ پارێزگاری بكات كە هەرگیز هەست و بیركردنەوەی نەرێنی نەكاتەوە و ئاستی دڵخۆشی و بەختەوەری زیاتر دەبێـت. بۆیە پێویستە بەردەوام ڕازی بێت و سوپاسگوزاری خودای گەورە بێت لە سەر ئەوانەی كە هەیانە، بۆیە گرنگە ڕۆژانە سوپاسگوزاری خودا بین كورنوشی سوپاس كردن بۆ خودا ببەین كە یارمەتیمان دەدات هەست بە ووزەی ئەرێنی بكەین بەرامبەر ژیان و وێنەکە گەورەتر دەبینین و بەردەوام گەشبین دەبین لە هەمان كاتدا زۆرترین نەرم ونیانی و هێزمان دەبێت لە رووبەڕووبوونەوەی تەنگژە و تەنگ و چەلەمە و توند و تیژییەكان، هەر بەپێی چەند توێژینەوەیەك دەركەوتووە یارمەتیدانی كەسانی تر زیاتر دڵخۆشمان دەكات، چونكە دڵخۆشی و بەختەوەری لە بەخشین دایە، نەك لە بەدەست هێنان، بەردەوام كەسە دڵخۆشەكان حەز بە یارمەتیدان و بەخشین و بەخشندەیی دەكەن، هەر ئەوەشە دەمان گەینێتە سەركەوتوون. جودا لەوەش گرنگە هەمیشە كەسانی دەوروبەرمان كەسانی گەشبین بن، چونكە كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر دڵخۆشی و بەختەوەری.
هەمیشە كەسە ڕەشبین و بێزارەكان، بێگومان كەسانێكن ووزەی نەرێنی دەبەخشن و ڕات دەكێشنە ناو بازنەی ڕووخاو وێران، بۆیە گرنگە بەردەوام دەوروبەرەكەمان دڵخۆش و گەشبین و خاوەن ووزەی ئەرێنی بن كە ئەوەش متمانە و دڵنیایی و هێزت پێ دەبەخشن بەردەوام تێ دەكۆشن بۆ ڕاهێنان و بنیاتنان.
لە بیرمان نەچێت پێویستە هەردەم بە سەركەوتنی ئەوانی تر دڵخۆش بین، چونكە هەردەم كەسە سەركەوتوو و بەختەوەرەكان دەورەی خۆیان دەدەن بە كەسانی سەركەوتوو، هەرگیز ئیرەییان پێ نابەن. كۆسپ و تەگەرەیان بۆ دروست ناكەن، بەڵكو یارمەتییان دەدەن و دەست بارییان لەگەڵ دەكەن بۆ سەركەوتنیان و دڵخۆش بوونیان كە دەبێتە دڵخۆشی و بەختەوەری بۆ خودی خۆیان.
ماوەتەوە بلێم وەرزش یەكێكە لە هۆكارەكانی دڵخۆش بوون و بەختەوەری، چونكە جولە و وەرزش كردن دڵخۆشی و بەختەوەر دەبەخشن. بۆیە پێویستە مرۆڤ بەردەوام بە دوایی دڵخۆشی و بەختەوەری بگەڕێ، ئەگەر هاتوو لە ناو ژان و ئازاریشدا خەریك بوو بتوێیتەوە، پێویستە خۆ ڕاگر بین و بەدوای بەختەوەری بگەڕێ، بەختەوەری لە ئارامی و ئاسودەیی ویژدان دایە، بە پێی دواین توێژینەوە كە لە بەریتانیا ئەنجامدرا لە سەر (80)هەزاركەس كە لە هەموو جیهان لە سەر بەختەوەری ئەنجام درا دەركەوت (دانیمارك) بەختەوەرترین ووڵاتی جیهانە بە جیاوازییەكی كەم لە (سویسرا) دواتریش (نەمسا) دێن. هەریەك لە ووڵاتانی (زیمبابۆی و بۆراندی) یش دواین ووڵاتی بەختەوەری بوون لە جیهان.

بۆ تویژنەوە زانستی و ئامار سودم لە پەرتوکی سر االسعادة في العالم ديتوە

بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی

Top