حەمە ڕەئوف كەركووكی بۆ گوڵان: نوێكاری لە هونەردا پێویستە، بەڵام لەسەر حیسابی ڕەسەنایەتی نەبێت

حەمە ڕەئوف كەركووكی بۆ گوڵان: نوێكاری لە هونەردا پێویستە، بەڵام لەسەر حیسابی ڕەسەنایەتی نەبێت

هونەرمەند محەمەد ڕەئوف كەركووكی لەساڵی 1956 لە شاری كەركووك لەدایكبووە، لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردووەوە لە ناو ئاهەنگی قوتابخانەكاندا گۆرانی گوتووە، تا لەرساڵی 1986یەكەمین گۆرانی بۆ تەلەفزیۆنی كەركووك تۆماركردووە بەناوی (شەوانە) كە لە شیعری مامۆستا هێمن موكریانییە، لە دوای ڕاپەڕین لە شاری سلێمانی نیشتەجێ بووە و بەردەوامی بەكاری هونەری داوە، یەكەمین گۆرانی لە سلێمانی بەناوی (ئەی خەجێی خەجان) تۆماركردووە، سیدییەكانی بریتین لە (ئاسەوار و ناڵەی دڵ و سیاپۆش) خاوەنی كاسێتی عاشقی بێ دڵە،هەروەها چەندین كۆنسێرتی ساز كردووە لە وڵاتانی ئەوروپا، لە میانی دیمانەیەكدا بەم جۆرە بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.

حەمە ڕەئوف كەركووكی بۆ گوڵان: نوێكاری لە هونەردا پێویستە، بەڵام لەسەر حیسابی ڕەسەنایەتی نەبێت

* با لە بەرهەمی نوێوە دەست پێ بكەین، لە ئێستادا خەریكی چین؟
- منیش حەز دەكەم باس لە كاری نوێ بكەم، من فەرمانبەرم لە بەڕێوەبەرایەتی كەلەپووری سلێمانی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە ساڵی 2019 خانەنشین كرام، بیرم لەوە كردەوە دوای خانەنشینی چی بكەم، چونكە ناتوانم لە هونەر داببڕێم، كارم كرد بۆ بەرهەمهێنانی ئەلبوومێكی نوێ بە ناوی (وەرزێكی ئاڵ) كە لە (10) گۆرانی پێك دێت، لە ئێستادا ئەلبوومەكەم خەریكە تەواو دەبێت، حەوت گۆرانیی تەواو بووە تەنیا سێ گۆرانی ماوە، بە نیازم لەم ساڵدا بڵاوی بكەمەوە و لە هەولێر و كەركووك و سلێمانی مەراسیمی بۆ بكەم، هەرچەندە لە ئێستادا بڵاوبوونەوەی ئەلبووم هەر نەماوە، هەوڵ دەدەم ئەم ئەلبوومە بڵاوبكەمەوە تا خەڵك گوێی لێ بگرن و هەڵسەنگاندنی بۆ بكەن لە هەموو ڕوویەكەوە، كە حەوت گۆرانی نوێیە و سێ گۆرانیی فۆلكلۆرە، لەوانەش یەكیان هی مامۆستا عەلی مەردانە و بە نیازم كلیپی بۆ بكەم، دوانیشیان تێكەڵە لە نێوان فۆلكلۆری كەركووك و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، شەش ئاوازی خۆم دامناوە، یەكیان هی مامۆستا چالاك سدیقە و، ژمارەیەك ژەنیاری بە توانا بەشدارییان لەم بەرهەمەدا كردووە، لەوانە مامۆستا سەید ئەحمەد ڕواندزی، كەمال خورشید و هونەرمەند خەلیل عبدالله شەش گۆرانیی و هونەرمەند هێمن حوسێنیش یەكیانی ئامادە كردووە.
* قۆناغی ئێستای هونەری كوردی بە چی ناوی دەبەی؟
- هونەر هەمیشە پێویستیی بە خۆ نوێكردنەوە هەیە، بەڵام ناكرێ لەسەر حیسابی ڕەسەنایەتی بێت، من ئەم كارەم كردووە، بەڵام هیچ كاتێك لە ڕەسەنایەتی لام نەداوە، بەداخەوە ئەگەر گوێ لە هونەری ئێستا بگرین دەبێ واز لە هونەری كلاسیكی خۆمان و موزیكی ڕەسەنی هونەری كورد بهێنین، كەچی ناتوانین واز لە هیچیان بهێنین، بۆیە پێویستە لە نێوان ئەم دووانەدا نوێكارییەك درووست بكەین بە فلتەرێكەوە، چونكە ئێستا هەندێك هونەرمەند كە دەنگیشیان خۆشە، بەڵام بە ستایلێك گۆرانی دەڵێن من لێیان تێناگەم و شتێك نییە كە ڕەنگدانەوەی هونەری كوردی بێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی فلتەرێك نییە كە هەڵسەنگاندنیان بۆ بكات كە لەسەر چ بنەمایەك ئەم گۆرانییە وتراوە و میلۆدیی بۆ دانراوە و تا چەند خزمەت بە هونەری ڕەسەنی كوردی دەكات، بەداخەوە خۆیان دەڵێن هونەری ڕەسەنی كوردی چییە گرنگ ئەوەیە گۆرانییەكە خۆش بێت وجەماوەری هەبێت و پێیانوایە ئاساییە ئەگەر جەماوەر بە سەقەتی گوێ لە گۆرانی بگرێت.
بەداخەوە هونەرە كلاسیكییەكەی ئێمە تا ئێستا ماوەتەوە، بەڵام بەرەو كاڵ بوونەوە دەچێت ئەگەر لە ئاییندەدا كار بۆ چاككردنەوەی نەكەین ڕەنگە دواڕۆژی باش نەبێت.
* لە ئێستادا هونەرمەندی بە توانا و ئاست بەرز هەن، بەڵام ئایا وەك پێویست ڕێز لە هونەری كلاسیك و هونەرمەندانی ڕەسەن دەگرن؟
- زۆر بەداخەوە دەیڵێم من هیوادارم ئەو بەرهەمانەی كردوویانە لە ئەرشیفی هونەری كوردیدا بمێننەوە، هەرچەندە بڕوا ناكەم بمێنن، چونكە ئەوە هونەرێكە تەمەنی لە دوو ساڵ زیاتر نابێت.
* ئەی بۆچی لە ئاهەنگ و لایڤ موزیك و كۆنسێرتەكانیاندا گۆرانییە ڕەسەنەكان دەڵێنەوە؟
- هەر هونەرمەندێك مافی خۆیەتی بەشداریی لە لایڤ موزیكدا بكات و بژێوی ژیانی خۆی پەیدا بكات بۆ ئەوەی بتوانێت بەو پارەیە كاری هونەریی پێ ئەنجام بدات، بەڵام گۆرانییەكانیان هەمووی كۆپییە، ئەوانە كێشەكانیان ئەوەیە ناتوانن لە لایڤەكاندا گۆرانییەكانی خۆیان بڵێنەوە و پشت بە هونەرمەندە ڕەسەنەكان دەبەستن كە هونەرێكی پتەو و زیندوویان پێشكەش كردووە، هیوادارم بتوانن كاریگەری گۆرانییە ڕەسەنەكان لە بەرهەمەكانیاندا ڕەنگ بداتەوە.
* باست لەوە كرد كە ئێستا هونەرمەندی خاوەن دەنگخۆشمان هەیە، دەكرێ ناویان بهێنی؟
- ناوی كەس ناڵێم، بەڵام ئەوە دەڵێم خۆزگە زەكەریایەكی دیكەمان هەبووایە، چونكە توانیی نوێكاری بكات تەنانەت لە ئەرەبیسكیشدا كەس نەیتوانی وەكو ئەو كاری لەسەر بكات، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە خۆی موزیكژەن بووە و شارەزاییەكی باشی لە موزیكدا هەبووە.
* هۆكاری ئەو بارودۆخە چییە كە باسی دەكەی؟
- لە ئێستادا هونەرمەند هەیە كە زۆر بەتوانایە و بایەخی پێ نادرێت، بەداخەوە هونەرمەندی دیكەش هەن ڕاگەیاندن گرنگییان پێ دەدات و خزمەت دەكرێت، هەندێكیان چالاكن گرنگییان پێ دەدرێت و بەپێچەوانەش، ئەمەش وا دەكات هەندێكیان تەمبەڵ بن، لە ئێستادا كاری هونەری بە سپۆنسەری دەكرێت، پارەت نەبێت ناتوانی گۆرانییەك تۆمار بكەی یان كلیپێك بڵاو بكەیتەوە.

Top