عەبدولستار ئاغا عومەر بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بۆ گوڵان:   بە قەزابوونی قوشتەپە بڕیارێكی گرنگ و ستراتیژی بوو

عەبدولستار ئاغا عومەر  بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بۆ گوڵان:     بە قەزابوونی قوشتەپە بڕیارێكی گرنگ و ستراتیژی بوو

 

 

بە قەزابوونی قوشتەپە كە دەكەوێتە خوارووی شاری هەولێر و 305 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵیی هەیە و زیاتر لە 65 گوند لە خۆی دەگرێت، لەلایەن دانیشتووانەكەیەوە پێشوازییەكی زۆری لێ كرا و، چاوەڕوان دەكرێت پڕۆژە و كاری زیاتری هاوشێوەی شارەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانی بۆ جێبەجێ بكرێت، ئەم شارە نوێیە بە دووریی 19 كیلۆمەتر لە خوارووی شاری هەولێرە، دەروازەی پایتەختی هەرێمی كوردستانە بۆ 15 پارێزگای ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەند تەوەری دیكەی پەیوەندیدار بە پێداویستیی شارەكە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ عەبدولستار ئاغا عومەر بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە ساز دا.

 

* سەرەتا با لەو بڕیارەوە دەست پێ بكەین كە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەری كرد بۆ بەقەزابوونی قوشتەپە و، لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەزامەندی لەسەر درا، ئایا ئەم بڕیارە تاچەند بۆ دانیشتووانی قوشتەپە گرنگ بوو؟

- لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر سێ بڕیاری گرنگ دەرچوو سەبارەت بە قەزای دەشتی هەولێر، كە بكرێتە قەزای بنەسڵاوە و بەقەزابوونی قوشتەپە و دەستنیشانكردنی ناحیەكان بۆ قەزای قوشتەپە، دوابەدوای ئەم بڕیارەش بە سوپاسەوە فەرمانی هەرێمی و فەرمانی ڕێزدار سەرۆك وەزیرانی هەرێم و فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەقەزابوونی قوشتەپە دەرچوو، ئەم بڕیارە جێگەی دەستخۆشیی خەڵك و دانیشتووانی قوشتەپەیە و بڕیارێكی ستراتیژی و گرنگە، چونكە بە قەزابوونی قوشتەپە وێڕای ئەوەی شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە كارگێڕییەكان و كەمكردنەوەی ڕۆتینە، گرنگیدانیشە بە سنوورێكی گەورەی دەڤەرێكی كشتوكاڵی كە لە ساڵی 1957ـەوە بووەتە ناحیە و جوگرافیایەكی گەورەی 305 هەزار دۆنم زەویی كشتوكاڵیی هەیە و سنوورێكی بەرفراوانە و زیاتر لە 65 گوند لەخۆ دەگرێت و، زیاتر لە 22 هەزار كەس دانیشتووانی هەیە، كاتێك قوشتەپە ناحیە بوو، دەبووایە مامەڵەی هاووڵاتیانی بۆ قەزای پێشووی دەشتی هەولێر كە ئێستا بووەتە قەزای بنەسڵاوە بنێردرایە و، دواتر بۆ پارێزگا ڕەوانە بكرایە، بەڵام بە قەزابوونی قوشتەپە وای كردووە مامەڵەی هاووڵاتیان ڕاستەوخۆ ڕەوانەی پارێزگا بكرێت و ڕۆتین نەمێنێت و ماوە و تێچوونێكی زۆر بۆ هاووڵاتیان بگەڕێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئێستا لە چاوەڕوانی جێبەجێكردنی بڕیارەكەین، بۆ ئەوەی پەیكەری فەرمانگەكان بگۆڕدرێت و سنووری قەزا نوێیەكە و ناحیەكانی دەستنیشان بكرێت، پەیكەری بنكەی پۆلیس و ئاسایش و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان بگۆڕین بۆ بەڕێوەبەرایەتی و دەسەڵاتێكی زیاتری كارگێڕی و داراییان پێ بدرێت، لەلایەكی دیكەوە تایبەتمەندێتی بوونی قوشتەپە بە قەزا، بارگرانی لەسەر قەزای بنەسڵاوە كەم دەكاتەوە.

یەكێك لە دەستكەوتەكانی خەڵكی قوشتەپە ئەوەیە خەڵكێكی خەباتگێڕ و قوربانیدەری لەخۆ گرتووە، لە ساڵی 1987-1988 زۆربەی گوندەكانی قوشتەپە تێك دران و خەڵكەكەی لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەربەدەر كران، تەنانەت لە دوای ساڵی 1991 زۆربەی دانیشتووانی گوندەكانی ئامادە نەبوون لەژێر دەسەڵاتی بەعسدا بمێننەوە و بۆ جارێكی دیكە ئاوارە بوونەوە، لە دوای 16 ئۆكتۆبەر شەرەفی پارێزگاریكردنی هەولێر و قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ناحیەكەی ئێمەوە بوو، كە لەسەر دەستی پێشمەرگە قارەمانەكان داستانی پردێ یان تۆمار كرد، خەڵكی قوشتەپە هاوكاری و پاڵپشتیی پێشمەرگەیان كردووە و ڕێگەیان نەدا هێزی چەكداری میلیشیاتەكان بێنە قوشتەپەوە.

* پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بە یەكێك لەو پڕۆژانە دادەنرێت كە لە ڕیزبەندی پێشەوەی خزمەتكردنی هاووڵاتیان و داواكارییەكانیان دێت، بەپێی جوگرافیای قوشتەپە كە دەكەوێتە باشووری شاری هەولێر، بارگرانیی كارگەكان و هاتوچۆ و گرفتی كەمئاوی تێدا زۆرە، ئایا دوای بە قەزابوونی قوشتەپە داواكاریی سنوورەكە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان چییە؟

- قوشتەپە لەسەردەمی عوسمانیدا لەبەر ئەوەی ڕێگەیەكی گرنگی هاتوچۆكردن بوو، خاوەنی قشڵە بوو، لە ساڵی 1959 دوای هاتنی دانیشتووانی گردمەلا ژمارەی دانیشتووانی زیاد بوو، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئاوەدانكردنەوەی زۆربەی گوندەكان ڕێژەی دانیشتووانی زیاتر ڕووی لە زیادبوون كرد، لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا ژمارەیەكی زۆر پڕۆژە بۆ قوشتەپە جێبەجێ كراون و پارێزگاری هەولێر گرنگییەكی زۆری پێ داوە، چونكە ڕێگەیەكی گرنگی هاتوچۆیە و پارێزگاكانی كەركووك و سلێمانی بە پایتەختەوە دەبەستێتەوە و بەسەر 15 پارێزگای ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا دەڕوانێت، بەڵام هەروەكو زۆربەی قەزا و یەكە ئیدارییەكان كە لە فراوانبوونی بەردەوامدان و ژمارەی دانیشتووان و داواكارییەكان بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزارییەكان لە هەڵكشاندایە و قەیرانی داراییش ڕێگەی نەداوە هەموو خواست و داواكارییەكانمان بۆ جێبەجێ بكرێت، وێڕای ئەوەش ژمارەیەكی زۆری پڕۆژە لەم چەند ساڵەی دوایی لە قوشتەپە جێبەجێ كراون، هەر لە پڕۆژەكانی ڕێگەوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و خزمەتگوزارییەكانی دیكەی شارەوانی لە هەڵگرتنی زبڵ و خاشاك و ڕاكێشانی تۆڕی كارەبا و گرنگیدان بە پڕۆژەكانی كشتوكاڵ تا دەگاتە پێشخستنی كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی، بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران گرنگیدانە بە قوشتەپە و خەڵكەكەی، چونكە فراوانبوون و گەورەبوونی پەیكەری ئیداریی فەرمانگەكان بۆ بەڕێوەبەرایەتی و مامەڵەكردنی ڕاستەوخۆی قەزاكە لەگەڵ پارێزگادا و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و مامەڵەكان خێراتر دەكات، ئەمەش هەمووی پێویستی بەوە هەیە بودجەیەكی زیاتری بۆ تەرخان بكرێت، گرنگترین پڕۆژەكانی قوشتەپەش لە ماوەی تەمەنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بریتی بوون لە :

- دروستكردنی سایلۆی قوشتەپە بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار و 500 ملیۆن دینار.

- زۆرینەی ڕێگەوبانەكانی گوندەكان چاك كراونەتەوە و ژمارەیەكی دیكەی ڕێگەوبانەكانیش لە پلاندا دانراون .

- بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەمئاوی و دابینكردنی ئاو بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان، چەندین بیری ئاو لێ دراوە.

- كارەبا بۆ سەرجەم گوندەكانی سنوورەكە دابین كراوە و زۆربەی كێشەی بارزۆریی سەر فیدەرەكانی كارەبا ڕووی لە چارەسەركردن كردووە.

 * یەكێك لە گرنگییەكانی قەزای قوشتەپە بەستنەوەی پایتەختی هەرێمی كوردستانە بە پارێزگای كەركووك و سلێمانی و 14 پارێزگای دیكەی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە، سەبارەت بە پڕۆژەكانی ڕێگەوبان لەم دەڤەرە تاچەند لە ئاست ئەم گرنگی و گەورەبوونەدایە، هەروەها ئایا دروستكردنی دەروازەی قوشتەپە و فراوانبوونی دوو سایدی هەولێر- قوشتەپە لە بەرنامەدایە؟

- ڕێگەی (هەولێر- قوشتەپە، یان هەولێر- كەركووك) ڕێگەیەكی زۆر ستراتیژییە و هەولێری پایتەختی كوردستان بە شارە كوردستانییەكانی كەركووك و سلێمانی و 14 پارێزگای دیكەی ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەبەستێتەوە و، ژمارەیەكی زۆری ئۆتۆمبێل و پاسی گەشتیار و لۆری و تەنكەر و بارهەڵگری بیكاب و بەروبوومی جووتیاران هاتوچۆی تێدا دەكەن، بۆیە ئەم جووت سایدە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە و بووژانەوەی بەردەوام هەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ڕووی گەڕەك و شەقامەكانی ناو قوشتەپەوە بەتایبەتی بۆ گەڕەكە تازەكان پڕۆژەی زۆرمان ئەنجام داوە. پێشنیارمان كردووە دەروازەی قوشتەپە كە هەرێمی كوردستان بە ڕووی 15 پارێزگای دیكەوە دەبەستێتەوە بەشێوەیەكی زۆر جوان دروست بكرێت و ڕەنگدانەوەی قەزاكە و هەرێمی كوردستانیش بێت بە ڕووی گەشتیاراندا.

* قوشتەپە بەوە بەناوبانگە كە لە ڕووی كشتوكاڵییەوە سنوورێكی فراوانی هەیە و خاكەكەی بەپیتە بۆ گەنم و جۆ و سەوزە و بەخێوكردنی پەلەوەر و ئاژەڵداری، ئایا تا چەند لە قەزای قوشتەپە بایەخ بە كشتوكاڵ دراوە و وەبەرهێنانی تێدا كراوە؟

- قوشتەپە سنوورێكی فراوانی كشتوكاڵیی هەیە و خاوەنی 305 هەزار دۆنم زەوییە و لە ناوچەكەدا ژمارەیەكی زۆری پڕۆژەی پەلەوەر و ئاژەڵداری تێدایە، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی قوشتەپە ئەوەیە كە بە یەكێك لە ناحیە گەورەكانی هەرێمی كوردستان دادەنرێت، كە زیاتر لە 65 گوند لەخۆ دەگرێت، بە سوپاسەوە ڕێزدار مەسرور بارزانی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بڕیاری دروستكردنی سایلۆیەكی گەورەی دا كە توانای 60 هەزار تۆنی هەیە و بە گوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دینار دروست كرا، كە ڕۆڵی دەبێت لە بووژانەوەی كشتوكاڵ بەتایبەتی لە ڕووی گەنم و جۆی برا جووتیارەكانمانەوە، هەروەها بۆ ئەمساڵ بەڕێوەبەری بنكەی بنەتۆ لە قوشتەپە دانراوە.

لە ڕووی كەرتی پیشەسازیشەوە قوشتەپە ژمارەیەكی زۆری كارگەی پیشەسازیی گەورەی تێدایە، كاروبارەكانی زۆربەی ئەو كارگانە پێشتر لە ڕێگەی قەزای بنەسڵاوەوە مامەڵەكانیان دەكرا، لە ئێستادا ئومێد زۆرە لەگەڵ بوون بە قەزا بابەتی وەبەرهێنان لە كارگەكاندا بوارێكی زیاتری پێ بدرێت و ژێرخانی ناوچەكەش لە ڕووی كارەبا و ئاو و ڕێگەوبانەكانەوە زیاتر پێش بخرێت .

* بەپێی پێگەی جوگرافیای قوشتەپە كە دەكەوێتە خوارووی هەولێر، هەڵبەتە كێشەی كەم ئاوی وەكو زۆربەی قەزا و ناحیەكانی دیكە ماوە، ئایا لەم ڕووەوە چی كراوە؟

- وشكەساڵی و گۆڕانكاری ئاو وهەوا كاریگەریی ئەرێنی لەسەر قەزاكەمان هەبووە، ساڵی ڕابردوو ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە ڕاددەیەك دابەزیبوو، زۆربەی بیرەكانمان بە قووڵایی 670 مەتر لێ دران، كێشەی كەم ئاوی قەزای قوشتەپە تەنیا بە پرۆژەی ڕاكێشانی ئاوی قەشقە چارەسەر دەبێت، بەڵام ئەم پڕۆژەیەش تێچوونێكی زۆری دەوێت كە لە 150 ملیۆن دۆلار نزیك دەبێتەوە، بە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە تا ماوەیەكی زۆر دەتوانین دەستبەرداری بیری ئاوی خواردنەوە بین كە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئاستی ئاوەكەی لە دابەزینی بەردەوامدایە.

Top