سه‌رۆك بارزانی به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا ده‌كات

سه‌رۆك بارزانی به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا ده‌كات

ڕۆژی شه‌ممه‌ 10ی حوزەیرانی 2023 له‌ شاری هه‌ولێر به‌ به‌شداری سه‌رۆك بارزانی دوازده‌یه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا ده‌ستیپێكرد و تیایدا سه‌رۆك بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد.
سه‌رۆك بارزانی له‌ وتاره‌كه‌یدا سه‌ره‌تا به‌خێرهاتنی میوانه‌كانی بۆ شاری هه‌ولێر كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ خواستن و رایگه‌یاند، هیوادارم كۆنگره‌كه‌تان سه‌ركه‌وتوو بێت و له‌ئاستی داواكاری جه‌ماوەرەکەتان بێت. هه‌روه‌ها رۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریای له‌ شۆڕشه‌كانی ئه‌یلوول و گوڵان به‌رز نرخاند و پێزانینی بۆ هه‌وڵ و تێكۆشانی له‌شكری رۆژ له‌شه‌ڕی دژی تیرۆرستانی داعش هه‌بوو كه‌ به‌ ده‌یان شه‌هیدیان پێشكه‌ش به‌ نیشتمان كرد.
گوتیشی، سوپاسی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ رابردوو و ئێستادا رۆڵی گرنگیان بینیوه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازیی گه‌له‌كه‌ماندا. لێره‌وه‌ سڵاو بۆ جه‌ماوه‌ره‌ خۆڕاگره‌كه‌تان ده‌نێرم. سڵاو بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ ئاواره‌ی وڵاتان بوون و ئه‌وانه‌ی لێره‌ له‌ ماڵی خۆیاندان.
سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست بارودۆخێك دروست بێت كه‌ بتوانن بگه‌رێنه‌وه‌ زێدی باب و باپیران و به‌ یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ته‌حه‌دیاته‌كان ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها داواشی كرد دۆستایه‌تی و هاوپه‌یمانیان زیاتر پته‌و بكه‌ن و گوتی، له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كانی سووریا له‌ ساڵی 2011ـه‌وه‌ به‌ به‌رده‌وامی پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیز و ته‌با و یه‌كڕه‌نگ بن و هه‌ر بڕیارێك پێتان باش بوو بیده‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئێمه‌ پشتیوانتان بووین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان سێ كۆنگره‌ (دوو له‌ هه‌ولێر و یه‌ك له‌ دهۆك) ببه‌ستن بۆ خه‌بات و پێكه‌وه‌یی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ كۆسپ دروستكرا، بێگومان رێگه‌ی تێكۆشانی گه‌ل دوورودرێژە‌ و ئه‌وانه‌ی ده‌بنه‌ كۆسپ له‌به‌رده‌م ده‌ستكه‌وته‌كان، باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.
سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا دووپاتی كرده‌وه‌، ئێمه‌ هه‌رده‌م پشتیوانی ئێوه‌ین له‌پێناو خه‌باتێكی راسته‌قینه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی كه‌ خزمه‌ت به‌ دۆزی ره‌وای گه‌لی كورد بكات له‌ سووریا.
سه‌رۆك بارزانی سڵاوی بۆ گیانی پاكی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ نارد كه‌ به‌ناحه‌ق شه‌هیدكران و ئه‌وانه‌شی له‌ به‌ندیخانه‌كاندان.
12ـه‌مین كۆنگره‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا به‌ ئه‌ماده‌بوونی زیاتر له‌ 220 ئه‌ندام له‌ شاری هه‌ولێر بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تیایدا 29 ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێن و دواتریش سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان - سووریا هه‌ڵده‌بژێردرێت.

سه‌رۆك بارزانی به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا ده‌كات
سه‌رۆك بارزانی به‌شداریی له‌ كۆنگره‌ی 12ـی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا ده‌كات
Top