گرنگی خولەكانی هاوینە
نوسەر و پیاوی كاری بەناوبانگی ئەمریكی (دیفید روكفلر)دەلێ" سەركەوتن لە كار پێویستی بە ڕأهێنان و ڕێك وپێكی و كاری ڕاست و بەردەوام هەیە".
گومانی تێدانییە خول و ڕاهێنانی هاوینە كە لە قوتابخانە و پەیمانگاكانی ڕاهێنان و ناوەندەكان دەكرێنەوە سوود و قازانجی زۆر گەورە و نایابی جۆراوجۆری هەیە، چ لە بەرز كردنەوەی ئاستی زانستی و كارو پسپۆڕی و چ لە وەرگرتن و گواستنەوەی زانیاری و چ لە بە دەست هێنانی شارەزایی زیاتر و پەیەپێدان و گەشەپێدانی تواناكانی خودی كەسانی بەشداربووی خولەكان دەرئەنجام نەوەیەكی تێگەیشتو و پێگەیشتو و پڕ چەك لە زانست و وشیار و بەهێز و بەتوانا لەو خولانە دەربچن، كە ئەویش لە ئەنجامی سوودوەرگرتن لەوانە و بابەتەكانی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری كە خۆی لە خۆیدا تەكانێكی چۆنی و پێویست لە توانای بەشداربووان بەدی دەكرێت دوای تەواو كردنی خولەكە بەمەرجێ چاودێری بابەتی لە سەر كۆی گشتی خول و ڕاهێنانەكان هەبێت ، هەڵسەنگاندن بۆ پەرەپێدان و گەشەپێدانی داهێنان و تواناكان بكرێت، چونكە سەركەوتنی ئەو جۆرە خولانە خۆی لە خۆیدا بە دەستهێنان و جێ بەجێ كردنی ئامانجە گشتییەكەیە، ئەویش لە ئەنجامی بەدواداچوون و چاودێری كردنی بەردەوام دەبێت لەلایەن بەرێوەبەرایەتی پەروەردە و بەرێوەبەرایەتیە پەیوەندیدارەكان، كە پێویستە بەردەوام لێپرسینەوە و بەدواداچوون هەبێت لە چۆنیەتی دانانی پلان بۆ ئەو جۆرە خولانە و دواتریش میكانیزمی جێ بەجێ كردن لە ڕووی مامۆستای وانەبێژی بابەتەكان و پرۆگرامی ئامادەكراو، چۆنیەتی بەرێوەچوونی خوێندنی بابەت و وانەكان و ئیدارەدانی خولەكان لە ڕووی شوێن و كات و كادیرانی پەروەردە و فێركردن و قوتابیانی بەشداربوو، هەروەها چۆنیەتی بەدەستهێنانی بەرهەم و ئامانجی داواكراو و مەبەستدار لە كردنەوەی ئەو جۆرە خولانە، چونكە جگە مافی سروشتی هەموو قوتابییەكە لە هاوین بەشداری ئەو جۆرە خولانە بكات بۆ ناساندنی خودی خۆی و چەسپاندنی ناسنامەی نیشتمانی و پەرەپێدانی بەردەوام و بنیاتنانی كەسایەتی بەهێز و هاوسەنگ و هاوكێش بۆ قوتابیان بەگشتی ، گەشەپێدانی گیانی هاووڵاتی بوون بۆ خاك و نیشتمان و قایم كردن و مكومكردنی چەمكی پارێزگاری كردن لە شكۆ و سەروەری نیشتمان و ووڵات و سەقامگیری نیشتمان و پەرەپێدانی كارامەییەكانی ژیان و چەسپاندنی بەها كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان ، جودا لە هەموو ئەوانەش پاڕاستنی قوتابی لە شوێنەوار و ئاسەوار و بۆشایی نەرێنی و وەبەرهێنانی بۆ پەیوەندی كردن و پێگەیشتن بە بەرنامەكانی پەروەردەیی و فێركردن و ڕۆشنبیری سوودبەخش.
لە بیرمان نەچێت هەموو باوك و دایكێك ئاواتەخوازن و هەوڵی بەردەوام دەدەن تامنداڵەكانیان خۆشترین ژیان بە سەربەرزانە بەڕێ بكەن، بۆیە گەورەترین سوود گەیاندن كە بتەوێ پێشكەشی منداڵەكان بكرێن ئەوەیە فێركردن و فێربوونیان بە بەردەوامی تا بتوانن لە پاشەڕۆژ كەسێكی ژیرو زیندوو بە ئاگابن بۆ كۆمەڵگە و بەرپرسیاریەتی هەڵبگرن و بەجوانترین شێوە پەروەردەكرابن ، هەرگیز سازش و مساوەمە لە سەر مافە نەتەوایەتی و نیشتمانییەكان نەكەن و خاوەن بەرزترین كارامەیی و توانا و بەها بەرزەكانی ڕەوشت بن، بێ شك پێویستە ئەو جۆرە خولانە كە لە وەرزی هاوین ئەنجام دەدرێن ڕەچاوی هەموولایەنێك بكەن و خول لە پێناوی خول نەبێت، بەڵكو خول لە پێناوی دروست كردن و بنیاتنان و پێگەیاندن و تێگەیاندنی نەوەیەكی بە ئاگا و بەهێز و ویژدان زیندوو بێت، هەر ئەوەشە مانا ڕاست و ڕەوانی ئەو جۆرە خولانە، تا زیاتر چاودێری و پاڵپشتی ئەو خولانە بكرێ لە هەموو ڕوویەكەوە ئەوا سەركەوتن و بەدەستهێنانی ئامانجەكانیش زیاتر دەبن و دەرئەنجام كۆمەڵگەش قازانج دەكات.
بەرێوەبەری گشتی/ وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕی پەروەردەیی