فارس یوحەننا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ: لە ماوەی 20 مانگدا 147 پڕۆژە لە زاخۆ جێبەجێ كراون كە تا ئێستا 120یان تەواو بوون
بەڕێز فارس یوحەننا جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ كە لەم گفتۆگۆیەدا «خەڵك و ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری» لە بری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەشداری كرد، ئەو گۆڕانكاری و پێشكەوتنانەی خستە ڕوو كە لە دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەكە لە زاخۆ هاتوونەتە ئاراوە و، ئەمەشی گێڕایەوە بۆ حەماس و پشتگیریی هاووڵاتیانی زاخۆ بۆ بڕیاری كردنی زاخۆ بە ئیدارەی سەربەخۆ، بەم جۆرەش ئەو پڕۆژە گرنگانەی خستە ڕوو كە لە ماوەی 20 مانگی دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجامیان داون.
دەستخۆشیتان لێ دەكەم بۆ ئەو ڕاپرسییەی بۆ ئەم گفتۆگۆیە گرنگ و ژیارییە ئامادەتان كردووە، ئەم میتۆدە لە سەرانسەری جیهاندا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەدای كارەكان پیادە دەكرێت و، ڕای خەڵك زۆر گرنگە، ئیدی ئەو ڕایە ئەرێنی بێت، یان نەرێنی، ڕەنگدانەوەی واقیعی حاڵ بێت، یان وەك برادەران ئاماژەیان پێ كرد، جۆرێك لە دەقگرتنی پێوە دیارە، بە هەر حاڵ ئەمە لەلایەك دادەنێم.
لێرەدا دێمە سەر ئەو بڕیارە گرنگەی كە لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز مسرور بارزانی لە ڕۆژی 20ی ئەیلوولی ساڵی 2021 زاخۆ كرا بە ئیدارەی سەربەخۆ و، بەڕێز گۆهدار شێخۆ وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ دەستنیشان كرا و، لە ماوەی ئەم 20 مانگەی كاركردنیدا وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەكە بووەتە خەمخۆری زاخۆ و شەو ڕۆژی خستووەتە سەر یەك، بۆ ئەوەی باشتر خزمەتی خەڵكی زاخۆ بكات، لەبەر ئەوەی زاخۆ شارێكی زۆر دێرینە و مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەلافەتی عەباسی، كە ڕەنگە كۆنتریش بێت، بۆیە تا دەرچوونی ئەو بڕیارە زاخۆ تەنیا وەك گوندێكی گەورە وابوو، بەڵام دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە خەڵكی زاخۆ كە ئێمە شانازییان پێوە دەكەین، زۆر دڵخۆش بوون و بوونە پاڵپشت و هاریكاری ئیدارە سەربەخۆكەی خۆیان.
زاخۆ ژمارەی دانیشتووانی ئێستا زیاتر لە 250 هەزار كەس دەبێت و نزیكەی 40 هەزار ئاوارە و پەنابەریشی تێدایە و، چوار كەمپی سەرەكییشمان هەیە كە زیاتر لە 37 هەزار ئاوارە و پەنابەر تێیدا دەژین، ئەم چوار كەمپە بوونە ناوەندێك بۆ ئاوارەكانی دیكەی كەمپەكانی دەرەوەی زاخۆ كە ئەوانیش هەر ئاوارەی تێدان، ئەوانیش دێن بۆ زاخۆ و سەردانی دۆست و برادەرەكانیان لەو كەمپانە دەكەن، كە ئەمەش زۆر جاران دەبێتە هۆكاری ئەوەی قەرەباڵغی و ترافیك دروست ببێت و، هەروەها ئەگەر سەرنج لە نەخۆشخانەی زاخۆ بدەیت، دەبینیت 30%ی ئەوانەی چارەسەر لە نەخۆشخانەی زاخۆ وەردەگرن ئاوارەن، ئەمەش بارقورسییەكی لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیانی زاخۆ دروست كردووە.
هەموو ئەو كێشانەی برادەران باسیان كرد، ئێمە لەگەڵیان هاوڕاین و لەوانەیە لای ئێمەش هەبن، بەڵام زاخۆ تایبەتمەندییەكی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە شارێكی سەر سنوورە و، لەم سنوورەشدا كێشەیەك هەیە كە ئەویش كێشەی پەكەكە و سوپای توركیایە، هەر بۆیە ئێمە ئێستا سنوورەكەمان كە 1486 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و، ڕووبەری ئەو گوندانەی زەرەرمەند بوون و بوون بە ناوچەی سەربازی لە نێوان چەكدارانی پەكەكە و سوپای توركیا زیاترە لە 400 كیلۆمەتری چوار گۆشە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووریی زاخۆ هەیە و، خەڵكی ئەو گوندانە ناتوانن بگەڕێنەوە گوندەكانی خۆیان و كاری كشتوكاڵ و ئاژەڵداریی خۆیان بكەن، لەمەش زیاتر ئەو ناوچانە هەموویان ناوچەی گەشتیارین، بەڵام ناتوانرێت وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت و كەرتی گەشتیاریی تێدا ببووژێنینەوە، چونكە ئەو ناوچانە لە دەستی ئێمەدا نین، لەم لایەنەشەوە ئابووریی زاخۆ زیانی پێ گەیشتووە.
لەگەڵ هەموو ئەو ئاستەنگانەش كە هەیە، بەڵام لە ماوەی ئەو ساڵ و هەشت مانگەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاگەیەندراوە، شاری زاخۆ لەسەر ئاستی هەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانكردنەوە، وەرچەرخانێكی گەورە و هەنگاوێكی جۆری و بەرەوپێشچوونێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەم ئاراستەیە كە پشت بەخوا هەر بەردەوام دەبێت، ئەوا مەزندەی ئەوە دەكەین زاخۆ لە ئایندەدا ببێتە یەكێك لە شارە هەرە جوانەكانی كوردستان و عێراق.
لە ماوەی ئەو 20مانگەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستبەكار بووە 147 پڕۆژە لە زاخۆ ئەنجام دراون، لەوانە 120 پڕۆژەیان جێبەجێ كراون و 27 پڕۆژەكەی دیكە لە ژێر جێبەجێكردندان، ئەم پڕۆژانە هەمووی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژین و لەوانەیە لە هەموو تەمەنی ئەم شارەدا 10 پڕۆژەی ئاوا گەورە و ستراتیژی تێیدا جێبەجێ نەكرابێت.
بێگومان لە زاخۆ گەلێك كێڵگە و پڕۆژەی پەترۆڵی هەن، بەڕاستی ئەمەش بەرهەمێكی گرنگە، هەقە حكومەتی هەرێمی كوردستان تایبەتمەندیی ئەو ناوچانە لەبەرچاو بگرێت كە سامانی سرووشتی تێدایە و پارەیەكی وەك (پترۆ دۆلار)ی بۆ تەرخان بكات، ئەمەش دەبێتە پاڵنەرێكی بەهێز بۆ ئەوەی زاخۆ باشتر و جوانتر ئاوەدان بكرێتەوە.
ئاشكرایە كە زاخۆ تایبەتمەندییەكی دیكەی هەیە، ئەویش ئەوەیە كە خەڵكەكەی بەشی زۆری خاوەنی شەهیدە و یان خاوەنی خەباتێكی درێژە و هەژاریش بوون، بۆیە دكتۆڕ عەلی تەتەریش بە حوكمی ئەوەی بەرپرسی لقی 8 بووە لە زاخۆ، ئاگاداری ئەوەیە كە زێدەڕۆییەكی زۆر لەسەر زەوییەكانی زاخۆ كراون، ئێمە لە ماوەی ئەم 20 مانگەدا، هەموو ئەو زێدەڕۆییانەمان هەڵگرتووە و، بەشێكی زۆری ئەو پارانەی بۆمان دێت، دەبێت بیكەینە قەرەبووی ئەو خەڵكانەی كە زێدەڕۆییەكەمان پێ لابردوون، بەڵام وێڕای هەموو ئەمانەش زۆر بەوە دڵخۆش و سەربەرزین كە خەڵكی زاخۆ لەگەڵ ئیدارەكەی خۆیان هاریكار و هەماهەنگن و ئامانجیانە كە شارەكەیان بە جوانی ئاوەدان بكرێتەوە.
سەبارەت بە گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ گوندەكانی زاخۆ، زۆربەی گوندەكان خزمەتگوزارییان گەیاندراوەتێ، بەڵام هەندێك ماون و دەبێت ئەوانیش خزمەتگوزارییان بگاتێ و پارەیان بۆ تەرخان بكرێت.
ئەگەرچی هەندێك میلاكاتمان لە كەرتی پەروەردە كەمە، بەڵام هەوڵمان داوە بە هەوڵی هەموو لایەك كە هەلێكی دیكە بۆ زاخۆ بێتە پێشەوە و ئەو كەموكورتییانەش پڕ بكەینەوە.
لە كەرتی تەندروستیشدا كەموكورتیمان هەیە، بەڵام لە سێكتەری تەندروستییش گۆڕانكاریی بەرچاو هاتوونە ئاراوە، ئێستا لە زاخۆ 5-6 نەخۆشخانەی مۆدێرین دروست كراون، كە نەخۆشخانەی زۆر پێشكەوتوون و هەروەها تیمی پزیشكیی ئەو نەخۆشخانانەش هەمووی پزیشكی پسپۆڕ و كادری زۆر پێشكەتوون.
داتا و ئاماری پڕۆژەكان
ئەو داتا و ژمارانەی لێرەدا دەیانخەمە ڕوو، تەنیا داتا و ئاماری ئەو پڕۆژانەن كە لە ماوەی دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا ئەنجام دراون كە بەم جۆرەن:
1- 146 كیلۆمەتر شەقام دروست كراوە و قیرتاو كراون.
2- 68 كیلۆمەتر ئاوەڕۆ دروست كراوە.
3- 76 كیلۆمەتر ڕێگە بۆ گوندەكان دروست كراوە.
4- چوار پاركی تازە دروست كراون.
5- 10 پارك نۆژەن كراونەتەوە.
6- لە بواری پەروەردەدا 6 قوتابخانە دروست كراون و 34 قوتابخانەش نۆژەن كراونەتەوە.
7- لە بواری گەشتوگوزاردا ئەم پرۆژانە ئەنجام دراون:
- پڕۆژەی گەشتیاریی دەوروبەری خاپووری زاخۆ (قۆناغی یەكەم).
- دروستكردنی پێنج پۆند لە ناو خاپووری زاخۆ.
- نۆژەنكردنەوەی تاڤگەی سووری و سیلاڤا و ئەشكەوتی بیهیری.
- نۆژەنكردنەوەی بازاڕی كۆن بە شێوازی كەلتووری.
8- لە بواری كەرتی تەندروستیدا ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- نۆژەنكردنەوەی نۆ بنكەی تەندروستی لەگەڵ دابینكردنی چوار موەلیدە لە زاخۆ.
- نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەی گشتیی زاخۆ و نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبوونی منداڵ و نەخۆشخانەی فریاكەوتن لەگەڵ كەلوپەلی ئەلیكترۆنی.
- دابینكردنی ئامێری IT بۆ بەڕێوەبەرایەتی و نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی لە زاخۆ، هەروەها نۆژەنكردنەوەی بنكەی تەندروستیی نەخۆشخانەی منداڵان.
9- لە بواری كارەبا ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- ڕووناككردنەوەی پردی دەلال.
- دانانی پلاجكتۆڕی ڕووناكی بۆ تونێلی زاخۆ تاكو دەروازەی زاخۆ.
- گەیاندنی هێڵی كارەبا بۆ خاڵەكانی پێشمەرگە لە چیای گوندی بەهنونێ بۆ گەیاندنی كارەبا بۆ گوندی شیڤێ.
- گەیاندنی كارەبای بەردەوام بۆ چەند شوێنێكی جیاواز لە ناوەندی زاخۆ.
- گەیاندنی كارەبا بۆ گوندی كوركا (قۆناغی یەكەم و دووەم).
- ڕێكخستنی تۆڕ و فیدەری كارەبا لەگەڵ ڕووناككردنەوەی شەقام و دانانی ئۆڤەرلۆد لە سنووری قەزای باتیفا.
- كڕینی ڤەبرین KV11 لە جۆری ABB بۆ ئیزگەی زاخۆ.
10- لە بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوە ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- دروستكردنی تانكیی ئاو لەگەڵ تۆڕی ئاو لە گەڕەكی قسم داخلی لە قەزای باتیفا.
- دروستكردنی كۆگایەك بۆ ئاو بە قەبارەی (52*20*6) بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاوی زاخۆ.
- دروستكردنی ژووری پەمپ لەگەڵ دابینكردنی پەمپ بۆ پڕۆژەی ئاوی (هێزاوا- دەركار) لەگەڵ دانانی تۆڕی ئاو.
- دروستكردن و چاككردنەوەی تۆڕی ئاوی لە چەند گەڕەكێكی جیاوازی زاخۆ.
- دروستكردنی تۆڕی ئاو بۆ گەڕەكی (دەشتمری نوێ) قۆناغی یەكەم لەگەڵ هەڵكەندنی دوو بیری ئاوی خواردنەوە لە (كانی ڕهال و ڕكاوا نوێ).
- نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەكەكانی نەورۆز و تلكەبەر و مەتین.
- دابینكردنی كەلوپەلی یەدەگ بۆ پڕۆژەی ئاو و تۆڕی ئاو لە زاخۆ.
- دابینكردنی كلۆر و گاز و پاودەر بۆ پاككردنەوەی ئاوی زاخۆ (قۆناغی یەكەم).
11- لە بواری پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ ئەم پرۆژانە ئەنجام دراون:
- دروستكردنی خانووی پلاستیكی بۆ 20 جووتیار.
- دروستكردنی جۆگەی چەمی خاكا لەگەڵ چاككردنەوەی جۆگەی بلدیشا لە گوندی گۆڤكا سەری، جۆگەی گوندی دێمكا و جۆگەی گوندی دێریشكێ، جۆگەی ڕاپالی تەها لە گوندی سیركوتكی، جۆگەی بێزهی بە درێژایی 7.5 كیلۆمەتر.
12- لە بواری دابینكردنی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە ئەم پڕۆژانە ئەنجام دراون:
- هەڵكەندنی دوو بیری ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكی ڕكاوای نوێ و گەڕەكی ئەیاز.
- هەڵكەندنی سێ بیری ئاوی خواردنەوە بۆ كۆمەڵگەكانی بیرسیڤێ و هیزاوا و دەركار.
- هەڵكەندنی دوو بیری ئاوی خواردنەوە بۆ كۆمەڵگەكانی كانی ڕوهالی و سەلكا.
- هەڵكەندنی بیرێكی ئاوی خواردنەوە بۆ گەڕەكی دەشتمرا نوێ (قۆناغی یەكەم).
- خاوێنكردنەوەی خاپووری زاخۆ بە درێژایی 1500 مەتر.
لە دوماهیدا دەخوازم بڵێم، هێشتا زاخۆ پێویستی بە پاڵپشتیی زیاتری حكومەتی هەرێمی كوردستانە و ئومێدمان ئەوەیە زیاتر پاڵپشتی بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانین لە ئاستی خواست و ئومێدی خەڵكەكەی خۆماندا بین.