مەحما خەلیل پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال زەمانەتی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە و ئاساییبوونەوەی دۆخەكەیە
داعش و پەكەكە و میلیشیا چەكدارەكان ڕێگە نادەن دۆخی شنگال ئاسایی ببێتەوە و خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، چارەنووسی كوردانی ئێزدی بەدەستی ئەم گرووپە چەكدارانەوە نادیارە، پشێوی و ئاڵۆزی و فیتنە دەنێننەوە، هەر وەكو ڕووداوەكانی مزگەوتی ڕەحمان و ئەو دەستدرێژی و نائارامییەی لە تلكێف دروستیان كرد. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ مەحما خەلیل پەرلەمانتاری كوردی ئێزدی لە پەرلەمانی عێراق سازدا و چەند پرسیارێكی ئاراستەی كرد.
* دوای نۆ ساڵ لە داگیركردنی و حەوت ساڵ لە ئازادكردنی شنگال لە داعش كەچی هێشتا دۆخی شنگال و دەڤەرەكە بە نائارامی و نایاسایی ماوەتەوە و، نەتوانراوە نە ناوچەكە لەو هەموو گرووپە چەكدارە بیانی و میلیشیاتە پاك بكرێتەوە، نە دەستی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی پێ بگات. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بەو پێیەی پێشتر قایمقامی فەرمی و یاسایی شنگال بوویت و شارەزاییت لە ناوچەكە هەیە، ئایا ئەوەی لە شنگال ڕوودەدات، چییە و بۆچی ناتوانرێت دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوە؟
- حزب و گرووپی نایاسایی و چەكداری بێگانە شنگالیان داگیر كردووە و چارەنووسی شنگال بە دەست ئەو گرووپە نایاسایی و نامۆ بە ناوچەكەن. شنگال لەو كاتەی بە دەستی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بارزانی ئازاد كرا، ئومێد و ئاواتێكی زۆرمان هەبوو، دەستی ئاوەدانی پێ بگات و خەڵكەكەی بگەڕێنەوە. بەڵام ڕووداواكانی دووبارە داگیركردنەوەی شنگال لەلایەن ئەو گرووپە چەكدارە بیانییانەوە، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بارودۆخێكی باش نییە، هەر لە ڕووی نائارامی و دابیننەكردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكانەوە بە تەواوەتی ناوچەكە پەراوێز خراوە. ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت و هەروا دەمێنێتەوە تاوەكو ئەو چەكدارە بیانی و میلیشیا چەكدارانە لە شنگال بمێنن، كە دوور لە یاسان و كاری تێكدەرانە ئەنجام دەدەن و مامەڵەی خراپ لەگەڵ خەڵكی ڕەسەنی كوردانی ئێزدی دەكەن. بۆیە ئاوارەكانی كوردانی ئێزدیی شنگال كە زۆرینەیان هێشتا لە ناو كەمپەكاندان بەتایبەتی لە كەمپی شاریا و لە ناو پارێزگای دهۆك و هەولێر نیشتەجێن، ناگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و باپیرانیان. ئێ خۆ ناكرێت خەڵكی سڤیل و خێزانە ئێزدییەكان دوای ئەو هەموو كۆمەڵكوژی و مەینەتی و ماڵوێرانییە بێ قەرەبوو و بێ زەمانەت و بەو هەموو پشێوییە جارێكی دیكە دۆخی خۆیان و خێزانەكانیان تەسلیمی داهاتوو و چارەنووسێكی نادیار بكەن و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی وێرانیان.
* باسی ئاوارەكانی كوردانی ئێزدیت لەناو كەمپەكان كرد، حكومەتی عێراقیش خوازیار بوو كەمپی ئاوارەكان دابخات و ئەم بابەتە وەكو موزایەدەیەكی سیاسی لێ هاتووە و تەنانەت هۆكاری نەگەڕانەوەی كوردانی ئێزدییان بۆ بابەتی سیاسی دەگەڕانەوە، لەو بارەیەوە ڕات چییە؟
- بۆ وەڵامدانەوەی هەموو ئەو كەس و لایەنە سیاسییانەی چەكدارەكانیان بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆیان لە شنگال ماونەتەوە، ئەو پرسیارە دەكەم، كێ هەیە ماڵ و منداڵی بخاتە ناو ئەو هەموو نائارامی و ناسەقامگیرییەی كە ئێستا باڵی بەسەر شنگالدا كێشاوە؟ 85%ی خانووەكانی كوردانی ئێزدی لەشنگال و دەوروبەری وێران و خاپوور كراون. بە درێژایی ئەو هەموو ساڵە حكومەتی عێراق بەرانبەر كوردانی ئێزدی لەناو كەمپەكاندا كەمتەرخەم بووە، ئێستا شنگال ناوچەی ململانێ و ناكۆكیی وڵاتانی دەوروبەریشی هاتووەتە سەر، ناوچەیەك بە دەیان گرووپی چەكداری بەدەر لەیاسا و بگرە هێزی چەكداری بیانی لێ بێت و كەس نەزانێت بە چی ئەجیندە و مەرامێك لە شنگال كار دەكەن، ئیتر خەڵكی چۆن بگەڕێنەوە؟ ئێ خۆ هەمووان بە چاوی خۆیان دەبینن شنگال و ناوچەكە چۆن وێران بووە و بە هۆی ئەو گرووپانەوە ئاوەدان ناكرێتەوە و، هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ جێبەجێ ناكرێت، بە ڕاددەیەك دۆخەكە لە شنگال بە هۆی پەكەكە و میلیشیا چەكدارەكان تێك چووە، داعشەكانیش دەستیان بە جموجووڵ كردووەتەوە. ئەگەر هەرچی گرووپی چەكدارە لەلایەن حكومەتی عێراقەوە چەكەكانیان دانەماڵدرێن و هێزە بیانییەكان دەر نەكرێن و ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ نەكرێت، ئەوا هەرگیز دۆخەكە ڕوو لە باشی ناكات، بەڵكو زیاتر ئاڵۆز دەبێت، وەكو ئەو ڕووداوانەی بە دەستی دەرەكی و هێزی چەكداری بیانی و پەكەكە لە مزگەوتی ڕەحمان و تلكێف دروستیان كرد.
* ماوەیەك لەمەوبەر شاندێكی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و دامەزراوەی كوردانی ئێزدی بۆ بەرهەڵستی كۆمەڵكوژی سەردانی وڵاتی ئەڵمانیان كرد، خۆت لەگەڵ ئەو شاندەكە بووی كە سەردانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەتان كرد. پرسیارەكە لێرەدا ئەوەیە تا چ ڕاددەیەك فشار و داواكاریی دەرەكی ڕۆڵی لە ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و ناوچەكانی كوردانی ئێزدی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- سەرەتا شاندەكەی حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان و كەسایەتییەكانی دیكەی كوردانی ئێزدی لەسەر بانگهێشتی پەرلەمانی ئەڵمانیا سەردانی ئەو وڵاتەیان كرد و باسی دۆخی كوردانی ئێزدیمان كرد لە ناو كەمپەكان و لە شنگال و ئاستەنگەكانی بەردەم جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال، كە پێویستە بە سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی ئەم دۆسێیە چارەسەر بكرێت و، هەر بە هاوكاریی نێودەوڵەتییش شنگال و تەواوی ناوچەی كوردانی ئێزیدی ئاوەدان بكرێنەوە و شنگال بكرێتە پارێزگا، لە پەرلەمانی ئەڵمانیا جگە لەوەی داوامان كرد، شنگال ئاوەدان بكرێتەوە، داواشمان كرد خەڵكی شنگال قەرەبوو بكرێنەوە. بەداخەوە بە هۆی فەرامۆشكردنی كوردانی ئێزدی و ئاوەداننەكردنەوەی ناوچەكانیان و دەرنەكردنی ئەو گرووپە چەكدارە بیانی و نامۆیانە خەڵكێكی زۆری كوردی ئێزدی ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون. لەو سەردانەدا زۆر جەختمان لە زەروورەتی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شنگال كردەوە، سەبارەت بە تەوەرەی دووەمی پرسیارەكەتان، بەڵێ منیش پێم خۆشە دۆسێی شنگال بە نێودەوڵەتی بكرێت.
* زۆر باس لە ڕێككەوتنی شنگال دەكرێت و هەر دوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و تەنانەت ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانیش بە ڕێككەوتنێكی گرنگ و ستراتیژی ناوی دەبەن، كەچی لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ ناكرێت و، ئاستەنگی بۆ دروست دەكرێت. ئایا كێ دەستی لە دروستكردنی ئەو هەموو ئاستەنگە هەیە؟
- تا پەكەكە و هێزی بیانی و میلیشیا چەكدارەكان لەو شنگال بمێنن و بۆ مەبەست و مەرامی بێگانە كار بكەن، ئاژاوە و پشێوی لە شنگال بەردەوام دەبێت. ئەركی سەرەكیی حكومەتەكەی بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی ئەوەیە كە ڕێككەوتنی شنگال جێبەجێ بكات . خاڵێكی گرنگ و سەرەكیی ڕێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و لایەنە سیاسییەكانی پێكهێنەری حكومەتەكەی سوودانی ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال و جێبەجێكردنی دەستوور و یاسایە، ئیتر بۆچی بە نایاسایی و نادەستووری هێزی بیانی لەو شارەدا بمێنن و گرفت و ئاستەنگ بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە دروست بكەن؟ ئاوارەكانی شنگال و تەواوی كوردانی ئێزدی متمانەیان بە هێزی پێشمەرگە هەیە، ئەو هێزەی كە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و تەواوی ناوچەكە قوربانییەكی زۆریان داوە، ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزدییش لەناو ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەدان، بۆیە چارەسەری ئەم دۆخە بە دەستی حكومەتی بەغدایە، بەڵام بەداخەوە هیچ جددییەتێك نابینین بۆ كاركردن بۆ ئاساییبوونەوەی دۆخی شنگال كە مەترسیی نائارامی بۆ تەواوی دەشتی نەینەوا و مووسڵیش هەیە.
* بەردەوامی پشێوی و نائارامی مەترسی بۆ تەواوی پارێزگای مووسڵ هەیە، بەڵام ئەو مەترسییە زیاتر چییە كە ڕەنگە شنگال و پارێزگاكە بە گشتی تووشی بن؟
- ڕووداوەكانی ئەم دواییەی مزگەوتی ڕەحمان و تلكێف و نانەوەی ئاژاوە و پشێوی لە نێوان پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی پارێزگای نەینەوا، مەترسییەكی جیددییە و دەستی دەرەكی و دەستی ئەو هێزە بیانی و چەكدارانەی تێدا بوو، تەنانەت كوردانی ئێزدی هیچ دەستیان لەو ڕووداوانەدا نەبوو، بگرە ئایینی ئێمە ئایینی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و خۆشەویستییە، ئەوەتا بە درێژایی مێژوو كوردانی ئێزدی قوربانی بوون و كۆمەڵكوژ كراون، بەڵام دەستدرێژییان نەكردووەتە سەر هیچ نەتەوە و ئایین و ئایینزایەك، بەم كارە ناڕەوایانە هێزە چەكدارەكانی ناو شنگال و تلكێف مەترسییان لەسەر ژیانی ئەو كوردانەی ئێزدییش دروست كردووە كە گەڕاونەتەوە، لەلایەكی دیكەوە پەراوێزخستنی ناوچەكە و ئاوەدان نەكردنەوەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە مەترسیی دووبارە بوونەوەی نائارامیی زۆری لێ كەوتووەتەوە، ئەوەتا داعشەكان لە چەندین ناوچەی شنگال و دەشتی نەینەوا و تەواوی پارێزگاكە دەستیان بە جموجووڵ و كاری تیرۆرستی كردووەتەوە، تەنیا ڕێگا بۆ كۆنتڕۆڵی دۆخەكە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگالە لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا.
* مەسەلەی ئاوەدان نەكردنەوەی شنگال و تەواوی ناوچەكەكە زۆر باس و خواستی لەسەر دەكرێت، ئایا لە بودجەی ئەمساڵدا هیچ بڕە پارەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال دانراوە؟
- لە پڕۆژە یاسای بوودجەی فیدڕاڵی عێراق بڕی 50 ملیار دینار بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال دانراوە و، كوردانی ئێزدی داوا دەكەن ئەنجومەنێك بۆ بەڕێوەبردنی ئەو پارەیە دابمەزرێت كە خەڵكی شنگال بن، چونكە پێشتر هەرچی پارە بۆ شنگال تەرخان كرابوو، گەندەڵی تێدا كراوە و بەشێكی بۆ ناوچەكانی دیكەی مووسڵ خەرج كراوە، واتا لەمەشدا غەدر لە شنگالییەكان دەكرێت. من ئومێدم بە محەمەد شیاع سوودانی هەیە، بەوەی ڕێگا نەدات، ئەو پارەیە وەكو پارەكانی دیكە ون بێت و كەسانی چەكدار و دەستڕۆیشتووی نایاسایی بۆ ئەجیندا و مەرامی خۆیان بەكاری بهێنن، هەروەكو چۆن داوا دەكەم قەرەبووی ئاوارەكانی كوردانی ئێزدییش بكرێتەوە، بەڵام دەبێت ئەولەوییەت بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان بێت.