سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم:   پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیوەندیی هەرێمێكی فیدڕاڵی فراوانترە

سەفین دزەیی  بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم:     پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە پەیوەندیی هەرێمێكی فیدڕاڵی فراوانترە

 

 

پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت و، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بەرنامەی بەو جۆرەیە كە چەندین نوێنەرایەتیی تازە لە وڵاتانی عەرەبی و توركیا و دەوڵەتانی ئاسیا بكاتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم دیدارەمان لەگەڵ سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم ئەنجام دا و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

 

* فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەركی ڕێكخستن و بەرفرانكردنی پەیوەندییەكانی حكومەتە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئایا پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە چ ئاستێكدایە؟

- پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە :

قۆناغی یەكەم : ساڵانی 1991-2003

لە ساڵی 1991 دوای سەرهەڵدان و كۆڕەوە مێژووییەكەی گەلی كوردستان قۆناغێكی جیاواز بۆ پەیوەندیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دروست بوو، بەتایبەتی دوای ئەوەی بڕیاری 688ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ناوچەی دژەفڕین و نەوای ئارام بۆ كوردستان دەرچوو، ئەوە بووە سەرەتای بەدەنگەوەهاتنی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرژەوەندیی گەلی كوردستان، دوای ئەم بڕیارەش كە ڕژێمی پێشووی بەعس دامەزراوەكانی خۆی لە هەرێمی كوردستان كێشایەوە، ئەوە بوو لەسەر داوای سەرۆك بارزانی بەرەی كوردستانی بڕیاری هەڵبژاردنی دا و، لە ئاكامی ئەو هەڵبژاردنە پەرلەمان و حكومەتی هەرێم دامەزران، ئیدی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد و وەزارەتێكیش بە ناوی (وەزارەتی هاریكاریی مرۆڤایەتی) دامەزرا، هەورەها دوای دەرچوونی بڕیاری 986ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە ناسراو بوو بە بڕیاری (نەوت بەرانبەر خۆراك) ئەمەش وەرچەرخانێكی دیكە بوو، بەتایبەتی كە لەم بڕیارەدا نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری دا پشكی 13%ی بودجە لە ژێر چاودێریی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بۆ هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت.

لایەنێكی دیكە كە كاریگەریی هەبوو لە پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لۆژیكی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بوو كە ڕۆڵێكی كاریگەری لە ناو ئۆپۆزیسیۆنی عێراقیدا هەبوو، هەروەها دووربینیی سەرۆك بارزانی كە پێداگری دەكرد لەوەی دەبێت عێراقی دوای ڕژێمی بەعس دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی بێت، ئەمەش بووە هۆكارێك كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان پتەوتر بكەن.

قۆناغی دووەم: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و پەسەندكردنی دەستوور

دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی بەعس و نووسینەوەی دەستووری دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراق، هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی لە چوارچێوەی عێراقدا چەسپێندرا، ئەمەش وای كرد كە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان چوارچێوەیەكی یاسایی و دەستووری بە خۆیەوە ببینێت، بۆیە هەر لە دوای ساڵی 2006 -2007 ـەوە چەندین دەوڵەتی گرنگ نوێنەرایەتی، یان كونسوڵخانەیان لە كوردستان كردەوە و ساڵ لە دوای ساڵیش كردنەوەی كونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی دەوڵەتان لە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە.

هەر بۆ نموونە ئێستا نزیكەی 40 كونسوڵخانە و كونسوڵخانەی گشتی و كونسوڵخانەی فەخری، كە لە ناویاندا هەر پێنج دەوڵەتەكەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی هەن، لە هەرێمی كوردستان كونسوڵخانەیان هەیە، زیاتر لە 10 ڕێكخراوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەرێمی كوردستان نوێنەرایەتییان هەیە، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا بەراوردی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدڕاڵی، ئەوا هیچ هەرێمێك هێندەی هەرێمی كوردستان نێردەی دیپلۆماتی و كونسوڵخانەی تیدا نییە، تەنانەت ئەگەر دەوڵەتێكیش كونسوڵخانە لە هەرێمێك بكاتەوە، تەنیا بۆ پێشكەشكردنی خزمەتكردنی ئەو هاووڵاتیانەی خۆیەتی كە لەو هەرێمە وەك ڕەوەند هەن، بەڵام ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئاستی نوێنەرایەتییەكان گەیشتووەتە ئاستی (كونسوڵخانەی گشتی) ئەمەش مانای ئەوەیە كاری ئەو كونسوڵخانەیە دەگاتە ئاستی كاری (سیاسی و ئابووری و كەلتووری)، ئەمانەش هەمووی ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

* بەرنامەتان بۆ زیاتر بەهێزكردن و باشتركردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چییە؟

- بێگومان هەوڵەكانمان بۆ بەهێزكردن و باشتركردنی پەیوەندییەكان بەردەوامە، بەتایبەتی كە ئێستا دەرفەت هەیە، نوێنەرایەتیی حكومەت لە چەند دەوڵەتی عەرەبی بكەینەوە، ئێستا شەش دەوڵەتی عەرەبی نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان هەیە و بڕیارە بەم نزیكانە دەوڵەتی قەتەریش كونسوڵخانەی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە، بەڵام ئێمە هیچ نوێنەرایەتییەكمان لە دەوڵەتانی عەرەبی نییە، هەر بۆ ئەم مەبەستە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژەیەكی ئامادە كردووە بۆ ئەوەی بتوانین لە داهاتوودا چەند نوێنەرایەتیی حكومەت لە (وڵاتانی عەرەبی، توركیا و چەند دەوڵەتی ئاسیا) بكەینەوە، بەڵام ئەم هەوڵانە پێویستی بە دابینكردنی بودجەیەك هەیە و ئومێدەوارین لە ئایندەیەكی نزیكدا كاری جددی لەسەر بكەین، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا دەتوانین بڵێین پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی باشن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەر بۆ نموونە كە شاندی پایە بڵندی دەوڵەتان لەسەر ئاستی سەرۆك و سەرۆك وەزیران و وەزیرانی بەرگری و دەرەوە و نوێنەرانی پەرلەمانەكانی جیهان سەردانی عێراق دەكەن، لە هەمان كاتدا سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكەن، بە هەمان شێوە كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی دەوڵەتان دەكەن، لەسەر ئاستی بەرز و پڕۆتوكۆڵی پێشوازییان لێ دەكرێت و لە هەمان ئاستدا بانگهێشتی كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان دەكرێن.

* لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەرنامەتان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی هەیكەلییەتی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە چۆن بووە بۆ ئەوەی پڕۆژەیەك بۆ ئایندە ئامادە بكەن؟

- كاتێك فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا، بە فەرمانگەیەكی بچووك دەستی پێ كرد، دواتر توانییان گەشەی پێ بدەن و بیگەیەننە ئەمەی كە ئێستا هەیە، بەڵام لەگەڵ زیادبوونی نێردە دیپلۆماتییەكان و كونسوڵخانەكان و، هەروەها بۆ ئەوەی ئێمەش نوێنەرایەتیی زیاتر لە دەوڵەتان بكەینەوە، پڕۆژەیەكمان ئامادە كرد بۆ ئەوەی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە هەیكەلییەتی فەرمانگەدا بكەین، ئەم پڕۆژەیەش لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند كراوە و ئێستا سەرقاڵی ئەوەین ئەم هەیكەلییەتە تازەیە ئەكتیڤ بكەین و، هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە هەم بتوانین نوینەرایەتییەكانی هەرێم لە دەوڵەتان زیاد بكەین، هەمیش ئاستی بەڕێوەبەرێتییەكانی فەرمانگەش بەسەر دەوڵەتاندا دابەش بكەین، پێشتر بەڕێوەبەرایەتییەك هەبوو بە ناوی (بەڕێوەبەرایەتیی نێودەوڵەتی) كە هەموو وڵاتانی دەگرتەوە، بەڵام ئێستا دابەش دەكرێن و هەر دەوڵەتێك دیسكێكی تایبەت بە خۆی دەبێت، واتە هاوشێوەی كارەكانی وەزارەتی دەرەوە، بۆیە هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن كە كاریگەرییەكان زیاتر بكەین وەك وەزارەتێكی دەرەوەی بچووك، هەروەها هەوڵمان داوە كەسانی خاوەن ئەزموون و لێهاتوو لەم فەرمانگەیەدا جێگە بكەینەوە.

* ئایا فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، فەرمانگەیەكی سەربەخۆیە وەك هەر وەزارەتێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان؟

- لەگەڵ ئەوەی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە پلەی وەزیرە و بەشداریی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەكات، بەڵام لە ڕووی كارگێڕییەوە فەرمانگەكە سەر بە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە، بۆ ئەمەش دیوانی ئەنجومەنی وەزیران زۆر هاریكار و هەماهەنگ بووە لە گەڵمان و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی ڕوخساری دیپلۆماتیی هەرێمی كوردستان زیاتر گەشە پێ بدەین.

* هەرێمی كوردستان دەوڵەتێكی سەربەخۆ نییە و تەنیا هەرێمێكە لە ناو چوارچێوەی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا، بەڵام كاتێك شاندە فەرمییەكان سەردانی عێراق دەكەن، بە هەمان ئاست سەردانی هەرێمی كوردستانیش دەكەن، ئایا ئەم بایەخدانە لەسەرووی هەرێمێكی فیدڕاڵییەوە نییە؟

- پرسیارەكەت ئەو واتەیەی هەیە، ئایا هەموو هەرێمێكی فیدڕاڵی لە دەوڵەتە فیدڕاڵییەكانی جیهاندا بە هەمان ئاستی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت؟ لە وەڵامدا دەڵێم نەخێر، ئەمەش لەبەر ئەوەیە تایبەتمەندیی هەرێمی كوردستان هەر ئەوەندە نییە كە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا وەك هەرێمێك ناسراوە، بەڵكو پێگەی هەرێمی كوردستان جێگەی گرنگ و بایەخدانی نێودەوڵەتییە، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1991 كە دامەزرا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەو ئامانجە دایمەزراند كە ببێتە نەوایەك بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان ئاوارە نەبێت و تێیدا بحەوێتەوە، بەڵام ئێستا هەرێمی كوردستان بووەتە نەوای ئارام بۆ سەدان هەزار خەڵكی دیكەی ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی عێراق و وڵاتانی دەوروبەر، ئەمەش پێگەی هەرێمی كوردستانی لە ڕووی ئاشتی و پێكەوەژیان بەهێز كردووە، هەروەها هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی (ئابووری، وزە، ئاسایش) جێگەی بایەخی نێودەوڵەتییە، كاتێك پێكهێنانی حكومەتی عێراق ئاستەنگی دێتەبەر و پێك نایەت، هەموو ڕوویان لە سەرۆك بارزانی دەكرد، بۆ ئەوەی ئەو ئاستەنگە لا بەرێت، هەتا ئێستاش ئەم ڕۆڵ و كاریگەرییە بەردەوامە، بینیمان سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا لەسەر ئاستی دەوڵەتی ئیتاڵیا و فاتیكان چۆن پێشوازیی لێ كرا، هەروەها بینیمان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە پاریس لە چ ئاستێكدا پێشوازی لێ كرا، بۆیە زۆر گرنگە ئێمە شانازی بە پێگەی هەرێمی كوردستانەوە بكەین و هەوڵ بدەین زیاتر بەهێزی بكەین، چونكە لە بەرانبەردا هەوڵێكیش هەیە بۆ ئەوەی ئەو پێگەیە لاواز بكات.

*ئایا پاڵپشتیی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی ئێستا كە ترسی تیرۆر كۆتایی نەهاتووە و كوردستانیش لە ژێر هەڕەشەدایە؟

- تیرۆر یەكێكە لەو هەڕەشە و بابەتانەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەستیەوە دەناڵێنێت، لە ساڵی 2014 بینیمان كاتێك تیرۆریستانی داعش مووسڵیان داگیر كرد، سێ یەكی خاكی عێراقیان كەوتە بەردەست و ئاراستەی هێرشەكانیان بۆ ئەوە بوو بەغداش بگرن، بەڵام لە پڕ ئاراستەی هێرشەكەیان گۆڕی و ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كاتێكیش سەرۆك بارزانی چووە بەرەكانی شەڕ و هێرشی تیرۆریستانی داعشیان ڕاگرت، لە شەڕی داعش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموویان پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگەیان كرد، لەبەر ئەوەی دەیانزانی ڕاستە هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بەڵام ئەگەر بارودۆخی هەرێمی كوردستان تێك بچێت، كاریگەری لەسەر هەموو ناوچەكە دەبێت، بۆیە بە پلەی یەكەم قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە و هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە پلەی دووەم، بووە هۆكاری ئەوەی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش بەتاڵ بكرێتەوە، ئەم هاوكارییە نێودەوڵەتییە هەتا ئێستاش لەسەر ئاستی لۆجیستی و ڕاهێنان بەردەوامە و ئەو ڕیفۆرمەی ئێستا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەكرێت و بەردەوامە، بەشێكە لەو هاوكارییەی هاوپەیمانان پێشكەشی دەكەن، ئامانج لەم هاوكاری و ڕیفۆرمە ئەوەیە كە هێزێكی تۆكمە و سەردەمییانە بونیاد بنرێت، كە توانای ئەوەی هەبێت هەرێمی كوردستان بپارێزێت و پێویستی بە هێزی دەرەكی نەبێت.

Top