گریگۆری ئەفتاندیلیان پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:   سعودیە بە ڕێككەوتنی لەگەڵ ئێراندا پەیامێكی بە ئەمریكا دا

گریگۆری ئەفتاندیلیان  پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:     سعودیە بە ڕێككەوتنی  لەگەڵ ئێراندا پەیامێكی  بە ئەمریكا دا

 

 

گریگۆری ئەفتاندیلیان پسپۆڕی كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكایە، وانەبێژە لە سكووڵی پاردی بۆ دیراساتی جیهانی لە زانكۆی بۆستۆن. بۆ ماوەی پتر لە بیست ساڵ وەك شرۆڤەكاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگریی ئیدارەی ئەمریكا كاری كردووە، هەروەها ڕاوێژكاری سیاسەتی دەرەوەی ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەنجومەنی پیران بووە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە چەند پەرەسەندن و پێشهاتێكی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بە چەشنی ڕێككەوتنەكەی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعودیە.

 

 

* ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەرەبی، مشتومڕێكی زۆریان بە دوای خۆیاندا هێنا و، زۆرێك لە شرۆڤەكاران پێیان وابوو پاڵنەری ئەم لێكنزیكبوونەوە و ئاساییكردنەوانەی پەیوەندییەكان بریتییە لەوەی هەردوو لایەنەكە ڕكابەرێكی هاوبەشیان هەیە، كە ئێرانە، بەڵام ئێستا كە ئێران و عەرەبستانی سعودیە ڕێككەوتنیان ڕاگەیاندووە، ئایا ئەمە چ كاریگەرییەكی دەبێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین چیتر وڵاتە عەرەبییەكان بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل بە پەرۆش نابن؟

- سەرەتا دەبێت ئێمە ئەو خواستە ڕەچاو بكەین كە لای دەسەڵاتدارانی سعودیە هاتە ئاراوە سەبارەت بە دروستكردن و ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئەویش دوای ئەوەی چەند وڵاتێكی دیكەی عەرەبی هەنگاوێكی لەم چەشنەیان هەڵگرت و بە شێوەی كرداری دەستیان بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیلدا كرد. بەڵام ئاشكرایە كە تا ئەم ساتەوەختەش سعودیە هەنگاوی بەم ئاراستەیەدا هەڵنەگرتووە. ئەگەر ئێمە هۆكار و پاڵنەرەكانی هەنگاوهەڵنەگرتنی عەرەبستانی سعودیە بەم ئاقار و ئاراستەیەدا لێك بدەینەوە، ئەوا ڕەنگە بتوانین بڵێین: ڕەنگە هۆكارەكە ئەوە بێت كە هێشتا سعودیە حیساباتی خۆی لەم ڕووەوە لە بەرانبەر حیساباتی ئێراندا بنیاد نانەوە. هۆكارێكی دیكەی دەرەكی و بابەتی لە پەیوەندی بە عەرەبستانی سعودییەوە، جۆری ئەو حوكمەتەیە كە لە ئێستادا لە ئیسرائیل جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە و لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی دۆخی فەلەستین بەرەو هەڵكشانی زیاتر ببات. مەبەستم ئەوەیە كە ئەمە خۆی لە خۆیدا فاكتەرێكە بۆ ئەوەی عەرەبستانی سعودیە هەست بە نیگەرانی و دڵەڕاوكێ بكات، بە چاوپۆشین لە پرسی ڕێككەوتن و ئاشتەوایی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا. كەواتە لە هەموو ئەوانەی ئاماژەمان پێ كرد، ئەوا لەوانەیە بتوانین بگەینە ئەو دەرئەنجامەی- ئەویش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ پرسیارەكەی ئێوە- كە ئەم دوو پرسە، واتە ڕێككەوتنەكانی ئاشتی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل و ڕێككەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێران پێكەوەگرێدراو بوون.

* خاڵێكی دیكە كە پەیوەستە بەم ڕێككەوتنەوە كە دەمانەوێت پرسیاری لەبارەوە بكەین، بریتییە لە پەیوەندی، یان ئاییندەی پەیوەندیی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و عەرەبستانی سعودیە، كە ئەم دوو وڵاتە هاوبەش و هاوپەیمانی ستراتیژی یەكترین، بەڵام ئایا دەكرێت بوترێت لە دوای ڕێككەوتنەكەی نێوان عەرەستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران -بە ناوبژیوانیی چین- گومان لەسەر پەیوەندییەكانی ئەمریكا و سعودیە دروست بووە؟

- لە ڕاستیدا من پێم وایە دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە بكرێت كە ئەم ڕێككەوتنە لە بەشێكیدا پەیامێكە لەلایەن عەرەبستانی سعودییەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و پێڕاگەیاندنێكە كە سعودیە هەمیشە و هەردەم ناكەوێتە ژێر كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئەمریكاوە لەو سیاسەتانەی دەیگرێتەبەر و لەو بڕیارانەی كە دەریان دەكات و پیادەكان دەكات، واتە سعودیە دەیەوێت ئەوە بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڵێت كە خاوەنی سیاسەت و بڕیاری سەربەخۆی خۆیەتی. بە دەربڕینێكی دیكە ئەمە بیرخەرەوەیەك بوو بۆ ئەمریكا كە سعودیە وڵاتێك نییە فەرمان و خواستەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان هەرچییەك بن ئەوە پیادە و پەیڕەو بكات.

* واتە بە تێڕوانینی ئێوە ئەم ڕێككەوتنەی نێوان سعودیە و ئێران نابێتە هۆی سستكردن و خاوكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و سعودیە؟ بە شێوەیەكی گشتی ئێوە چۆن لە ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەم دوو هاوپەیمانە دەڕوانن و پێتان وایە بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕوات؟

- لە ڕاستیدا ڕایەڵی پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆرن و بەهێزیشن. هەر بۆ نموونە ئەوەتا كۆمپانیای بۆینگ گرێبەستێكی گەورەی لەگەڵ عەرەبستانی سعودیە واژۆ كردووە بە بەهای چەندەها ملیار دۆلار، هەروەها هێشتا ژمارەیەكی زۆری قوتابییانی سعودیە ڕوو لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ ئەوەی لە زانكۆكانی ئەو وڵاتەدا درێژە بە خوێندن بدەن و بڕوانامە بەدەست بهێنن. هەروەها هێشتا هاوكارییەكی زۆری سەربازی و ئاڵوگۆڕێكی بەرچاوی هەواڵگری لە نێوان سعودیە و ئەمریكا لە ئارادایە و درێژەی هەیە. كەواتە لە ڕوانگەی هەموو ئەو ڕەهەند و ڕایەڵانەوە ئەوا دەتوانین بڵێین كە هێشتا پەیوەندییەكانی نێوان هەر دوو وڵاتی سعودیە و ئەمریكا قووڵن.

* كەواتە ئایا ئەم ڕێككەوتنەی نێوان عەرەبستانی سعودیە و كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی لەسەر قووڵی و قەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان عەرەبستانی سعودیە و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نابێت؟

- من پێم وایە دەكرێت ئەم ڕێككەوتنە لەو چوارچێوەیەدا لێك بدەینەوە و تاوتوێ بكەین كە ئەمە خواست و ویستێكی سەركردایەتی و دەسەڵاتدارانی عەرەبستانی سعودیەیە بۆ ئەوەی بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕابگەیەنن كە هێشتا ئەوان جۆرێك لە سەربەخۆییان هەیە و هێشتا ئەوان دۆست و هاوڕێی دیكەیان هەیە لە جیهان -جگە لە ئەمریكا- وەك چین و ڕووسیا، بۆ ئەوەی بە ئەمریكا بڵێین كە ئێمە دەتوانین ئەم كارتانە بەكار بهێنین هەر كاتێك پێویستمان پێیان بوو.

* زۆر باشە، دەمانەوێت پرسیاری ئەوە بكەین ئایا سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ئاست ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چ گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕێكی بەسەردا دێت لە دوای ڕێككەوتنی نێوان دوو هێزی هەرێمیی گەورە و مەزن و ڕكابەری یەكتری، وەك ئێران و سعودیە و ئایا ئەم واقیعە نوێیە ڕەنگدانەوەی لە سیاسەتی ئەمریكادا دەبێت؟

- بە شێوەیەكی گشتی ئەوەی دەتوانم لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكاوە لە ئاست ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بیڵێم ئەوەیە كە ئیدارەی ئەمریكا كە بە دەستی دیموكراتەكانە و بە سەرۆكایەتیی جۆ بایدن، ناتوانێت پرسەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا فەرامۆش بكات و پشتگوێیان بخات. خۆ ئەگەر ئەمەش گرێ بدەینەوە بە پەیوەندییەكانی نێوان سعودیە و ئەمریكا، ئەوا ئەم پرسە (پرسی مافەكانی مرۆڤ) هەمیشە مایەی گرفت دەبێت لەو پەیوەندییانەدا. چونكە ئەگەر ئێمە بەراوردێك بكەین لە نێوان ئیدارەی پێشوو بە سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەی جۆ بایدن، ئەوا خاڵی جیاوازیی نێوان ئەم دوو ئیدارەیەیە ئەوەیە كە جۆ بایدن بە چەشنێك بانگەشەی كردووە كە بایەخ بە پرسەكانی پەیوەست بە دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ دەدات، ئەم هەڵوێستەش هەمیشە ئەمریكای خستووەتە بارێكی ناكۆكییەوە لەگەڵ حكومەتی سعودیە.

* دوایین پرسیارمان پەیوەستە بە پەیوەندییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و چینەوە، كە ئاشكرایە ئەم ڕێككەوتنەی نێوان سعودیە و ئێران بە ناوبژیوانیی چین ئاماژەیە بە هەڵكشانی دەستڕۆیشتوویی چین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایا پێت وایە پەیوەندییەكانی ئەمریكا و چین بەرەو هەڵكشانی زیاتر دەچن؟

- لێرەدا دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە ئەگەر بە شێوەیەكی گشتی بارگرژی و ناكۆكی و ڕكابەرییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئاقار و ئاراستەی خاوبوونەوە و كەمبوونەوەدا بڕۆن، ئەوا ئەمە هەل و مەرجێك دەخوڵقێنێت لەم ناوچەیەدا كە تێیدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بتوانێت هەوڵ و كۆشش و پێگەی سەربازیی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا زیاتر و پتەوتر بكات، چونكە ئەوەی بەدی دەكرێت لە ئێستادا ئەوەیە كە چین لە هەر وڵاتێكی دیكەی جیهان زیاتر هێزێكی هەڵكشاوە و هەڕەشەیەكی هەڵكشاویشە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.

Top