زانایانی ئایینی لە بارەی دیدارەكەی سەرۆك هەرێم: ڕێزگرتن لە زانایانی ئایینی بەشێكە لە ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانی
لەهەمبەر ئەو دیدارەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ زانایانی ئایینی لە ئێوارەی 28ی ڕەمەزان بەرانبەر بە 18ی4ی2023 لە سەرۆكایەتیی هەرێم ئەنجام درا و، تێیدا كۆمەڵێك قسە و گفتوگۆی باش سەبارەت بە پرسە ئایینی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتییەكان كرا، زانایانی ئایینی بەشداربوو لەم دیدارە سەبارەت بە ناوەرۆك و كۆی دانیشتن و دیدارەكە، چ سەرنج و بۆچوون و پێشنیارو لێكدانەوەیەكیان لە لا گەڵاڵە بووە، بەمجۆرە ڕاوبۆچوونەكانی خۆیان خستەڕوو.
د.عیرفان ڕەشید ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئیسلامی:
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە خۆشحاڵییەوە پەیامی زانایانی وەرگرت
د.عیرفان ڕەشید ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان لە بارەی دیدارەكەوە گوتی: كۆبوونەوەی جەنابی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ زانایانی هەرێمی كوردستان گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، نزیكبونەوەی بەرزترین هەرەمی دەسەڵات لەگەڵ ئەو توێژە كاریگەرەی كۆمەڵگە دەبێتە هۆی ڕاستكردنەوەی ئەو هەڵانەی كە بە هۆكاری جیاجیا دروست بوون. زانایانی بەڕێز لە ئەنجامی تێگەیشتنیان لە ئازارەكانی خەڵك و تێكەڵبوونیان لەگەڵ چین و توێژەكانی كۆمەڵگە لە تەواوی نەهامەتییەكان شارەزان، گرنگیی ئەم چاوپێكەوتنەش لەوەدا بوو، كە وێڕای ئێوارەخوانێك بە بۆنەی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، گەیاندنی داواكاریی خەڵك بوو بە سەرۆكی وڵات، بەڵام گەیاندنی پەیامی خەڵك لەلایەن زانایانەوە جیاوازە، چونكە گەیاندن شێوازی خۆی هەیە، جگە لە باسكردنی ئایین و پیرۆزییەكانی، گرنگیی بڵاوكردنەوەی بەها بەرزەكان لە كۆمەڵگەدا، ڕێگریكردن لەو تەوژمە نامۆیانەی كە دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگە، لەو سەردانەی زانایان بۆ لای جەنابی سەرۆكی هەرێم هەموو ئەم پەیامانە گەیەندرایە سەرۆكی هەرێم و بەڕێزیشیان جگە لە خۆشحاڵبوونی، هاوڕا بوو لەگەڵ زانایان، ئومێد دەكەین كاریگەریی ئەو سەردانە ببێتە هۆی ڕاستكردنەوەی هەڵەكانی كۆمەڵگە و گەیاندنی ڕاستییەكان وەكو خۆی.
پ.د.حەسەن موفتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا لە هەرێمی كوردستان:
گەورەییە سەركردەكانی كورد دانەبڕێن لە ئایینی ڕەسەنی كوردەواری و عیززەتە بۆ دونیا و قیامەتی خۆیان
پ.د.حەسەن موفتی سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای فەتوا، سەبارەت بە گرنگیی دیدارەكە گوتی: ئاماژەیەكی باشە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بانگهێشتی زانایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بكات و لە خزمەتیاندا پێكەوە ئیفتاری بەربانگ بكەنەوە و پێكەوە بە جەماعەت نوێژی مەغریب ئەنجام بدەن، پاشان بە گوێگرتنی ئامۆژگاری و گوتنەوەی سروودی پڕ بەهای (مەولایە سەلی)ی شێخ محەمەدی بوسەیری و سروودی ناوازەی (ڕەبی بنێرە سەڵاوات)ی مامۆستای گەورە مەرحوومی مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی بیارە بەشێك لە شەوی بیست و هەشتی قەدر زیندوو ڕابگرن. ئەمانە تێكڕایان ئاماژەی عاقیبەت خێرین و خاڵی ئومێدبەخشن، گەورەییشە بۆ سەركردەكانی كورد كە دانەبڕێن لە ئایینی ڕەسەنی كوردەواریی هەزار و چوارسەد ساڵەی خۆیان، عیززەتە بۆ دونیا و قیامەتی خۆیان. لە كاتێكدا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم ئەو ڕاستییەشی ڕاگەیاند كە ئەو شەوكەت و پێگەی كە ئەوان هەیانە دەگەڕێتەوە بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام و تەریقەی نەقشبەندی - وەك ئاماژەیەك - كە زیاتر لە دووسەد ساڵە لە دەڤەرەكەیان بەركەماڵە و شانازییش بەو مەعنەوییاتەوە دەكەن.
مامۆستا مەلا نەجمەدین شەمساوەیی بەرپرسی لقی سلێمانیی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام:
ڕێز و تەقدیری جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ زانایانی ئایین جێگەی پێزانینە
مامۆستا مەلا نەجمەدین شەمساوەیی بەرپرسی لقی سلێمانیی یەكێتیی زانایان لە تێڕوانینی خۆی بەرانبەر دیدارەكە دەڵێت: وەها سەردانێك كاریگەریی ئەرێنیی خۆی هەیە، زۆر دەمێكە بەرپرسان بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك جاران لە مامۆستایانی ئایینی نزیك نەماون، بۆیە ئەو كۆبوونەوەیە لەگەڵ جەنابی سەرۆكی هەرێم بەرز دەنرخێنم، ڕێزی جەنابیان بۆ زانایانی ئایینی جێگەی پێزانینە، لەلایەكی دیكەشەوە گوێگرتنی بەڕێزیان بۆ مامۆستایانی ئایینی كە مامۆستا دكتۆر عەبدوڵڵا لە جیاتی هەمووان ئاریشەكان و گرفتەكانی نێوان لایەنەكان و سەرجەم بابەتەكانی لەمەڕ ژیان و گوزەرانیی خەڵك و نیگەرانییەكانی لای بەڕێزیان باس كرد، ئەو بابەتانە هەموو جێگەی ڕێز و پێزانینە بۆ جەنابیان دڵخۆشكەرن.
د.بەشیر خەلیل حەداد وتارخوێنی مزگەوتی جەلیل خەیات:
زۆر گرنگە لە نێوان دەستەبژێری ئایینی و سەركردەی وڵات پەیوەندییەكی تەواوكاری هەبێت
د. بەشیر خەلیل حەداد مامۆستای زانكۆ و پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی جەلیل خەیات و یەكێك لە بەشداربووانی ئێوارەخوانەكە گوتی: سەبارەت بەم دیدارەی لەنێوان سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لە مامۆستایانی قەدرگرانی ئایینی ئەنجام درا، ئەمە كارێكی پێویست و هەنگاوێكی باشە، بەتایبەت لە نێوان نوخبەی ئایینی و كۆمەڵایەتی لەگەڵ سەركردەی وڵات گرنگە پەیوەندیەكی تەواوكاری هەبێت، لە ئەنجامدانی ڕاوێژی باش و ئامۆژگاری پێویست و چارەسەری گونجاو بۆ ئەو گرفت و كێشانەی لەناو كۆمەڵگە هەیە، گەنگەشەی پرسەكان بكرێت، دەرەنجام هەندێ لەو كێشە و پرسیارانەی لای خەڵك هەیە بیگەیێننە لایەنی پەیوەندیدار و ئەوانیش لە ڕێی ئەم نوخبە كارایەی كۆمەڵگە وردتر ئاگاداری پرسەكان دەبن، بۆیە لەوەش زیاتر گرنگە سەرۆكی هەرێم دەستەیەكی هەبێت لە كەسایەتیی ئایینی و ئەكادیمی و كۆمەڵایەتی لەكاتی پێویست لەسەر پرسە گرنگ و گەرمەكان ڕاوێژیان وەربگرێت، گوێ لە بۆچوون و چارەسەرەكانیان بگرێت، بۆ ئەو ئاریشانەی دێنە پێشەوە، بەتایبەت لەم قۆناغە كە قەیرانی سیاسی تەنگی بە هەرێمەكەمان چنیوە، زۆر جار كە كێشەیەكی سیاسی دروست دەبێ، ڕاستەوخۆ و بە شێوەیەكی نەرێنی كاریگەری لەسەر دۆخی كۆمەڵگە و ژیانی هاووڵاتیان دەبێت، بۆیە ئا لێرە ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی و ئەو نوخبەیە بەدیار دەكەوێت كە لە كۆبوونەوەیەكی وادا لە ڕێی ڕاوێژ و پێشنیار و پەیامی گرنگ و دیالۆگەوە چارەسەری گونجاو دیاری دەكەن و پاڵپشتی دەنوێنن، دانیشتنەكە سەركەوتووانە بوو، دەبێت هەمووان ببینە هۆكاری ڕەحمەت بۆ كیان و كۆمەڵگەی خۆمان هەروەكو پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) هۆكاری ڕەحمەت بوو بۆ تێكڕای مرۆڤایەتی.
د.ئەنەس محەمەد شەریف دۆسكی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئیسلامی كوردستان:
دوای بەربانگ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پڕوتۆكۆلی شكاند و پێی گوتین: من لە ناو مامۆستایانی ئایینی دادەنیشم
د.ئەنەس محەمەد شەریف دۆسكی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی زانایان سەبارەت بە دیدارەكە گوتی: لە ڕاستیدا لێكنزیكیی كاربەدەست و مامۆستایانی ئایینی لە كوردستان بەرهەمی باشی دەبێت، چونكە لەمێژە داوای زانایانی ئایینی ئەوە بووە كە یەكڕیزی هەبێت بۆ ئەوەی ئەم كیانە بەرەو پێشەوە بڕوات، خاڵی هەرە گرنگی ئەم دیدارە ئەوە بوو كە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی پێ دا، كە ئەوان بە ڕێگەی شێخ و مەلایەتی و عیرفانی بوونە سەرۆك و ڕابەری ئەم میللەتە، بۆیە قەت پێچەوانەی بنەمای ئەم ڕێبازە كار ناكەن و بەردەوام هەوڵ دەدەن خزمەت بكەن، هەروەها چەند جارێك كە كوردستان ڕووبەڕووی كێشەی گەورە بووە، بنەماڵەی بارزان بوونەتە هۆكار بۆ قوتاركردنی كورد لە قەیرانەكان، كە خۆیشی گوتی: ئەوە ئەركی ئێمەیە و مننەت نییە، هەموو هەوڵێكیش دەدەین بۆ یەكڕیزیی نێوماڵی كورد و بگرە زۆر جار زیان بە بەرژەوەندیی حزبی كەوتووە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی، تەنانەت سەرۆكی هەرێم لە دوای نانخواردن پرۆتۆكۆلی شكاند و گوتی: من لەناو مامۆستایانی ئایینی دادەنیشم و شوێنی فەرمیی خۆی جێهێشت، مامۆستایەكی ئایینی لە شوێنی ئەو دانیشت، ئەمەش بەڵگەی تەوازوع و سادەیی بەڕێزیان دەگەیەنێت و لە هەمان كات پیشاندانی ڕێزە بەرانبەر مامۆستایانی ئایینی و خزمەت و هەوڵ و هەنگاوەكانیان.
د.مادح مەلا محەمەد بەرزێوەیی ئەندامی ئەنجومەنی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف:
دیداری جەنابی سەرۆكی هەرێم كارێكی زۆر چاك و ئیجابی بوو، هەستمان كرد دڵسۆزانە پێشوازی لە زانایان دەكات
د. مادح مەلا محەمەد بەرزێوەیی ئەندامی ئەنجومەنی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بەم شێوەیە سەرنجی خۆی لە بارەی دیدارەكە خستە ڕوو: خوای مەزن فەرمانی پێ كردووین كە كاروبارمان بە مەشورەت بیت:((وأمرهم شوری بینهم))، وە فەرموویەتی: ((وشاورهم فی الأمر)). ئەوجا پرس و ڕاوەرگرتنی زانایانی دین كارێكی بە سوودە بۆ قازانجی دین و ژین.
لەو سۆنگەیە دیداری جەنابی سەرۆكی هەرێم كارێكی زۆر چاك و ئیجابی بوو، چونكە هەستمان كرد كە بە دڵسۆزانە پێشوازی لە زانایان دەكات، دیدارەكەش ئومێدبەخش بوو بۆ داهاتوویێكی باشتر بۆ گەڵی كوردو ئایین و ژیانی.
بۆیە ئومێدەوارین كە ئەو جۆرە دیدارانە بەردەوام بن لە نێوان بەرپرسان و زانایان، چونكە زانایانی ئایینی هەمیشە ڕێگای ڕاست نیشانی خەڵك دەدەن و هیچ كات لە مەشورەتی چاك درێغی ناكەن.
مامۆستا شێخ جیهاد خەیلانی:
دیداری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ زانایانی ئیسلام ڕێزگرتن بوو لە مامۆستایانی ئایینی لە كوردستاندا
مامۆستا شێخ جیهاد خەیلانی، لەبارەی دیدارەكەوە دەڵێت: ئەو دیدارەی سەرۆكی هەرێم ڕێزدار كاك نێچیرڤان بارزانی بۆ مامۆستایانی ئایینی ڕێكخستبوو، مانای وایە كە بەڕێزیان مزگەوت و شەریعەت و مامۆستایانی ئایینی خۆش دەوێت و جێگەی بایەخی بەڕێزیانن، هەروەك تەعبیرە لە خۆشەویستی بۆ مەولوودو باس و یادی (ڕسول الله) دروودی خوای لەسەر بێت، بەتایبەت ڕێزگرتن لەو دەستە مامۆستا بەڕێزە ئایینییانەی كە تەمەنێكیان لە خزمەتكردن سەرف كردووە، كارێكی بە جێ و گرنگە، ڕاستە هەموو مامۆستایان بەشدار نەبوون، بەڵام ئەوە خۆی لە خۆیدا ڕێزگرتن بوو لە سەرجەم مامۆستایانی ئایینی، هەروەك خۆیشی ئاماژەی بەوە كرد، كە ئەوان وەكو بنەماڵەی بارزان لەسەر ڕێبازی مزگەوت و میحراب گەیشتوونەتە ئەو قۆناغە، بۆیە ئێمە وەكو مامۆستایانی ئایینی و شێخانی تەریقەت دڵمان خۆش بوو بەم دیدارە، كە لە هەمان كات پاڵپشتیشە بۆ یەكێتیی زانایان و تەواوی مامۆستایانی ئایینی، كە كاتی خۆی مەرحوومی مەلا مستەفا بارزانی دایمەزراند، بۆ ئەوەی حوكم بە شەریعەت بكرێ، بۆیە سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ جەنابی سەرۆك و هیوای موفەقییەتی بۆ دەخوازین لە خزمەتكردنی كوردستان.
مامۆستا مەلا مەمدوح شێخ عەبدولجەبار حەمدی بەرپرسی لقی زاخۆی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان:
ئەم ئێوارەخوانە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی باش و ڕێزگرتن بوو لە ئەرك و ماندووبوونی مامۆستایانی ئایینی لە مانگی ڕەمەزاندا
مامۆستا مەلا مەمدوح شێخ عەبدولجەبار حەمدی بەرپرسی لقی زاخۆی یەكێتیی زانایان، سەبارەت بە هەمان پرلاس گوتی: ئەم سەردان و ئێوارەخوانە لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان بۆ ژمارەیەك لە مامۆستایانی ئایینی كوردستان كە لەلایەن سەرۆكی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی ڕێك خرابوو، جێگەی پێزانین و مایەی دڵخۆشیی زۆر بوو، حەتمەن ئەم لیقا و گفتوگۆیانەی لەم جۆرە لە بەرژەوەندیی گشتی و كوردستانن، ئەمەش دواجار كاردانەوەی ئەرێنی بەسەر دۆخی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئایینی دادەنێت و دەبێتە هۆی هەماهەنگیی و هاوكاریی پتری چین و توێژەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی خزمەت بەرانبەر كورد و كوردستان، جەنابیان قسەی زۆر باش و جددی كرد لەسەر وەزعی هەرێم و چۆنیەتی خزمەتكردنی زانایان و سەقامگیریی كوردستان، بەدڵنیاییەوە مامۆستایانی ئایینی وەك كار و پیشەی خۆیان هەمیشە وەك دڵسۆزێك بۆ كورد و كوردستان خزمەت دەكەن و پەیامی برایەتی و دینداری بڵاو دەكەنەوە و دەیانەوێت ئارامیی ئەم كیان و كۆمەڵگەیە پارێزراو بێت، بۆیە ئەم ئێوارەخوانە هەنگاوێكی باش بوو بۆ مامۆستایانی ئایینی و ڕێزگرتن بوو لە ئەرك و ماندووبوونیان لە ناو مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.
د.دڵشاد گەڵاڵی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان:
پێشوازی و سادەیی و ڕێزگرتنی سەرۆكی هەرێم لە مامۆستایانی ئایینی بووە جێگەی سەرنجی من
د. دڵشاد گەڵاڵی ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایان، ئەو مامۆستایەیە كە قەسیدەی خوێندەوە و سەرۆكی هەرێم بە لایەوە خۆش و سەرنجڕاكێش بوو، لە بارەی ئێوارەخوان و كۆبوونەوەكەش دەڵێت: پێشوازی و سادەیی و ڕێزگرتنی سەرۆكی هەرێم لە مامۆستایانی ئایینی، بووە جێگەی سەرنجی من، ئەوە سەلمێنەری ئەوەیە كە دەوروبەری خۆی خۆش دەوێت و بەڕێز سەرۆكی هەرێم كەسێكی تابڵێی جەماوەری و تێكەڵە و زیاتریش دەیویست گوێ بگرێت، نەك خۆی قسە بكات، بۆیە بواری دا بە هەندێ لە مامۆستایان كە قسە بكەن. ئاگای لە هەر هەمووان بوو، لە بچووكترین هەڵسوكەوت بگرە، تا گەورەترین هەڵسوكەوت بە واتایەكی دی، هەردەتگۆت تەنیا لەگەڵ یەك كەس دانیشتووە، یەك كەسی پێشتگوێ نەخست، هەستت بەوە نەدەكرد كە گرنگی تەنیا بە چەند كەسانێك دەدات لە ئامادەبووان، بەڵكو بە یەك ئاست گرنگی بە هەموو ئامادەبووان دەدا.
كاتێ سەرۆكی زانایان پێشنیاری ئەوەی كرد، پارچە قەسیدەیەك بخوێننەوە، بەڕێز سەرۆكی هەرێم یەكسەر گوتی: زۆرم پێ خۆشە و فەرموو مامۆستا دەست پێ بكە. قەسیدەی مەولایە سەڵیم خوێندەوە و هەستم كرد زۆری بەلاوە خۆش بوو، هەر خۆیشی لەگەڵ ئێمە دەیگێڕایەوە و بە ئیعجابەوە گوێی بۆ شل كردبوو، پاشانیش گوتی: بەڕاستی چێژ لەم جۆرە مەجلیس و كەشە عیرفانییە دەبینم، هەروەها جارێكی دیكەش داوای لێم كردەوە كە سروودێكی دیكەش بڵێمەوە.
مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستان:
جێگەی ڕێزە كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم كاتە جەنجاڵەی كوردستاندا مامۆستایانی ئایینی لە زاخۆوە تا كەلار پێكەوە كۆبكاتەوە
مامۆستا مەلا حەمەئەمین كەلاری لێپرسراوی لقی گەرمیانی یەكێتیی زانایان، دەڵێت: سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەم ساتە جەنجاڵەی هەرێمی كوردستاندا كۆكەرەوەی زانایانی ئاینی بوو هەر لە كەلارەوە تا زاخۆ، هەڵبەتە زانایانی ئایینی بە حوكمی پێگە و مەكانەتی كۆمەڵایەتییان هەمیشە و هەموو كات بەشێك بوون لە خەڵك و خۆشیان بە خاوەنی كیانەكەیان زانیوە و پردی پەیوەندیی نێوان خەڵك و دەسەڵات بوون، لە هەموو قۆناغەكاندا زانایانی ئایینی بەو پەڕی ئەمانەتەوە داواكاری و پێویستیی خەڵكیان بە بەرپرسان گەیاندووە، هەروەكو هەمیشەش ڕێزلێگیراوی تەواو بوون لەلایەن بەرپرسانەوە، بەتایبەت سەركردە باڵاكانی گەلەكەمان.
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی بەڕێوەبەری ئیرشاد و توێژینەوەی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف:
ئێوارەخوانەكەی سەرۆكی هەرێم هەموو ئاراستە جیاوازەكانی مامۆستایانی ئایینی لە خۆی گرتبوو
شێخ ئیبراهیم بەرزنجی بەڕێوەبەری ئیرشاد و توێژینەوەی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی لە هەمبەر دیدارەكە گوتی: كۆبوونەوەكە هەموو تەوەجوهاتەكانی لە مامۆستایانی ئایینی لەخۆ گرتبوو، كە دانیشتنی لەم شێوە گرنگە بۆ گفتوگۆ و تەرحكردنی سەرنج و پێشنیار بۆ سەرۆكی هەرێم، كە بە شێوازێكی ڕێكوپێك و پڕ لە هەست و سۆز پێشوازی لە مامۆستایانی ئایینی كرد و سوپاس و ستایشی زۆریشی كردن لەسەر دانیشتن و كۆی گفتوگۆیەكان، هەستیش دەكرا، هەمووان لە سەرۆكایەتی هەرێم دڵخۆش بوون بە پێشوازی و خزمەتكردنی مامۆستایانی ئایینی، ئەم دانیشتنە هاوشێوەی دەستەیەكی ڕاوێژكاری ڕۆڵی گرنگی هەبوو، بۆیە ئەگەر وەك پێشنیاز دەستەیەك لە مامۆستایانی ئایینی وەك دەستەی ڕاوێژكاری ئایینی سەرۆكایەتیی هەرێم دەستنیشان بكرێن بۆ پرسەكان گرنگ و پێویستە.
شێخ گەیلان تاڵەبانی:
ئەم ئێوارەخوانەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ زانایانی ئایینی ڕێكی خستبوو شتێكی تازە نییە و ئەمە ڕێبازی مەلا مستەفا بارزانییە
شێخ گەیلان تاڵەبانی، سەبارەت بە دیدارەكە بۆچوونی خۆی بەم شێوەیە خستە ڕوو: بە ناوی مامۆستایانی ئایینی كەركووك دەستخۆشی لە جەنابی سەرۆكی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەكەم بۆ ئەو پێشوازییە گەرم و ئێوارەخوانە، ئەمە شتێكی تازە نییە بەڵكو ئەمە ڕێبازی مەلا مستەفای بارزانییە كە هەمیشە وابووە و ڕێزی لە ئایینی ئیسلام و زانایانی ئایینی گرتووە. لە دانیشتنەكە داوا لە بەرێزیان كرا تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكان ڕابگرێت، چونكە یەكڕیزی و ئاشتەوایی دەبێتە هۆی سەقامگیریی كوردستان و خۆشگوزەرانیی خەڵك.
سەرۆكی هەرێم لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەوەی دەیكەین ئەركە نەك مننەت، هەموو لایەنەكان دەیانەوێت خزمەتی كوردستان بكەن، بەڵام هەر یەكەو بەپێی بیر و رای جیاوازی خۆی، زۆر جار ناكۆكی هەبووە و لایەنە سیاسییەكان ئەمەیان تێپەڕاندووە، دەبێت ناكۆكییەكان نەمێنن و بەرژەوەندیی گشتی لەبەر چاو بگیرێت، هەروەها تەقدیری پێگە و خزمەتی زانایانی ئایینی باس كرد، چ لە ئێستا و چ لە ڕابردوو لە شۆڕشەكاندا و جەختی لەوە كردەوە كە پیاوانی ئایینی جێگەی ڕێز و بایەخی ئەوانن، چونكە رۆڵیان لە ڕووی خزمەت و هەنگاوەكانیان بۆ هۆشیاریی كۆمەڵگە و چاكسازی و هاندانی خەڵك بۆ ڕەوشتی جوان و خۆشەویستیان بۆ خاك و نیشتمان لەبەر چاوە.