ئەستێرەی شانۆ

ئەستێرەی شانۆ

ئەم دەستەواژەیە پڕ بە پێستی هەوار فارس، خاتوونە شانۆكاری شاری كەركووكە. بۆ ماوەی دە ساڵ دەچێت، هەوار و گرووپی شانۆی هەوار (تیپێكی شانۆی شاری كەركووكە، ساڵی 2014 دامەزراوە)، لە ئاستی كوردستان و وڵاتانی عەرەبدا، نوێنەرایەتیی شانۆی كوردستان دەكەن. بەهرە و توانای بەرزی ئەم شانۆكارە لە نواندن و بەرجەستە كردنی كەسایەتیی ئەو كاراكتەرەی لە هەر دەقێكدا پێی دەسپێردرێت، ئەوی گەیاندووەتە پێگەی پێشەنگی شانۆی كوردی لە شاری كەركووك و تەنانەت لە ئاستی باشووری كوردستانیشدا .

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

ئەستێرەی شانۆ

بینەری نمایشەكان و ڕەخنەگران لەوەدا كۆكن، هەوار فارس وەك ئەكتەر توانایەكی زۆر گەورەی هەیە، زۆر قووڵ و فراوان دەچێتە پێستی كاراكتەرەوە، كاتێك ئەو لەسەر تەختەی شانۆیە و لە گەرمەی نمایشدایە، زەینی بینەر ڕۆ دەچێتە ڕۆحی دەقەكەوە، دراما ئاوێتە بە جووڵەی جەستە و زمانی قسە كردنی دەبێت، ئیدی دیمەنی نمایش بە تەواوی ئەوە لە بیر ئێمەی بینەر دەباتەوە، كە ئێمە لە نێو هۆڵێكداین یان لەسەر شەقامێكین و تەماشای نمایشێك دەكەین.
ئاستی بەرزی نواندن و جووڵەی بەهێز و پڕ واتای جەستەی هەوار و شۆڕ بوونەوەی بۆ نێو پێستی كاراكتەر، هەموو ئەمانە سەرنجی ڕەخنەگر و لیژنەكانی دادوەری و هەڵسووڕێنەرانی فیستیڤاڵەكانی شانۆیان لە ناوخۆی كوردستان و تەواوی ئەو وڵاتانەی هەوار نمایشی تێدا پێشكەش كردوون، ڕاكێشاوە، بۆیە لە زۆربەی ئەو فیستیڤاڵانەی هونەری شانۆدا، چ لە كوردستان یان لە وڵاتانی بیانی، بەشداریی تێدا كردوون، خەڵاتی بەدەست هێناوە.

ئەستێرەی شانۆ

هەوار، ئەستێرەكەی شانۆ ئەندامێكی چالاكی گرووپی هەوارە، لە لێدوانێكدا گوتوویەتی «بۆ ئەم ساڵ مۆنۆدرامایەك و نمایشێكی بە كۆمەڵمان هەیە، بۆ چەند وڵاتێكی عەرەبیش بانگێشت كراوین.» هەوار نایشارێتەوە «كارەكانی ڕابردووم زۆربەیان مایەی شانازیمن، هەرچەندە لە ماوەی 15 ساڵ كار كردنم لە شانۆ، بەرهەمی ئاست نزم و مام ناوەندیشم هەبووە، بەڵام وانەم لێ وەرگرتوون، لە كارەكانی دواترم وەك ئەكتەر كارم لە سەر توانا و بەهرەی خۆم كردووە، تاكوو هەنگاو بەرەو پێش بنێم و سەركەوتنی زیاتر بەدەست بهێنم.» هەوار دەشڵێت «هەمیشە شانازی بەوەوە دەكەم، لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیومانە شانۆی كوردی بە وڵاتانی جیهان بناسێنین، لە زۆربەی ئەو فیستیڤاڵانەش ناسنامەی كوردانەی خۆمان لە نمایشەكاندا ڕەنگی داوەتەوە و بێ خەڵاتیش بۆ كوردستان نەگەڕاوینەتەوە.»

ئەستێرەی شانۆ

هەوار فارس شانۆكاری ناسراوی كەركووك، ساڵی 1992 لە هەولێر لە دایك بووە، بەشی شانۆی لە پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركووك تەواو كردووە، ئێستا لە بەشی فیلمسازیی كۆلیژی هونەرە جوانەكانی زانكۆی سلێمانی دەخوێنێت. ماوەی 14 ساڵە لە شانۆدا كار دەكات، «لە 2009وە بە شێوەیەكی ئەكادیمی خەریكی شانۆم». ئەو جگە لە بەهرەی شانۆ، ئەكتەرێكی بە توانای سینەما و میدیاكارێكی بە تواناشە. گرووپی شانۆی هەوار لە 2014 دامەزراوە، لە فیستیڤاڵەكانی شانۆ لە میسر، توركیا، ئێران، ئیمارات، ئوردن، لوبنان و توونس نمایشیان پێشكەش كردووە. هەوار وەك ئەستێرەیەكی گرووپەكە، تا ئێستا گەلێك خەڵاتی بەدەست هێناوە. بۆ نموونە 2021 خەڵاتی یەكەمی باشترین كچە ئەكتەری لە فیستیڤاڵی بەغدا، لە هەمان ساڵدا خەڵاتی لیژنەی دادوەریی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی قاهیرە، ساڵی 2022 خەڵاتی باشترین كچە ئەكتەری لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی لوبنانی، بەدەست هێناوە. ئەم ساڵیش لە فیستیڤاڵی شانۆی عیراقدا كە 14 پارێزگای وڵاتەكە بەشدارییان تێدا كرد، هەوار لە نمایشی (كورسییەكان) خەڵاتی باشترین كچە ئەكتەر و نەژاد نەجم دەرهێنەری دەقەكەش، خەڵاتی یەكەمی باشترین دیزاینی دیكۆری بەدەست هێنا. (49) ساڵ بەر لە ئێستاش، لە یەكەمین فیستیڤاڵی ڕۆشنبیریی كوردی كە هەر لە شاری بەغدا بەڕێوە چوو، شانۆكارانی كەركووك خەڵاتی زێڕینی شانۆیان بەدەست هێنا. ئەو خەڵاتانەی كەركووك لە ماوەی نیو سەدە بۆ شانۆی كوردی بەدەستی هێناون، ئاماژەیەكی بەهێزە كە ئەم شارە لە مێژووی شانۆی كوردیدا ئامادەییەكی بەهێز و كارای هەیە.

Top