ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان بۆ گوڵان: ناكرێت كورسیی كۆتا بخرێتە ناو ململانێ و كێشەكانی نێوان لایەن و حزبە سیاسییەكانی كوردستان

ئایدن مەعرووف  وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان بۆ گوڵان:     ناكرێت كورسیی كۆتا بخرێتە ناو ململانێ و كێشەكانی نێوان لایەن و حزبە سیاسییەكانی كوردستان

 

 

سیاسەتی پیادەكراوی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاست پێكهاتەكاندا بریتییە لە ڕێزگرتن و بەشداریپێكردنیان و برەودان بە پێكەوەژیان و لێبووردەیی نێوانیان، بەڵگەی بەرجستەش لەم ڕووەوە بوونی وەزارەتێكی تایبەت بە كاروباری پێكهاتەكانە، ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ ئایدن مەعرووف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

 

* سەرۆك بارزانی لە چەندین بۆنەدا جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، كە پێكهاتەكان بە نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانەوە، كەمینە نین، بەڵكو ئایین و نەتەوە جیاوازەكانی كوردستان، هاووڵاتیی ئەم نیشتمانەن و دەبێت هەموو مافەكانیان پارێزراو بێت، لە نووسینەوەی دەستووری كوردستانیشدا دەبێت خۆیان مافەكانی خۆیان دیاری بكەن. ئایا تا چەند ئەم ئاراستەی سەرۆك بارزانی لەسەر ئەرزی واقیع جێبەجێ كراوە و كابینەی نۆیەم وەك بەشێك لە بەرنامەكەی چۆن كاری لەسەر دەكات؟

- نكۆڵی لەوە ناكرێت، بوونی پێكهاتەكان و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان گرنگیی خۆی هەیە، كە ئاشكرایە بەشدارییەكی باشیان لە پڕۆسەی سیاسی و حكومەت و پەرلەمانی كوردستاندا هەیە، ئەمەش سەلمێنەری بایەخپێدانی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانە بە پێكهاتەكان، تاوەكو مومارەسەی مافەكانیان بكەن و بەشدارێكی كارا بن لە پاراستن و برەودان بە بەرژەوەندییەكانیان لە هەرێمی كوردستان. دواتر ئەوە ڕاستە كە نەتەوە پەیوەست نییە بە ژمارەوە، ئەوەتا دەبینین نەتەوەی توركمان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بوونێكی گرنگیان هەیە و كاریگەرییان لەسەر بارودۆخ و پرۆسە سیاسییەكە هەیە. نەتەوەی توركمان لە كوردستاندا خاوەنی مێژوو و كەلتوور و زمان و دابونەریتی تایبەت بە خۆیەتی و پێگەی سیاسیی خۆی هەیە. ئێمەش هەر وەك جەنابی سەرۆك بارزانی دەفەرموێت وشەی كەمینەمان قبووڵ نییە و قسەكانی لە جێگای خۆیەتی و زۆر گرنگە و لە هەموو قۆناغ و پرس و كات و شوێنێكدا سەرۆك بارزانی گرنگی بە نەتەوەكان و پێكهاتەكان داوە، بەتایبەت لەوەی كە جیاوازی ناكات لەنێوان هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستادا و داكۆكیكار و پاڵپشتێكی بەهێزی هەموو نەتەوەكانە بۆ گەیشتن بە ماف و بەرژەوەندییەكانیان، چ لە عێراق چ لە كوردستان. لەلایەكی دیكەوە سەرۆك بارزانی كەسایەتی و كارێزمایەكی سیاسیی زۆر گرنگە و ڕەمزی پێكەوەژیانە و وەك بەبیرهێنانەوەیەكی بەئەمەك، جەنابی سەرۆك بارزانی لە نووسینەوەی دەستووری عێراقدا چەند داكۆكیكار و بەرگریكار بووە لە نەتەوەكەی خۆی، هێندەش و بگرە زیاتریش بەرگریكار و پاڵپشت بوو بۆ جێگیركردن و بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندییە باڵاكانی نەك تەنیا توركمان، بەڵكو مافی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان. ئەو بەرگری و پاڵپشتییەی جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئێمە وەك پێكهاتەكانی نەتەوەیی و ئایینی زۆر گرنگ و كاریگەر بوو و ناتوانرێت بە هیچ شێوەیەك لە هزر و بیركردنەوەماندا لە بیری بكەین، هاوكات لە نووسینەوەی دەستووری كوردستان و هەموو بڕیار و پرسێك كە كاریگەریی ئایندەی هەبێت، ئەوە جەنابی سەرۆك بارزانی جەخت لەوە دەكاتەوە كە دەبێت پێكهاتەكان خۆیان بەشدار بن لە لێژنەكان و بە خۆیان ماف و داواكاری و بەرژەوەندییەكانیان بنووسنەوە و دیاری بكەن.

* بوونی وەزیرێكی هەرێم لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كاروباری پێكهاتەكان هەنگاوێكی گرنگە بۆ ڕێكخستنی كاروباری كۆی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكان لە كوردستان، بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە وەك وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان، تاچەند توانیوتە پردێك لە نێوان حكومەت و تایبەتمەندیی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان دروست بكەیت؟

-  دامەزراندنی وەزارەتێكی تایبەت بە كاروباری پێكهاتەكان خۆی لەخۆیدا گرنگیدانە بە دۆسیە و كاروباری پێكهاتەكان، مەبەستی سەرەكیی ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەوەیە بایەخی تەواو بدرێت بە بارودۆخ و پێداویستی و چارەسەركردنی كێشەی پێكهاتەكان. بۆیە ئێمەش وەك وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان بووینەتە پردێكی ڕاستەوخۆ و پەیوەندیەكی بەهێز و توندوتۆڵمان لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندا هەیە و لە هەموو كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێش هەموو پرسێك، لە بارودۆخ و پێداویستیی پێكهاتەكان دەپرسێتەوە و گفتوگۆی لەبارە دەكرێت، و وەزیرە پەیوەندیدارەكان -كە وەك یەك تیم كار دەكەین- ڕادەسپێرێت بۆ بەدواداچوون و چارەسەری هەر كێشە و پێداویستییەك كە تایبەت بێت بە پێكهاتەكانەوە. ئەوەی ئێمە بەدیمان كردووە، ئەوەیە كە بەڕێزیان زۆر پەرۆشە بۆ گەشەپێدان و قووڵكردنەوەی پێكەوەژیان لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان. لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەك وەزیر و وەزارەتەكە بە پاڵپشتیی سەرۆكی حكومەتی كوردستان سەردانی هەموو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستانمان كردووە، بۆ ئاگاداربوون لە ڕەوشی پێكهاتەكان و كێشە و گرفتەكانیان بە مەبەستی چارەسەركردنیان. لەم ڕووەوە توانیومانە ببینە پردی بەهێزی نێوان پێكهاتەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و هۆكاری خێر بووین بۆ پێكهاتەكان.

* كاتێك كێشەیەك تایبەت بە پێكهاتەكان لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باس دەكرێت، سەرۆك وەزیران وەڵامدانەوەی بۆ كێشە و تایبەتمەندیی پێكهاتەكان چۆنە و تا چەند بڕیاری گرنگ بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دراوە؟

- لە ڕاستیدا هەر كێشە و گرفتێكی پێكهاتەكان هەبووبێت و لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خرابێتە ڕوو، ئەوا لەلایەن سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆی لەبارە كراوە و بە خەمخۆرییەوە مامەڵەی لەگەڵدا كراوە و پلان و بەرنامەی بۆ داڕێژدراوە. واتە سەرۆك وەزیران و سەرجەم وەزیرە بەڕێزەكان لە خەمی داواكاری و كارەكانی پێكهاتەكاندا بوون. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە كە بڕیار لەسەر چارەسەری كێشەی زەویی برا كریستیانەكان و جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015 دراوە، كە ئەم یاسایە تایبەتە بە ڕەوشی پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان. هاوكات بڕیار دراوە مێژووی توركمان و كلد و ئاشوور و سریان بكرێتە پڕۆگرام لە پرۆسەی پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی كوردستان و ئەكادیمیای توركمان و ئەكادیمیای كلد و ئاشووری و سریان دابمەزرێت، كە هەموو ئەوانە بە بڕیار و ڕەزامەندی و پاڵپشتیی ڕێزدار مسرور بارزانی بووە.

* كێشە و ململانێی حزبە سیاسییە كوردییەكان، كاریگەری لەسەر كۆتای پێكهاتەكانیش دروست كردووە و هەوڵ دەدەن كە كورسیی پێكهاتەكان لەناو خۆیاندا دابەش بكەن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەم كێشەیە لە كوێوە سەری هەڵداوە و ئێوە وەك پێكهاتەكان ئایا ڕایەكی یەكگرتووتان هەیە بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافەكانی خۆتان بكەن؟

- ئاشكرایە كورسیی كۆتا بە پێی یاسا لە هەرێمی كوردستان ڕێك خراوە، بوونی ئەم كورسییانەی كۆتا، كاریگەرییەكی گرنگ و ئەرێنییان لەسەر پێكەوەژیان و ئاشتی و لێبوردەیی لە هەرێمی كوردستاندا بووە، بۆیە نابێت و ناكرێت كورسیی كۆتا بخرێتە ناو ململانێ و كێشەكانی نێوان لایەن و حزبە سیاسییەكانی كوردستان. ئێمە هەموو كات لەگەڵ ئەوەداین كە هۆكاری چارەسەری كێشەكانی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەكان بین و نەبووینەتە لایەنگری هیچ لایەنێك لە كاتی كێشەكانی نێوانیاندا. لێرەدا وەك هەموو كات ئەوە دووپات دەكەینەوە، كە بوونی نەتەوەكان و پێكهاتەكان لە كورسیی كۆتا گرنگترە، چونكە وەك دەزانین جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەموو كاتێكدا جەختی لەسەر ماف و بەرژەوەندیی پێهكاتەكان كردووەتەوە و بوونی نەتەوەكان لە هەرێمی كوردستان بە پیرۆزی و بە چاوێكی ڕێزەوە سەیر كراوە. بەڵام كاتێك لایەنێك هەوڵ دەدات، كێشە بۆ كۆتا دروست بكات و دژی كۆتا بێت، ئەمە پاشەكشەیە لە دیموكراسیەت و مافەكانی مرۆڤ.

* ئێستا هەر لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەمیش لەسەر پرسی هەمواركردنەوەی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن، نوێنەری یۆنامی لە عێراق بووەتە بەشێك لە پرۆسەكە و ئەویش لەسەر ئەم پرسە قسەی خۆی هەیە، هەروەها لەسەر پرسی كۆتای پێكهاتەكانیش پێشنیاری خۆی هەبووە، وەك كەسێك كە بەشداریت لە كۆبوونەوەكان، ئایا یۆنامی چ پێشنیارێكی بۆ كۆتای پێكهاتەكان كردبوو، بۆچی ئێوە ڕەتتان كردەوە؟

- بێگومان بوونی یۆنامی لە عێراقدا گرنگە بۆ چاودێری و بەدواداچوونی دۆسیەی پێكهاتەكان، بەڵام ئەو پێشنیارەی لەلایەن یۆنامی كراوە، كە دابەشكردنی كورسیی كۆتاكانە بە سەر شارەكانی هەرێمی كوردستان، یان زیادكردنی دوو كورسیی كۆتا بۆ شاری سلێمانی، كە كورسییەك بۆ توركمان و یەكێكیش بۆ كریستیانەكان بێت، لەلای ئێمەوە قبووڵكراو نییە و، لە كۆبوونەوەكەدا پێمان ڕاگەیاندن كە ئەوە جێگای قبووڵكردن نییە و لە كۆتاییدا وتیان ئەوە تەنیا پێشنیارە و بڕیار نییە. ئێمە پێمان ڕاگەیاندن كە دەمانەوێت پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ پێكهاتەكان بە یەك بازنەیی بێت و دابەشی سەر شارەكان نەكرێت و داواشمان كردووە كە پێكهاتەكان بەشدار نەبن لە دەنگدانی تایبەتدا. چونكە لە دەنگدانی تایبەتدا دەستتێوەردان لە دەنگدانی كۆتاكان دەكرێت، كە ئەمەش كاریگەریی خراپ لەسەر كاندیدەكانی كورسیی كۆتا و هەڵبژاردنەكەش بە گشتی دروست دەكات.  

* بیانووی حزبە سیاسییەكان بەگشتی و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەتایبەتی لەسەر كۆتای پێكهاتەكان ئەوەیە كە ئێوە پاشكۆی پارتی دیموكراتی كوردستانن و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان ناكەن، ئایا ئێوە بەڕاستی نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی خۆتان ناكەن و وەك ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەفتار دەكەن؟ هەروەها بۆچی پێكهاتەكان زیاتر لە پارتی نزیكترن تا حزبەكانی دیكە؟

- ئێمە هەموو حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بەتایبەت هەر دوو حزبی سەرەكی (پارتی و یەكێتی) بە یەك چاو سەیر دەكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ هەموویان باشە و كێشەمان لەگەڵ هیچیان نییە. بەڵام ئێمە ڕێككەوتنی سیاسیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بە پێی ئەو ڕێككەوتنە كریستیان و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە جومگەكانی دەسەڵات و حكومەت بەشدارن. بۆیە ناكرێت ئێمە لە حكومەتدا بەشدار بین و لە پەرلەمانیشدا ئۆپۆزسیۆن بین. هەر بۆیە ئێمە پابەندین بەو هاوپەیمانییە و ڕێككەوتنەی لە نێوانماندا هەیە، لەلایەكی دیكەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو حزب و لایەنەكانی دیكە زیاتر داكۆكیكار و پاڵپشتە بۆ بەدەستهێنانی مافی پێكهاتەكان و زۆریش پەرۆشە بۆ برەودان بە پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان.

 

Top