هونەرمەند هادی مەحموود ناسراو بە حەمەتاڵ كۆچی دوایی كرد

هونەرمەند هادی مەحموود ناسراو بە حەمەتاڵ كۆچی دوایی كرد

دڕەنگانی ئەمشەو ئەكتەر و شانۆكاری دیاری كوردستان(هادی مەحموود) ناسراو بە حەمەتاڵ كۆچی دوایی كرد .

ئامۆزایەكی ئەم هونەرمەندە ڕایگەیاند كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هادی مەحموود لە ماڵەكەی خۆیدا لووتی تووشی خوێن بەربوون بوو و دواجار ئەم هونەرمەندە لەماڵ دەچێتە دەرەوەو تووشی بەربوونەوە دەبێت و سەری بریندار دەبێت,هەروەها ئەم سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا كە حەمەتاڵ-هادی مەحموود بۆ ماوەیەك لە نەخۆشخانە مایەوەو برینەكەی چارەسەر كراو ڕەوانەوی ماڵەوە كرا, بەڵام دوای گەڕانەوەیان بە ماوەیەك لەناكاو باری تەندرووستی تێكدەچێت و هەر لە ماڵەكەی خۆیدا كۆچی دوایی كرد .

هەروەها برایەكی ئەم هونەرمەندە كۆچكردووە بە ناوی (مەهدی) ڕایگەیاند كە لەم ماوەیەدا حەمە تاڵ-هادی مەحموود تووشی جەڵتە بوو و باری تەندرووستی تێكچووبوو و هەر ئەوەش بووە هۆی كۆچی دوایی .

هونەرمەند هادی مەحموود ناسراو بە حەمەتاڵ كۆچی دوایی كرد

هادی مەحموود ناسراو بە (حەمە تاڵ) یەكێكە لە ئەكتەر و شانۆكارە دیارەكانی كورد و لە كارە هونەرییەكانیدا زیاتر ڕۆڵی كۆمیدیای دەبینی و یەكێك بوو لەو ئەكتەرانەی كە هەمیشە خەندەی دەخستە سەر لێوی بینەران,ئەم نازناوەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای بەشداریكردنی  لە زنجیرە درامای كوردی گەردەلوول كاتێك لەو زنجیرە درامایە بە ناوی عەریف حەمەتاڵ ڕۆڵی پۆلیسی دەگێڕا, هەروەها ئەم ناودارە بەشداری لە چەندین كاری شانۆیی و تێڤی كردووەو یەك لە كارە دیارەكانی بریتی بوو لە شانۆگەری كۆمیدی كەنین شۆ كە بینەرێكی زۆری هەبوو .

گوڵان-ئاسۆ كاكەیی

Top