یەك پەیكەر گەواهییە

یەك پەیكەر گەواهییە

ئەوانەی بە شاباڵی هونەر دەفڕن، بەرز دەفڕن، ئێمەش بە بەرهەم و جێ دەستیان سەرسام دەبین یان مەست و مەندەهۆش. دارا حەمە سەعید (1946- سلێمانی) نیو سەدەیە وەك پەیكەرتاشێكی بەرجەستە و فرە توانای كوردستان، لە ناوەندی هونەری وڵاتمان ناسراوە. یەك بەرهەمی ئەو بەسە بۆ ئەوەی هونەرناس، پەی بە پێگەی بەرزی ئەو پەیكەرسازە فرە توانایە ببات.

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

یەك پەیكەر گەواهییە

ئەم هونەرمەندە ئاشق بە هونەرەی كوردستان، زۆر كەم دەردەكەوێت، كەمتر بەرهەمی خۆی نمایش دەكات. كپ و بێدەنگ لە گۆشەی تەنیاییدا، كار دەكات. بەدەم خواستی ئاشقانی هونەرەكەی، لەم ماوەیەی دواییدا بەرهەمێكی خۆی بەدەم وێنەیەكی خۆییەوە، لە سۆشیال میدیا بڵاو كردەوە. بەرهەمەكەی پەیكەرێكی بازنەیی شێوە میدالیایە، بە مەزندە تیرەی بازنەی پەیكەرەكە لە نێوانی (50 تا 60)سم دەبێت. لە چەقی بازنەكەشدا بازنەیەكی دیكە هەیە، ئەویش بە مەزندە تیرەكەی لە نێوان (15 تا 20)سم دەبێت، جووتێك ئەسپی بە شێوەی پەیكەری هەڵتۆقیو، لە نێو چەقە بازنەكەدا، چێ كردووە. ئەو چەقە بازنەیەی بە قووڵدا بردووە، ئیدی لە نێو ئەو بازنە بچووكەی ناوەڕاستی بەرهەمەكەیدا، ئەو جووتە ئەسپەی دروست كردووە. ئەو جووتە ئەسپە هەر یەكەیان لە شێوە جووڵەیەكی جودان. یەكیان لە شێوەی هەڵبەزین و ئەوی دیكەشیان لە شێوەی هەڵسانەوەیە، یەكەمیان لە تەنیشتەوە چێ كراوە، دووەمیان لە تیرەقەی پشتەوە. دوو ئەسپ لە جووتێك ڕوانگەوە و لە دوو شێوە بەرنیگای جیاوازەوە، جوانییەكی سیحراویی بە بەرهەمەكە داوە، لە هەمان كاتدا كارامەیی هونەرمەند و بێ منەتیی ئەو لە ئاست هونەری پەیكەرتاشی دەخاتە ڕوو.
لەم میدالیا بازنە پەیكەرەدا، شتێك زۆر جێی سەرنجە، جێی تێڕامانە. ڕەوە ئەسپێك بە خولگەی بازنەكەدا دەسووڕێنەوە. قەبارەی ئەسپەكان، بە دەسپێك لە بازنەی چەقی بەرهەمەكەوە بەرەو لاپەڕ و لێواری بازنە سەرەكییەكە، وەك قەبارە لە گەورەوە بەرەو بچووك دەچن. ئەم شێوە نیشاندانەی ڕوانگە لە نیگاردا باوە و بەجێ گەیاندن و پەیڕەو كردنی نەریتێكی چەسپاوە، بەڵام بەرجەستە كردنی لە پەیكەردا، كارێكی فرە زەحمەت و بە ئەركە. دارا ئەو فرە زەحمەت و پڕ ئەركەی بەجێ گەیاندووە.
نابێت ئەوەشمان لە بیر بچێت، فۆرمی ئەسپ وەك فیگەر، بەرجەستە كردنی بۆ هونەرمەند، نیشانەی كارامەیی، نەخێر ئەو پەڕی كارامەیی لە پیشەكەیدا پیشان دەدات. بە بڕوای من، زاڵ بوون بەسەر كردەی بەرجەستە كردنی هەردوو فۆرمی مرۆڤ و ئەسپ لە هونەری شێوەكاریدا، گەواهییەكی گەورەیە بۆ توانا و بڕستی هونەرمەند و پێگەی ئەو لە هونەر و پیشەكەیدا. مامۆستا دارا حەمە سەعید كە لە تەنیا بەرهەمێكی خۆیدا، دەیان ئەسپ بە پەیكەر پیشان دەدات، نیشانەیەكی بەرجەستە و گەواهییەكی بەهانەبڕە، سەبارەت بە باڵادەستیی ئەو لە هونەری پەیكەردا.

Top