بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردستاندا "ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال"

بەیاننامەی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان لە ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردستاندا

 

ئەمڕۆ سی و پێنجەمین ساڵیادی ئۆپەراسیۆنەکانی جینۆسایدی ناسراو بە (ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال) تێدەپەڕێت کە ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو لە مانگی شوبات تا ئەیلولی 1988 دژ بە گەلی کورد ئەنجامی دا و یەکێک بوو لە دڕندەترین هەڵمەتەکانی سەرکوتکردن و ڕەنگدانەوەی تاوانکاری و وەحشیگەری بوو، کە تەنانەت لە کردەوەکانی دڕندەترین دیکتاتۆرییەکانیشدا هاوتای کەمن.

ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییەکانی ئەنفال، هەشت قۆناخیان لەخۆ گرت. ڕژێمی لەناوچوو بە جبەخانەی سەربازیی پڕچەکی خۆی بە هەموو جۆرەکانیەوە، بە هێزی ئاسمانی و بەشەکانی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجییەوە، خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەلی بێ بەرگریی کورد کۆ کردەوە. بەڵام سەرەڕای باڵادەستیی هێز، ڕژێمی شۆڤێنی نەیتوانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستان و خەباتی گەلی کورد دامرکێنێت و لە شکاندنی ئیرادەی ئەم گەلە نەبەزە و مکوڕبوونی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی، شکستی گەورەی هێنا. بۆیە ڕژیمی بەعسی سەدامی لە ڕێگەی تاوانکارە خوێنڕێژەکانیەوە شانبەشانی ڕاگواستن و سەرکوتکردن و بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراوی جۆراوجۆر، هەڵمەتی جینۆساید و پاکتاوی نەژادیشی ئەنجام دا.

بەم جۆرە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال، لە هەشت قۆناخیاندا، 182 هەزار مرۆڤی بێسەروشوێنی مەدەنیی بێ دیفاعیان بەرهەم هێنا، کە منداڵ و ئافرەت و لاو و بەساڵاچوویان تێدابوو، کاتێک بە زۆر لە ناوچەکانیان دوورخرانەوە و بۆ بیابانەکانی باشوور و ڕۆژئاوای عێراق هەڵپێچران و، لەوێ لە کەمپەکانی داپڵۆسین زیندانی کران و، زۆربەیان بە زیندوویی لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا نێژران، کە زۆریان لە دوای ساڵی 2003 دۆزرانەوە و، هێشتا سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو دەیە بە سەر ڕووخانی ڕژێمەکەدا گۆڕی بەکۆمەڵی زیاتر دەدۆزینەوە.

ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییەکانی ئەنفال، بە ئامانجی نەهێشتنی لادێی کوردەواری، کردەوەی تاڵانکردنی ڕێکخراو و ڕووتاندنەوە و سووتاندنی زیاتر لە 4500 گوندی کوردستانیشیان لەخۆ گرت. ئەم ئۆپەراسیۆنانە بە جینۆساید و پاکتاوی نەژادی نەوەستان، بگرە دەستیان برد بۆ پاکتاوکردنی کولتوور و گۆڕینی دیمۆگرافیا لە هەوڵێکی نائومێدانەدا بۆ زیندەبەچاڵکردنی کولتوور و میرات و ئابووری و مێژووی گەلی کورد، ئەوە بوو ئەوکات ناوچەی زۆری بەرفراوانی کوردستان وەک ناوچەی قەدەغەکراوی سەربازی ڕاگەیەندران و، دانیشتووانی ڕەسەنی کوردیان لە ژیان تیایندا بێبەش کران و، هەزاران شوێنی خواپەرستی، لە مزگەوت و کڵێسا و، قوتابخانە و هەزاران بەرهەمی نووسراوی ئایینی و ئەدەبی و کتێبی پیرۆز لەناوبردران و سووتێندران.

بەڵام وەک بینیمان، خەباتی گەلە سەربەرزەکەمان بەردەوام بوو و، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا و لە کاتێکدا هێشتا ڕژیمی دیکتاتۆر لە دەسەڵاتدا مابوو، سەرکەوتووانە ئەزموونێکی فیدراڵیمان بنیاد نا کە لە ناوچەکەدا بێوێنەیە و، دواتر لە ساڵی 2003دا ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە خۆبەزلزان و شۆڤێنییەمان بینی کە لەسەر بنەمای نادادپەروەری و شەڕانگێزی دامەزرابوو و، قۆناخێکی نوێ دەستی پێکرد، تیایدا سەرکەوتووانە هەرێمی کوردستانمان لە عێراقێکی فیدراڵدا چەسپاند و، قەوارە سیاسییە نوێیەکەی خۆمان لە هەرێمی کوردستان پەرە پێدا و، قۆناخ بە قۆناخ بەرەو پێش دەچێت و بەسەر ئالنگارییە یەک لە دوای یەکەکاندا زاڵ دەبێت لە پێناو بنیادنانی داهاتوویەکی گەشی خاوەن بناغەی پتەو بۆ نەوەکانی داهاتوومان بە سەرکردایەتیی برای تێکۆشەر سەرۆک مەسعود بارزانی و بە پابەندبوون بە ڕێبازی باوکی ڕۆحیی دۆز و بزووتنەوەی کورد، سەرکردەی نەمر مستەفا بارزانی.

ئۆپراسیۆنەکانی ئەنفال، لەگەڵ هەموو ئەو تاوانە شەرمهێنانەی بۆ مرۆڤایەتی، بۆ هەموو جیهانیان سەلماند کە ئیرادەی گەلی کورد ناشکێت و خواست و مکوڕیی سست نابن و، گەلێکی زیندوو و میهرەبانە بە قوربانیدانی جوامێرانەی خۆی لە پێناو سەربڵندی و کەرامەتی کوردستان و، بە گەل و سەرکردایەتییەکەیەوە سەختییەکان دەکەن بە داستانی سەرکەوتن و هەرگیز کەس ناتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە، جا لووتبەرزیی ستەمکاران گەیشتبێتە هەر ئاستێکی دڕندەیی و تاوانکاری.

لێرەدا، لە کاتێکدا یادی ئەم برینە ساڕێژنەبووەی مێژووی خەباتی گەلی کوردستان دەکەینەوە، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین بەپێی دەستوور بەرپرسیارێتیی یاسایی و مرۆیی خۆی جێبەجێ بکات و، ئەرکەکانی خۆی بۆ قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی شەهیدان و قوربانییان و زیانلێکەوتووانی ئۆپەراسیۆنە تاوانکارییەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکەی جەنگ و هەڵمەتەکانی دیکەی جینۆساید لە دژی خەڵکی کوردستان، جێبەجێ بکات.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و قوربانییانی ئەنفال، سەری ڕێز و نەوازش بۆ برین و قوربانیدانی خێزانە بەڕێزەکانیان دادەنەوێنین، دروود بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدانی کورد و کوردستان...

دکتۆر کەمال کەرکووکی
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک - گەرمیان
14ی نیسانی

Top