كیسەڵەكانی بەهمەن قوبادی لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی «دژی شەڕ»ی سینەمای جیهان

كیسەڵەكانی بەهمەن قوبادی لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی «دژی شەڕ»ی سینەمای جیهان

فیلمی سینەمایی كوردیی (كیسەڵەكانیش دەفڕن) لە دەرهێنانی سینەماكاری ناوداری كورد بەهمەن قوبادی، لە پاڵ دەرهێنەرە ناودارەكانی سینەمای دنیا لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە.

ئامادەكردنی/مەنسوور جیهانی

فیلمی سینەمایی كوردیی كیسەڵەكانیش دەفڕن (Turtles Can Fly) لە دەرهێنانی سینەماكاری بەئەزموونی كورد بەهمەن قوبادی كە بە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا زیاتر لە 100 فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم لە ئاستی دنیادا بەشداریی كردووە و، زیاتر لە 50 خەڵاتی جیهانی بۆ كوردستان بەدەستهێناوە و یەكێكە لە پڕشانازیترین فیلمەكان لە مێژووی سینەمای كوردستان و ئێراندا، بەم دواییانە لە لایەن ماڵپەڕی سینەمایی ستار لۆكاڵ میدیا (Star Local Media) لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهاندایە كە تیایدا ناوی كۆمەڵێك شاكاری دەرهێنەرە ناودارەكانی سینەمای دنیا بەرچاو دەكەوێت، لەوانە: (ئستانلی كوبریك، میلیش فۆڕمەن، تڕێنس مالیك، چاڕلی چاپڵین، فڕانسیس فۆڕد كاپۆلا، ئۆلیوێر ئستۆن، پارك جان ووك، ئێرۆڵ مۆریس، ژان ڕێنوار) و.. هتد.

كیسەڵەكانی بەهمەن قوبادی لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی «دژی شەڕ»ی سینەمای جیهان

لە وتارێكدا كە لە لایەن كاترینا سیرۆتا (Katrina Sirotta) نووسەر و ڕخنەگری سینەمایی لە ماڵپەڕی ستار لۆكاڵ میدیا (Star Local Media) بە مانشێتی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕ (30great anti-war movies) نووسراوە، هاتووە: «ئستاكێر سەبارەت بە میژووی ئەو فیلمانەی كە ناوەرۆك، شێواز و چۆنییەتی دەنگ یا هەستی زۆر قورسی دژی جەنگیان هەبێت، تۆێژینەوەی كرد و 30 فیلم لە باشترینەكانی جیهانی دەستنیشان كرد و گرینگیی ئەوتۆی پێ دان».
لە درێژەی ئەم وتارەدا نووسراوە: «چ فیلم گەلێك یارمەتیی بینەری داوە كە ئاكامەكانی شەڕ وەبیربێننەوە و بۆچی ئاشتی ئێستاش ئامانجێكی گرینگە، چونكە شەڕ بابەتێكی ناخۆشە و بەردەوام لە مێژوودا جێی باسە، ئەم 30 فیلمەی كە هەڵبژێردراون لە شیكردنەوەی شەڕی یەكەمی جیهانی تەنیا چەند مانگ دوای كۆتاییهاتنی جەنگ، تا ڕەخنەی شەڕەكانی ئەم دواییانە و هەروەها بیرووبۆچوونە مۆدێڕنەكان سەبارەت بە ڕووداوە مێژوویەكان لە خۆ دەگرن».

كیسەڵەكانی بەهمەن قوبادی لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی «دژی شەڕ»ی سینەمای جیهان

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەی كاترینا سیرۆتادا هاتووە: «ئەم فیلمانە دەری دەخات كە چۆن دەرهێنەرەكان ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ كێشانی پەتەكانی دڵ و گەیاندنی پەیامەكانی خۆیان، بە كەڵكوەرگرتن لە درام بۆ بە وێنەكردنی نەهامەتییەكانی شەڕ یا تەنانەت هۆگرایەتی بە كۆمیك یا كۆمێدیایان دۆزیوەتەوە، ئەم لیستە ئەو چیرۆكە خەیاڵاوی، ئەو فیلمانەی كە لەسەر ڕووداوە ڕاستەقینەكان، بەڵگەفیلم، فیلمە ئەنیمەیشنییەكان و تەنانەت فیلمە موزیكییەكان لە خۆدەگرێت و، دەیسەلمێنێت كە ڕێگەی جۆراوجۆر بۆ پێشكەشكردنی بابەتێكی بەهێز هەیە».
لە لیستی 30 فیلمی بەرچاوی دژی شەڕیی سینەمای جیهان، كۆمەڵێك شاكاری دەرهێنەرە ناودارەكانی سینەمای دنیا تیایدا بەرچاو دەكەوێت، كە هەندێك لە داهێنەرەكانیان بریتین لە: (ئستانلی كوبریك، میلیش فۆڕمەن، تڕێنس مالیك، چاڕلی چاپڵین، فڕانسیس فۆڕد كاپۆلا، ئۆلیوێر ئستۆن، پارك جان ووك، ئێرۆڵ مۆریس، ژان ڕێنوار، پیتێر وایێر، ئابێل گانس، تیێری جۆرج، مایكیڵ چیمینۆ، ئیسائۆ تاكاهاتا، ئلێم كلیمۆف، كۆن ئیچیكاوا، میخائیل كالاتازۆف، پیتێر دێیویس، پائۆل وێرهۆفێن، ڕۆبێرت ئاڵتمان، ئێدواڕد بێرگێر) و.. هتد.

Top