سترانی گوند و شار

سترانی گوند و شار

ڕیشەی گۆرانیی كوردی بۆ گوند دەگەڕێتەوە، هەر لەوێشەوە سەرچاوەی گرتووە. كوردستان نیشتیمانی كشتوكاڵە. بە گوتەی مێژووناس و ئەركیۆلۆژستان، كۆنترین گوندی جیهان لە كوردستانە. تەمەنی نزیك بە (10) هەزار ساڵ بەر لە ئێستای گوند لە كوردستان، كولتوورێكی دەوڵەمەندی لە چەندین بواری هونەردا، بەرهەم هێناوە. مووزیك و گۆرانی یەكێكن لەو هونەرانەی زادەی گوندی كوردستانن. گۆرانی و مووزیكی گوندی كوردەواری هێندە فراوان و قووڵ و بەربڵاوە، بە چەشنێك زۆر بە قووڵی ئاوێتە بە هەست و نەست و ویژدانی مرۆڤی كوردستانی بووە.

ئامادەكردنی/تاریق كارێزی

خەسڵەتی گۆرانیی گوند وایە، وابەستەی ژینگەی گوندەوارە. تەواوی ئەو دەقانەی ستران كە لە گوند هاتوونەتە بەرهەم، یان بە هزر و بیر و ئەندێشەی گوندەوە نووسراون، بە دڵنیاییەوە كەسێكی عاشق و سەوداسەر هەڵیبەستوون، دواتر كەوتوونەتە سەر زاری ئەم و ئەو. ئەمڕۆش ئەم جۆرە دەقە لە چوارچێوەی فۆلكلۆردا پێناسە دەكرێت، بەوەی موڵكی میللەتە. دەقی هەموو گۆرانی یان مەقام و بەستەیەكی گوند، گوزارشت لە ژینگەی گوند و توخم و ڕەگەزەكانی ژیانی لادێ دەكەن. گۆرانی و بەند و بالۆرە، مەقام و حەیرانۆك و دەنگبێژی و. هتد، تێكڕا بە دەوری ژیانی دیهاتدا دەسووڕێنەوە. ستران چڕین بۆ مەبەست و بۆنەی هەمەچەشن بووە. دایك لایلایەی بۆ كۆرپە ساواكەی كردووە، شوان بە دەم دەنگی شمشاڵەوە بە بێری و یاری هەڵداوە، سەپان بەدەم دروێنەوە، گۆرانیی كار و بەرهەمی چڕیوە، شەیدا و عاشق، ئەڤینی خۆیان بە گۆرانی بۆ یاری دەربڕیوە. هەر چۆنێكی لە دەقی گۆرانیی گوند ورد ببینەوە، چاوەڕوان ناكرێت باسی دەرەوەی ژینگەی خۆی تێدا بكرێت. لۆژیك وا دەخوازێت و واقیع وەهای دەهێنێتە بەرهەم.

سترانی گوند و شار

لە ڕووی مووزیكیشەوە، گۆرانیی گوند وابەستەی ژیانی سادە و خۆڕسكی لادێیە. مووزیكی گوند بە گوێرەی ژیانی گوندنشینان و جووڵەی ئازاد و نەبڕاوە، كاری بەردەوام و بێ ماندوو بوونی خەڵكی گوند، وای كردووە ئەم جۆرە مووزیكە گەرم و گوڕ و سەرپێ بێت. پسپۆرانی بواری مووزیك باشتر لە من دەتوانن خەسڵەتی مووزیكی گوند باس بكەن، ئێمە هەر هێندە دەڵێین، مووزیكی گوند سادە و هەست بزوێن و گەرمە.
گۆرانیی شار زادەی ژینگەی خۆیەتی. لە شاردا گۆرانی و مووزیكی شاری لە دایك دەبێت. گۆرانیی شاریش، بە هەمان شێوەی گۆرانیی گوند، وابەستەی ژینگەی خۆیەتی. لە ڕووی دەق و مووزیكەوە، گۆرانیی شار گوزارشت لە هەست و خولیای شارییان دەكات. ئەوە شارنشینە گۆرانیی شار و دەقی شاری دێنێتە بەرهەم. لەبەر ئەوەی شار لە وڵاتی ئێمەدا لە دۆخی دەڵەمە و مۆلەقدایە، هێشتا پایەكانی شاری تێدا نەچەسپیون، بۆیە لە بەرهەم هێنان و گەڵاڵە كردنی خەسڵەتەكانی شاردا، هێشتا ماویەتی. هونەر ڕۆحی پەنهانی شوێن و كاتە، هێشتا هەست و خولیا و حەزی ئێمە ئاوێتە بە ڕۆحی شار (وەك شوێن و كات) نەبووە، یاخود ڕۆحی شارمان تێدا نەڕواوە، بۆیە ماویەتی ستران و مووزیكی شار لە وڵاتی ئێمەدا بێتە بەرهەم.

سترانی گوند و شار

شار بە پێوەری ئەم سەردەمە وابەستەی چەندین هەلومەرجە. تۆڕێكی ئاڵۆزی كار و خزمەت و جووڵە، سیستەمێكی توند و بەر كۆنترۆڵ، چڕییەكی زۆری دانیشتووان و چڕی و بەربڵاوییەكی بێ سنووری پەیوەندی لە نێوان شارنشیناندا، ئەمانە بەشێكن لە سیماكانی شار. لە شاردا تەكنیك و تەكنۆلۆژیا بەسەر ستایلی ژیانی شارنشینانەوە باڵادەستە. ئەم بابەتانە و كۆمەڵێك توخمی دی، تابلۆی ژیانی شار دەكێشن، مرۆڤی شاری دەهێننە بەرهەم. ئەو مرۆڤەی هیچ ئەدگار و سیمای گوندنشینانی تێدا بەدی ناكرێت. لە ژینگەیەكی لەم چەشنەدا، دەق و مووزیك و گۆرانیی شار دێتە بەرهەم.
بە دڵنیاییەوە، نەوەی ئێمە وەك چێژ و چەشە هێندەی گوندەوارین، نیو هێندە شاری نین. بۆ یەك تا دوو نەوەی دیكەی كوردستانیان، بە گوێرەی دەستەبەر بوونی هەلومەرجی ژیان و ژیانداریی شار لە شارەكانی كوردستاندا، مرۆڤی شاری، ساغ شاری لە كوردستان دروست دەبێت. هەنگین ئێمە دەق و مووزیك و گۆرانیی شاریمان دەبن.
وێڕای ئەوەی گوتمان، گرنگە بڵێین گۆرانی بە مۆركی شار، كەم تا زۆر لە هونەری گۆرانی و مووزیكی كورددا بەدی دەكرێت، بۆ نموونە بەشێكی گۆرانییەكانی مەزهەری خالقی و چەندین هونەرمەندی دیكەی كوردستان، دەكرێت وەك گۆرانیی شار پێناسە بكرێن، بەڵام هێشتا ئێمە لەوە دوورین كە بڵێین خاوەنی گۆرانیی شارین.

Top