پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت زاكری بۆ گوڵان: ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت جۆرێكە لە جیهانگیرییەكی تازە

پڕۆفیسۆر ڕۆبەرت زاكری بۆ گوڵان:     ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت جۆرێكە لە جیهانگیرییەكی تازە

 

 

رۆبەرت زاكری لۆرەنس، پڕۆفیسۆری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە لە سكووڵی جۆن كێنێدی بۆ حكومەت لە زانكۆی هارڤارد و بەڕێوەبەری گرووپی بازرگانییە لە هەمان سكووڵ، هەروەها توێژەری باڵایە لە ئامۆژگای پیتەرسۆن بۆ ئابووریی نێودەوڵەتی، پێشتریش لە بیرۆی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی ئابووری توێژەر بووە، لە ساڵی 1999بۆ 2001 ئەندامی ئەنجومەنی ڕاوێژكارانی ئابووریی سەرۆك بیل كلینتۆن بووە، پتر لە 100 توێژینەوە و وتاری لەبارەی ئابووریی نێودەوڵەتییەوە نووسیوە. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا كە تەوەرە سەرەكییەكانی پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و دەرهاویشتە جیهانییەكانی ئەم شەڕە و ئاقار و ئایندەی سیستمە نێودەوڵەتییەكە و چەندین پرسی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* نكۆڵی لەوە ناكرێت كە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا پێشهات و پەرەسەندنێكی هێندە گەورە و قووڵ بووە، كە دەرهاویشتە و دەرئەنجامەكانی ڕەهەندی جیهانییان هەیە و، تێكڕای هێزە مەزنەكانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، ئێوە چۆن لە ئاكام و كاریگەریی ئەم شەڕە دەڕوانن لەسەر سیستمە جیهانییەكە بەردی بناغەی ئەم سیستمە پشتبەیەكبەستن و ئاوێتەبوونی ئابووری بوو، لە كاتێكدا ئێستا بە هۆی ئەم شەڕەوە باس لە لێكدابڕان و دووركەوتنەی ئابووری دەكرێت، بە هۆی ئەو سزایانەی ڕوژئاوا بەسەر ڕووسیادا سەپاندوونی؟

- بە دڵنیاییەوە ئێمە لەم ڕووەوە دەتوانین ئاماژە بەو ڕاستییە بكەین كە ئەو هەلومەرجەی هاتووەتە ئاراوە بە هۆی ئەم شەڕەوە، بووەتە هۆی ئەوەی هەندێ وڵاتی دیاریكراو بە ئاراستەی لێكدووركەتنەوە و لێكدابڕان ئاقار و ئاراستە بگرنەبەر، كەواتە ئەمە هیچ گومان هەڵناگرێت. ئێوە بڕواننە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و ڕووسیا، كە نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئەڵمانیا دركی بەوە كردووە و بۆی دەركەوت كە زیاد لە پێویست پشتبەستوو بووە بە هاوردەكردنی وزە لە ڕووسیاوە.

* بەڵام دەوترێت یەكێك لە دەرئەنجامەكانی دیكەی ئەم شەڕە دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ پێشبینییەكانی ڕووسیادا كە پێی وابوو ئەم شەڕە دەبێتە هۆی دروستكردنی درز و كەلێن لە نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا و بەلای كەمەوە وڵاتانی ئەوروپا، چونكە ئەوەتا پەیوەندییەكانی وزە لە نێوان ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا زیاتر بەرەوپێش چووە، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟

- من پێم وایە نابێت ئەوە نادیدە بگرین كە ئەم شەڕە و دەرئەنجامەكانی بوونەتە هۆی ئەوەی هەندێ وڵات لێك نزیك ببنەوە، چونكە ئەوەتا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە نێو وڵاتانی ئەوروپادا پەیوەندییەكی بەتینتر و نزیكتریان هەیە لەگەڵ یەكدا بە بەراورد بە پێش شەڕەكە. كەواتە ئەگەر وەڵامەكە پوخت بكەینەوە، ئەوا من دەڵێم بە جیهانیبوون لەژێر هەڕەشەدایە، هەروەها ئەو بیرۆكەیەش ڕووبەڕووی مەترسی بووەتەوە كە پێی وابوو سەرجەم وڵاتان پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ یەكدا دەبەستن و گرێی دەدەن. كەواتە ئەوەی لە ئێستادا لە جیهاندا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە گرووپێك لە وڵاتان پێكەوە پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ یەكدیدا ئەنجام دەدەن، كەواتە ئەوەی هاتووەتە ئاراوە بە جیهانیبوونێكی جیاوازە، واتە سەرتاسەری جیهانی نەگرتووەتەوە. هەرچۆنێك بێت دەكرێت پێی بوترێت ناوچەیی، یان هەرێمی و كۆمەڵە وڵاتێكی دیاریكراو دێن و پەیوەندییەكان لەگەڵ یەكدیدا دادەمەزرێنن و برەوی پێ دەدەن، كە پێم وایە لە ئێستادا جیهان بەم ئاقار و ئاراستەیەدا هەنگاو هەڵدەگرێت.

* زۆرجار پێشتر باس لەوە كراوە كە باشترین گەرەنتی بەدیهێنانی ئاشتی و بەرپێگرتن بە هەڵگیرسانی شەڕ بریتییە لە بوونی پەیوەندییە بازرگانییەكان و پشت بە یەك بەستنی ئابووری لە نێوان وڵاتاندا، بەو واتایەی ئەگەر پەیوەندییەكی بەتینی بازرگانی و ئابووری هەبێت لە نێوان وڵاتاندا، ئەوا بیر لە پەنابردنەبەر بەرپاكردنی شەڕ ناكەنەوە، بە تێڕوانینی ئێوە تا چەند شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا ناچاری كردین پێداچوونەوە بەم بیرۆكە و تیۆرەدا بكەینەوە؟

- من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ڕاستە هەندێ جار پەیوەندییە بازرگانییەكان ئەم دەرئەنجامەیان لێ دەكەوێتەوە، واتە دەبنە هۆی بەرگرتن بە بەرپابوونی شەڕ، بەڵام نابێت ئەوەشمان لە یاد بچێت كە هەندێ جار بازرگانی و پەیوەندییە بازرگانییەكان بارێكی لاواز و لەرزۆكیش دەخوڵقێنن. چونكە وڵاتی یابان بە ئاراستەی بەرپاكردنی شەڕ هەنگاوی هەڵگرت و پەلاماری پێرڵ هاربەری دا، وەك كاردانەوە و پەرچەكرداری ئابڵوقەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەسەر وڵاتەكە كە ڕێگری كرد لەوەی یابان نەوت بكڕێت. هەروەها لە نێو خودی ئەمریكاشدا پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان ویلایەتەكانی باشوور و ویلایەتەكانی باكووردا هەبوو، بەڵام ئەمە ڕێگری نەكرد لە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی لە نێو ئەم وڵاتەدا.

* باشە ئەگەر لە ڕوانگەی مێژووەوە لەم پرسە بڕوانین، ئەو حاڵەتانەی پەیوەستن بەم تیۆرەوە چیمان پێ دەڵێن، ئایا پەیوەندییە بازرگانییەكان بوونەتە هۆی كەمبوونەوەی ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ، یان نموونەكان هێندە زۆرن لەبارەی هەڵگیرسانی شەڕەوە سەرباری بوونی پەیوەندیی بازرگانی كە بەس بن بۆ ئەوەی دەست لەم تیۆرە هەڵبگرین؟

-  لە ڕاستیدا لەم ڕووەوە دەتوانین ئەوە بڵێین كە مێژوویەكی دوور و درێژ هەیە لە بارەی ئەوەی كە ئەو وڵاتانەی پەیوەندیی بازرگانییان هەبووە لەگەڵ یەكدیدا و لە كۆتاییدا چوونەتە نێو شەڕەوە لە دژی یەكتری. هەر چۆنێك بێت دەكرێت ئەگەر پشت بەیەك بەستنێكی ڕاستەقینە هەبێت و هەردوو وڵات ئەو كاڵا و كەرەستە و بەرهەمانە بە یەكدی بفرۆشن، كە پێویستیان پێیەتی، ئەوا ئەگەرێكی كەمتر لە ئارادا دەبێت كە بچنە شەڕەوە لە دژی یەكتر. بەڵام ئەگەر وڵاتێك پێی وابوو كە هێزێكی گەورە بازاڕی هەبێت و باوەڕی وابێت كە پێویستی بە وڵاتەكەی دیكە نییە- كە لە پەیوەندیی بازرگانیدایە لەگەڵیدا-، وەك ئەوەی ڕووسیا كە پێی وابوو دەتوانێت زاڵ بێت بە سەر ئەڵمانیادا، ئەوا ئەمە بازرگانی بوو كە ڕوون و ئاشكرایە سەری نەكێشا و نەبووە هۆی بەدیهێنان و بەرپاكردنی ئاشتی، بەڵكو بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ.

* هەر لە پەیوەندی بە ڕەهەند و لایەنە ئابووری و داراییەكانی ئەم شەڕەوە، ئەوا ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا، چەندین سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئێوە چۆن لە كاریگەری و كارایی ئەم ڕێكار و سزایانە دەڕوانن، بەتایبەتی كە تا ئێستا نەبوونەتە هۆی ئەوەی سەرۆك پوتین پێداچوونەوەیەكی جددی بە بڕیاری شەڕدا بكات، ئایا ئەمە چ پەیامێكی بە چین داوە؟

- لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە لە كاریگەری و كاردانەوەكانی ئەم سزایانە بڕوانین، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتی چینەوە هەبێت، ئەوا لە ئێستادا چین دەستی كردووە بە پیادەكردن و جێبەجێكردنی سیاسەت و ستراتیژیەتی خۆبژێوی و پشت بەخۆبەستن. واتە لە چوارچێوەی ململانێ و ناكۆكییەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و چیندا، چین هەوڵی داوە كە داهێنانكاری لە ناوخۆدا پەرە پێ بدات، بگرە ئەم ڕەوتەی لە ساڵی 2005ـەوە دەستی پێ كردووە و پەرەی پێ داوە. بەڵام وەك كاردانەوە و پەرچەكردای ئەوەی لە ئاست ڕووسیادا بەدییان كرد و بینییان، ئەوا خواست و ئارەزوویەكی بەهێزتریان بۆ دروست بووە بۆ ئەوەی هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی زیاتر هەڵبگرن. لەبیرمان نەچێت، چین هاوردەكارێكی گەورە و مەزنی سێمی كەندەكتەرە و كورتهێنانێكی گەورەی بازرگانی هەیە لە بواری چیپدا، ئەگەر بێبەش بكرێت لە پەرەپێدانی ئەم پیشەسازییە لە ڕێی بێبەشكردنی لە هاوردەكردنی دەرەكی لەم ڕووەوە، ئەوا ئەمە خواستی ئەوەیان لا دروست دەكات كە هەوڵ بدەن لە ناوخۆدا دروستی بكەن و پەرەی پێ بدەن.

* ئێمە بۆیە پرسیارمان لەبارەی چینەوە كرد، چونكە وڵات و هێزێكی گەورەی ئابوورییە لە جیهاندا و بڕیار و سیاسەتەكانی كاریگەری و ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر دۆخی ئابووریی جیهان، بەڵام ئایا پێت وایە هیچ وڵاتێكی دیكە هەمان خواست و ئارەزووی چینی هەیە، بە چەشنێك كە بتوانین لە كۆتاییدا چەند كوتلەیەكی وڵاتان بەدی بكەین كە هەروەك ئێوەش لە وەڵامی پرسیاری یەكەمدا ئاماژەتان پێ كرد؟

-  نەخێر، ئەم ڕەوت و ئاراستەیەی كە هاتووەتە ئاراوە، تەنیا بە وڵاتی چینەوە پەیوەست نییە، بەڵكو ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش سەرقاڵی ئەوەیە كە پتر پشت بەخۆبەستوو بێت، یان بەلای كەمەوە هەوڵی ئەوە بدات ئاڕاستە و ئاقاری باری بازرگانی لەگەڵ دەوڵەتە هاوڕێ و هاوپەیمانەكانیدا چڕ بكاتەوە.

Top