ئافرەتانی كوردستان شەرەفی شانازیكردنیان بەڕاپەڕینەوە هەیە

ئافرەتانی كوردستان شەرەفی شانازیكردنیان بەڕاپەڕینەوە هەیە

5/3/1991هاوڵاتیانی ڕانیە لە ماڵەكانیان هاتنە دەرێ و دژی ڕژێمی بەعس وەستانەوە، لەو ڕۆژەدا سەرجەم هاوڵاتیان دەستیان لە كار و ئیش هەڵگرد و دەستیان كرد بەوتنەوەی دروشمی ڕاپەرین و ئازادی، لە ڕێگەی بانگەواز و هونراوە و دروشمی نیشتمانی ئەوترانەوە لەلایەكی دیكەشەوە ناوبەناو موژدەی ئازادی وسەركەوتن بەهاوڵاتیان ئەدرا، بێگومان ئافرەتانیش ڕۆڵێكی كارا و بەرچاویان هەبووە لە ڕێكخستنی نهێنی ناوشار و لە گواستەوەی چەك و تەقەمەنی لەژێر عەبا ڕەشەكانی دایكی جگەرسووتاودا چەك و نامە و هەواڵ بۆ ڕێكخستنەكانی ناوشار دەنێردران، لایەكی دیكەوە ئامادەكردنی خواردن وخواردنەوە بۆ ئەو پێشمەرگانەی بەنهێنی داخلی شار دەبوون، لە ڕۆژی ڕاپەرینشدا بە بەرد و دار و چەك شانبەشانی پیاوان ڕووبەڕووی دوژمن وەستاونەتەوە، بەهاوكاری هێزی پێشمەرگە توانرا تەواوی كوردستان لەڕژێمی بەعس پاك بكەنەوە، بەداخەوە ژمارەیەكی زۆر لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هاوڵاتی شەهید و برینداربوون. دیارە ساڵانیكی زۆر خەڵكی كوردستان بەدەست ستەم و زۆرداری بەعسەوە دەیان ناڵاند ڕووبەرووی ئەنفال و كیمیاباران و ماڵوێرانی بوونەوە میلەت وپێشمەرگە لە چەند ڕۆژێكی كەمدا كودستیانیان ئازادكرد و كۆتاییان بەدەسەڵاتی بەعس هێنا.
ڕاماڵینی دەسەڵاتی بەعس كە دەیان و سەدان ساڵ خەڵكی كوردستانی پێ دەچەوسێنرایەوە كە دەسەڵاتێكی كوردی دروست بێت كە تێیدا ئازادی هەێت و دیمووكراسی هەبێت و ئایندەیەكی گەش بۆ ئەو نەوانە دروست بیت كە لەسایەی ئەودەسەڵاتەدا گەورە دەبن . خەونی هەموو تاكێكی كورد و خەباتێكی چەند ساڵەی خەڵكی كوردستان بوو، ڕاستە هێزی چەكدار هەبووە بەڵام خۆرسك بوو خەڵك هەموو بە گەورە و بچووكەوە لە ماڵەكانیان هاتنە دەرێ و دژ بە بەعس ڕاپەرین .
لە ئەنجامی شۆڕش و خەباتێكی درێژخایەن جەماوەری باشووری كوردستان له دژی ڕژێمی بەعس بە پاڵپشتی پێشمەرگەی كوردستان لە 5 ی ئازار دەستی پێ كرد و لە 21 ی ئازار بە ئازادكردنی كەركووك كۆتایی هات، كە سەرجەم دام و دەزگاكانی ڕژێمی بەعس لەباشووری كوردستان كرانە دەرەوە و سەرجەم هێزە سەربازییەكانیان ڕاونران، ئەو ڕق و كینەی كە لە دڵ و دەروونی جەماوەری بەشمەینەتی كوردستان پەنگی خوارد بۆوە بووبە ئاگر و گڕی گرد و بڵێسەی ڕاپەرین لە ڕانیەوە دەستی پێ كرد و جەماوەر ئازایانە بە كوچەو شەقامەكانەوە ڕژانە ناوشار و ودژی دام و دەزگاكانی بەعس شاریان ئازاد كرد. بەم دەستپێشخەرییە ڕانیە بوو بە یەكەم كڵپەو هاندەر و ڕێنیشاندەر بۆ شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستانیش ناسنامەی دەروازەی ڕاپەرینی بۆخۆی لە مێژووی كوردو كوردستان تۆماركرد. ڕۆژانی 5ئازاری 1991تاوەكو 20ئازاری 1991بۆ ئێمەی خەڵكی كوردستان لەڕۆژە هەرەگرنگ و پرشنگدارەكانی مێژووی نوێ نەتەوایەتیمان كەلە ماوەی‌ ئەم چەند ڕۆژە جەماوەری كوردستان لەدەزگا سەركوتكەرەكانی بەعس ڕاپەرین و كودستانیان ئازاد كرد، لە ترۆپكی ئەم ڕاپەرینە جەماوەریەدا شاری كەركووك تەوقی بەعەرەبكردن شكاند و هاتەوە باوەشی كوردستان ئازادكردنی شاری كەركووك ئەو ڕاستیەی سەلماند كەگۆڕینی بە زەبر و زۆریدا دەستكەوتێكی زۆرمەزن دادەنرێت لە مێژووی گەلی كوردا، چونكە یەكەم جاربوو لە مێژووی كوردا هەموو میللەت و جەماوەر بە یەك جار و بەیەك دەنگ و بەیەك بریار بێنە گۆڕەپانی تێكۆشان و كۆڵنەدان، ئەوەیش هێمایە بۆ زەرورەتی یەكریزی گەلی كورد.
بێلان روژبیانی

Top