هونەر لە سەنگەری ژینگەدا
داكۆكی كردن لە ژینگە بۆ هونەر ئەركێكی پیرۆزە، هونەرمەند دەباتە ئاستی هەڵوێست و بەرپرسایەتیی كۆمەڵایەتی و ئاكار. دانا سەڵاحەدین (ماستەری لە هونەری سیرامیكدا هەیە) بەو پیشانگای جێكرد (Installation)ـەی ڕۆژانی 5-12/شوبات/2022ز، بە ناوی (ژیان) لە زانكۆی جیهان لە شاری هەولێردا كردییەوە، لە ڕووی جۆری نمایشەكەوە هەوڵێكی ئامانجدار و نوێخواز بوو. جێكردەكە (ئینستڵێشنەكە)ش بە گشتی خۆی لە سێ بەشدا نواند. لاكێشەیەكی (2 بە 3) مەتری لم، لاكێشەیەكی (2 بە 4) مەتری كا و چوارگۆشەیەكی (5 بە 5)ی قوڕ (گڵ)، هەر سێ ڕووبەرەكەش بەسەر زەویدا ڕاخرا بوون، پاشان هێلكەڕێژ كرا بوون. هێلكەكانیش سیرامیك بوون.
ئا/ تاریق كارێزی
ئینستڵێشن (Installation) زاراوەیەكە بۆ جۆرە نمایشێكی شێوەكاری بەكار دێت، تێیدا هونەرمەند بە كەرەستەی هەمەجۆر، لە شوێندا بیرۆكە و خەیاڵی دەسازێنێت، بەرجەستەیان دەكات. لە پەیدۆزی واتای زاراوەكە بە چەندین زمان، پاشان بەراورد كردنی واتای زاراوەكە لە نێوانی چەند زمانێك، بەو ئاكامە گەیشتم، كە بە كوردی زاراوەی (جێكرد) بەرانبەر بە ئینستڵێشن (Installation) بەكار بهێنم.
بەدەم ئەو نمایشە جێكردەی دانا سەڵاحەدینەوە، نەوژین خالیدی ژەنیار بە كەمان مووزیكی ژنی، ئاوازێكی ئەوتۆی ژەنی، بریتی بوو لە خولانەوەی سۆز بە دەوری ژینگەیەك كە هەڕەشەیەكی دژواری لەسەرە. هەڵبژاردنی هەر سێ توخمی (لم، كا، گڵ) هێمان بۆ خۆ نواندنی ژیان. زەوی چەشنی دایك هێمای ژیانە، ژیانیش لە دەروازەی گڵەوە خۆی دەنوێنێت، كشتوكاڵ چاوگی یەكەم و سەرەكیی ژیانی سەر گۆی زەوییە، ئەویش لە گڵی بە پیتدا دەكرێت، لم هێمایە بۆ بیابانتەنی (desertification) و نەمانی ژیان، (كا)ش نیشانەی وشك هەڵاتنی بەروبوومی كشتوكاڵە. سێ نموونە لە ژینگەی جیاواز، لە هیچ كامیان ژیان و زیندوویی بەدی ناكرێت. ڕووبەرێكی زۆر فراوانی بەشی وشكانیی زەوی، بیابانی گەورە دایپۆشیوە، لەم ڕەوشەی ئێستای جیهاندا، مەترسیی بیابانتەنی لە ئارادایە، تا دێت ڕووبەری بیابان فراوانتر دەبێت، زەویی كشتوكاڵ (سەرچاوەی سەرەكیی ژیان)، بەردەوام پاشەكشە دەكات. ئەمە زەنگێكی مەترسیدارە. بە ئامانجی ئەوەی سنوورێك بۆ قەڵاچۆ كردنی سیمای ژیانی سەر گۆی زەوی دابندرێت، وا پێویستە هەرچیی مرۆڤە بێتە دەنگ و هەستێتە سەر پێ. لە ململانێی نێوان گڵ و لم (خاكی بە پیت و بیابان)دا، ژیان باجەكەی دەدات، لەو جێكردەدا (كا) هێمای پاشەكشە كردنی ژیانە، ئەگەر هونەرمەند لە بری (كا)، (قەرسیل) یان گژ و گیا و چڵ و لقە داری سەوزی دابنایە، واتا و هێما لە نمایشەكەدا پێچەوانە دەبوونەوە. هێلكەش لەم نمایشە جێكردەدا واتای ژیان و نوێ بوونەوەی دەدات. مەزندەش ناكرێت، لە ژینگەی وشكەڵاندا، ژیان درێژەی هەبێت.
«گۆڕانی كەش و هەوا و لێكەوتەكانی، ڕۆژ دوای ڕۆژ لە زیاد بووندان، مەترسییەكانی بۆ مرۆڤایەتی تا دێت ڕوو لە هەڵكشانە. ئێمەی هونەرمەندان ئێستا زیاتر لە جاران لە خەمی ژینگەداین، تا بتوانین لەو نێوەندەدا سەبارەت بە بابەتی ژینگە و وەستانەوە بەرانبەر بەو هۆكارانەی دەبنە ئەو گۆڕانكارییە مەترسیدارە، ببین بە بەشێك لە هۆشیار كردنەوە. من هەوڵم داوە بینینێكی جیاوازم بۆ ڕوانگە و پێكهاتە هەبێت. هەموو پارچە هونەرێكی چەمكی ژینگە، ئامانجێكی دیاری كراوی هەیە، كاری هەر هونەرمەندێك كە وەك ژینگەپارێز مامەڵە بكات ئەوەیە، ئەو وێنە و جیهانە زۆر جار ڕەنگە هەر نەبێت، ئەو خەیاڵ بكات و بیبینێت و بیانكات بە شوێنی ئیلهام بەخش، كە بینەری پێ سەرسام بێت، هەر لەبەر ئەوەیە زۆربەی هونەری چەمكی ژینگەیی، بە بەكار هێنانی تەرمە كاڵای سێ ڕەهەند دروست دەكرێت. من لەم پیشانگایەدا هەوڵم داوە ئەنجامی ئەو گۆڕانكارییەی ژینگە لەسەر كۆمەڵێك فۆرمی جیاواز پیشان بدەم، دەكرێت ئەو لێكەوتانە بگوازرێنەوە سەر ئاژەڵ و مرۆڤ، بە هەمان شێوەی سروشت لە ژێر مەترسیی لەناو چوون و داڕماندا بن. بەرهەمەكان سیرامیكن، بە مەتریاڵی جیاواز كراون كە لە شێوە و ڕەنگی جیاوازدا خۆیان پیشان دەدەن.»
بڕگەی پێشوو، وەك پاساوێك بۆ نمایشەكە، هونەرمەند لە فۆڵدەری پیشانگاكەدا بڵاوی كرد بووەوە. ئەم كورتە وتەیەی هونەرمەند، كلیلە بۆ حاڵی بوون لە پیشانگاكەی.