حەسنا لەعكوبی بۆ گوڵان: شانۆ بۆ من بە فیڕۆدانی كاتە

حەسنا لەعكوبی بۆ گوڵان: شانۆ بۆ من  بە فیڕۆدانی كاتە

حەسنا لەعكوبی كچە نمایشكار و ئەكتەر، پشت ئەستوورە بە توانا هونەرییەكانی خۆی و ئەو ئیرادە و حەزەی بۆ كاری نواندن هەیەتی، بە سوودوەرگرتن لە پێشكەوتنی سینەمای مەغریبی و كرانەوەی بەسەر ئەوروپا و جیهانی عەرەبی و ئەو هەموو فیستیڤاڵە جیاجیانەی كە لەو وڵاتە بە بەردەوامی ساز دەكرێن، لە دیمانەیەكدا بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

* وەك كچێك هونەر تا چەند بە سەخت دەبینیت؟
- كاری هونەری بە گشتی زۆر سەختە، هونەرمەند تووشی زەحمەتییەكی زۆر دەبێتەوە تا بتوانێت ناوێك بۆ خۆی پەیدا بكات و بوونی خۆی وەك هونەرمەندێكی سەركەوتوو بسەلمێنیت، ئەمە پێویستی بە چەند ساڵێك دەبێت ، گرنگترین هۆكاری سەركەوتنی هونەرمەندیش بە ڕای بەردەوام بوونیەتی لە بوارەكە.
* مەرجی دیاریكراوت هەیە بۆ بەشداریكردن لە كاری هونەریدا؟
- هەندێك هێڵی سوور هەیە ناتوانم بیانبەزێنم، تەنانەت ئەگەر رۆڵەكەش سەرەكی بێت و جورئەتەكەش مەبەست و ئامانجێكی هونەریی دیاریكراوی هەبێت، بۆ پاراستنی ناوبانگی خانەوادەكەم دەمەوێ هەمیشە ناوبانگێكی باش و وێنەیەكی جوانم هەبێت لە كۆمەڵگەدا، من نامەوێ بۆ سەركەوتنی كاری یان بیرۆكەكەی دەرهێنەرێك پشت بە جورئەتی هونەرمەند ببەستێت، بەڵام من درك بەوەش دەكەم كە زۆر جار جورئەت پێویستە و مەرجیش نییە تەنیا بە جەستە بێت.

حەسنا لەعكوبی بۆ گوڵان: شانۆ بۆ من  بە فیڕۆدانی كاتە

* جوانیی روخسار چ رۆڵێكی هەیە لە سەركەوتنی ئافرەتانی هونەرمەنددا؟
- من وەك كچێك سەرەتا پشتم بە توانا و بەهرەی خۆم بەستووە، چونكە پێویستە بەهرەی هونەریت هەبێت تا بتوانیت بوونی خۆت بسەلمێنی، لە نواندندا دەموچاو و جوانیی دەرەوە رۆڵی سەرەكییان هەیە، لە سینەما یان تیڤی پێویستە هونەرمەند دەموچاوێكی گونجاوی هەبێت بۆ ئەوەی دەربكەوێت، بەڵام من حەز ناكەم تەنیا پشت بە جورئەت ببەستم و بەو جۆرە رۆڵانە بناسرێم، بەڵكو رۆڵی جیاوازم دەوێ دوور لەوەی كە پشت بە جوانی و بەژن و باڵای خۆم ببەستم.
* پێتوایە وەك پێویست هاوكاریی هونەرمەندە گەنجەكان دەكرێت؟
- جەماوەری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەز لە كار و هونەرمەندی گەنج دەكەن، بەڵام گرفتەكەیان ئەوەیە كە دەرفەتی زۆر بە ئەكتەرە گەنجەكان نادەن، بۆیە دەبینین كە دراما توركییەكان گشت كەناڵەكانیان داگیر كردووە، بەتایبەتی كەناڵە عەرەبییەكان، چونكە جەماوەری وڵاتانی عەرەبی حەز دەكەن هەندێ دەموچاوی نوێ ببینن، كە چاویان پێیان نەكەوتبێت، بۆیە پێویستە كەناڵە عەرەبییەكان دەرفەت بە گەنجان بدەن، لە هەمان كاتدا وەك دراما توركییەكان دیمەنی جوانی شوێنەكانیش زیاتر نمایش بكەن.
* راگەیاندن یان نواندن، زیاتر لە كامیان نزیكتریت؟
- من زیاتر لە راگەیاندن نزیكم و هەر لە منداڵییەوە خولیای بووم، بەڵام بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە بواری شانۆدا خوێندوومە و زۆریش حەز بە شانۆ دەكەم، بەڵام نامەوێت ئێستا خۆم سەرقاڵی شانۆ بكەم، چونكە هەست دەكەم دەبێتە هۆی بە فیڕۆدانی كات.
نواندن لای من هەر لە منداڵییەوە وەك بەهرەیەك بوو، هەروەها خۆشەویستیشم بۆ نواندن هەبوو، لەبەر ئەوە پەیوەندیم بە پەیمانگەوە كرد و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە بواری شانۆی درامیدا خوێندم، بۆیە زیاتر حەز لە بواری نواندن و شانۆ دەكەم، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە وڵاتانی عەرەبی ئەو دەرفەتەم بۆ نەڕەخساوە كە من شایەنیم، واتە مافی خۆمم پێ نەدراوە، تا ئێستا ئەو دەرفەتەی خەونی پێوە دەبینم، بۆم نەهاتووەتەدی، سەرەڕای ئەمەش حەز دەكەم لە ریكلامەكاندا نواندن بكەم، بۆ ئەوەی زیاتر بناسرێم و هەوڵ بدەم تواناكانم پێش بخەم و بگەمە ئەو ئاستەی كە خۆم دەمەوێت.

Top