غازی غەفوور هونەرمەند و هەڵوێست و شانۆ

غازی غەفوور هونەرمەند و هەڵوێست و شانۆ

ئامادەكردنی/فەرهەنگ غەفوور

وەك خۆت گوتت: «ئەدی كوو، ژیان هەر وایە، گوێی مەدەرێ كاروان سەرایە».. ئەو كاروانسەرایە نەپساوەیە و كاروان دێت و كاروان دەڕوا، كاروانچی سەردەردێنێ و كاروانچیی دیكەش سەردەنێتەوە، لەوەتەی ئادەم و حەوا پێیان خستووەتە سەر ئەو بستە زەوییە، ماڵبەكۆڵ كەوتوونەتە رێی كاروانی ژیان و یەكی نوێ دێت و یەكی كۆن بەجێ دەمێنێ، بەڵام كاروانی ژیان هێشتا بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێ.
تۆ گوتت ژیان هەروایە و كاروان سەرایە، وا خۆشت وەك زۆر كاروانچیی دیكە لە كاروان دابڕای و بۆ هەمیشە هەواری خۆت لە شێخەڵا هەڵدا و راكە راكەی ژیانی پڕ حەسرەت و ماندوون، پڕ بەرەنگاری و شۆڕش و ئاوارەیی، پڕ هەڵوێست و كار و رەنج، ژیانی سەر تەختەی شانۆی ژیان و شانۆی نیشتمان و شانۆی پیرەشار و شانۆی كۆڵانەكانی تەیراوەت پێچایەوە و، لە دوای خۆت زۆر حەسرەت و زۆر ئومێدی شكۆفە نەكردوو و، زۆر خۆزیا و بریات بەجێ هێشتن.
كاروان سەرا هەر ماوە و كاروان هەر دەڕێدایە و تۆی كاروانچیش لە دوایین هەواری سەرزەمین، لە شێخەڵا بارگەت داكوتا و سەدان چیرۆكی سەر تەختەی شانۆ، سەدان چیرۆكی كۆڵانەكانی گەڕەك و سەدان چیرۆكی ناو شار و سەدان چیرۆكی شاخ و پێشمەرگایەتی و، سەدان چیرۆكی ناو هۆڵەكانی شانۆت لەگەڵ خۆتدا بردە دووتوێی خاك.

غازی غەفوور هونەرمەند و هەڵوێست و شانۆ

خۆت گوتەنی، ژیان هەر وایە و گوێی مەدەرێ كاروان سەرایە. رۆژگار پڕ ناخۆشی و نەهامەتییە، ناخۆشی و رەنج و تێكۆشان مرۆڤ دەخارێنن و پڕی دەكەن لە وزەی خۆڕاگری و مانەوە. سەردەمانێك تەختەی شانۆ و هۆڵەكان جمەیان دەهات و چەندان خاراوی دەستی رۆژگاری وەك (غازی) و هاوشێوەكانی، چیرۆكی ژیانی پڕ چەرمەسەریی كوردەوارییان دەگێڕایەوە و بە نمایشەكانیان هاواری قوڕگی كوردی برینداریان دەگەیاندە قووڵایی گوێیەكان و قووڵایی ویژدانەكان. ئەو رۆژانە، ئەو سەردەمانە، ئەو رۆژگارە چ رۆژگارێكی پڕ شكۆ و هەیبەت و سام بوون؟ ئەو كوڕگەلانە چ كوڕگەلێكی لەگیانی خۆ بردوو بوون؟ ئەو هونەرمەندانە چ ئاوێنەنمایەكی پڕ بە باڵای خەمەكانی گەلەكەیان بوون؟ ئەو رۆژگار و سەردەم و رۆژانە، بە (غازی)یەكان یەك دەنگ و یەك رەنگ و یەك هاوار، بووبوون بە ئاوێنەنمای گەلێكی پشت پەردەی ژیان و ئازادی. ئەو رۆژگار و سەردەم و رۆژانە، (غازی)یەكان زمانحاڵی مەردوومی بێ زمانی دەوروبەریان بوون، زمانحاڵی پەرێشانحاڵانی دەوروبەریان بوون، زمانحاڵی خەڵكی سادەی بەشمەینەتی كۆڵان و گەڕەك و شار و نیشتمان بوون.
غازی غەفوور، وەك هونەرمەندێك و وەك پێشمەرگەیەك و وەك مرۆڤێك، ئەوەی لەدەستی هات، پێشكەشی گەلە بێبەشەكەی خۆی كرد و بەشی خۆیشی هەر مەینەتی بوو. ئەوەندەی توانیی تێكۆشا و درێغی نەكرد لە خەبات و خزمەت بە هونەر و بە رۆڵەكانی گەلەكەی.

غازی غەفوور هونەرمەند و هەڵوێست و شانۆ

غازی غەفووری هونەرمەند و مرۆڤ، لە بواری هونەریی خۆیدا، لە شانۆ و دراما، شان بە شانی هونەرمەندانی گەل، سەردەمێكی زێڕینیان لە شۆڕشی شانۆ و تێكۆشانی نەتەوەیی تۆمار كرد،. هەریەكێ لەو كارەكتەرە جوانانەی سەر تەختەی شانۆ و نێو دراماكان، بوون بە سمبولێكی جوانی هونەر و چوونە ناو تۆمار و یادەوەریی ئێمەمانانەوە. (غازی) بەو رۆڵ و هەڵوێستانەی خۆی، بوو بە جێی رەزامەندیی هاوپیشە و هاوڕێگاكانی خۆی، بەو رۆڵگێڕانانەی خۆی، بوو كارەكتەرێكی زیندوو، كە بۆ هەمیشە لە یادەوەریی خەڵكدا دەمێنێتەوە، ئەدی ئەوە نییە كارەكتەری كوڕە جوانەكەی ناو كۆلارەكەی حاجی مەكی، كارەكتەری حەمەی شەق وەشێن و شەلاتی، پیاوی قادر ئاغای، كەوەكانی قەرەچووغ، كارەكتەرە جیاوازەكانی ڕاوچی و گوڵی نهێنی و بێنەوایان و چەندین فیلم و درامای دیكە، كە جێی سەرنج و مایەی رەزامەندیی بینەر و بیسەری تامەزرۆی شانۆ و هونەر و هەڵوێستی كوردانە بوو.
غازی غەفوور، ئەگەر دەرچووی هیچ ئەكادیمیایەكی هونەری نەبوو، بەڵام ئەكادیمیای ژیانی كوڵەمەرگی و خەبات و تێكۆشان ئەویان راهێنا و، كردییان بەو كارەكتەرەی لەگەڵ هەموو رۆڵێكدا دەگونجا و بە نمایشەكانی گوزارشتی لە واقعی تاڵی خۆی و دەوروبەری دەكرد.
غازی غەفوور، یەكێك بوو لەو دەیان هونەرمەندە جەسوورانەی شانۆ و درامای هەولێر و كوردستان، كە بینەر و بیسەری تامەزرۆیانی ئەو هونەرە شانازییان پێوە دەكرد.
ئیدی گوێی مەدەرێ، ژیان كاروان سەرایە و تۆش بووی بە یادەوەرییەكی مەیدانی هونەر، ئەمما یادەوەرییەكی جوان و سەنگین و شایان.

غازی غەفوور هونەرمەند و هەڵوێست و شانۆ
Top