ئاشنا بابان: كەمتەرخەمی كراوە لە بینینی ڕۆڵی كارای ئافرەتان لە كاری دیپلۆماسی و تواناكانیان پشتگوێ خراون
ئاشنا بابان مامۆستای زانستە سیاسییەكانە و لە زانكۆكانی جیهان و هەولێری نێودەوڵەتی و زانكۆی نۆلج وانەی گوتووتەوە، پسپۆڕی گشتییە لە سیستەمی سیاسی و یاسایی دەستووری، هەروەها پسپۆڕە لە چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان. لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە گرنگیی بەشداریی خانمان لە بڕیاری سیاسی دەكات، جەختیش لەوە دەكاتەوە كە ئافرەت بە سرووشتی خۆڕسكی خۆی بوونەوەرێكی دیپلۆماسییە و بەشداریی ئافرەت هاوسەنگی و كارایی زیاتر بە پەیوەندییە سیاسییەكان دەبەخشێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* بەشداریی ئافرەت لە نێو گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟ ئایا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە شانازی بكەین بەوەی كە خانمی سیاسەتمەدارمان هەیە؟
- بەشداریی ئافرەتانی هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسیدا لە ئاستێكدایە كە ناتوانین بڵێین خراپە، بەڵام هێشتا بە پێی داواكاری و خواستی ئێمەی ئافرەتان نییە، واتە ئەو ڕێژەی هاوبەشیی ئافرەتان لە بواری سیاسیدا، هێشتا بەو ڕاددەیە نییە كە بتوانێت تەعبیر لە خواستی هاوبەشی و بەشداریی سیاسیی ئافرەتان لەم سەردەمە بكات، ئافرەتی سیاسەتمەدار وەك كەسانی ئەكادیمی و سیاسی هەن، بەڵام ئافرەتان ژمارەیان زۆر كەمە وەك سیاسەتمەدار لە كایە سیاسی و گشتییەكان بەشدار بن، ئەوانەشی بەشدارن، زۆربەیان لەسەر بنەمای حزبایەتییە، تەنانەت هەتا ئێستا نەك ئافرەتان، زۆربەی پیاوەكانیش لەسەر بنەمای خزمایەتی و حزبایەتی و واستە، لە كایەی سیاسەت بەشدارن، نەك لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی و شارەزایی، ئەوانەیان كە شایانی دروستكردنی بڕیاری سیاسین، ڕەنگە بە پەنجەی دەست بژمێردرێن.
كەمبوونی ڕێژەی خانمان لە ناوەندە سیاسییەكان، بۆ كەمتەرخەمیی ئافرەتان ناگەڕێتەوە، بەڵكو بوارنەدانە و ڕێگەپێدراو نییە، جا بە هەر هۆكارێك بێت، (كۆمەڵایەتی، كەلتوور و دابونەریت و پەروەردەی خێزانی و.. هتد)، بۆیە دەكرێت بڵێین: زۆر گەشبین نین لەوەی كە بەشداریكردنی ئافرەتان لەو ئاستەدایە كە بە خواستی ئیمەی ئافرەتان بێت، پێویستە زیاتر بوار بدرێت و بەشداریی ئافرەتان لە سیاسەت و لە ناو حزب و ڕێكخراو و كایە گشتییەكان فراوانتر بكرێت.
* هەمیشە باس لە گرنگیی بەشداریپێكردنی ئافرەتان لە وەفدە سیاسییەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دەرەوە دەكرێت، بەڵام ئەو گرنگییە فەرامۆش كراوە، ئایا هۆكار چییە؟ ئایا بەشداریپێكردنی ئافرەت لەم بابەتە تاچەند بە پێویست دەزانن؟
- هۆكارەكەی بۆ كۆمەڵێك فاكتەر دەگەڕێتەوە، لەوانە: نوێگەریی ئەزموونی سیاسەتی دەرەكی و كاری دیپلۆماسی، هەروەها نەبوونی ئەزموون و دامەزراوەی جێگیر، ئافرەت كوردمان هەیە كە بە كردەوە دەتوانێت كاری سیاسەتی دەرەكی بكات، بەڵام بەشدارنەكردنی لە كاری دیپلۆماسی بۆ قۆرخكردنی ئەو بوارە لە لایەن پیاوانی حزبەوە دەگەڕێتەوە، كە زیاتر بە پیاوان و كەسە نزیكەكانی خۆیانی دەسپێرن. واتە كەمتەرخەمی كراوە لە بینینی ڕۆڵی كارای ئافرەتان لە كاری دیپلۆماسی و تواناكانیان پشتگوێ خراون.
بێگومان بەشداریكردنی ئافرەتان لە هەموو كایە و پۆست و دامودەزگاكان گرنگی و بەهای خۆی هەیە، بەتایبەتی ئافرەت بە سرووشتی خۆڕسكی خۆی بوونەوەرێكی دیپلۆماسییە و بەشداریی ئافرەت هاوسەنگی و كارایی زیاتر بە پەیوەندییە سیاسییەكان دەبەخشێت، ئەگەر بە فیعلی بواری پێ بدرێت، نەك بە ڕووكەش و شكڵی بێت، جگە لەوەش كە سەیری ڕێژەی هاوبەشیی ئافرەتان لە كاری سیاسیدا دەكرێت، ئاستی پێشكەوتن و ڕووناكبیریی كۆمەڵگە دەردەكەوێت. بۆیە زۆر گرنگ و پێویستە كە ئافرەت لە گفتوگۆ و دانوستاندنەكان ڕۆڵی بەرچاوی هەبێت.
* ئایا بەشداریكردنی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیی وڵات، تا چەند گرێ كوێرەكانی پرسی كۆمەڵایەتیی خودی ئافرەت چارەسەر دەكات؟
- بەشداریكردنی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسیی وڵات، لە ئاستێكی زۆر كەم توانیویەتی كێشەكانی كۆمەڵایەتیی خودی ئافرەت چارەسەر بكات، چونكە كۆمەڵگەی كوردی هێشتا بڕوای بە توانستی ئافرت نییە و ڕووناكبیریی تاك و گشتی لە ئاستی پێوست نین، هەر بۆیە زۆر كەمتەرخەمی كراوە لەمەر ئەو پرسە و پێوستە بە هەند وەربگیردرێت. ئەو كارە پێویستی بە وشیاركردنەوەی خودی ئافرەتان هەیە و دەبێت حزب و ڕێكخراوە مەدەنییەكان و ڕێكخراوەكانی ژنان كاری جددی و زیاتری لەسەر بكەن، بە هاندان و كردنەوەی خولی ڕۆشنبیری بۆ كاراكردن و باشتركردنی پرسی ئافرەتان و هاتنەدی هاوسەنگیی ڕاستەقینە لە نێوان ئافرەتان و پیاوان لە پێناو چارەسەركردن و باشتركردنی ئەو پرسە و هاوبەشیی ئافرەتان لە هەموو كایەكاندا.
* لە پێناو بەشداریپێكردنی خانمان لە پرۆسەی سیاسیی هەریمی كوردستان، پێویستە چی بكرێت؟
- لە پیناو بەشداریكردنی فیعلی ئافرەتان و كاراكردنی توانستەكانیان پێویستە:
1- متمانەی تەواو دروست بكرێت لەلایەن خودی خۆیانەوە، بەوەی كە ئافرەتان بەشێكی گرنگن لە كۆمەڵگە و هیچ كۆمەڵگەیەك بە بێ هاوبەشیی ئافرەت ناتوانێت كۆمەڵگەیەكی تەندروست و سەركەوتووی تۆكمە و بەهێز بێت.
2- پێویستە هەوڵ بدرێت ڕۆشنبیریی گشتی و هزری و سیاسی بۆ ئافرەتان فەراهەم بكرێت، چ لە لایەن حزب و حكومەت و دەزگاكان بێت، یان لە ڕێگەی ڕێكخراوە مەدەنی و ناحكوومییەكان، هەروەها ئافرەتان خۆیان دەبێت هەوڵی بەردەوام بدەن بۆ ڕۆشنفكری و كرانەوەی هزری خۆیان لە ڕێگەی خۆپێگەیاندن و خوێندنەوەی بەردەوامەوە.
3- كۆمەڵگە بە جۆرێك ببێت كە مافەكانی ئافرەتان بە یاسا دابین كرابێت و پێشێلكردنی یاسا، لێپێچینەوەی بۆ بكرێت و خەمساردی و كەمتەرخەمی لە جێبەجێكردنی یاسا نەكرێت.
4- هاوبەشیی ئافرەتان لەسەر بنەمای توانست و كارامەیی و لێهاتوویی خودی ئافرەتەكان بێت، نەك تەنیا پاساو بێت بۆ بەشداریكرن. بەڵكو ئافرەتان بە لێهاتوویی و پشتبەستن بە تواناكانیان بە كردەیی هاوبەشی بكەن و بتوانن سەرۆك حزب بن و كۆمەڵگە بەڕێوە ببەن و، پلانیان بۆ ڕێكخستن و ستراتیژیی سیاسی و پلانسازی سیاسی و داڕشتنی داهاتووی گەش هەبێت.