گرنگیی بەشداریی ساڵانەی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن

  گرنگیی بەشداریی ساڵانەی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن

ئەمساڵ نۆیەمین ساڵە كە هەرێمی كوردستان بەشداری لە كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهان دەكات، هۆكاری بانگهێشتكردنی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم كۆنفرانسە جیهانییە گەورەیە، قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و لۆژیكی سەرۆك بارزانی بوو لە سەركردایەتیكردنی لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و بەتاڵكردنەوەی ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش، كە بوونە هۆكاری ئەوەی كە بیسەلمێنن، قارەمانیەتیی هێزی پێشمەرگە و لۆژیك و سەركردایەتیكردنی سەرۆكێكی وەك سەرۆك بارزانی بەشێكن لە چارەسەركردنی كێشەكانی جێهان، كە لە ئاست ئەو كێشە و تەحەددییانەدا سوپای دەوڵەتانی سۆپەر پاوەر دەستەوەستانە و، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی كە ئەم ڕاستییانە بۆ جیهان ئاشكرا ببێت:

1. هەرێمێكی بچووك (هەتا كارەكتەرێكی غەیرە دەوڵەتییش بێت)، دەتوانێت كاریگەریی گەورەی لەسەر ڕاستكردنەوەی ناهاوسەنگیی ئاسایشی جیهان هەبێت، بۆیە دەبێت ئەو كاریگەرییە بە چاوێكی بەرزەوە سەیر بكرێت.

2. لە بەرامبەردا ئەم هەرێمە بچووكە (هەرێمی كوردستان) بۆ جیهانی سەلماند كە ئەگەر جیهان، یان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش هاوكاریی ئەم هەرێمە بچووكە بكات، ئەوا دەتوانێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكی گەورەی ئاسایشی جیهانی كە تێكشاندنی تیرۆریستانی داعش بوو (موعجیزە) دروست بكات.

لە ماوەی ساڵانی دوای 2014 هەتا ئەمساڵ 2023، كۆی كۆنفرانسەكانی میونشن و ئەو مەترسییانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی ئەو كێشانە بۆ سەر حوكمڕانی و هەڵكشانی ڕەوتی پۆپۆلیستی و تا ڕاددەیەكی زۆریش ڕاسترەویی شۆڤێنی، هۆكارەكانی هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێنەوە كە خەریكە ئەو بەهایانەی كۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی و دیموكراتی لەسەر بونیاد نراون، وەك (لێبوردەیی، قبووڵكردنی فرەكەلتووری، ڕێزگرتنی كەرامەتی تاك، دادپەروەری و.. هتد) هەر هەموویان كاڵ بوونەتەوە و كۆمەڵگەی ڕۆژئاوا لە بەهاكانی خۆی بەتاڵ كراوەتەوە.

لەم چوارچێوەیەشدا كۆمەڵگەی كوردستان لە سایەی ئەو سیاسەتە لۆژیكییەی سەرۆك بارزانی بۆ حوكمڕانی لەم هەرێمەدا دایڕشتووە، دەبینین ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەها ڕەسەنەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی زیاتر دەبن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژیش گیانی تەبایی و پێكەوە ژیان و یەكتری قبووڵكردنی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان زیاتر دەبێت، ئەم بەهایانەی كۆمەڵگەی كوردستان تەنیا سەرنجی سەرۆك و بڕیاربەدەستانی دەوڵەتانی ڕۆژئاوای ڕانەكێشاوە، بەڵكو پێش هەمووان سەرنجی پاپای ڤاتیكانی ڕاكێشاوە كە نوێنەرایەتیی هەموو كریستیانەكان دەكات لە جیهاندا و، بە شەخسی هاتە كوردستان و بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند: «بۆیە هاتم بۆ عێراق و سەردانی كوردستان بكەم، بۆ ئەوەی بە شەخسی سوپاست بكەم كە دەرگای كوردستانت بە ڕووی هەموو ئاوارەكاندا كردەوە و هەموویانت وەك هاووڵاتیانی خۆت پاراست».

لەم ڕوانگەیەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایشی جیهانی نوێنەرایەتیی نیشتمانێك دەكات، كە خاوەنی دوو خاڵی زۆر بەهێزە لە جیهاندا، ئەوانیش بریتین لە:

1. هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە هەتا ئێستا دەوڵەتانی هاوپەیمان وەك هاوبەشێكی سەرەكیی خۆیان لە شەڕی دژی تیرۆر و داعشی دەزانن.

2. بەها بەرزەكانی كۆمەڵگەی كوردستان كە بووەتە هەوێنی لێبووردەیی و پێكەوە ژیان، فرەكەلتووری و ئومێدی بۆ جیهان دروست كردووە، كە دەشێت چۆن كار بۆ پاراستنی سیستمی جیهانی و دووبارە گێڕانەوەی گڵۆبالیزم دەكرێت، دەكرێت بە هەمان شێوە كار بۆ گێڕانەوەی ئەو بەهایانەش بكرێت كە كۆمەڵگەی ڕۆژئاوا وەك بەهای مرۆڤایەتی پێشتر شانازیی پێوە دەكردن.

 

 

وەك ئۆلاف شۆلز ڕاوێژكاری ئەڵمانیا ناوی هێرشە دوژمنكارییەكەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكرانیای ناوە: «سەرەتای قۆناخێكی نوێ» Zeitenwene، كە ناچارمان دەكات دووبارە بیر لە هەڵسەنگاندنەكانی پێشوومان بكەینەوە.

داگیركردنی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە هەندێ شتی زۆر سادەی بۆ ئاشكرا كردین:

یەكەم: فلادیمیر پوتین كە بڕیاری دا هێزی سەربازی بەكار بهێنێت دژی دراوسێیەكی ئاشتیخوازی خۆی، ئەوەی بۆ دەرخستین كە ئەكتەرێكی بەهێز بڕوایەكی پتەوی بەوەیە دەتوانێت تەنانەت بچووكترین ستاندەری یاسای نێودەوڵەتیش پێشێل بكات، وەك پرەنسیپی یەكپارچەیی خاك. وەك لە چاپتەرێكی ڕاپۆرتی میونشنی ئەمساڵ جەختی لەسەر دەكاتەوە، شەڕی ڕووسیا دڕندەترین هێرشە بۆ سەر بنەماكانی سیستمی جیهانی، ئەم ئەكتەرە لادەرە هەوڵ دەدات ئەمری واقیعی ئێستای جیهان بگۆڕێت و بە چەندین ڕێگەی جیاواز هەوڵ دەدات سیستمی جیهانی بگۆڕێت.

دووەم: ئەگەر ئێمە بێ هیوا بووینایە، ئەم ئەكتەرە لادارە دەیتوانی خۆڕاگری بكات، بەڵام لە پێش هەموو شتێكەوە گەلی ئۆكرانیا پیشانی دا، چەند خۆڕاگر و بەورەن بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم دوژمنكارییە، هەروەها زۆربەی زۆری دەوڵەتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان سەركۆنەی ئەو داگیركارییەی ڕووسیا و هەوڵەكانی بۆ لكاندنی هەرێمەكانی ئۆكرانیایان كرد بو رووسیاوە، هەندێك دەوڵەتیش سزایان بەسەر ڕووسیادا سەپاند و، لە ڕووی سیاسی و ئابووری و پێدانی چەكەوە یارمەتیی ئۆكرانیایان كرد، لەگەڵ ئەوەی هەتا ئێستا ئۆكرانیا شەڕەكەی نەبردووەتەوە، بەڵام پێویستی بە یارمەتیی هەموو ئەو دەوڵەتانەیە كە بڕوایان بە سەروەریی یاسا هەیە.

سێیەم: ئەوەش ڕاستە كە ژمارەیەك دەوڵەت سەركۆنەی ڕووسیایان نەكرد، بەو شێوەیە سەیری ئەم پرسەیان كرد، كە بۆ ئەوان ئاسان نییە بەرگری لە ئەمری واقیعی ئێستای جیهان بكەن. ئەگەر سەیری ئاستی تووڕەیی و بێزاریی ئەو دەوڵەتانە بكەین، وەك دەوڵەتانی ئەفریقا و ئەمریكای لاتینی و ئاسیا، بۆیە بایەخ بە پاراستنی سیستمی جیهانی نادەن، لەبەر ئەوەی هەست ناكەن هیچ كاتێك بۆ بەرژەوەندیی ئەوان كارێكی كردبێت.

لەم قۆناغەدا ئەركی سەرشانمانە بۆ پاراستنی پرەنسیپەكانی یاسا‌ هەوڵ بدەین، بێ لایەنەكان بكەینە هاوپەیمان، وەك ڕاپۆرتی ئەمساڵی میونشنیش جەختی لەسەر دەكاتەوە، پێویستمان بە ڤیژنێكی ئەوتۆی سیستمی نێودەوڵەتی هەیە، كە زۆربەی گەلان و هاوپەیمانی خاوەن بەرژەوەندییە گەورەكان بەشداریی تێدا بكەن، ئەگەر بمانەوێت پارێزگاری لە پرەنسیپە سەرەكییەكانی ئەم سیستمە بكەین، دەبێت لەم كۆنفرانسەدا تەنیا جەخت لەسەر ڕەتكردنەوەی لادەر نەبێت، بەڵكو دەبێت ڤیژنێكی ئەرێنی بۆ جیهانێكی ئاشتەوایی و گەشەسەندوو بخوڵقێنێن.

 

  گرنگیی بەشداریی ساڵانەی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە میونشن
Top