بازنه‌ی گفتوگۆ پانتاییەكی فراوان و كراوە بۆ دیالۆگی هەمەلایەن

بازنه‌ی گفتوگۆ  پانتاییەكی فراوان و كراوە بۆ دیالۆگی هەمەلایەن

 

 

ئەڵقەی یەكەم:

گەنج و ڕەخنە سیاسییەكانی

 

دامەزراندنی لێژنەیەك بە ناوی «بازنەی گفتوگۆ» لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەت و ستراتیژەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی 14ی خۆیدا دایڕشتووە و بەرهەمی ئەو گۆڕانكارییانەیە كە كۆنگرە ئامانجیەتی لە ناو كۆمەڵگە ڕەنگدانەوەی هەبێت و بە دیدێكی تازە و ڕەخنەگرانە هەڵوەستە لەسەر گشت كێشەكانی كۆمەڵگە و ناو پارتییش بكەینەوە.

بیرۆكەی دامەزراندنی «بازنەی گفتوگۆ» بەرهەمی گەنگەشە و وتووێژەكانی كۆبوونەوەكانی پێشتری دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و ئێستای بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنە، ئەم بیرۆكەیە ساڵی پار لەسەر پێشنیارێكی هەڤاڵی بەڕێز د.سالار عوسمان كە ئەو كات (ئەندامی دەزگا) بوو، لە كۆبوونەوەیەكی دەزگا خستیە ڕوو، پاش گفتوگۆ و هەڵەسەنگاندێكی زۆر لەلایەن دەزگا پەسەند كرا، هەر خۆیشی ڕاسپێردرا كە بەرنامەی بۆ دابنێت و دوو هەڤاڵی بەڕێزیش پ.د. نەزاكەت حوسێن و شڤان حەمدی بۆ ئەو ئەركە دەستنیشان كران، بەڵام بە هۆی سەرقاڵیمان بە خۆئامادەكردن بۆ كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان، چالاكییەكانی ئەم لێژنەیە دواكەوت بۆ قۆناعی دوای كۆنگرە، كۆنگرەش چەندین گۆڕانكاری دروست كرد، یەكەمیان ئەوە بوو هەڤاڵ د.سالار عوسمان متمانەی ئەندامانی كۆنگرەی وەرگرت و بووە ئەندامی سەركردایەتی و دوای ئەویش لە دووبارە ڕێكخستنەوەی ئۆرگان و بەشەكانی مەكتەبی سیاسی متمانەی سەرۆك بارزانی وەرگرت و شەرەفی سەرپەرشتیكردنی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ درا.

دوای ئەم گۆڕانكارییانە بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، جارێكی دیكە ئەولەویەتی دا بە ئەكتیڤكردنەوەی لێژنەی بازنەی گفتوگۆ و هەندێك گۆڕانكاریشی لە هەیكەلەی لێژنەكە و ئاراستەی بەڕێوەبردنی گفتوگۆكاندا كرد، ئەو گۆڕانكارییانەش بریتی بوو لە زیادكردنی ئەندامێكی دیكەی بەش

بەڕێز (فەرهاد محەمەد) بۆ ناو لیژنەكە و پاشانیش بڵاوكردنەوەی بەرهەمی ئەو گفتوگۆیانە وەك ڕاپۆرتێكی ڕەخنەیی لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان كە بە دیزاینێكی تایبەت بڵاو بكرێتەوە و، ڕۆژی 23ی كانوونی دووەم 2023 بۆ یەكەمین كۆبوونەوەی لێژنەی «بازنەی گفتوگۆ» بەرپرسی بەش دیاری كرا و، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا:

1. گەنج و ڕەخنە سیاسییەكانی بكرێتە تەوەری یەكەمی گفتوگۆی «بازنەی گفتوگۆ».

2. بە هەماهەنگی لەگەڵ سەنتەری توێژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن ڕاپرسییەك لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر چەندین بواری كێشەكانی گەنج ئەنجام بدرێت و ئاكامی ڕاپرسیەكە لە گفتوگۆكەدا بخرێتە ڕوو، پاشان دیالۆگی لەسەر بكرێت.

3. ناوی بەشداربووانی بەڕێز دیاری كران بۆ ئەوەی لەو گفتوگۆیە ئامادە بن.

4. رۆژی 6ی شوبات دیاری كرا كە بە سەرپەرشتی بەرپرسی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن گفتوگۆكە بەڕێوە بچێت.

بۆ ئەم گفتوگۆیە لەسەر پرسی «گەنج و ڕەخنە سیاسییەكانی» ئەم بەڕێزانە ئامادە بوون:

1. د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان.

2. د.چنار سەعد عەبدوڵڵا بەرپرسی بەشی توێژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان .

3. عەبدولسەلام مەدەنی بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای ڕوانگە.

4. د. بەهات حەسیب قەرەداغی مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین.

5. كەژان محەمەد ئەندامی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان.

6. پ.د. سەردار قادر مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین.

7. پ.د. نەزاكەت حوسێن ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن.

8. شڤان حەمدی ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن.

9. د.جەلال محەمەد بەرپرسی سەنتەری توێژینەوەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن.

10. فەرهاد محەمەد ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن.

لەم گفتوگۆیەدا دوای شیكارییەكی ورد بۆ ڕاپرسییەكەی بازنەی گفتوگۆ، بەشداربووان بەمجۆرە ڕا و بۆچوونەكانی خۆیان خستە ڕوو.

 

Top