د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:   دەبێت دیدگای پێشوومان بۆ بینینی گەنج بگۆڕین و لە ناو گەنجەوە سەیری گەنج و كێشەكانیان بكەین  

د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان:     دەبێت دیدگای پێشوومان بۆ بینینی گەنج بگۆڕین و لە ناو گەنجەوە سەیری گەنج و كێشەكانیان بكەین   

 

د.سالار عوسمان ئەندامی سەركردایەتی و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە یەكەمین چالاكیی «بازنەی گفتوگۆ» و لە یەكەمین پرس بۆ گەنگەشەكردنی «گەنج و ڕەخنە سیاسییەكانی»، لە دەستپێكی ئەم پەنێڵەدا دوای بەخێرهێنانی ئامادەبووان، بەمجۆرە ئامانجەكانی كردنەوەی «بازنەی گفتوگۆ» و گرنگیی گەنج و داخوازییەكانی لای پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو:

میوانە خۆشەویستەكان زۆر بەخێر بێن، ئەكادیمیست و توانا گەورەكانی كوردستان بە ئامادەبوونتان خۆشحاڵتان كردین. لە سەرەتادا دەمەوێت زۆر بە كورتی چەند سەرە قەڵەمێك باس بكەم:

ئێمە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیارمان داوە بۆ لەمەودوا هەوڵ و بزاڤە ڕۆشنبیرییەكان بكەین بە بەشێك لە كاری ئەم ئۆرگانە، ئەم بەشەی ئێمە پێش ئەوەی ڕاگەیاندن بێت، ڕۆشنبیرییە، هەموو هەنگاوێكی ڕاگەیاندنیش ئەگەر دیوار و پاڵپشتێكی ڕۆشنبیریی نەبێت، لەوانەیە نەتوانێت زۆر بە باشی لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت.

ئەوجا بۆ ئەوەی ڕۆشنبیری ئەو دیوار و پاڵپشتییە بێت بۆ كارەكانی ڕاگەیاندنمان، ئێمە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بۆ لەمەودوا هاوشانی تەلەفزیۆن، ڕادیۆ، ڕۆژنامەكانمان «بازنەی گفتوگۆ»شمان دەبێت و بۆ لەمەودوا دەبێتە یەكێك لە ئۆرگانەكانی ئەم بەشە و بەردەوام دەبێت و هەموو مانگێك لەسەر پرس و بابەتێكی گرنگ پانتایەكی گرنگ بۆ دیالۆگی هەمەلایەنە دەكاتەوە و، دەخوازم ئامانجی ئەم هەنگاوە بە چەند خاڵێك دیاری بكەم:

1. دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ هەر كۆمەڵگەیەك زۆر گرنگ و پێویستە، بەداخەوە ژینگەی دیالۆگی ساغڵەم و سپی و بەرهەمهێن، لە ئێستادا لە كوردستان لە مەترسیدایە و خەڵكانێكی نابەرپرس تا ڕاددەیەكی زۆر میدیا و سۆشیال میدیایان بۆ بەرژەوەندیی خۆیان قۆرخ كردووە، حزبە سیاسییەكانیش بەداخەوە لەبەر ململانێی سیاسیی خۆیان ناتوان كەشێكی پێویست بۆ دیالۆگی باش فەراهەم بكەن، ئەو كەشی گفتوگۆیەی كە هەموو كۆمەڵگەكان پێویستیان پێیەتی، هەر بۆیە لەم جەنجاڵییە سیاسییەدا دەنگەدەنگ و ژاوە ژاوێك دروست بووە، كە دەنگ زۆرە، بەڵام گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن بوونی نییە. بۆیە دەمانەوێت لەناو ئەم جەنجاڵییەدا پانتاییەك بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و دۆزینەوەی ڕێگە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دروست بكەین.

2. هەوڵ دەدەین لە یەك ئاراستەی سیاسییەوە دیالۆگ نەكەین، بەڵكو نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكانی دیكەش بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە بانگهێشتی ئەڵقەكانی دیكەی «بازنەی گفتوگۆ» دەكەین و، پێكەوە و لە ڕوانگەی سیاسیی جیاوازەوە دیالۆگ دەكەین و خاڵی هاوبەشی لێكتێگەیشتن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی كێشەكانی كۆمەڵگە دروست دەكەین، ئامانجمان ئەوەیە «بازنەی گفتوگۆ» ببێتە ماڵی هەموو لایەنە كوردستانییەكان، بە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆنیشەوە.

3. بەرهەمی ئەم دیالۆگ و لێكتێگەیشتنانەی كە دەبنە ڕێگەچارە بۆ كێشەكان و لە ناو بازنەی گفتوگۆ بەرهەم دێت، وەك ڕاپۆرت لەسەر لاپەڕەكانی گۆڤاری گوڵان بڵاوی دەكەینەوە و، ئومێدمان ئەوەیە ڕاسپاردە و پێشنیارەكان ببنە هاوكارێك بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و پەرلەمانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە سوودی لێ وەربگرن و بۆ چارەسەركردنی كێشەكان هەڵوەستەی جددی لەسەر بكەن.

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لێژنەیەكمان پێكهێناوە لە هەڤاڵان «د.نەزاكەت حسێن، شڤان حەمدی، فەرهاد محەمەد» بۆ ئەوەی مانگانە و هەر جارەی لەسەر پرسێكی گرنگ تەوەرێكی گرنگ دیاری بكەن و خەڵكانی پسپۆڕ و ئەكادیمی و سیاسیی بانگهێشت بكەن، بۆ ئەوەی پێكەوە ئەو پرسە گرنگانە تاوتوێ بكەن.

بۆ یەكەم چالاكیی ئەم مانگە، ئێمە بە ڕاوێژ لەگەڵ ئەندامانی بەش و ئەندامانی لێژنەی «بازنەی گفتوگۆ» دوای دەردەشە و گەنگەشەیەكی زۆر پێمان وابوو كە باشترین كار ئەوەیە بە «پرس و خواستەكانی گەنج» دەست پێ بكەین، لە ژێر تایتڵی «گەنج و ڕەخنە سیاسییەكان».

ئومێد دەخوازین كە بۆچوون و پێشنیارەكانتان وەك خۆی بگاتە هەموو لایەنەكانی بڕیاربەدەست لەم نیشتمانەدا، دەمانەوێت كۆمەڵگە خۆی چۆنە، بە هەموو خەمەكانیەوە، گەنج خۆی چۆنە، بە هەموو تووڕەیی و ناڕەزاییەكانیەوە، ژن بە هەموو گرفت و ئارێشەكانیەوە، ژینگە چۆنە، بە هەموو فەرامۆشییەكانیەوە و.. هتد، هەموو ئەمانە وەك خۆی بخەینە بەردەم ڕای گشتی و بڕیاربەدەستانی ئەم نیشتمانە.

سەبارەت بەم تەوەرەش «گەنج و ڕەخنە سیاسیەكان»ی، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان كە گەنج ڕەخنە و ناڕازیبوونی زۆری هەیە و، لە ڕاپۆرتی سیاسیی كۆنگرەی 14 زۆر بە ڕوونی باسمان كرد، ڕاپۆرتەكەشمان بڵاو كردووەتەوە، ئەمەش لە پێناوی ئەوە بوو، ددان بەو ڕاستییەدا بنێین كە گەنج لەم وڵاتە تووڕە و ناڕازییە و ئێمەش دەبێت لە هەمبەر ئەم تووڕەیی و ناڕازیبوونە خۆمان بە بەرپرسیار بزانین و شانی بەرپرسیاریەتی بدەینە بەری.

بەداخەوە ئێمە وەك بنەماڵە و خانەوادە لە چاوی دایك و باوكەوە گەنج دەبنینین، وەك حزبی سیاسی بە چاوی حزبی گەنج دەبینین، وەك ڕێكخراوەكان بە چاوی ڕێكخراو گەنج دەبینین، هەر بۆیە بۆ ئەوەی باشتر لە گەنج و خواستەكانی تێبگەین، دەبێت بۆ لای گەنج و قووڵایی ناخی گەنج بگەڕێینەوە، دەبێت منی باوك بگەڕێمەوە بۆ لای كچەكەم و كوڕەكەم و لە ناخی گەنجانەی ئەوانەوە جارێكی دیكە ناخیان بخوێنمەوە. ئێستا پێویستمان بە جۆرێك لە گۆڕینی ئەم هاوكێشە هەیە، دەبێت هاوكێشەیەكی تازە دروست بكەین و لە خۆمان بپرسین: چۆن سەیری ئەم گەنجە دەكەین كە پڕە لە پرسیار و ڕەخنە و پەیمان و ویستی كار؟، بۆیە دەبێت دیگەی پێشوومان بۆ بینینی گەنج لەسەر خانەوادە و حزبی سیاسی و دامەزراوەكانی دەوڵەت بگۆڕین و لە ناو گەنجەوە سەیری گەنج بكەین، بۆ ئەوەی بزانین لە ناو كێشەكانیان چین و چۆن ئەو كێشانەیان بۆ چارەسەر دەكەین.

ئێمە ئەم دیالۆگە دەكەین بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری ناڕەزاییەكانی گەنجان بدەینەوە، بۆ ئەوەی ئەو بیروبۆچوون و هزرە جوانانەی ئێوە لە ڕاپۆرتێكدا بڵاو بكەینەوە.

 

Top