مەلا مەحموودی تاوەگۆزی بۆ گوڵان: پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و ئایینزاكان نموونەیەكی جوانی میانڕۆیی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە لە كوردستاندا
مەلای كورد توانیویەتی ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلام لە ناو كۆمەڵگەی كوردیدا بپارێزێت، ئەوان شارەزاییەكی باشیان لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەكانی پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت) هەیە، هزری توندوتیژی و نامۆ و حزبایەتی بە ناوی ئیسلامەوە لە ناو كورددا جێگای نەبووەتەوە.
مەلا مەحموود مەلا محەمەدی تاوەگۆزی پێشنوێژ و وتارخوێن و شارەزا لە شەریعەت و فقهی ئیسلامی لە هەردوو دیوی كوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات وانەی ئایینی وتووەتەوە، لەم دیدارەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان جەختی لەسەر ئەو پەیامە پیرۆزی ئیسلام كردەوە كە خوای گەورە و میهرەبان بە پێغەمبەر (د.خ) و موسڵمانانی فەرمووە و، هانی داون بۆ كاری چاكە و خێری بەشەرییەت و پێكەوە ژیان، لێرەدا دەقی وتەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* بەو پێیەی تەمەنێكی درێژتان لە خوداپەرستی و وانەوتنەوەدا بەسەر بردووە و زانیارییەكی باشتان لە شەریعەتی ئیسلامیدا هەیە، دەكرێت باسێكی ئەو ڕەسەنایەتییەی ئایینی پیرۆزی ئیسلاممان بۆ بكەیت كە مەلای كوردمان پێی بەناوبانگە؟
- مەلای ئایینی كورد خاوەنی مێژوویەكی پڕ شانازییە و خزمەتێكی زۆری ئایینی پیرۆزی ئیسلام و موسڵمانانیان كردووە، بوونی ئەو ژمارە زۆرەی مزگەوت و تەكییە و خانەقا و حوجرەكان و پەروەردەكردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەركردە و كەسایەتی و شاعیر و ڕۆشنبیر و پیاوچاكی كورد، بەڵگەی جوانیی پەروەردەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، خۆ ئەگەر كۆشش و جوهدی ئەوان نەبووایە، نەك تەنیا كوردستان، بەڵكو زۆر مەملەكەت و وڵاتی دیكەی ئیسلامی ئەو ئاییندارێتییەی تێدا نامۆ دەبووەوە، ئەوە مەلای كورد بوو ئایینی ئیسلامی گەیاندە شوێنەكانی دیكە و لە ئێستاشدا مەلای كورد لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەوروپا و ئەمریكا ڕۆڵێكی جوان بۆ خزمەتكردنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و موسڵمانان دەگێڕن. لە ناو كورددا زانای گەورەی بەرهەم هێناوە، وەكو شێخ ئیبن سەڵاحی شارەزووری، هەر خۆی لە خۆیدا ئیمامی نەوەوی زانایەكی دیار و گەورەی موسوڵمانانە، فەقێی ئیبن سەڵاحی شارەزووری بووە، كە موسڵمانان تا ئەمڕۆش سەرقاڵن بە خوێندنەوەی نووسینەكانیەوە، مەلای كورد لە ڕووی فقهی و تەفسیر و هەموو زانستەكانی دیكەی ئایین و لێكۆڵینەوە و شیكردنەوەی فەرموودەكانی پێغەمبەرمان(د.خ) خاوەنی چەندین كتێبی گەورەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن، لەمەش گرنگتر مەلای كورد ڕێگەی نەداوە بیری هەڵە و نامۆ بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام بهێنرێتە ناو كۆمەڵگەی كوردستانییەوە و ڕەسەنایەتیی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان پاراستووە، هەر بۆیە لە ناو كورددا توندوتیژی و زیانگەیاندن بە موسڵمانان و پێكهاتەكانی دیكەی ئایینی و ئایینزاكانەوە نەكراوە و ناكرێت.
* مەلای كورد جگە لە ئەركی خوداپەرستی و پێگەیاندنی موسڵمانان ئەركی نەتەوەیی و پاراستنی خاك و نیشتمانەكەشیان لە ئەستۆ بووە، لە هەموو شۆڕش و ڕاپەڕینەكاندا پاڵپشتیی پێشمەرگە و شۆڕشیان كردووە، ئایا ئەمەش هەر بۆ ئەو شارەزایی و ڕەسەنایەتییە گەڕاوەتەوە؟
- ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ هەموو بەشەرییەت هاتووە و ڕێزی لە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانیش گرتووە، خودای گەورە و میهرەبان لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێ: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَي وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ إِنَّ اللَّهَ عَلِيمٌ خَبِيرٌ)،)، واتە: هەروەكو چۆن ئێوەم خەڵق كردووە بە نێر و مێ و بەسەر نەتەوە و هۆز و تیرەدا دابەشم كردوون بۆ پێكەوە ژیان، دیوێكی دیكەی ئەم ئایەتە پیرۆزە بوونی نەتەوە و هۆزە، پێغەمبەرمان (د.خ) كە مەككەی بە هۆی زوڵمی كافرەكان بەجێ هێشت، فەرمووی: «تۆ خۆشەویسترین وڵاتی بۆ من»، لێرەدا مەبەستی شاری مەككە بوو.
مەلای كورد پیاوی دینی و پیاوی دونیایی بوون و ئەركی كوردایەتیشیان لەسەر شان بووە و خزمەتی نەتەوەو ئایین و خاكیان كردووە، خۆ لە سەردەمی شۆڕشەكانی كورد وەكو ئێستا نەبووە كە كەس پرسیان پێ نەكات و ئەو هەموو هزر و بۆچوونە نامۆ و دوور لە كوردایەتی و ئایینە دەرخواردی ئەم میللەتە مەزڵوومە دراوە و، هەر یەكەو بیروڕا و بۆچوونێكی دوور لە كورد و كوردایەتیی هەیە، سەركردەكانی كورد هەر لە پێشەوا و شێخ مەحموود و شێخانی بارزان و مەلا مستەفا بارزانی و شێخ سەعیدی پیران و زۆربەی سەركردە و پیاوچاكانی كورد، جگە لەوەی ئەهلی مزگەوت و پەروەردەی خانەقا و حوجرە و تەكییە بوون و، لە بنەماڵەی ئایینیدا پەروەردە كرابوون، پاڵپشتیی مەلای كوردیشیان دەكرد، بۆ پەروەردەكردن و ئاراستەكردنی نەتەوەكەیان بۆ كاری چاكە و بەرگریكردن لە مەزڵووم و دژایەتیكردنی داگیركەر، لە سەردەمی شۆڕشدا ئەگەر گرفتێكی كۆمەڵایەتییش هەبووایە، لە رێگەی مەلاكانەوە چارەسەر كراوە، خەڵكیش گوێڕایەڵی مەلا بوون، لەو سەردەمەدا مەلای كورد پاڵپشتیی شۆڕش و پێشمەرگەیان كردووە و تاكی كوردیان بە ئاراستەی خۆشەویستیی خاك و نیشتمان و نەتەوە پەروەردە كردووە.
* تا چەند ئەركی مەلای ئایینی پیرۆزی ئیسلامە كە كۆمەڵگە و نەتەوەی كورد لە دووبەرەكی و فیتنە و ئاشووب بپارێزێت، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا كە ئەجیندە و دەستی دەرەكی گرفت و كێشە دەنێتەوە؟
- دووركەوتنەوە لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و دروستبوونی ئەو هەموو حزب و فكرەی نامۆ بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و بێسەروبەریی ڕاگەیاندن و سۆشیالمیدیا و لەخشتەبردنی گەنجەكانمان، هۆكاری سەرەكیی دووبەرەكی و فیتنەیە لە ناو ڕیزەكانی گەلی كوردستاندا، كورد كێشەی ئاینی و نەتەوەیی نەبووە، ئەوەی هەیە كێشە و ناكۆكیی نێوان حزبەكانە، لەم نێوەندەدا مەلای كورد ئەركی ئیسڵاح و ئاشتەوایی و خێر و بەزەیی بۆ تاكەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستانی جێبەجێ كردووە، ئەوەتا لە ئایەتێكی قورئانی پیرۆزدا هاتووە و پەروەردگار بە پێغەمبەرەكەی دەڵێت: (وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلا رِحْمَةً لِلْعَالَمِينَ)، لە فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) دەفەرموێت: (المسلم أخو المسلم، لا یظلمه، ولا یخذله، ولا یكذبه، ولا یحقره..) هەر بۆچوونێكی نامۆ بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و كەلتووری كوردەواری كە لێرە دروست بووبێت، بە هۆی حزبەكانەوە بووە، تەنانەت حزبە علمانییەكان علمانییەكانی دیكەیان قبووڵ نییە و بە پێچەوانەشەوە حزبێكی ئیسلامی حزبێكی دیكەی ئیسلامی قبووڵ نییە و خۆیان پێ ڕاستترە، بوونی ئەو هەموو حزبە و دژایەتیكردنی یەكتر هۆكاری نانەوەی دووبەرەكی و پشێوی و ناكۆییە، بە پێچەوانەوە گەلی كورد كێشەی نێوان نەتەوە و ئایین و ئاینزاكانی نییە، ئەوەی هەیە ناكۆكی و ناتەبایی و گرفتی نێوان حزبەكانە، حزبە علمانییەكان بەرنامەی ڕۆژئاوایی و دوور لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان هێناوە و حزبە ئیسلامییەكانیش هزری نامۆ بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام و كەلتووری كوردەوارییان بۆ هێناوین و توندوتیژیان خستۆتە ناو ئایینەكەمانەوە، لە كاتێكدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام دوورە لەو هەڵسوكەوت و قسانە. من داوا لە چین و توێژەكان و مامۆستایان و مامۆستا و مەلای ئایینی دەكەم كە ڕووبكەنە كاری ئیسڵاح و باشە و لە حزبایەتی و دووبەرەكی و نیفاق دوور بكەونەوە، لە ناو هەموو نەتەوەیەكدا سەركردەیەك، یان پیاوچاكێك هەبووە و هەمووان بە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینەوە گوێڕایەڵی بوون و لەكاتی ناخۆش و دووبەرەكی و ناكۆكیدا گەڕاونەتەوە و پرس و ڕایان پێ كردووە بە هاوشێوەی باوك بۆ خێزان، ئەم سەركردە و پیاوچاكانە ڕێگرییان لە كەسانی گێرەشێوەن و فیتنەگێڕ كردووە، بەداخەوە لەم چەرخەدا بەتایبەتی لە ناو كورد وای لێ هاتووە خەڵكان هان دەدرێن بە قسەی سەركردە و پیاوچاكەكانیش نەكرێت و دژی هەموو ئامۆژگاری و ڕێنیشاندەرێكی باش بن. لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا هەر سەرۆك و سەركردەیەك كاری چاكەی كرد و میللەتەكەی هان دا بۆ ڕێگەی ڕاست، نابێت موسڵمانان دژی بوەستنەوە. كورد دەبێت جیاوازی بكات لە نێوان پرسی نەتەوە و خاك و نیشتمان لەگەڵ بیروبۆچوون و هزر و ئایدیۆلۆژییەت، ئەگەر كورد ڕابەرایەتییەكی باش نەكرێت، ئازار و مەینەتییەكانمان هەر بەردەوام دەبێت.
* ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام چییە لە دژایەتیكردنی توندوتیژی و چاندنی تۆوی پێكەوە ژیان و لێبووردەیی؟
- ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نییە بە زۆر خەڵكی بكرێتە موسڵمان، تەنانەت خودای گەورە و میهرەبان بە پێغەمبەرەكەی (د.خ) دەفەرموێت: كەس بە زۆر نەكرێتە ئیسلام. ئایینی پیرۆزی ئیسلام بۆ بەشەرییەت هاتووە (بە موسڵمان و ناموسڵمانیشەوە)، لەبەر ئەوەی مامۆستا و مەلای ئایینی ئیسلام لە ناو كورددا هەڵگری زانست و زانیاری بوون، بۆیە ڕێگەیان نەداوە بە هزری توندوتیژ و نامۆ زیان بە ئایینەكە و كۆمەڵگە و وڵات بگەیەندرێت. بوونی ئەو هەموو ئایین و ئایینزا و مزگەوت و كەنیسە و پەرستگەیە، نموونەیەكی جوانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، تەنانەت چەندین ئایینزای دیكە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و، لێرە هەرگیز ئازار نادرێن، بەڵام بەداخەوە سیفات و هەڵسوكەوتی مونافقی زیاد بووە و بڵاو بووەتەوە، لە سەردەمی پێغەمبەریشدا دووبەرەكی و نیفاق هەبووە و لە زۆربەی جیهادەكاندا كەسانێك هەبوون موسڵمانانیان لە غەزا و هەڵمەتەكان سارد دەكردەوە، لەم سەردەمەشدا لە چەندین شۆڕش و ڕاپەرینی گەلەكەماندا كەسان و گرووپێك هەبوون كە زیانیان بە دۆزی ڕەوای كورد گەیاندبێت.
من هەموو ئەم گرفت و كێشە و دەردەسەرییەی تووشی بووین، بۆ خراپیی پەروەردەی منداڵ و خێزان دەگەڕێنمەوە، منداڵ لە ناو خێزانەوە تاوەكو خوێندنی قۆناغی سەرەتایی و دواتر قۆناغەكانی دیكەی خوێندن تاوەكو قۆناغی زانكۆ هەمووی لایەنی پەروەردەیی تێدا فەرامۆش كراوە، هەمووان سەرقاڵی بەدەستهێنانی نمرەی باشن، كەس گوێ بە لایەنی پەروەردە و هوشیاری نادات، هەندێك لە مامۆستایان بە ئەركی دینی و دونیایینی خۆیان هەڵناسن و منداڵەكانمان فێری كار و ڕەفتاری باش ناكەن، منداڵ وەكو نەمامێك ئەگەر بە خواری بیچێنیت، لە گەورەییدا ڕاست ناكرێتەوە، مامۆستایانی قوتابخانە دەبێت لە پۆلدا دوور بكەونەوە لە حزبایەتی و چاندنی هزر و بۆچوونی خۆیان، ئەركی ئەوان پەروەردە و خوێندنە نەك حزبایەتی و ئاراستەكردنی قوتابییەكان بەو ڕێگەیەی خۆیان پێیان خۆشە، لایەنێكی دیكەی تێكچوونی شیرازەی خێزان و پەروەردەیی، بۆ ئەو بێسەروبەرییەی ڕاگەیاندن دەگەڕێتەوە كە بێ سانسور سەدان بابەتی سەقەت و دوور لە كەلتووری كورد و ئایینی پیرۆزی ئیسلام پەخش دەكەن، هەر كەسێك خۆی نەنانسێت، ناتوانێت خودای گەورە و میهرەبانیش بناسێت، فەرموودەیەكی پێغەمبەر (د.خ) هەیە دەفەرموێت: (المسلم من سلم المسلمون من لسانه ویده).