خوێندنی زمانی كوردی، پەروەردە و دەوڵەت (تیۆرییەكانی خوێندنی زمان)

خوێندنی زمانی كوردی،  پەروەردە و دەوڵەت  (تیۆرییەكانی خوێندنی زمان)

 

 

 

ئامانجی خوێندنی زمان، پێوەرەكان و هەڵسەنگاندن

لێرەدا هەوڵ دەدەم ئامانجەكانی خوێندنی زمان دەستنیشان بكەم، بەپێی تیۆرییەكان، هەڵبەتە ئەمە هەنگاوی یەكەمە، پێویستە لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕان دەوڵەمەندی بكەن.

بەگشتی، ئامانجی سەرەكیی خوێندنی زمانی زیندوو، ئەو زمانەی قسەی پێ دەكرێت، فێرخواز بتوانێت پەیوەندی بكات بە ئاخافتن و نووسین. ئامانجی خوێندنی زمانی مردوو گرنگی دەدات بە ڕێزمان و وشە، نەك پەیوەندییەكان و كارلێكە كۆمەڵایەتییەكان بوونیان نییە، وەك خوێندنی زمانی سۆمەری، لاتینی و سانسكریتی.

پرۆسەی پەروەردە دەبێت ئامانجی نیشتمانی و ئامانجی قوتابی\خوێندكار بپێكێت، وابەستە بێت بە بەهاكانەوە (Gachukia Eddah and Chung Fay) ئەمەش زیاتر لە خوێندنی زماندا دەردەكەوێت، تا ماددەكانی دیكە، سەلمێندراوە و، لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا كە زمان پێویستییەكی سەرەكییە بۆ بنیادنانی تاك و كۆمەڵگە.

١- ئامانجی خوێندنی زمانی فەرمیی دەوڵەت

كادری كارامە دروست بكات و بتوانێت بە باشی (تەكنیكی ئاخافتن و نووسین، ڕێزمان لە قسەكردن و نووسیندا). دەربڕ\تەعبیر لە خۆی بكات، بە زارەكی و نووسین لە پەیوەندیی گشتی (دەزگاكانی دەوڵەت) كەرتی تایبەت و كۆمەڵایەتییەكاندا، لە ڕێی كارلێكە كۆمەڵایەتییەكانەوە زمان و هرزی فێرخواز پەرە پێ دەدات، بۆیە دەبێت بەرنامەكانی خوێندنی زمان سەردەمیانە بن و گرێدراو بن بە ژینگە و ژیانی فێرخوازەوەوە.

كەلتووری بیری ڕەخنەیی(هەڵوەستە\موقفAttitude) پەرەپێدانی ئارگیومێنت و مشتومڕ لە فێرخوازدا بچێنێت، دەربارەی ڕووداوەكانی ژیان، كۆمەڵگە، جیهانگیری و میراتی ئەدەبی و ئەدەبی سەردەم.

جەخت بكات لە بەكارهێنان و چاندن و پەرەپێدانی بەهاكان لە ئاخافتن\زارەكی و نووسیندا، ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی یەكسانیی نێر و مێ، پابەندبوون بە كاتەوە، گەشەدانی لایەنە ئەرێنی و ئالنگاریی لایەنە بەرانبەر و فرەكەلتووری، نەرێنییەكانی كەلتوور، هاندان و پاڵنەر بێت بۆ كاری هەرەوەزی و سەختكۆشی، پیرۆزكردن و بەرزڕاگرتنی دەزگا خزمەتگوزارییەكانی دەوڵەت (قوتابخانە، نەخۆشخانە) گرنگیدان بە تەندروستی و ژینگە، ڕێزلێنان لە كاری كارامە و ناكارامە...هتد.

تێبینی:

ئەدەب و مێژوو دوو ماددەی خوێندنی سەربەخۆن، فێربوون و بەدەستهێنانی زمان وابەستە نییە بە ئەدەبەوە، زمانی ئینگلیزی، زمانی فەرمییە لە چەندین وڵاتدا كە پتر لە ١.٥ بلیۆن دانیشتووانیان هەیە، ئەمانە هەموویان ئەدەبی ئینگلیزی ناخوێنن. بەڵام دەكرێ بابەتی ئەدەبی و دەقی مێژوویی لە سیاقی خوێندنی زماندا بخوێندرێن.

٢- ئامانجی خوێندنی زمانی پێكهاتەكان

خوێندنی زمانی پێكهاتەیەك كە جیاوازە لە زمانی فەرمیی دەوڵەت، بە ئەو ئامانجە پڕۆگرامی بۆ دادەنرێت كە فێرخواز فێر بكات و بتواێنت بە زمانی دایك بنووسێت و بخوێنێتەوە، هەروەها ئاشنای بكات بە كەلتوور و مێژووی، بۆیە بابەتەكانی خوێندنی زمان بە مێژوو، ئەدەب و كەلتوورەوە گرێ دراون.

تێبینی:

خوێندنی زمانی كوردی لە بازنەی خوێندنی زمانی پێكهاتەیەك دەرنەچووە و قەتیس ماوە، گرنگی دەدات بە ئەدەب و مێژوو.

٣- ئامانجی خوێندنی زمانی دووەم

فێرخواز بتوانێت بە زمانی نوێ\دووەم قسە بكات و بخوێنێتەوە و بنووسێت لە سادەترین فۆرمدا، ئەمەش پێویستی بە فرە پەیڕەویكردنێكی بەردەوامە، بۆیە دەبێت قوتابی\خوێندكار ئاشنا بكات بەو وشە و ڕستە و دەستەواژانەی كە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەكاردێن، بابەتەكانی بلكێن بە پێویستییەكانی كەسێك بیەوێت، بخوێنێت، سەردان، یان بژی لە وڵات و كەلتوورێكی نوێدا.

تێبینی:

خوێندنی ئەدەب و مێژوو لە بابەتەكانی فێربوونی زمانی دوو نین كە خراونەتە پڕۆگرامەكانی خوێندنی زمانی دوو لە كوردستان و عێراقدا. جگە لە ئینگلیزی بەرنامەكانی خوێندنی زمانی دوو لەسەر بنەمایەكی زانستی دانەڕێژراون.

پێوەرەكان:

لەسەر بنەمای تیۆرییەكان و ئامانجەكانی خوێندنی زمان دەتوانرێت چەند خاڵ دەستنیشان بكرێت بۆ نووسینی بەرنامەی خوێندنی زمان و هەڵسەنگاندن.

١- پەیوەندییەكان دەبێت لە خوێندنی زماندا بەشێكی گرنگ بن.

پڕۆگرامەكانی خوێندنی زمان بەو ئاراستەیە بنووسرێن كە یارمەتیی فێرخواز بدات بۆ فێربوون و گەشەسەندنی ئاخافتن و نووسین بە باشی بۆ پەیوەندیكردن لە بوارە فەرمی و كۆمەڵایەتییەكاندا.

فێرخواز لە تەمەنی ٧ -11 ساڵەوە بتوانێت بە ئاخافین گوزارشت لە خۆی بكات هەنگاو بە هەنگاو ئاشنا بكرێت بە نووسین لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانی خۆیدا، وەك نووسینی كارت لە بۆنەكاندا و ڕووداوەكانی دەوروبەری. لە دوای ١١ ساڵەوە پڕتر و چڕتر لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتی و فەرمییەكاندا. توانای هەبێت لە دەقی بیستراو و نووسراوی چاپەمەنییەكان و میدیاكان تێبگات.

تێبینی:

پەیوەندییەكان بوونیان نییە لە بەرنامەی خوێندنی زمانی كوردیدا، ئەمەش لاوازترین خاڵی بەرنامەكەیە.

بەرنامەی خوێندنی زمانی ئینگلیزی لە بەریتانیا (ئینگلتەرا) گرنگی دەدات بە پەیوەندییەكان، ئەو قوتابییانەی كە فێری قسەكردن، خوێندنەوە و نووسین نابن بە شێوەیەكی ڕەوان و متمانەبەخۆبوون، بە شێوەیەكی كاریگەر لە مافی خۆیان بێبەش دەكرێن.٤

٢- سامانی وشە، پێویستە بە زمانێكی پاراو و ڕوون، بە ڕستەی تەواو قسە لەگەڵ كۆرپەدا بكرێت و، ئاشنا بكرێت بەو شتانەی دەوروبەری بە وشە\ناوەكانیان، گرنگە سامانی وشە لە منداڵییەوە دەوڵەمەند بكرێت. لە پرۆسەی خوێندنی زماندا ئەولەوییەتی پێ بدرێت، زیاتر لە بەشەكانی دیكەی ڕێزمان، بە گوتەی چۆمسكی ئەو بەشەی مێشك وشەی بە ڕێی خۆی ڕستە دروست دەكات بێ كۆتایی.

تێبینی:

بەرنامەی خوێندنی زمانی كوردی گرنگی دەدات بە وشە و وشەسازیی كوردی و خۆی پاراستووە لە وشەی بێگانە، بەڵام كاریگەریی مێژوو و كەلتووری دینی و ژیانی سەردەم بەتایبەتی شۆڕشی ئینتەرنێت وشە ناكوردیەكان تەشەنەیان كردووە و بوونەتە بەشێك لە گوتاری سیاسی، كۆمەڵایەتی و دینی. بە شێوەیەكی بەرفراوان بەكاردێن لە میدیای نووسراو و بیستراودا. نەخوێندنیان لە سیستەمەكەدا كاریگەریی نەرێنی لەسەر تێگەیشتنی فێرخواز دادەنێت.

پاككردنەوەی زمان لە وشەی بێگانە ئەركێكی نیشتمانیی پیرۆزە، بەڵام نابێت كاریگەریی نەرێنی لێ بكەوێتەوە. لە بەریتانیا ساڵانە بڕیار دەدەن چەندین وشەی بێگانە بخرێنە ناو فەرهەنگی ئۆكسفۆردەوە، لە قوتابخانەكاندا دەخوێندرێن.

زمانی فارسی تازە پتر لە ١٢٠٠ ساڵە پێی دەنووسرێت، پڕە لە وشەی كوردی و عەرەبی، كارئاسانی بۆ زمانەكە كردووە، سوودیان لێ وەگرتووە.

٣- نووسین (داڕشتن) پێویستە جۆرەكانی نووسین بە باشی بخوێندرێن.٥

نووسین چالاكییەكی مەعریفیی زۆر ئاڵوزە، چەندین لایەنی مەعریفی لەخۆ دەگرێت، لەوانە: ڕێزمان، زانیاری دەربارەی بابەت ئامانج (بۆچی دەنووسرێت؟)، خوێنەر(بۆ كێی دەنووسێت؟)، ڕەچاوكردنی بەهاكان و لایەنە كۆمەڵایەتییەكان، پابەندبوون بە ڕێنماییەكان و...هتد. فێربوونی نووسین پۆلێن كراوە بۆ چەند جۆرێك و هەیكەل و فۆرمی بۆ دانراوە، كارئاسانی دەكات و یارمەتیی قوتابی\خوێندكار دەدات باشتر بیرۆكە و ئایدیاكانی بنووسێت و پەرەیان پێ بدات. لەبەر گرنگیی بابەتەكە ئاماژە بە هەندێكیان دەكەم.

- نووسینی گێڕانەوە، لە بنەڕەتدا بریتییە لە گێڕانەوەی بابەتێك، وەك: چیرۆك، ڕووداو، ژیاننامە بە شێوەی نووسراو بە مەبەستی پاڵنەر، پەروەردەكردن، یان تەنیا سەرگەرمكردنی بینەر.

- نووسینی وەسفی، هاوشێوەی نیگاركێشانی وێنەیەك دروست دەكات بە وشە، سود وەردەگرێت لە هەستكردن و هەستەكان (بینین، بیستن، تامكردن، دەستلێدان، بۆنكردن) تا بە ڕوونیی بگەیەنێتە خوێنەر.

- نووسینی قایلكەر، ئامانجەكەی ڕازیكردنی خوێنەرە لەگەڵ ئامانجەكانی نووسەر. نووسەر هەڵوێستێكی یەكلاكەرەوە لەبارەی شتێكەوە دەگرێتەبەر، جا لایەنگری بێت، یان دژی، داوا لە خوێنەر دەكات یارمەتی بدات، لەگەڵیدا هاوڕا بێت، دەرباری بابەتێك، وەك نامەی فەری، بانگەشە بۆ بابەتێك.

- نووسینی ڕوونكردنەوە، نووسینی ڕوونكردنەوە بە شێوازێك دەنووسرێت كە چەمكێك ڕوون بكاتەوە، یان زانیاری لەگەڵ ئامادەبووان هاوبەش بكات، هەروەها ڕێنمایی و تێڕوانین سەبارەت بە بابەتێكی دیاریكراو پێشكەش بكات. یەكێكە لە باوترین جۆرەكانی نووسین و بە شێوەیەكی تایبەت لە شێوازەكانی دیكەی نووسینیشدا هەیە. لەبەر ئەوەی زانیاری دەخاتە بەردەم خوێنەران، هەندێك جار بە نووسینی زانیاری ناودەبرێت.

تێبینی:

یەك شێوازی نووسین دەخوێندرێت (نووسینی وەسفی)، تەسك كراوەتەوە دەربارەی چەند بابەتێكی دیاریكراو، تاڕاددەیەك نووسینی داڕشتن دەستاودەست دەكرێن بۆ لەبەركردن.

بەشی ٥- دەرئەنجام و پێشنیارەكان

ئەوەی جێگەی پرسیار بوو، ئەوەیە كە بەرنامەی خوێندنی زمانی كوردی لەچ ئاستێكدایە بۆ دروستكردنی كادر بۆ كۆمەڵگە و دەوڵەت؟ بۆیە كورتەیەك لە مێژووی خوێندنی زمانی كوردی لە كوردستان و عێراقدا خرایە ڕوو و تایبەتمەندییەكانی دەستنیشان كران و، بۆمان دەركەوت كە بەرنامەكە تا ئێستا لەسەر بنەمای فكریی پەروەردەی عێراق دانراوە، كە نزیكەی ١٠٠ ساڵە كاری پێ دەكرێت! پەیوەست كراوە بە مێژوو و ئەدەبەوە. ئەمەش لەگەڵ ژیانی سەردەم و ژینگە و ژیانی قوتابی نایەتەوە. تایبەتمەندییەكانی خوێندنی زمانی فەرمیی دەوڵەت لەخۆ ناگرێت، كە گرنگیی بە پەیوەندی فەرمی و كۆمەڵایەتی دەدات.

چوار تیۆری فێربوون و بەدەستهێنانی زمان بە كورتی خرانە ڕوو، بەپێی تیۆرەكان ئامانجی خۆێندنی زمان دەستنیشان كرا، هەروەها چەند پێوەر دەستنیشان كران بۆ هەڵسەنگاندن و نووسینی بەرنامەی خوێندنی زمان: پەیوەندییەكان دەبێت بەشێكی گرنگ بن لە خوێندنی زماندا، گرنگیدان بە سامانی وشە و پێویستە جۆرەكانی نووسین بە باشی بخوێندرێن.

گەشەسەندنی زمان و خوێندنی بە شێوەیەكی زانستی، نەك تەنیا ڕەوانیی زمانی لێ دەكەوێتەوە، بەڵكو ئاسۆی هزر و بیر فراوانتر دەكات.

پێشنیارەكان:

١- پێویستە گرنگی و پێشەنگی بدرێت بە خوێندنی زمان زیاتر لە بابەتەكانی دیكەی خوێندن.

تەنیا ماددەیەكی خوێندنە كە سەربەخۆ تیۆری بۆ دانراوە بۆ فێربوون و بەدەستهێنانی لەلایەن پسپۆڕانی جیاوازەوە، بەتایبەتی دەروونناسی و كۆمەڵناسی، چونكە زمان بنەمایە بۆ گەشەدانی تاك و كۆمەڵگە، بۆیە پێویستە دانانی بەرنامەكانی خۆێندنی زمان لەلایەن تیمێكەوە دانرێن كە پسپۆڕانی زمان، دەروونناسی و كۆمەڵناسی، پەروەردەیی لە خۆ بگرێت.

 ٢- پێویستە بنەمای داڕشتنی بەرنامەی خوێندی زمان بگۆڕدرێت و لە كاریگەریی پەروەردەی عێراق ڕزگاری ببێت.

٣- نووسین (داڕشتن) لە قەیراندایە، پێویستە شێوازی فێربوونی نووسین بگۆڕدرێت.

٤- بەشی خۆێندنەوە نۆێ بكرێتەوە، گرێ بدرێت بە ژیانی سەردەمەوە زیاتر لە بابەتی گشتی و مێژوویی، هەروەها گرنگە تیۆرییەكانی خۆێندنی زمان لە خۆ بگرێت، بە شێوازێكی سادە بنووسرێن.

٥- بەرنامەكانی خوێندنی زمانی دوو، پێویستە لەسەر بنەمای زانستی فێربوونی زمانی دوو دابڕژدرێن.

پەڕاوێزەكان:

١) بەراوردكردنی خوێندنی زمانی ئینگلیزی و ئەدەبی ئینگلیزی، لە دوا ساڵی ئامادەیی

GCSE English literature V GCSE English study.

2)

 https://en.wikipedia.org/wiki/The_Theory_of_Communicative_Action )  

٣) دەربارەی فكری ساتیع الحوسەری، بنواڕە كتێبەكەی ماهیە القومیە، بە زمانی عەرەبی، داگرتن https://kcdevorg.files .

 4)

https://www.gov.uk/government/publications/national-curriculum-in-england-english-programmes-of-study/national-curriculum-in-

5)

england-english-programmes-of-study

https://research.com/tutorials/guide-to-the-different-types-of-writing .

 سوود لەم تێزەوەگیراوە.

 

Top