ئەسما جاف:ئەگەر تەماشایەكی مێژوو بكەین لە رووە شیعریەكەیەوە بۆمان دەردەكەوێت كە تەنها شیعرێك بۆتە هۆكاری سەركەوتنی گەلێك

ئەسما جاف:ئەگەر تەماشایەكی مێژوو بكەین لە رووە شیعریەكەیەوە بۆمان دەردەكەوێت كە تەنها شیعرێك بۆتە هۆكاری سەركەوتنی گەلێك

دیمانە (مریوان حەكیم جەباری)

خانمە شاعیری لاو ئەسما عەلی عەبدولرەحمان ناسراو بە ( ئەسما جاف ) زیاتر لە دە ساڵە شیعر دەنووسێت و لەمدواییانەشدا لە گۆڤار و رۆژنامەكان شیعرەكانی بڵاو دەكاتەوە. ئەسما جاف لە ساڵی ١٩٨٨ لە شاری كەلار لە دایك بووە. بروانامەی ماستەری لە وڵاتی رووسیا بەدەستهێناوە و لە ئێستادا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە، لە دیدارێكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموونی كاری هونەری خۆی دەكات.

ئەسما جاف:ئەگەر تەماشایەكی مێژوو بكەین لە رووە شیعریەكەیەوە بۆمان دەردەكەوێت كە تەنها شیعرێك بۆتە هۆكاری سەركەوتنی گەلێك

ـ چۆن دەڕوانیتە ئەدەبیاتی كوردی؟

ئەدەبیاتی كوردی بە بروای من هیچی لە ئەدەبیاتی میللەتانی دیكە كەمتر نییە بگرە میللەتانی وەك تورك و فارس و عەرەبیش سوودیان لە ئەدەبیاتی كوردی وەرگرتووە. بەڵام بەداخەوە بەهۆی پەرتەوازەییمان هەمیشە ئەدەبیاتی ئێمە لە ناو گەلانی دیكە ون بووە و ئاماژە بە ئەدەبیاتە كوردییەكان نەكراوە.

ـ شیعر بۆ تۆ چ مانایەكی هەیە؟

_ژیان بەبێ شیعر بێ ڕەنگە بە ژیان ناوی دەبەم، چونكە شیعر لە ڕووبەرێكی هێندە فراوانەوە دەخولقێت ناتوانین تەنها لە گۆشەیەكەوە خوێندنەوەی بۆ بكەین.

ـ لە كەیەوە دەستت بە نووسین كردووە؟

_لە تەمەنێكی كەمەوە خولیای نووسینی شیعرم هەبووە، چەندین جار لە چالاكییەكانی قوتابخانە شیعرم پێشكەش كردووە. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بابەت و شیعرەكانم لە گۆڤار و رۆژنامەكان بڵاو دەكەمەوە.

ـ پەیامی تۆ بۆ ئێستای گەنج لەڕووی ئەدەبیاتەوە چییە ؟

_لە راستییدا گەنج دەبێ خۆی هەوڵبدا گۆڕانكاری دروست بكات، ناكرێ ئێمەی گەنج هەمیشە چاوەڕێی لایەنی دیكە بكەین بۆ ئەوەی زانیارییەكان بخاتە بەردەستمان، ئەوەی هەیە دەكرێ بە خوێندنەوەی كتێبێك مێشك و ئاستی بیركردنەوەی گەنجێك بگۆڕێت لە گەنجێكی بێ هیواوە بۆ دروستبوونی گەنجێكی خاوەن ئیرادە بۆیە هەمیشە خۆێندنەوە گرنگە .

ـ شیعرەكانت چی ڕێبازێك دەیگرێتەوە؟

_شیعری سەربەست دەنووسم سەر بەڕێبازی سوریالیستە یان سوریالیزم، هەروەها قەسیدەش دەنوسمو و چێژی زۆریان لێدەبینم.

ـ لە بواری نووسینی شیعر هیچ مامۆستایەك هاوكارت بووە؟

_لەسەرەتادا هیچ كەس هاوكارم نەبوو تەنها خۆم هەوڵم دەدا، بەڵام دواتر بە پێویستم زانی مامۆستایەكی بە ئەزموون هاورێ و هاوكارم بێت لە راستكردنەوەی هەرهەڵەیەك، ئەویش هاوڕێی ئەزیز و بەنرخم مامۆستا (محەمەد نادم) بوو، لێرەوە ڕێز و سوپاسی تایبەتیم بۆی هەیە..

ـ شیعر دەتوانێ گۆڕانكاری دروست بكا؟

_بەڵێ بە دڵنیاییەوە ئەگەر تەماشایەكی مێژوو بكەین لە رووە شیعریەكەیەوە بۆمان دەردەكەوێت كە تەنها شیعرێك بۆتە هۆكاری سەركەوتنی گەلێك و رووخانی گەلێكی دیكە. لە هەمان كاتتدا بۆتە ئاشتەوایی نێوان نەتەوەكان . بۆیە شیعر هەمیشە جێ دەستی لە مێژووی مرۆڤایەتییدا دیار بووە

ـ نووسینی شیعر دڵ ئێشەیە یان پڕ كێشەیە؟

_ئەتوانم بڵێم هەردووكیان، لە دڵ ئێشەدا دەینووسم تادڵم لە ئازار خاڵی بێت، هەندێ جاریش پڕكێشەیە چونكە بە هەندێك هەزم ناكرێ.

ـ لە راپەڕاندنی كارەكەت هاوكاریت كراوە؟

_نەخێر، بەڵام ئەوەی گرنگە بە لای منەوە خزمەتكردنی ئەدەبیاتی كوردییە بە گشتی چونكە خزمەتكردنی ئەدەبیاتی كوردی ناوت بەرز دەهێڵێتەوە.

ـ لەكاتی نووسینی شیعری خۆت گریاوی؟ ئەگەر گریاوی كام شیعرە پێمان بڵێ؟

بێگومان گریاوم كاتێك شیعرم بۆ كوڕە شەش ساڵانەكەم نوسیووە كە گیرۆدەی نەخۆشییەكی نەگریسە زۆر بۆ ئەو گریام، ئەو شیعرەش لە ژێر ناونیشانی (درەختی خەونم) پێشكەشتان بێت.

ـ بۆچی بەرهەمی نووسەران نەبووەتە سەرچاوەی بژوێی ژیان؟

_ئێمە لەم وڵاتە دامەزراوەیەكی وەهامان نیە تایبەت بە نووسەران بۆ ئەو بەرهەمانەی كە هەیانە و دەیانەوێت بڵاوی بكەنەوە ببێتە سپۆنسەرێك تاكوو بتوانین بەرهەمەكانمان جێگەی خۆی بگرێت ، ئەوەی هەیە نوسەر دەبێ كارێكی تری هەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ بەرهەمەكانی بەچاپ بگەیەنێ.

ـ تا چەند لە میدیایی كوردی ڕازیت یان بوونەتە سەكۆیەك بۆ دەنگی نوسەران؟

_من دەستخۆشیان لێدەكەم ئەوانیش بەپێی توانای خۆیان خزمەت دەكەن بەڵام لەئاست چاوەڕوانی نووسەران نین و لە كۆڕە شیعرییەكاندا ئامادەنین و بەرنامە و پڕۆگرامی نوێیان بۆ وێژە نییه...

ـ بۆ تا ئێستا خاوەنی بەرهەمی بڵاوكراوە نیت؟

_ئەكرێت بڵێم بەهۆی خوێندنەكەمەوە و هەندێك كاتیش بەهۆی جەنجاڵی ژیان بە گونجاوم نەزانیوە بەرهەمی خۆم بڵاو بكەمەوە ، بەڵام پشتیوان بە خودا لە داهاتوویەكی نزیكدا بەرهەمی خۆمم دەبێ .

(درەختی خەونم)

لەو ڕۆژەوەی لەمن دووری
حوزنێك لێم نابێتەوە
ڕۆژانێك هێشتا
نەمامی عومرم
چرۆی نەكردبوو
بەیەكەم دڵۆپەی باران
مژدەی (ئاخە لێوی)بەهارم پێنەدرابوو
لە یەكەم نەسیم
چرای چاوەڕوانی بە درەختی
خەونمەوە هەڵواسیبوو
گوێم بۆ مۆسیقا و گۆرانی
باڵندەی خۆزگەهەڵخست بوو
لە ئامێزی چپەی عەشقدا
رشەم دەهات
بەرلەوەی بەدەم ژانی بوون
دەرگا لەسەر شۆڕەسواری
خەیاڵم بكەمەوە
بەرلەوەی ئەسرین
خەو لە چاوەكانم حەرام
بكات و
بە ڕاموسانێك وەك توتڕك
سوور هەڵگەڕێ
خەون و هیواكانم لە پشتی
خۆر نیشتنەوە
ئەفسووس
كەوتە بەردەم زریانێكی
نەگریس و
گوێی لە ڕازی عەشق نەگرت
كە هێشتا
لەسەر ڕێی گەشانەوە و
چرۆكردن و خونچە
و پشكوتندایە...
هەوری ژان و ژوواری
سەدان ڕاز
دەمووچاوی كردۆتە مەنزڵی
خۆی و جێی ناهێڵێ
خەمێكە هاژەی دێ و كەس
گوێی لێناگرێ
یان
كەس لەم زمانەم تێناگات
تا بیخوێنێتەوە
زمانێك پیتەكانی خەمە و
ئازاری نەخۆشییەكی
نەگریسە
كە بە خوێناوی جگەر
دەنووسرێتەوە!
ئازیزە شرینەكەم
قەدەر زوبانی لاڵ
كردووم
دەی وەرەوە
دەستی پێكەنیین ڕاكێشە و
چۆك بەو دوورییەت دانێ
با قاقای پێڵاوەكانت و
تۆپی دەستی كۆڵانەكان
شوێن جێی لەسەر كوڵمی
كانگای ڕەنگە ئاسمان بێت
تا
هەموو جوانییەكان بڕژێتە
باوەشی عەشقتەوە
بەقریوەی بەریئیت دیلانێ بكە و
كۆلارە زەخرەفەكان بە ملی (با)وە
گرێ بدە
تا ببێتە ملونكەی ئاسمان و
دڵۆپەی هەورەكان بە عەترێكی
تەڕ
لە گەردنی زەویدا بتكێ
هەنگاوەكانت پڕبكە لە ژیان
بەدەم خەندەی گوڵەوە
وەرەوە ئاوێزانبە
بە دڵمەوە...

Top