پڕۆفیسۆر ستیڤن زونێس بۆ گوڵان:   ڕووسیا تەحەددی جددییە بۆ سیستمە جیهانییەكە

پڕۆفیسۆر ستیڤن زونێس بۆ گوڵان:     ڕووسیا تەحەددی جددییە بۆ سیستمە جیهانییەكە

 

 

ستیڤن زونێس پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پڕۆفیسۆری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی سان فرانسیسكۆ، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە وەك: پرسی ناتوندوتیژی، چارەسەركردنی ناكۆكی، سیاسەتی دەرەكیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و جیهانگەرایی. دامەزرێنەر و یەكەم بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆی سان فرانسیسكۆ. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە پەیوەست بوون بە بارودۆخ و پەرەسەندنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی و چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* باس لەوە دەكرێت كە ڕووسیا بە هەڵگیرساندن و بەردەوامیدان بەم شەڕە لە دژی ئۆكرانیا، نەك تەنیا بووەتە هۆی وێرانكردن و كاولكردنی ئەو وڵاتە، بەڵكو لە هەمان كاتدا بووەتە هۆی لەقكردنی پایەكانی سیستمە نێودەوڵەتییەكە، ئەو سیستمەی كە دەوترێت لەسەر بنەمای بەها و ڕێساكان بنیاد نراوە، تێڕوانینی ئێوە چییە لەم بارەیەوە و ئایا دەتوانین بڵێین ئەمە گۆڕانكاری و وەرەچەرخانێكە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بكەین كە ئەگەر مەبەست لەوە بێت كە نابێت وڵاتان پەنا ببەنە بەر بەكارهێنانی هێز بۆ داگیركردنی خاكی وڵاتی دیكە و دواتر بیكەنە بەشێك لە خاكی خۆیان، ئەوا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە تەنیا ڕووسیا ئەم كارەی نەكردووە، ئەوەتا ئیسرائیل و مەغریبیش هەمان كاریان كردووە و، خاكیان داگیر كردووە و كردویانە بەشێك لە خاكی وڵاتی خۆیان، كە ئەم داگیركارییانەش سەرزەنشت و سەركۆنە كراون لەلایەن ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە. من هیوادارم ئەم خەم و نیگەرانییە كە گوزارشتی لێ دەكرێت و دەردەبڕدرێت لە بارەی پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و پێشێلكاریی ژیان و مافی كەسانی مەدەنی بۆ هەمووان بێت، مەبەستم ئەوەیە خەمەكە بۆ هەمووان و بۆ تێكڕای بارودۆخە مرۆییەكان بێت و تەنیا پەیوەست نەبێت بە خەڵكە لێقەوماوەكانی وڵاتی ئۆكرانیاوە. ئەوەی ڕووسیا كردوویەتی لەم ڕووەوە كارێكی بێ پێشینە نییە. چونكە دەكرێت لەم ڕووەوە باس لە داگیركردنی وڵاتی كوەیت بكەین لەلایەن عێراقەوە كە عێراق ڕایگەیاند كە بووەتە بەشێك لە خاكی وڵاتەكەی، هەروەها داگیركردن و دەستەبەرداگرتنی تەیموری ڕۆژهەڵات لەلایەن ئەندەنووسیاوە، بەڵام توانرا باری داگیركارییەكە پێچەوانەوە بكرێتەوە و ڕاست بكرێتەوە -لە حاڵەتی عێراق و ئەندەنووسیادا - ئەگەرچی هێشتا داگیركاری مەغریب و ئیسرائیل بەردەوامە. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە كە ئەمەی ڕووسیا كردوویەتی بێ پێشینە نییە، بەڵام ئەوەی كە بووەتە هۆی ئەوەی دۆخەكە مەترسیدار و جددیتر بێت، ئەوەیە كە ئەم كارە (داگیركاری و دەستبەسەرداگرتنی خاك) لەلایەن ئەندامێكی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە ئەنجام دراوە، كە ئاشكرایە كاراكتەرێكی نێودەوڵەتیی گەورەیە، كە ئەم داگیركارییەش لە ئەوروپادا ڕوودەدات.

* كەواتە هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە ئەم شەڕە بووەتە تەحەددی و دژوارییەك بۆ سیستمی نێودەوڵەتی كە بە سیستمی لیبڕاڵی ناسێنراوە. ئایا پێت وایە ئەمە بزمارێكی دیكەیە كە لە تابوونی ئەم سیستمە دراوە؟

- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە بووەتە تەحەددییەكی جددی بۆ ئەم سیستمە، بەڵام هەواڵە باش و خۆشەكە لەم ڕووەوە ئەوەیە كە كاردانەوە و پەرچەكرداری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە ئاراستەی ئیدانەكردن و سەرزەنشتكردنی پێشلێكارییەكانی ڕووسیا بەرفراوان بووە، واتە ناڕەزایەتی و سەركۆنەكردنەكە بەرفراوانتر بووە بە بەراورد بە حاڵەت و كەیسەكانی دیكە كە ئاماژەم پێ كردن. بەڵام من پێی ناڵێم بزمارێك لە تابووتەكە - هەروەك ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێ كردووە-، بەڵام پێم وایە ئەمە پاشەكشە و شكستێكە تووشی ئەم سیستمە بووەتەوە. چونكە ئەم شەڕە ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت كە هێشتا ئامانج و بناغە و بەهاكانی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەدی نەهاتووە و بەرجەستە نەبوون. سەرباری هەموو ئەوانەش، واتە سەرەڕای ئەوەی كە هێزێكی گەورە و جیهانی وەك ڕووسیا بووەتە تەحەددی بۆ ئەم سیستمە و پێشێلی دەكات، بەڵام ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە جاڕی مەرگی ئەم سیستمە بدەین و بڵێین كۆتایی هاتووە. چونكە هێشتا ئەم سیستمە لە ئارادا ماوە و هێشتا شایستەی ئەوەیە كە بەرگری و پارێزگاری لێ بكرێت.

* ئاشكرایە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كاردانەوە و پەرچەكردارەكانیان لە ئاست شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیادا تەنیا كورت نەبووەتەوە لە هاوكاریكاریكردنی سەربازی و دارایی وڵاتی ئۆكرانیا، بەڵكو لە هەمان كاتدا چەندین سزای سەختی ئابووری و داراییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا پێناچێت ئەم سزایانە ڕووسیایان ناچار كردبێت كە پێداچوونە بە بڕیار و سیاسەتەكەیدا بكات لەبارەی شەڕەكەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- لە ڕاستیدا زەحمەتە هەڵسەنگاندن بۆ كاریگەری و كارایی ئەم سزا و ڕێكارانە بكەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت باس لە هەندێ ئاماژە بكەین لەم ڕووەوە، بۆ نموونە پەنابردنەبەر ئێران و كۆریای باكوور بۆ بەدەستهێنانی هاوكاری و كەرەستەی سەربازی و جەنگی، خۆی لە خۆیدا ئەوەی لێ دەخوێندرێتەوە كە ڕووسیا لە بارێكی باشدا نییە. هەروەها ڕووسیا سەركەوتوو نەبووە لە بەدیهێنانی ئامانجەكەیدا كە داگیركردنی وڵاتی ئۆكرانیا بوو. مەبەستم ئەوەیە هەموو ئەمانە پێمان دەڵێن كە كاردانەوە نێودەوڵەتییەكان و سزا سەپێندراوەكان بەرانبەر ڕووسیا هەندێ كاریگەریی بەرچاویان هەبووە. بەڵام نابێت ئەوە لە یاد بكەین كە ڕووسیا وڵاتێكی گەورەی پیشەسازییە و توانیویەتی تا ئاستێكی باشتر خودبژێوی بەدەست بهێنێت، بەراورد بە هەندێ لەو وڵاتانەی ڕووبەڕووی ئەم جۆرە سزایانە بوونەتەوە. كەواتە جێی سەرسامی و سەرسوڕمان نییە كە سزاكان بە تەنیا نەبوونەتە هۆی ئەوەی ئەم شەڕی داگیركاری و دەستدرێژكارییە ڕابگرن، بەڵام بە دڵنیاییەوە كاریگەرییان هەبووە.

* دیوێكی دیكەی ئەم شەڕە پرسی وزە و ئاسایشی وزەیە، بەتایبەتی كە ئەمە بووەتە پرس و بابەتێكی ژیاری و هەستیار بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەم ڕوانگەیەوە كە بە ڕاددەیەكی بەرچاو پێویستیان بە هاوردەكردنی وزە هەیە لە ڕووسیاوە، هەروەها حیساباتی سەربازی و پرسی بەهێزكردنی توانای بەرگری، كەواتە ئایا پێت وایە ئەم شەڕە تا چەند حیساباتی ئاسایشی وزە و حیساباتی سەربازیی ئەوروپا دەگۆڕێت؟ ئایا ئەمە چ دەرئەنجامێكی لێ دەكەوێتەوە لەسەر ئایندەی ئەو وڵاتانە؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە بە دڵنیاییەوە ئەم شەڕە ناتۆی بەهێز كردووە، چونكە سەركردە هەبوو كە پێی وابوو پێویستە ناتۆ هەڵبوەشێندرێتەوە، هەروەك چۆن لە ساڵی 1991 پەیماننامەی وارشۆ هەڵوەشێندرایەوە، بەڵام ئێستا چیتر خەڵكی باسی ئەم پرسە ناكەن و بگرە پێیان وایە، بوون و مانەوە و بەهێزكردنی ناتۆ لە هەموو كاتێك زیاتر گرنگ و پێویستە. هەروەها ئێستا زیادبوونی خەرجی سەربازی بەدی دەكەین لە وڵاتانی ئەوروپادا، كە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا ئەم خەرجییانە لە داكشاندا بوون. هەروەها ئێستا هەندێ لە وڵاتانی ئەوروپا لێك نزیك دەبنەوە، دوای ئەوە لە زۆر پرس و بابەتدا ناكۆك بوون لەگەڵ یەكتردا. هەروەها ئەم شەڕە بووە هۆی ئەوەی ئۆكرانییەكانیش لێك نزیك ببنەوە، كە لە پێش شەڕەكەدا دابەشبوونی سیاسی و هەرێمایەتی لەو وڵاتەدا هەبوو و باس لە پرسی گەندەڵی و ...هتد دەكرا، هەروەها هەندێ لەو هاوسۆزییەی لە نێو هەندێ لە خەڵكی ئۆكرانیا هەبوو، لە ئاست ڕووسیادا لە ئێستادا لە ئارادا نەماوە و زیاتر خۆیان بە ئەوروپی دەزانن، ئەمەش بووەتە هۆی تۆكمەكردنی شوناس و ناسنامەی ئەوروپی.

* دوا پرسیارمان پەیوەستە بە كاریگەری و ئاكامەكانی ئەم شەڕەوە لەسەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێوە چ خوێندنەوە و شرۆڤەكاریكەتان بۆ ئەم پرسە هەیە؟

- ئاشكرایە كە كاریگەریی هەرە ڕاستەخۆی ئەم شەڕە لەسەر ئاسایشی خۆراك بووە، بەتایبەتی وڵاتە هەژارەكانی وەك سوودان و وڵاتانی دیكە كە پشت بە هاوردەكردنی گەنم و خۆراكەكانی دیكە دەبەستن لەو وڵاتانەی كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی شەڕەكەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە پرسە جیۆپۆلەتیكییەكەوە، ئەوا دەتوانین ئاماژە بە بڕیارێكی گرنگ بكەین كە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن سعودیە درا دەربارەی نرخی نەوت، ئەویش دوای ئەوەی سەرۆك بایدن سەركێشی سیاسی كرد و سەردانی سعودیەی كرد، كە لە سیاقی شەڕەكەدا ئەم بڕیارە بووە هۆی زیادبوونی پشتیوانكارانی نێو كۆماری و دیموكراتەكان بۆ كۆتاییهێنان بە پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ سعودیە و ڕاگرتنی چەكفرۆشتن بەو وڵاتە.

Top