بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا   ددانپێدانانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە ئازار و ئەو كۆمەڵكوژییەی دەرهەق بە كورد كراوە

بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا     ددانپێدانانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بە ئازار و ئەو كۆمەڵكوژییەی دەرهەق بە كورد كراوە

 

بە جینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بۆ ئێمەی كوردی ئێزدی وەكو پێكهاتەیەكی ڕەسەن و گرنگی نەتەوەی كورد، گرنگیی خۆی هەیە و، دوای چاوەڕوانییەكی زۆر هات، دەرهەق بەو كۆمەڵكوژییەی لە ساڵی 2014 بەرانبەر كوردانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری لەسەر دەستی دڕندەترین تیرۆریستانی سەردەم و لە دوای هێرشی داعش ئەنجام درا، كە تێیدا هەزاران كوردی ئێزدی بە ژن و منداڵەوە كوژران و بێسەروشوێن كران و، هەزارانی دیكە ئاوارە بوون، تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، زیاتر لە 360 هەزار ئاوارە و كۆچبەرمان هەیە و 135 هەزاریان لە كەمپەكان دەژین و 190 هەزاری دیكە لە دەرەوەی كەمپەكانن و 120 هەزاریان كۆچی دەرەوەی وڵاتیان كردووە، سەدان كچی كوردیان بە كۆیلە و زیندانی كرد و ڕفێندراون و شوێنیان دیار نییە، تەنانەت حكومەتی عێراق نەیتوانیوە ناوچەكانی باوك و باپیرانمان پاك بكاتەوە لەو هەموو هێز و گرووپە چەكدارە بیانی و مەزهەبییانەی لە ناوچەكەماندان.

ئەم بڕیارەی پەرلەمانی ئەڵمانیا دوای هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و پەرلەمان و حكومەت و ڕێكخراوەكان و میر و جڤاتی ڕۆحانی و بیرمەند و شێخانی ئێزدی و كەسایەتییەكانی كوردانی ئێزدی و هاوپەیمانەكانمان دێت، كە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهان بە درێژایی ئەو ماوە زۆرە هەوڵ و كۆششێكی زۆریان داوە.

دۆكیۆمێنت و بەڵگەكان و گۆڕەبەكۆمەڵەكان دڕندەیی تاوانەكە بەرانبەر خەڵكی سڤیل (منداڵ و كچ و ژن و پیاوی بەتەمەن) دەردەخات و ویژدانی مرۆڤایەتی جووڵاندووە، ئەم كۆمەڵكوژییە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لە سەدەی بیستدا یەكەمین تاوانی وا گەورەیە و تاوانی بەو شێوە دڕندانەیە دژی مرۆڤایەتی ڕووی نەداوە. ڕاستە ئەم هەنگاوە ئازارەكانمان كەم ناكاتەوە، بەڵام سەرەتای ڕێگەیەكە بۆ كارێكی گەورەتر و ئومێدێكمان پێ دەبەخشێت، ئێمە وەكو گەلی كوردی ئێزدی سوپاسی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و گەلی كورد دەكەین، ئەو ڕۆژانەمان باش لەبیرە كە سەرۆك بارزانی بەڵێنی پێ داین شنگال ڕزگار بكات و لە ماوەیەكی كەمدا بەڵێنەكەی خۆی جێبەجێ كرد و لە سەر چیای شنگال بە خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە ئازادكردنی چیای شنگال و دەوروبەری ڕاگەیاند، دواتر بە ئازادكردنی شنگال هێزی تاریكی داعشی تێك شكاند، هەر ئەمەش چاوەڕوان دەكرا لە سەرۆكێك كە درێژەپێدەری ڕێبازەكەی مەلا مستەفا بارزانی بووە، ئەو سەرۆكەی لە سەردەمی شۆڕشی بارزان و ئەیلوولدا نموونەی سەركردە و هزری پێكەوەژیان بووە، لە سەردەمی مستەفا بارزانی ئەو بیركردنەوەیە نەبووە كە بڵێن ئەمە موسڵمانە و ئەوە ئێزدییە و ئەوە مەسیحییە، لەو سەردەمەدا هزرێك هەبوو، پێی دەگوترا هزری ئەخلاقی كوردانە و بڕوای بە ئاشتی و ئازادی و مرۆڤدۆستی هەبوو، هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بە جیاوازیی زمان و ئایینەوە لە دەوری مستەفا بارزانی كۆبوونەوە و ڕۆژەكانی ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات.

 لە هەموو دەستكەوتێكی گەلەكەماندا سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی پێشمەرگەی كوردستان دادەنوێنین، كە ئێمەیان پاراست و شنگالیان بە خوێنی خۆیان ئازاد كرد، سوپاسی گەلی خۆمان دەكەین كە لەو ماوە زۆرەدا ئاوارە و كۆچبەرەكانیان لە ئامێز گرت، ئەمە وێڕای قەیرانی دارایی و گرفت و كێشەكانیان كە بە هۆی بڕینی بودجەوە لە لایەن حكومەتی ناوەندی بەسەریاندا سەپێندرابوو. سوپاسی هەردوو ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كە ڕفێندراوەكانیان گەڕاندەوە و هەموو ئایین و ئایینزاكانیان لە كۆمەڵكوژی پاراست.

 هەنگاوەكەی پەرلەمانی ئەڵمانیا بەرز دەنرخێنین كە بە پاڵپشتیی گەلی ئەڵمانیا نراوە و ئومێدەوارین پەرلەمان و حكومەتی وڵاتانی دیكەش هەمان هەنگاو بنێن و لە دادگای نێودەوڵەتی تاوانبارانی ئەم كۆمەڵكوژییە سزا بدرێن، لەمەش گرنگتر چوارچێوەیەكی یاسایی و ئەخلاقی بۆ كوردانی ئێزدی دابنرێت، تاوەكو جارێكی دیكە تاوانێكی وا قێزەون بەرانبەریان ئەنجام نەدرێتەوە. كوردانی ئێزدی لە بەر كوردبوون و ئایینەكەیان بە درێژایی مێژوو چەندین جار هێرش كراوەتە سەریان و كۆمەڵكوژ كراون، تا ئێستا كوردانی ئێزدی لە ناو چوارچێوەی ئازار و مەینەتییەكانی ئەو كاولكاری و كۆمەڵكوژییە دەربازیان نەبووە، پێویستە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی هێزێكی نێودەوڵەتیدا كوردانی ئێزدی لە تەواوی ناوچەكانی خۆیان بپارێزێت و، بڕیارێكی دادگای نێودەوڵەتییش دەربچێت بۆ پارێزگاریكردن لە كوردانی ئێزدی، بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال لە نێوان هەردوو حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان، چونكە بە تەنیا لە ڕێگەی دامەزراندنی هێزی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەوە كوردانی ئێزدی ئەو متمانەیەیان لا دروست دەبێت كە بگەڕێنەوە سەر زێدی باوك و پاپیرانیان، ئەوەتا لە كۆی 360 هەزار كوردی ئاوارە و دەربەدەری ئێزدی، تاكو ئێستا 20%ی نەگەڕوانەتەوە بۆ شنگال و دەوروبەری، ئەمەش بە هۆی جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتننامەی شنگال و گەڕانەوەی پێشمەرگە و ئاوەدان نەكردنەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شنگال و دەوروبەری، ئەمە وێڕای بوونی دەیان گرووپی چەكداری نامۆ و بیانی و مەزهەبی لە شنگال و تەواوی ئەو ناوچانەی كە لە سایەی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەدا ناوچەیەك بوون بۆ پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی، بە پێچەوانەی حكومەتی ناوەندییەوە كە لە دوای كۆمەڵكوژییەكەش بە ئەركی سەرشانی خۆی بەرانبەر پاراستن و ئاوەدانكردنەوە و بەهاناچوونی ئاوارەكانی كوردانی ئێزدی هەڵنەساوە و، لە پێشكەشكردنی هاوكاری و یارمەتییەكان كەمتەرخەم بووە، نە توانی ناوچەكانمان ئارام و سەقامگیری بۆ بگەڕێنێتەوە، نە توانیشی ئاوەدانی و خزمەتگوزاری بگەیەنێتە تەواوی ئەو ناوچانە، هەر ئەو بێ ئومێدییە بوو كە وای كردووە ژمارەیەكی یەكجار زۆری كوردانی ئێزدی بە ناچاری ڕوو بكەنە وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا و هیچ هیوایەكیان بە حكومەتی عێراق نەمێنێت، نە بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامە و بەڵێنەكانی، نە بۆ سزادانی تاوانباران و ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال. كاتی ئەوە هاتووە كوردانی تاراوگە و كۆچبەرانمان، لە سەر فشار و داواكارییەكانیان بەردەوام بن بۆ پاراستن و گەڕانەوەی ناوچە داگیركراوەكانمان لە دەستی ئەو هێز و گرووپە نایاساییانەی نامۆن بە كۆمەڵگەی كوردانی ئێزدی.

 

 

Top