هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ڕۆتگێرز بۆ گوڵان: ئەگەرێك بۆ كۆتاییهاتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە ئاسۆدا بەدی ناكەم

هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی  تایبەتمەندی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی ڕۆتگێرز بۆ گوڵان: ئەگەرێك بۆ كۆتاییهاتنی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە ئاسۆدا بەدی ناكەم

 

 

هوشەنگ ئەمیرئەحمەدی بەڕێوەبەری سەنتەر ڕۆتگێرزە بۆ دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هاوكات دامەزرێنەری سەنتەری توێژینەوە و شرۆڤەكاری ئێرانییە و، بۆ چەندین ساڵ بەڕێوەبەری ئەم سەنتەرە بووە، هەروەها دامەزرێنەری ئەنجومەنی ئەمریكی-ئێرانییە، كە ڕێكخراوێكی قازانج نەویستە و كار دەكات بۆ پەرەپێدانی تێگەیشتن و دیالۆگ لە نێوان هەردوو گەلی ئەمریكی و ئێرانیدا. هەروەها توێژەر و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك سیاسەتی پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانی و، جیهانگەرایی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا شرۆڤە كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و لێكەوتەكانی ئەم شەڕە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

 

* وەك ئاشكرایە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا جیهانی بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، چونكە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ڕەنگدانەوە و ڕەهەندی جیهانییان هەیە، ئێوە چۆن لەم شەڕە و لە درێژە كێشانی ئەم شەڕە دەڕوانن؟

- بە تێڕوانینی من ئەم جەنگە درێژە دەكێشێت و بەردەوام دەبێت، من لەم ڕووەوە هیچ ئاسۆیەك بەدی ناكەم بۆ یەكلابوونەوە، یان كۆتاییهاتن و ڕاوەستانی ئەم شەڕە، پێم وایە نە وڵاتانی ئەوروپا و نە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا خوازیاری ئەوە نین، ئەم شەڕە كۆتایی پێ بێت، چونكە دەیانەوێت ئەم شەڕە بكەنە ئامراز و دەرفەتێك بۆ لاوازكردن، یان سزادان، یان تێكشكاندنی ڕووسیا، واتا دەیانەوێت ئەم شەڕە بكەنە دەرفەتێك بۆ ئەوەی ڕووسیا لە ڕووی ئابووری و سەربازییەوە تووشی پەككخستن بكەنەوە، بەڵام ئەگەر لە خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین و بڕیارەكەی بۆ بەرپاكردنی شەڕ و داگیركردنی ئۆكرانیا بڕوانین، ئەوا دەبێت ئەوە بڵێین كە سەرۆك پۆتین لێكدانەوەیەكی هەڵەی هەبوو بۆ كاردانەوە و پەرچەكردارەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەتایبەتی لە ئامانج و مەبەستەكانی ئەمریكا لەم شەڕەدا.

* هەرچەندە شەڕەكە نزیكە لەوەی ساڵێك تەواو بكات، بەڵام ئایا پێت وایە تا چ ڕاددەیەك ڕووسیا دەرك بە هەڵەی بڕیارەكەی دەكات و ئایا تا چەند ڕووسیا شكستی هێنا لەوەی كە پێشبنییەكی ڕاست و دروست بكات بۆ ڕەوتی شەڕەكە و بۆ درێژەكێشانی شەڕەكە؟

-  لە ڕاستیدا من پێم وایە لەم ڕووەوە خودی سەرۆك پوتین تووشی هەڵە بووە لە گرتنەبەری ئەو ستراتیژیەتەی لە شەڕەكەدا پیادەی كرد و گرتیەبەر، بەتایبەتی كە پێی وابوو، یان پێشبینی ئەوەی دەكرد كە دەتوانێت شەڕێكی تەواو تەقلیدی بەرپا بكات و ئەنجام بدات، مەبەستم لە تەقلیدی ئەوەیە كە سوپا ڕەوانە بكات و لەم ڕێیەوە شارەكان داگیر بكات و مووشەكەكان لە دوورەوە ئاراستە بكات، ئەمە هەڵەیەكی گەورە بوو كردی، كە ئەمریكا خوازیار بوو ئەنجامی بدات، ئەوە بوو سوپای ڕووسیا تووشی گیرخواردن بووەوە، چونكە ئەمریكا لەم ڕووەوە نیگەران بوو، لەوەی ڕووسیا هەمان ئەو كارە، یان دەرئەنجامە دووبارە بكاتەوە كە خودی ئەمریكا خۆی لە ساڵی 2003دا لە عێراقدا كردی، چونكە لەو شەڕەدا سوپای ئەمریكا سەركەوتنێكی خێرای بەدەست هێنا و هەڵمەتی ترس و تاسانی پیادە كرد و بە هەموو سەنگ و قورسایی سەربازیی خۆیەوە كاولكارییەكی زۆریان لە عێراقدا دروست كرد، ئەوە بوو سەدام حوسێنیان ناچار كرد دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و هەڵبێت و سوپای وڵاتیش خۆبەدەستەوە بدات، بەڵام ئەوەی ڕووسیا لە ئۆكرانیادا كردی، بەرپاكردن و هەڵگیرساندنی شەڕێكی تەقلیدی بوو، كە نەیانتوانی بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان پێشڕەوی بكات.

* بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەم شەڕەوە، یان لە ڕوانین لەم شەڕەوە گەڵاڵە بووە، ئەوەیە كە ڕووسیا تووشی شكست و پاشەكشە و خەسارەتی گەورە بووە، بە چەشنێك كە ئەو وێنەیەی پێشتر لەبارەی هێزی سەربازی و سوپای ڕووسیاوە هەبووە، تێك شكاوە، تێڕوانین و خوێندنەوەی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

-  من پێم وایە خودی ئەم شەڕە تەقلیدییە دەرئەنجام و لێكەوتەی دژ و پێچەوانە و نەخوازراوی لێ كەوتەوە بۆ ڕووسیا، بەتایبەتی لە ڕووی پڕوپاگەندەی شەڕەوە، چونكە درێژبوونەوەی شەڕەكە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا نەبوو، بەتایبەتی لە ڕووی خەسارەت و زیانە مرۆییەكانەوە، خۆ ئەگەر شەڕەكە كورتخایەن بووایە (بە چەشنی شەڕی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە دژی عێراق لە ساڵی 2003) و لە هەفتەی یەكەمدا كێیفی كۆنتڕۆڵ بكردایە، ئەوا دەبووە براوەی شەڕەكە. لێكدانەوەیەكی هەڵەی دیكەی ڕووسیا پەیوەست بوو بە سەركردایەتی و دەسەڵاتدارانی كیێف-ەوە، چونكە دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا ئەوە بڕیارەیان دا كە ئەوروپی و ئەمریكییەكان خواستیان لەسەر بوو، لە بەرامبەردا تەنیا داوای چەك و هاوكاریی سەربازییان كرد، دەرئەنجامەكەش، یان هاوكێشەكەش ئەوە بوو كە شەڕەكە بە چەكی ئەمریكی، بەڵام بە گیان و خوێنی ئۆكرانیا كرا، هەرچۆنێك بێت من دەمەوێت ئەو خاڵە دووبارە بكەمەوە كە كێشەكە لەوەدا بوو (بۆ ڕووسیا مەبەستمە) كە شەڕێكی هاوشێوەی ئەمریكایان لە عێراقدا نەكرد و هۆكارەكەش ئەوە بوو كە ڕووسییەكان ئەوەیان لەبەرچاو گرت كە ڕێژەیەكی بەرچاوی دانیشتووانی ئۆكرانیا بە ڕەچەڵەك ڕووسین و، نەیانویست خەڵكی خۆیان بكوژن، بەڵام ئەمە هەڵەیەك بوو لەلایەن ڕووسیاوە، چونكە سەری كێشا بۆ درێژبوونەوەی شەڕەكە، دواتر دەبێت ئێمە ئەو ڕاستییەمان لەبەرچاو بێت، كە ئەم شەڕە لە سەدەی بیست و یەكدا دەكرێت كە 80%ی شەڕەكە پڕوپاگەندەیە و لە 20%ی شەڕێكی سەربازییە، چونكە ئاشكرایە ئەم شەڕەی ڕووسیا و ئۆكرانیا لە شاشەی تی ڤی و لە سەرتاسەری جیهاندا پەخش دەكرێت و دەبینرێت، زۆربەی ئامرازەكانی كاریگەر بوون لەسەر ڕای گشتی و دروستكردنی ڕای گشتی لە ژێر دەستی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، واتە تەواوی كەرەستەكانی شەڕی پڕوپاگەندە لە دەستی ئەمریكادایە، واتە دەتوانین لەم ڕووەوە بڵێین هەڵەیەكی دیكەی ڕووسیا ئەوە بوو كە نەیتوانی ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرێت كە بەشێكی زۆری شەڕی ئەم ڕۆژگارە پەیوەستە بە پڕوپاگەندەوە و، زۆربەی كەرەستەكانی ئەو پڕوپاگەندەیەش لە دەستی ئەمریكادایە.

* ئێوە لە سەرەتادا ئاماژەتان بەوە كرد كە ئەم شەڕە درێژە دەكێشێت، بەڵام پێتان وایە چ پەرەسەندن و پێشهاتێك هەیە كە بكرێت ڕوو بدات و ببێتە مایەی كۆتاییهێنان بەم شەڕە؟

- با سەرەتا من ئەوە بڵێم كە هاوسۆزم لەگەڵ خەڵك و گەلی ئۆكرانیا و لە ڕاستیدا من بۆ چەند ساڵێك ڕاوێژكاری هەندێ لە بەرپرسانی ئۆكرانیاش بووم و، چەندین جار سەردانی ئەو وڵاتەم كردووە، تەنانەت من بە وەزیری ناوخۆ و بەرپرسی ئاسایش و پۆلیسی ئۆكرانیام ڕاگەیاند كە پێویستە بە حەزەر بن، چونكە من نیشانە و ئاماژەكانی بەرپابوونی شەڕ بەدی دەكەم، هەروەها ڕاوێژ و ڕاسپاردەی من بۆ ئەوان ئەوە بوو كە دەبێت بە وریاییەوە هەنگاو هەڵبگرن و هاوسەنگییەك بەدی بهێنن لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوادا، بەڵام بە داخەوە چینی ناوەڕاست و دیموكراسیخوازان و پرۆ ئەوروپییەكان دەركیان بە دەرئەنجامی كار و كردەوەكانیان نەدەكرد و، پتر بە ئاراستە و ئاقاری ڕۆژئاوا هەنگاویان هەڵدەگرت، لە دەرئەنجامدا دوژمنایەتی و دژایەتییان لەگەڵ ڕووسیادا خوڵقاند و دروست كرد، دۆخەكەش لەم ڕووەوە گەیشتە خاڵێك كە ڕووسیا نەتوانێت چاوپۆشی بكات، هەروەها هەوڵدان بۆ بوون بە ئەندام لە ناتۆدا، كە دەتوانین لێرەدا بڵێین ناتۆ بەرپرسیارێتییەكی گەورەی دەكەوێتە ئەستۆ، واتە ئەگەر ڕووسیا بڕیاری بەرپاكردنی شەڕەكەی دابێت و دواتریش جێبەجێی كردبێت، ئەوا ئۆباڵێكی گەورە لە ئەستۆی ناتۆیە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ئەمانە ئێستا بوونەتە چیرۆكێك و بەشێك لە مێژوو، چونكە واقیعەكە ئەوەیە كە ڕووسیا سەرقاڵی كاولكردنی ئۆكرانیایە و ئەم شەڕەش درێژە دەكێشێت و ئاسۆی كۆتاییهاتنی بەدی ناكەم، تەنیا لە حاڵەتێكدا ئەم شەڕە كۆتایی پێ دێت، كە زینلینیسكی لەلایەن سوپای ئۆكرانیا لا ببرێت و دوور بخرێتەوە لە دەسەڵات، پێم وایە ئەمە تەنیا بژارەیە، بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پارێزگارییەكی زۆری لێ دەكرێت.

Top