خه‌ونى گه‌وره‌م هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنم

خه‌ونى گه‌وره‌م هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنم

مه‌ستان عومه‌ر یاریزانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان یانه‌ى سیروانى نوێ
هه‌ر چه‌نده‌ كوڕ و كچه‌ یاریزانانى شاره‌كانى كوردستان به‌رده‌وام ئاست و ئه‌نجامیان له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان وه‌كو پێویست بووه‌ له‌ سه‌ر ئاستى یانه‌كانى عێراقی و بگره‌ له‌ سه‌ر ئاستى ووڵاتانى ئاسیاش، به‌ڵام تاكو ئێستا له‌لایه‌ن یانه‌كانى كوردستان گرنگى ته‌واو به‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان نادرێت بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن زۆرترین خزمه‌ت به‌م یاریزانه‌ لاوانه‌ بكه‌ن كه‌ هیوایه‌كى زۆریان به‌ دوا رۆژى خۆیان هه‌یه‌ له‌ وه‌رزشیی گۆڕه‌پان و مه‌یدان، جگه‌ له‌وه‌ش له‌ سه‌ر ئاستی جیهان گرنگیه‌كی یه‌كجار زۆرى پێ درێت، یانه‌ى سیروانى نوێی شارى سلێمانى به‌رده‌وام گرنگی به‌ كچه‌ یاریزانانى گۆڕه‌پان و مه‌یدانى یانه‌كه‌ى ده‌دات و ئاست و ئه‌نجامیشیان وه‌كو پێویسته‌، یه‌كێك له‌ كچه‌ یاریزانانى یانه‌كه‌ش مه‌ستان عومه‌ر-ه‌ ئه‌و له‌ دایك بووى ساڵى 2005ى سلێمانى، پاشه‌ ڕۆژێكى باش چاوه‌ڕوانى ده‌كات، ئاست و ئه‌نجامیشى مایه‌ى دڵخۆشكه‌رییه‌ له‌ ڕاكردنه‌كان، ئێمه‌ش له‌ نزیكه‌وه‌ چه‌ند پرسیاریكمان لێ كرد ئه‌وه‌یش به‌مجۆره‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى گۆڤارى گوڵانى دایه‌وه‌.
دیمانه‌:كارزان كانه‌بی
*ئاستى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدان چۆن ده‌بینى به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى له‌ شاره‌كانى كوردستان؟
- له‌ چاو ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ئێستا ئاستێكى باشى هه‌یه‌ و یاریزانان ئه‌گه‌ر گرنگی به‌تواناكانیان بده‌ن ده‌توانن قۆناغی باشتر ببڕن.
*بۆچى یارى گۆڕه‌پان و مه‌یدانت هه‌ڵبژاردوه‌؟
-ماوه‌ى سالێكه‌ هاتوومه‌ته‌ ناو ئه‌م یارییه‌ و هه‌ستێكى تایبه‌تى پێ به‌خشیووم.
*گۆڕه‌پان و مه‌یدان چی پپێى به‌خشی؟
-خولیای منداڵیم بوو، توانیشم ئه‌و چێژه‌ى لێ وه‌ربگرم.
*هه‌ست ناكه‌ى یارییه‌كى قورست هه‌ڵبژاردوه‌ كه‌ هه‌مووى كێبڕكێیه‌؟

- یارییه‌كى قورسه‌، به‌ڵام به‌ چێژه‌ و كێبڕكێ و ململانێ زۆرى تێدایه‌، ئه‌وه‌ش چێژت پێ ده‌به‌خشێ.
*خه‌ونى تۆ چییه‌ له‌ یارییه‌كانى گۆڕه‌پان و مه‌یدان؟
-خه‌ونى گه‌وره‌م هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم سه‌ركه‌وتنى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بهێنم.

* چى بكرێت باشه‌ بۆ به‌ره‌وپێشبردنى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان؟
- زیاتر هانی یاریزانان بدرێت له‌ شاره‌كانى كوردستان و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ى یاریزانانى ئاسته‌كانى ته‌مه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ش دابین كردنى یاریگا و پێداویستییه‌كانى ئه‌م یارییه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووى هۆكارن بۆ به‌ره‌ووپێشچوونى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستان.

*باشترین ئه‌نجامه‌كانت له‌ ماوه‌ى ڕابردوو كه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌؟
- له‌ یارییه‌كانى 400مه‌تری چه‌ندین ئه‌نجامى شایسته‌م به‌ده‌ست هێناوه‌.

* بۆچى یانه‌ى سیروانى نوێت هه‌ڵبژارد؟
- ئه‌م یانه‌یه‌ له‌گه‌ڵ من گونجاو بوو بۆ وه‌رزش كردن.

* جگه‌ له‌ یاری گۆڕه‌پان مه‌یدان هیچ یارییه‌كى ترى وه‌رزشیت ئه‌نجامداوه‌؟
-نه‌خێر ته‌نیا خولیام بۆگۆڕه‌پان ومه‌یدان بووه‌.

*گرفتى ئه‌م یارییه‌ له‌ چى ده‌بینى؟
- گرفتى سه‌ره‌كی نه‌بوونى پاڵشتیه‌ بۆ یاریزانه‌كان و نه‌بوونى پاڵه‌وانێتى ئه‌وانه‌ گرفتی سه‌ره‌كین له‌م یارییه‌.

* هیواو و ئاواتت له‌ وه‌رزشكردنت چیه‌؟
- بگه‌م به‌و خه‌ون و ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ى كه‌ هه‌وڵى بۆ ده‌ده‌م له‌ نێو وه‌رزشدا.

*پاڵه‌وان بوون چی هه‌ستێكت پێ ده‌به‌خشێ؟
- هاندانى زیاتر بۆ ئه‌وه‌ى بتوانم بوونى خۆم بسه‌لمێنم.

*هیچ یانه‌یه‌ك داواى گرێبه‌ستى لێ نه‌كردووی؟
- تاكو ئێستا هیچ یانه‌یه‌ك داواى یارى كردنى لێم نه‌كردووه‌.
*خانه‌واده‌كه‌ت تا چه‌ند هاوكارتن له‌ وه‌رزش كردن؟
- تا ڕاده‌یه‌كى زۆر هاوكارێكى زۆر باشن بۆ من، هه‌مووكات پاڵپشتمن له‌ نێو وه‌رزش كردنم.

*ئه‌گه‌ر شتێكت ماوه‌ له‌ كۆتایدا؟
- زۆر سوپاس بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئه‌و هه‌موو خزمه‌ته‌ به‌رده‌وامه‌ كه‌ پێشكه‌شى وه‌رزشكارانى شاره‌كانى كوردستان ده‌كات به‌ به‌رده‌وامی.

 

 

Top