گرنگی هەبوونی پلان و پڕۆگرام لە پەروەردەی خێزاندا

گرنگی هەبوونی پلان و پڕۆگرام لە پەروەردەی خێزاندا

بێ هیچ چەندو چوونێك، خێزان یەكەم وێستگە و قوتابخانەی پەروەردەییە، كە ئەندامانی خانەوادە ڕێك دەخات، بە جۆرێك ئاییندەیان نەخش دەكات بە جۆرێك كە داهاتوویەكی پرشنگدار لە چاوەڕوانیان دا بێت، چونكە كاتێ منداڵ چاو دەكاتەوە ئەوەی دەیبینێ خانەوادەكەیەتی چاوی پێی دەپشكوێ، كاتی زمانی دێتە گۆ بە وشەكانی دایە و بابە لۆرە لۆر دەكات، بۆیە كاتێ چاو و گوێچكە و زمانی لە چوارچێوەی ژینگەی خێزان بكرێتەوە، كەواتە كاریگەری ئەو خێزانە لەسەر داهاتووی هەر یەك لە ئەندامانی خێزان بە شێوەیەكی كاریگەر دروست دەبێت، بۆیە دەبێت ژینگەی خێزان بۆ ئەندامەكانی بە تایبەت منداڵ لە ڕووی پەروەردەیی و تەندروستی و ڕۆشنبیرییەوە زۆر لەبار و گونجاو بێت، كە وا بكات ئەو منداڵەی چەشنی هەویرە، وەك ئەوەی دەتەوێ یان پێویست دەكات بشێلدرێ، تا ئاییندەیەكی گەش و درێژخایەنی بۆ فەراهەم بكرێت، دیارە ژینگەی هەموو خێزانێك وەكو یەك نییە، داهاتووشیان وەك و یەك نابێت، ئەوە مانای ئەوەیە دەستنیشان كردنی ئاییندەیان لەڕێی پەروەردەییانەوە جیاوازی تێ كەوتووە، چونكە چوارچێوەی هەر خێزانێك جۆرێك لە پەروەردە و پلانی تێدایە، بەڵام ئەگەر خێزان پلانێكی باشی هەبێت بۆ ئەندامانی خانەوادەكەی بێ شك ئەو خێزانە ئاییندەیەكی پرشگندار لە چاوەڕوانیاندا دەبێت، وەك ئەو بنەماڵانەی كە دەیبینین، بە بنەماڵە خوێندەوار و ڕۆشنبیرن و وەك ئەستێرەیەك چواردەور لێیان دەڕوانێ، چونكە خێزان یەكەم وێستەگەی ژیانە یەكەم فێرگەیە ئەگەر بە دروستی كاری لەسەر بكرێت تاك وێستگەكانی تری بە سانایی بۆ تێدەپەڕێت.

 

 

 

 

ئەسرین عاسی محەمەد

 

Top