بە‌ لێبوردەیی ژیان جوانتر دەبێت

بە‌ لێبوردەیی ژیان جوانتر دەبێت

 

 

ژیان پەیوەستە بە لێبوردەیی، ئەگەر لێبوردەیی نەبوو  ژیان تێك دەچێت. ئەو خۆشییەی لە ژیاندا هەیە، بە لێبوردەیی ماوەتەوە. سەیری ژیان بكە، چونكە لەگەڵ خەڵك دەژین، بەركەوتە هەیە. جاری وا هەیە بەرامبەر یەكتر هەڵە دەكەین.

بە سەیارە دەعم دەكەین لە بازاڕ، لە یەك عاجز دەبین، لە كاردا وەستا و شاگرد بەرامبەر یەكتر هەڵە دەكەن، قوتابی و مامۆستا یەكتر ئازار دەدەن بە هەڵەكانیان، هەروەها فەرمانبەر و بەڕێوەبەر و...هتد.

لەو بەركەوتانە ئەگەر لە یەك نەبوورین، ژیان تێك دەچێت. بۆیە پێویستیمان بە عەفوو هەیە. لە یادتان بێ، یەكێك لە ناوەكانی خوای گەورە (العفو)ـە. خوا زۆر حەزی لە بەخشینە، موسڵمان یەكتر عەفوو بكەن، لە ئاستی خۆیان لە یەك ببوورن، هەر بەو عەفووە خوا لە تاوانباران خۆش دەبێت.

لێبوردەیی دەرچەیەكی چاكە بۆ ژیان، تكایە بە دڵڕەقی دەرگای لێبوردەیی لەسەر خۆتان دامەخەن.

لە شەرعدا نابێ موسڵمان خۆی كەللەڕەق بكات و لێبوردە نەبێ و خۆی خەفەتبار بكات، بە لێبوردەیی خەفەت دەڕوات و ژیان بەرەو ئاسوودەیی و ئارامی دەڕوات .

هەر بۆیە ئیمامی شافعی دەفەرموێت: «ئەگەر عەفوم دا لە هەر شتێك، ئەوە نەفسی خۆم ئارام دەكەم و ژیانی خۆم خۆش دەكەم و، كێشە و ئازار و خەفەتم لەسەر خۆم هەڵدەگرم، بەڵام ئەگەر عەفوم نەدا، ئەوە خەم و خەفەت و ئازاری نەیار و دوژمنی خۆم لەگەڵ خەفەتی خۆم بۆ خۆم زیاد دەكەم و ژیانی خۆم تێك دەدەم».

هەروەك ئیبراهیمی كوڕی ئەدهەم دەفەرموێت: «ئەگەر لێبوردەییت دا، شەو بە ئارامی خەوت لێ دەكەوێت، بەڵام ئەگەر عەفوت نەدا، بەرنامەی خراپ و وەسوەسە و خەیاڵی خراپ لەسەرت كەڵەكە دەبێت و خەوت لێ تێك دەچێت». كامەیان باشترە بە عەفو بە ئارامی بنووی، یا بە خەفەت خەوت تێك بدەی و بیر لە خراپە بكەیەوە لە كرداردا؟ بەوە هەر وەك تاوانبار ژیانت تێك دەچێت. بێ گومان لێبوردەیی باشترە و مرۆڤ بەرەو كەناری ئارامی دەبات هەر لەبەر ئەوەیە پێغەمبەر (د- خ) لەسەر باشترین وشە نیشانی خۆشەویست و هاوسەری دەدات لە شەوانی قەدر و ئەفەرموێ: «ئەی عائیشە لە شەوی قەدر هەموو دەرگای ڕەحمەت كرانەوە، هەموو مەلائیكەت دابەزیون، خوا بە خۆی گوێی لە وشەكانت دەبێ، ئەو پاڕانەوەیە زۆر دووبارە بكەوە لەو شەوەدا بڵێ:(اللَّهُمَّ إِنَّكَ عَفُوٌّ كَرِيمٌ تُحِبُّ الْعَفْوَ فَاعْفُ عَنِّي)، ئەو دوعایە زۆر دووبارە بكەوە، چونكە خوا لە كاتی عەتایە و لە كاتی لێبوردەییە و حەز دەكات بەندە داوای لێخۆشبوونی لێ بكات».

خۆشەویست فەرموویەتی: «ئەمن لە شەو ڕۆژێكدا سەد جار داوای لێخۆشبوون لە خوا دەكەم».

لێبوردەیی سیفەتی خوایە، ئەو بەخششەی بە مرۆڤیش داوە، ئەو كات لێبوردەیی گرنگە (عند المقدرة) كاتێك كەسێك هەڵەیەكی بەرامبەر كردی، توانات هەبوو تۆڵەی لێ بكەیەوە، یا لێی بدەیەوە، یا ڕێی لێ بگرییەوە، بەڵام تۆ ئەو كارە ناكەی، پێی دەڵێی فڵان كەس من دەتوانم بە زیادەوە تۆڵەت لێ بكەمەوە، بەڵام ئەوە لە پێناو خوا تۆم عەفو كرد.

ئەوە مەردایەتییە و پێی گەورە دەبی. تۆڵەكردنەوە مەردایەتی نییە، لێبوردەیی مەردایەتییە. پیاوچاكێك تووشی پیاو خراپێك دەبێت، خراپەكار بە پیاوچاك دەڵێ: ئەگەر جنێوێكم پێ بدەی، من دە جنێوت پێ دەدەم.

كابرای پیاوچاك و عاقڵ دەڵێ كاكی خۆم، من دڵی شەیتان خۆش ناكەم هەزار جنێویشم پێ بدەی، وەڵامت نادەمەوە، خەراپەكار یەكسەر داوای لێبوردنی لە پیاو چاك كرد.

پێغەمبەر (د-خ) دەفەرموێ: «وَمَا زَادَ اللهُ عَبْدًا بِعَفْوٍ، إِلَّا عِزًّا». واتا هەر مرۆڤێك لێبوردە بێ، خوا بەرزی دەكاتەوە و لە ناو كۆمەڵگەدا ڕێزداری دەكات.

ئەگەر لێبوردەیی نەبێت، ژن و مێرد ناتوانن لەگەڵ یەك بژین، چونكە ژیان پڕە لە هەڵە و كەموكورتی، بۆیە بە لێبوردەیی ژیان بەردەوام دەبێت.

لە ڕاستیدا هەموومان لێبوردەین. سەیركەن كاتێك منداڵ هەڵەیەكت بەرامبەر دەكات، لێی دەبووری و ئامۆژگاری دەكەی كە دووبارەی نەكاتەوە، لەبەر ئەوەیە ژیان پڕە لە لێبوردەیی .

ئیمامی ئەحمەدی كوڕی حەمبەل دەستگیر كرا، جەللادێك زۆر ئەشكەنجەی دا، دواتر ئازاد كرا، ماوەیەك بەسەر چوو، ئیمام نەخۆش كەوت، لە سەرە مەرگدابوو، جەلاد هات لە دەرگای دا، عەبدوڵای كوڕی ئیمام دەرگای كردەوە، گوتی: بە ئیمام بڵێ ئەو جەللادەی لە سجن ئازاری تۆی دا، هاتووە داوای گەردەن ئازایی دەكات، یا تۆڵەم لێ بكاتەوە، یا لێم داتەوە، یا عەفوم بكات. عەبدوڵڵا پێی ڕاگەیاند و ئیمامیش گوتی: كوڕم بڕۆ خەبەری بدەرێ، بڵێ ئیمام عەفوی كردی لە دونیا و لە قیامەت، عەبدوڵای كوڕی گوتی: بابە لە دونیا تەواوە، بەڵام لە قیامەت عەفوی مەكە، با خوا حەقی تۆی لێ بكاتەوە. گوتی: كوڕم خوا دەفەرموێ: «فَمَنْ عَفَا وَأَصْلَحَ فَأَجْرُە عَلَی اللَّهِ» ئەگەر عەفو بدەی، خوا پاداشتت بێ هەژمار دەداتەوە. بۆیە گرنگە چاو لەو گەورانە بكەین، لە یەكتر خۆش بین، بۆ ئەوەی بە ئارامی بژین و پاداشت لە خوا وەرگرین.

بە زوبانی حاڵ ڕۆژی قیامەت خوا پرسیارت لێ دەكات: ئەرێ فڵان كەس هەڵەی بەرامبەرت كرد، هۆڕنی بە قوەتی لێ دا، تۆپە بەفری لە جامی سەیارەت دا، ئەو كەسەی فول لایەتی بۆت لێ دا، جنێوی بە تۆ دا، دەتتوانی لێی ببووری، بۆ عەفوت نەدا، بۆ مەردایەتی و پیاوەتی خۆت نیشان تاوانباران نەدا، لە جیاتی تۆڵەكردنەوەت؟ ئەو كات مرۆڤ دەزانێ چ هەڵەیەكی كردووە.

هەبووە لە تۆڵەكردنەوە بووەتە بكوژ و زۆربەی ژیانی لە زیندان بردووەتە سەر و لە كۆتایی دەبێ برێكی زۆریش پارە بدات و سوڵح بكات. خۆ ئەگەر ئەو عەفوەی بدایە لە سەرەتا، تووشی ئەو هەموو سەرئێشەیە نەدەبوو .

ئاخیر شت سەیری حەزرەتی یوسف و براكانی بكەن. براكانی یوسف سێ هەڵەی گەورەیان بەرامبەر یوسف كرد :

١-خستیانە ناو بیر بۆ ئەوەی بمرێت.

٢-كاتێك كاروان دەریان هێنا، خۆیان كردەوە خاوەنی یوسف.

٣-بەو كاروانەیان فرۆشت و بە بابیان (حەزرەتی یعقوب) گوت گورگ یوسفی خوارد.

دوای ١٨ساڵ یوسف دەبێتە عەزیزی میسر، براكانی دەچن بۆ میسر یوسف دەیانناسێتەوە، بەڵام لێیان دەبوورێ. كە دەیتوانی بەخراپترین شێوە سزایان بدات بەڵام لە جیاتی تۆڵە عەفوی كردن، پێی فەرموون هەر وەك خوا لە قورئان بۆمان باس دەكات «قَالَ لَا تَثْرِيبَ عَلَيْكُمُ الْيَوْمَ ۖ يَغْفِرُ اللَّهُ لَكُمْ ۖ وَهُوَ أَرْحَمُ الرَّاحِمِينَ». فەرموی: «ڕابردوو لە بیر خۆتان ببەنەوە، خوا عەفوی كردن، منیش ئێوەم عەفو كرد».

 چەند جوانە بەو شێوەیە یەكتر عەفو بكەین.

ئەوڕۆ زیاتر لە هەر ڕۆژێك پێویستیمان بە لێبوردەیی هەیە لە بەینی لایەنە سیاسییەكان، لە بەینی سەرۆكەكان و لە نێوان كەسایەتیەكان بۆ دەرچونمان لەو دۆخە چەقبەستووەی ئێستا كە زۆربەی دەستكەوتی كورد لە ململانێ و لە ڕق و تۆڵە لەبار چوون.

بۆیە داوا لە هەموو ئەو سەرۆكانە و لایەنە سیاسییەكان دەكەم، كەونە كای بەبا نەكەن. لە یەكتر ببوورن و ببنە برا یەكگرتوو و یەكدەست و یەكڕەنگ بن بۆ پاراستن و دەسكەوتی زیاتری میللەتەكەمان كوردستان.

 

 

 

 

مەلا فكری سیتكانی

 

پێش نوێژ و وتارخوێن/ مزگەوتی سەید نەسرەدین/ بەڕێوەبەری كارگێڕی مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان

Top