پڕۆفیسۆر مایكڵ بارنێت بۆ گوڵان:   نەتەوە یەكگرتووەكان كارێكی ئەوتۆی لەدەست نایەت كاتێك هێزە مەزنەكان شەڕی یەكتر دەكەن

پڕۆفیسۆر مایكڵ بارنێت بۆ گوڵان:     نەتەوە یەكگرتووەكان كارێكی ئەوتۆی لەدەست نایەت كاتێك هێزە مەزنەكان شەڕی یەكتر دەكەن

 

 

مایكڵ بارنێت پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروبارە نێودەوڵەتییەكانە لە سكووڵی ئیلیۆت لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و حوكمڕانیی جیهانی و چەند پرسێكی پەیوەندیدار دەدات. پێشتر وانەبێژ بووە لە زانكۆكانی مینێسۆتا، ویسكۆنسن و تەل ئەبیب. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرهاویشتە و دەرئەنجامەكانی ئەم شەڕە و ناكارایی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئاست ئەم شەڕە و ئەگەری بەكارهێنانی چەكی ناوكی و چەند پرسێكی دیكە.

 

* سەرەڕای ئەوەی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا كاولكارییەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە و كاریگەری و دەرهاویشتەی لەسەر ئاستی جیهان هەبووە، ئەوا پێ ناچێت ئەم شەڕە بەم نزیكانە یەكلا ببێتەوە و هیچ ئەگەرێكی ڕاستەقینەش بەدی ناكرێت بۆ گرتنبەری ڕێگای گفتوگۆ و دانوستاندن، بە بۆچوونی ئێوە بۆچی ئەم شەڕە هێندە درێژەی كێشا و بۆچی ڕووسیا كە خەسارەتێكی زۆری سەربازی و ئابووریشی كردووە، پێداگرە لەسەر درێژەپێدانی؟

- بە دڵنیاییەوە پرسی درێژەكێشانی شەڕەكە بە چەشنێك بووە كە كەسانێكی كەم پێشبینی و چاوەڕوانییان دەكرد بەو جۆرە بەردەوام بێت. ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە ئۆكرانیا كارێكی كردووە كە هەوڵەكانی ڕووسیا بە بنبەست بگەن و لە هەندێ ناوچە و شوێنیش ناچاری كردووە پاشەكشە بكەن. هەروەها لە ڕوانگەی ئەم سەركەوتنانەی گۆڕەپانە سەربازییەكەوە بووە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی پتر ئامادەن كەلوپەل و چەكی پێشكەوتوو و ستراتیژی بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر بكەن. هیچ كەسێكیش چاوەڕوان و پێشبینیی ئەوە ناكات كە سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین ئەمە قبووڵ بكات، لەبەر ئەوەی لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە چارەنووسی شەخسی خۆی بە دەرئەنجامەكەوە گرێ دراوە. دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین كە سیاسەت و تاكتیكی خاكی سوتماك و ویست و ئیرادەی پێشێلكردنی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی وەك بەشێكی سەرەكی ئەم ستراتیژییە سەربازییە سەركەوتوو نەبوو. هەروەها دەبێت ئەوە بڵێین كە سەرۆك ڤلادمیر پوتین ئەم تاكتیكانەی بەكارهێنا، لەبەر ئەوە ئەوەی هەستی بە نائومێدی دەكرد و نەیتوانی سەركەوتن لە شەڕەكەدا بەدەست بهێنێت. لەلایەكی دیكەوە ئەو پرسیارەش دەكرێت كە چی ڕوودەدات كاتێك زستان سەختتر دەبێت و ڕووسیا ژمارەیەكی زیاتری سەربازە یەدەگەكانی بەكار دەهێنێت و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەكانی هەوڵەكانی لە دژی ڕووسیا چڕ دەكەنەوە. من پێم وایە بارودۆخەكە بە بنبەست دەگات. لە ئێستادا گوشارەكانی سەر دەوڵەتی ئۆكرانیا گوشارێكی زۆرن بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە گرتنەبەری ئاشتی، بەڵام ئەمە ئەوە لە خۆدەگرێت كە دەبێت ئۆكرانیا جۆرێك لە سەركەوتن و بردنەوە بە ڕووسیا بدات، كە پێ ناچێت ئامادەی كارێكی لەم چەشنە بێت. 

* هەروەك ئاشكرایە كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا نەك تەنیا هاوكاریی سەربازی و دارایی ئۆكرانیایان كردووە، بەڵكو لە هەمان كاتدا چەندین سزا و ڕێكاری دارایی و ئابوورییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە، ئێوە چۆن لە كاریگەریی ئەم سزایانە دەڕوانن لە كاتێكدا كە وا دەردەكەوێت داهاتی ڕووسیا زیادی كردبێت لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازەوە؟

- سەرەتا دەبێت ئاماژە بەو ڕاستییە بكەین كە بە شێوەیەكی گشتی سزاكان تەنیا ئەو كاتە كاریگەرییان دەبێت و دەرئەنجام بەدەست دەهێنن كە سەرجەم دەوڵەتان هاوكار و هەماهەنگی بكەن، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین كە ئەمە لە حاڵەتی ئێستادا و لە پەیوەندی بە ڕووسیاوە ڕوونادات. هەروەها دەتوانین لەو ڕوانگەیەوە لە كارایی سزاكان بڕوانین كە كاریگەرییان هەبێت لەسەر دانیشتووانی وڵاتەكە، بە چەشنێك ببێتە هۆی ئەوەی دەست بە دەربڕینی ناڕەزایی بكەن، كە ئەگەری ئەوەش لە ئارادا نییە كە ئەمە ڕوو بدات. كەواتە ئەوەی ماوەتەوە ئەوەیە كە پێویستە لە ڕوانگەی سیاسی و وەك كاریگەرییەكی ڕەمزی حوكم لەسەر كارایی ئەم سزایانە بدەین.

* ئەوەی لە میانەی ئەم شەڕەدا بەدی دەكرێت، ناكارایی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە، كە خۆی لە خۆیدا ئەم ڕێكخراوە دەبوو ڕۆڵی سەرەكی بگێڕێت - وەك ئەركێكی خۆی- بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهانی، بەڵام ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن و بۆچی پێتان وایە ئەم ڕێكخراوە هێندە ناكارایە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم شەڕەدا؟

- لە ڕاستیدا ئەدای ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەم ڕووەوە چاوەڕوانكراو و پێشبینیكراو بوو، چونكە ئەوەی ئاشكرایە كە هیچ كاتێك ئەم ڕێكخراوە نەیتوانیوە ڕۆڵێكی ئەوتۆ و كاریگەری هەبێت كاتێك هێزە گەورەكان تووشی شەڕبوونە لەگەڵ یەكتریدا.

* بەڵام ئایا ئەم ناكاراییەی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان نەبووەتە هۆی ئەوەی جیهان لە بارودۆخێكدا بێت كە كەمتر ئاسایش و ئارامی بەخۆیەوە ببینێت؟ ئایا بە تێڕوانینی ئێوە كاتی ئەوە نەهاتووە كە لەم ڕێككخراوەدا چاكسازی ئەنجام بدرێت؟

- بە تێڕوانینی من ناتوانرێت و ناكرێت چاكسازی لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا بكرێت، بە چەشنێك كە بتوانێت ئیدارەی ئەم بارودۆخەی ئێستا بكات و مامەڵە لەگەڵ ئەم شەڕە هەڵگیرساوەدا بكات. دواتر دەبێت ئەوەش بڵێین كە ڕاستە ئەم ڕێكخراوە پێویستی بە چاكسازی هەیە، بەڵام نەك لەبەر ئەوەی بێ توانا بووە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم شەڕەی ئێستادا.

* بە لەبەرچاوگرتنی پەرەسەندن و پێشهاتی شەڕەكە و بەلەبەرچاوگرتنی خەسارەت و دۆڕانە سەربازییەكانی ڕووسیا و ئاماژەی چەند جارەی ڕووسیا بۆ بەكارهێنانی چەكی ناوكی، ئایا پێت وایە ئەگەر شەڕەكە بەم شێوەیە درێژە بكێشێت و ئەگەر ڕووسیا تووشی پاشەكشە و شكستی زیاتری سەربازی بێت، ئایا پەنا بۆ گرتنەبەری ئەم بژاردەیە دەبات و ئەم چەكە بەكار دەهێنێت؟

- من گومانێكی زۆرم هەیە لەوەی بارودۆخی شەڕەكە بەم ئاقار و ئاراستەیەدا بڕوات. چونكە ئەگەر ڕووسیا پەنا بۆ بژاردەی چەكی ناوكی ببات، دەبێتە هۆی ئەوەی ڕۆژئاوا كاردانەوە و پەرچەكردارێكی بەهێز و گەورەی هەبێت لە دژی ڕووسیا، بە چەشنێك ناتۆ بە هەموو قورسایی خۆیەوە دژ بە ڕووسیا دەوەستێتەوە. ڕەنگە ناتۆ وەك كاردانەوەیەك چەكی ناوكی بەكار نەهێنێت، بەڵام شێواز و ڕێگای دیكە هەیە بۆ ئەوەی كارێك بكات كە خەسارەتێكی گەورە بەسەر ڕووسیادا بهێنێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی دروستبوونی گوشار لەسەر هاتنەئارای كودەتایەكی ناوخۆیی لە نێو ڕووسیادا.

* زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە ئەم شەڕە بووەتە هۆی لەقكردنی پایەكانەكانی ئەوەی پێی دەوترێت سیستمی نێودەوڵەتی بنیادنراو لەسەر ڕێساكان، یان دەووترێت ئەم شەڕە دەرئەنجامی لاوازبوونی بناغە و پایەكانی ئەم سیستمەیە، تێڕوانینت چییە لەم ڕووەوە و ئایا پێت وایە دەبێت جارێكی دیكە و لەسەر بنەما و بەهای جیاواز ئەم سیستمە دابڕێژدرێتەوە؟

- من پرسیاری ئەوە دەكەم كە چۆن دەكرێت ئەمە ڕوو بدات؟ چونكە ئێمە دەزانین كە سیستمە جیهانییەكان لە ئەنجام و زادەی دانیشتن و دانوستاندن و گفتوگۆوە نەهاتوونەتە ئاراوە و دروست نەبوون، بەڵكو هەمیشە پرۆسەیەكی بەردەوامی گەڵاڵەبوون بوون. ڕاستە ئەوەی لە ئێستادا نكۆڵی لێ ناكرێت، ئەوەیە كە جیهان لە ئاڵوگۆڕدایە و بە گۆڕانكاریدا تێدەپەڕێت، بەڵام پرەنسیپەكان لە ئەنجامی گفتوگۆوە دروست نەبوون، بە چەشنێك سەرۆك دەوڵەتەكان دابنیشن و كار لەسەر داڕشتن و گەڵاڵەكردنی ئەم پرەنسیپانە بكەن. واتە ئەم بنەمایانە لە ئەنجامی ململانێ و ڕكابەرییەكانەوە دروست بوون.

Top