د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بۆ گوڵان:   یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دیاریی مەلا مستەفا بارزانی و زادەی بیری یەكسانیخوازییە

د. ڤیان سلێمان  سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بۆ گوڵان:     یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دیاریی مەلا مستەفا بارزانی و زادەی بیری یەكسانیخوازییە

 

 

یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ڕێكخراوێكە مێژوویەكی پرشنگداری هەیە و كار و كۆششەكانی دیار و بەرچاون و دەستكەوت و سەركەوتنی گرنگی بەدەست هێناوە، لەم بارەیەوە گوڵان دیدارێكی لەگەڵ د. ڤیان سلێمان سكرتێری یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ئەنجام دا.

 

* رۆژی 11/12 لەلای ئێوە چی دەگەیەنێت، بەتایبەتی كە ئەمساڵ حەفتا ساڵەی تەمەنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بوو، لەم بۆنەیەدا چ پەیامێكت هەیە؟

- لە لای ئێمەی ئافرەتانی كوردستان 11ی12 دەستپێكی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتییە هاوشان لەگەڵ شۆڕشێكی نەتەوەیی، هەروەها ڕۆژی گۆڕان و گۆڕانكاری و بەدیهاتنی ئاواتەكانی نەتەوەیەكی ستەمدیدەیە و بۆ هەڵبڕینی دەنگی ئافرەتانی كوردستانە كە ئێمە لە كوردستاندا هاوشانی پیاوەكان لە شۆڕشی نەتەوەیی و یەكسانیدا بە یەكەوە خەبات دەكەین و، هەڵبڕینی دەنگە بەرانبەر ئەو نەریتە كۆنانەی كە ئازادیی ئافرەت بەربەست دەكەن و هەڵبڕینی دەنگی ئازادیی ئافرەتانی كوردستانە بۆ ئازادیی خاك و مرۆڤ و ئافرەت، یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان دیارییەكی باوكی نەمر، بارزانیی نەمرە، بۆ ئێمە لە دیدی یەكسانیخواز و زادەی بیری یەكسانیخوازی بارزانیی نەمرە، ئەو دیدەیەی كە سەرچاوە لە ڕێبازی پیرۆزی بارزانەوە دەگرێتەوە، كە لەسەر بنەماكانی خۆشەویستی و یەكسانی و پێكەوەژیان و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی بنیادنراون، بارزانیی نەمر باش دەیزانی ئەگەر ئافرەت ئازاد نەبێت و لە چوارچیوەی ماڵ نەیەتە دەرەوە و هوشیار نەبێت و نەیەتەوە ناو گۆڕەپانی خەبات و هوشیاریی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و مرۆڤدۆستی نەگاتە ئەو ئاستە، ئەو شەنگسەتە گەورانە لە ناو دڵی نەوەكانی یەك لە دوای یەكی كوردستاندا ناچەقن و گەورە نابن، بۆیە بە دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان بارزانیی نەمر توانی ئەمە بچێنێت كە نەوە دوای نەوە و لە ئێستاشدا لە ناو دڵی كچانی ئێمەدا جێگیر دەبێت و دەچێندرێت. بێگومان 11/12 شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی بوو، كە ئافرەتان لە كابانی ماڵەوە گەیاندرانە سەركردایەتیی كۆمەڵگە.

* ئایا ڕۆڵی ئافرەتان لە پرۆسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا چۆن دەبینیت؟

- مێژوو شاهیدە لە پڕۆسەی ئازادیی نەتەوەییدا، بەتایبەت هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، پێش شۆڕشیش كە یەكێتیی ئافرەتان لەلایەن باوكی ڕۆحیی كورد بارزانیی نەمرەوە لە ساڵی 1952 دامەزراوە، ئەندامانی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ڕۆڵێكی زۆر گەورەیان لە شۆڕشی نەتەوەییدا دیتووە، چ وەك بەشدارییان لە شۆڕشەكان و چ وەك ڕێكخستنی نهێنی و چ وەك پێشمەرگە، چ وەك هێزی هاندەر و پشتگیریی هێزی پێشمەرگە و چ وەك هاندەری هاوسەرەكانیان لە بەشداریی شۆڕش و پێشمەرگایەتیدا، بەتایبەت لە بەڕێوەبردنی منداڵ و خێزانەكانیاندا، تاوەكو برا و هاوسەرەكانیان بتوانن لە چیا و مەیدانی خەبات و شۆڕشگێڕیدا درێژە بە خەبات و قوربانیدان بدەن. ئافرەتانی كوردستان لە شۆڕشەكاندا خاوەنی دەیان شەهیدی سەربەرزن بۆ كورد و كوردستان و، لە هەردوو قۆناغی ئارامییشدا لە ساڵی 1958 تا 1961 و لە ساڵی 1970 تا 1974دا دەبینین ئافرەتانی كوردستان بە چ گوڕ و تینێكەوە دێنەوە ناو كاری ئاشكرای سیاسی و نەتەوەیی و بارەگا دادەمەزرێنن و ڕۆڵێكی زۆر كاریگەر دەبینن لە پێشخستنی ئافرەتاندا و ڕۆڵێكی زۆر بەرچاو و كاریگەریان هەبووە لە هەموو كات و قۆناغێكی شۆڕش و ئارامیدا، بۆ سەركەوتنی ڕێبازی پارتی و بارزانی، هاوكات یەكێتیی ئافرەتان هەوڵ دەدات لە ڕێكخستنەكاندا زۆرترین ئافرەتان بەشدار بن و ڕۆڵی كاریگەریان هەبێت و یارمەتیی خێزان و ئافرەتانی هەژار دەدەن و خولی نەخوێندەواری و ئەوانەی پێویست بێت بۆ ئافرەتان دەیكەنەوە، یەكێتیی ئافرەتان شۆڕشێكی مەدەنیانیە دەكات بۆ یەكسانی و پێشخستنی ئافرەتان لە بەشداریی جومگە و دامەزراوە سیاسی و حكوومییەكاندا و كار دەكەین بۆ گۆڕینی هەموو ئەو نەریتە كۆنانەی كە پێگەی ئافرەتان لە ناو كۆمەڵگەدا كەم دەكەنەوە. هەروەها لە دوای ئازادیی گەلی كوردستان لە بەهاری 1991دا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستنی كۆمەڵگەی كوردستان و، بەشداربووە لە پرۆسە مەدەنییەكاندا و بەشداریی كردووە لە پەرلەمان و دامەزراوەی حكومەتی كوردستان و چەندین پلە و پایەی كاریگەر و بەرز و گرنگی بەدەست هێناوە.

* گرنگیدانی جەنابی سەرۆك بارزانی و هەردوو سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بە ئافرەتان، چۆنە و تا چەند لە ئاستی تمووحی ئێوەدایە؟

- شانازییە بۆ ئافرەتانی كوردستان، بەتایبەت بۆ یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان كە خاوەن سەرۆك و سەركردەی ڕۆحیی نەتەوەی كورد و كوردستانین كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییە، كە بەردەوام و لە هەموو پێشهات و بۆنە و كارەكاندا پشتیوان و ڕۆڵی ئێمەی ئافرەتان زۆر بەرز دەنرخێنێت و، پشتیوانێكی ڕاستەقینەی ئافرەتانی كوردستانە و، هەوڵی داوە كە ئافرەتان لە ناو هەموو كۆمەڵگە و كایە سیاسی و نەتەوەیی و حكوومی و پەرلەمانییەكاندا شانبەشانی پیاوان بن، كە ئەمەش هزرێكە لە مێشك و ڕۆحی ڕابەر و سەرۆكمان جەنابی سەرۆك بارزانی لە باوكی نەمرەوە بۆی چێندراوەتەوە و لەو پەڕی دڵسۆزی و بەتەنگەوەهاتنەوە كاری بۆ سەركەوتن و بەشداریی ئێمەی ئافرەتان لە پرس و كارەكانی ناو كۆمەڵگەی كوردستاندا كردووە، هاوكات لە سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیرانیش ئەو ماوە و كاتە ڕەخساوە كە ئافرەتان لە هەموو جومگە و دامەزراوەكاندا لە ڕاپەڕاندن و جێبەجێكردن و یاسادانان و قەزادا بەشداریی كارا و بەرچاویان هەبێت. لەلایەكی دیكەوە هەموو كاتێك لە مێژووشدا ئافرەتانی پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتوونەتە سەركردایەتی، ئێستاكەش لە پەرلەمان و هەڵبژاردنەكاندا زۆرترین ئافرەت بە بێ دەنگی كۆتا و وەك دەنگی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان زۆرترین دەنگ دەهێنن و دەبن بە پەرلەمانتار، چەندین كەس لە ئافرەتانی ئێمە بوون بە وەزیر و پۆستی گرنگ و كاریگەریان لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستاندا بەدەست هێناوە.

* ئایا لە كابینەی نۆیەمدا تا چەند گرنگی بە ڕۆڵی ئافرەت دراوە لە كایە و دامەزراوە گرنگەكانی حكومەتدا، هەروەها تا چەند گرنگییان بە پرسی ئافرەتان داوە؟

- بە تەئكید لە هەموو كابینەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیی زۆر بە بەشداریی ئافرەتان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دراوە، بەڵام لە كابینەی نۆیەمدا ئەو گرنگیدانە لە بەڕێوەبردنی جومگەكانی حكومەتدا زۆر زیاتر و كاریگەرتر بووە و، دەبینین ڕێژەی ئافرەتان بەتایبەتی ئەوانەی دەرچووی قوتابخانەی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستانن، زۆر زیاترە و بەرەو پێشتر چووە و، كابینەی نۆیەم دەیەوێت لە هەموو ڕوویەكەوە یەكسانی و دادپەروەریی زیاتر بەرجەستە ببێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئافرەتان لە زۆربەی كایەكاندا هەن و لە پەرلەماندا دەبینین كە ڕۆڵیان لە دانانی یاسا و سەركەوتنی كیانەكە و سەقامگیریی هەرێمی كوردستاندا تا چەند بەرز و بەرچاوە.

* پێشنیار و بۆچوونتان بۆ زیاتر گرنگیدان بە ئافرەتان و خێزان لە كۆمەڵگەی كوردستاندا چییە؟

- ئەو سەردەمە و گۆڕانكاریی دونیا وای كردووە كە گۆڕانكاری لە خواستی ئافرەتانی كوردستانیشدا دروست بێت، چەندین كەموكوڕی هەیە، بۆی هەیە لە ئاستی خواستی ئێمەدا نەبێت، بەڵام خواست شتێكە و هاتنەدی و جێبەجێكردنیش شتێكی دیكەیە، ڕاستە ئێمە دەستكەوتی باش و زۆرمان بەدەست هێناوە و كاریگەریمان لەسەر كۆمەڵگە هەیە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستەی تمووحی ئێمەی ئافرەتانی كوردستان وەك ئەوەی كە پێویستە بێتەدی، ئەگەرچی ڕێگەیەكی دوور و درێژمان لە پێشە بۆ ئەوەی ئەو یەكسانییەی لە بەشداریكردن و یەكسانی لە دەستكەوت و یەكسانی لە بەرپرسیاریەتی هەیە، بۆمان بێتەدی. لێرەدا لە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەردوو ڕێزدار جێگرانی سەرۆكی پارتی دواكارین، زیاتر پاڵپشت و هاوكارمان بن بۆ هاتنەدیی ئەو یەكسانییانەی كە لە ژیاندا هەیە، هەروەك ئەوەی كە لە پێشتریش هاوكار و پشتیوانمان بوون بۆ هاتنەدیی ئامانج و یەكسانییەكانمان. لە لایەكی دیكەوە پرسی ئافرەت مێژوویی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و یاسایی و سیاسییە، كە لەسەر پرسی ئافرەت كار دەكرێت، ئێمە داواكارین لەو پرسەدا ئەو یەكسانییانەی كە پێویستە بۆ ئافرەتان، بەرجەستە بكرێت لە دوو خاڵدا، یەكەم: هاوپێگەیی ئافرەتان لەگەڵ پیاوان لە ناو خێزان و كۆمەڵگەدا.

دووەم: ئافرەت خاوەنی بەرهەم و بڕیاری خۆی بێت بۆ هاتنەدی ئامانجەكانی، ئەمانەش دەبێت ئێمە خۆشمان كاری بەردەوامی لەسەر بكەین و هۆشیاری و گەیاندنی بە كۆمەڵگە و خێزان كاری جددی دەوێت. ئەمەش دەبێت لە ڕێگای پەروەردە و پرۆسەی خوێندنەوە دەست پێ بكات، تا هەنگاو بە هەنگاو بە شێوەیەكی لەسەرخۆ بگاتە هزر و بیری هەموو تاكێكی كۆمەڵگەكەمان.

* ئایا لە كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستاندا ئەو ڕێژە و ژمارەی ئافرەتانەی بەشداربوون و بوون بە ئەندامی سەركردایەتی، تاچەند لە جێگای خۆیدا و لە ئاستی تمووحی ئافرەتاندا بووە؟

- ڕێژەی ئافرەتان لەم كۆنگرەیەدا ڕێژەیەكی زۆر باش بوو، كاریگەریی خۆیشی هەبوو لە ناو كۆنگرەدا، بەڵام ئایا لە تمووحی ئێمەدا بوو؟ بێگومان لە ئاستی خواستی ئێمەدا نییە، ڕاستە كۆتا هەیە، بەڵام ئەمەش شیرێكی دووسەرەیە، لە هەمانكاتدا دەرفەتێكە بۆ بەشداریی ئافرەتان لە مومارەسەی كایە جیاوازەكاندا، بەڵام لە هەمانكاتدا لە ناو كۆتادا لایەنی نەرێنی هەیە، ئەگەرچی بۆ ئەو قۆناغە بەشداریی ئافرتان لە كۆنگرەكەدا باش بوو، بەڵام داواكارین لە كۆنگرەی داهاتوودا ڕێژەی بەشداریی ئافرەت زۆر زیاتر بكرێت و بە بێ كۆتا و بە دەنگی خۆیان مەكانەت و پلەكان ببڕن.

* پەیوەندیتان لەگەڵ سەندیكا و كۆمەڵە و یەكێتییەكانی دیكەی ئافرەتانی كوردستان و وڵاتانی دەرەوە، بەتایبەت ئەوروپا چۆنە؟

- پەیوەندیی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕێكخراوی ئافرەتانی حزب و لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان زۆر باشە و، لە تۆڕێكی ڕێكخراوەیی لەگەڵیان بەشدارین و لەسەر پرسی ئافرەتانی كوردستاندا هەماهەنگ و هاوكاری یەكترین و لەگەڵ ڕێكخراوەكانی مەدەنی، ئەوانەی لە ناو هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی مافی مرۆڤـ و ئافرەتان كار دەكەن، لە پەیوەندیی بەدرەوام و باشداین و كاری هاوبەش ئەنجام دەدەین، هاوكات لەسەر ئاستی وڵاتانی دەرەوەش پەیوەندیمان لەگەڵ ئەنجومەنی ئافرەتانی ئەوروپا هەیە و، لە 11 وڵات و شوێن ماف و نوێنەرایەتیی ئافرەتانمان هەیە، كە بە خۆبەخشی لەسەر پرسەكانی ئافرەتان كار دەكەن.

Top