موزەفەر سابیر بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی پارێزگای هەولێر (بە وەكالەت) بۆ گوڵان:   شەو و ڕۆژ چاودێریی بازاڕ دەكەین و هاووڵاتیانیش دەتوانن لە هەر سەرپێچییەك ئاگادارمان بكەنەوە

موزەفەر سابیر  بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی پارێزگای هەولێر (بە وەكالەت) بۆ گوڵان:     شەو و ڕۆژ چاودێریی بازاڕ دەكەین و هاووڵاتیانیش دەتوانن لە هەر سەرپێچییەك ئاگادارمان بكەنەوە

 

 

چاودێریی بازرگانی ڕۆڵێكی گرنگ و كاریگەری هەیە لەسەر بازاڕ و ژیان و گوزەرانی خەڵك، كە لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بازاڕ بە چەشنێك نەبێت كە بە زیان بشكێتەوە بۆ هاووڵاتییان، یان گەمە بە نرخەكان بكرێت لەسەر حیسابی خەڵك، بۆ ئەم مەبەستە و زیاتر ئاشنابوون بە پلان و كاروباری چاودێریی بازرگانی، گوڵان دیدارێكی لەگەڵ موزەفەر سابیر بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی پارێزگای هەولێر (بە وەكالەت) ئەنجام دا.

 

* چاودێریی بازرگانی لایەنێكی گرنگە بۆ چاودێریكردن لەسەر نرخ و كوالێتیی هەموو كەلوپەل و خۆراك و سەوزە و میوەكان لە ناو بازاڕ و دووكانی شار و شارۆچكەكان، ئایا وەك چاودێریی بازرگانی چۆن چاودێریی بازاڕ دەكەن بۆ ئەوەی نرخ بەرز نەكرێتەوە و كوالێتیی كەلوپەل و خۆراكەكانیش ستاندارد و بەپێی پێویست بن؟

- ئێمە تیممان هەیە بۆ چاودێریی بازاڕ و بە شەو و ڕۆژ سەردانی بازاڕ و شوێنەكان دەكەن، ئەم ژمارەی تەلەفۆنەش (07504908470) كراوەیە بۆ ئەوەی لە كاتی هەر سەرپێچییەك هاووڵاتیان پەیوەندیمان پێوە بكەن. سەبارەت بە میوە و سەوزە هەفتانە نرخەكان لە ڕۆژی شەممە دیاری دەكرێت لەلایەن لێژنەیەك كە ئەندامی ئێمەشی تێدایە، لە پاشان ئێمە ئەو نرخ و لیستەیە بە چاودێرەكانمان دەدەین، لە هەر شوێن و بازاڕێك سەرپێچی هەبێت ئەوە خاوەن شوێن و فرۆشیارەكە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزا دەكرێنەوە، نرخی هەموو كاڵا و میوە و سەوزەكانیش بەپێی كوالێتییان پلە یەك و دوویان بۆ دادەنرێت. بۆ چاودێریی هەموو بازاڕ و شوێنەكان لە شارێكی بەرفراوانی وەك هەولێر تەنیا نۆ تیممان هەیە، كە ئەمەش زۆر كەمە، هەر بۆیە ڕۆژانە تیمەكان بەپێی پێویست بە سەر بازاڕ و فرۆشیار و ماركێت و سەمونخانە و نانەواخانەكان دابەش دەكەین، هاوكات ئۆتۆمبێلیشمان بۆ دەرچوونی تیمەكان كەمە، ئەگەرچی تەنیا لە مانگی 11ی ئەمساڵدا سەردانی 325 ماركێت و 100 سەوزەفرۆش و 75 گۆشتفرۆش و 40 نانەواخانە و 55 سەمونخانە و 20 شوێنی شیرنەمەنی و 10 كۆگا و چەندین شوێنی دیكەش كراوە و 153 شوێن پسولەی سەرپێچیكردنیان بۆ كراوە و زیاتر لە 79 ملیۆن دینار سزایان لێ وەرگیراوە.  

*  ماوە ماوە دەبینین چەندین كاڵا و كەرەستەی خۆراكی نرخیان بەرز بووەتەوە، هۆكاری ئەمە چییە؟ ئایا بارودۆخ و شەڕی ئۆكرانیا و كێشەكانی ناوچەكە كاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخەكان بووە؟

- بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و كەرستە خۆراكییەكان هۆكاری زۆرە، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە و بازرگانەكانیش بە دۆلار كاڵا و كەلوپەلەكان دەهێنن و لە بازاڕیش بە دینار دەیفرۆشن، بۆیە هەندێك جار دەبینیت لە نرخی ئێستای لە پێشووتری زیاترە، هۆكارێكی دیكەش بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەكانە، بەتایبەت گاز و بەنزین كە لە هاتوچۆكردن بەكاردەهێنرێت، كاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی كاڵاكان هەیە و زۆربەی ئەو كاڵایانەی لە دەرەوە دێن، نرخیان گۆڕانكاریی بەردەوامی بەسەردادێت، هەر بۆیە ئێمە لەو كەس و بازرگانانە مەنیفیست داوا دەكەین، تاوەكو لەو ئاستەی بۆی دیاری كراوە، نەتوانن زیاد ئیستیغلالی بازاڕ و نرخەكان بكەن، بۆ نموونە كاڵایەك بە سەد دۆلار بووە، لەگەڵ گرانبوونەكەدا دەكرێت بە 110 دۆلار بفرۆشرێت، بەڵام ئێمە ڕێگری لەوە دەكەین كە نرخەكە زیاتر بكرێت بۆ نموونە بە 150 دۆلاری بفرۆشێت، لەوكاتەدا لێپێچینەوە لەگەڵ بازرگان و فرۆشیارەكە ئەنجام دەدرێت.

بێگومان شەڕی ئۆكرانیا و ڕووسیا كاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕەكانی ئێمە دروست كرد و بووە هۆكاری ئەوەی كە هەندێ كاڵا و خواردن وەك گەنم و زەیت، نرخەكانیان زۆر زیاتر لە ئاستی خۆی بەرز ببێتەوە، چونكە هێنانی زەیت بۆ هەرێم و هەموو جیهان 60%ی لە ئۆكرانیاوە دەهات، لەلایەكی دیكەوە لەلای خۆشمان خەڵكانێك هەبوون، لە كۆگاكان هەوڵیان دا زەیت هەڵبگرن، بۆیە نرخی یەك زەیت گەیشتە پێنج هەزار دینار، بەڵام ئێمە لە ڕێگای تیمەكانمانەوە بەدواداچوونی زۆر و بەردەواممان ئەنجام دا، تاوەكو توانیمان ڕێگری لە قۆرخكاری و شاردنەوەی زەیت و هەر خواردەمەنیەكی دیكە بكەین كە بە مەبەستی بەرزكردنەوەی نرخ لە بازاڕەكان نەمابوون، یان زۆر كەم بوون، لەلایەكی دیكەوە دابەشكردنی سەبەتەی ئازووقە بەسەر هاووڵاتیان كاریگەری زۆر و ڕاستەوخۆی لەسەر كەمبوونەوەی نرخی ئازووقەكان بووە، هەر ئەمساڵ تا ئێستا 10 بەشە ئازووقە بە خەڵك دراوە. 

* تا چەند چاودێریی كۆگا و ساردكەرەوەكان دەكەن و ئەو ڕێنماییانە چین كە لەسەری دادەمەزرێن؟

- بەپێی ڕێنمایی دیاری كراوە كە 28 مەرج و خاڵە، ڕێگا بە دانان و كردنەوەی كۆگا و ساردكەرەوەكان دەدەین، تیمی تایبەتیشمان هەیە بۆ چاودێری و بەدواداچوونی كۆگا و ساردكەرەوەكان كە تیمەكانیش بریتین لە تیمی پشكنین و تیمی كۆمپانیاكان كە تیمی كۆمپانیاكان بەدواداچوون و گەڕان بەناو كارگە و كۆگاكان دەكەن و هەر سەرپێچی و پێشێلكارییەك لە دەرەوەی مەرج و ڕێنماییەكان لەلایەن تیمەكانەوە لەو كۆگا و ساردكەرەوە و كارگەیانە بەرچاو بكەوێت، ئەوە ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزا دەبنەوە. 

* وەك دەزانین ساڵانە لە بۆنە نەتەوەیی و ئایینییەكاندا كاڵا و شتومەكی خواردن و خواردنەوە لە بازاڕەكان نرخیان بەرز دەبێتەوە، ئایا بۆ ئەو سەری ساڵە چ بەرنامەیەكتان داناوە، تاوەكو نرخ بەرز نەكرێتەوە؟

- هەر بۆنەیەك كاریگەری لەسەر كاڵا و خواردەمەنیەك دروست دەكات و دەبینین لەلایەن بازاڕ و فرۆشیارەكانیش هەوڵ دەدرێت نرخەكان بەرز بكەنەوە، هەر بۆ نموونە لە بۆنە و جەژنەكانی قوربان و ڕەمەزاندا خواست لەسەر شەربەت و شیرنەمەنی و گۆشت و مریشك زیاد دەكات، لە نەورۆزدا هەوڵی گرانكردنی گۆشت و مریشك و سەوزە و میوە دەدرێت، لە بۆنەی سەری ساڵدا بە هەمان شێوە هەوڵی ئەوە دەرێت كەلوپەلی دیاری و جوانكارییەكان جگە لەخواردن بەرز بكرێتەوە، بەڵام لەو بارەوە ئێمە شارەزایی تەواومان هەیە و پێش هاتنی كاتی جەژن و بۆنەكان خۆمان ئامادە دەكەین و ناهێڵین فرۆشیار بە كەیفی خۆی نرخی كاڵاكان گران بكات. لەلایەكی دیكەوە پێش هەر بۆنە و یادێك چاودێرانی ئێمە زیاد لە پێویست سەردان و بەدواداچوون بۆ ماركێت و فرۆشیار و بازاڕەكان دەكەن و بەپێی ئەزموونی خۆیان ناهێڵن كەلوپەل و كاڵاكان نرخیان بەرز بكرێنەوە و بەرژەوەندیی هاووڵاتیان لە پێش هەموو شتێك لەبەر چاو دەگرین.

* ژمارەی ئەو ئاشانەی كە ئارد بەرهەم دەهێنن لە شاری هەولێر بۆ بەشە ئازووقەی هاووڵاتیان چەندە و ئاردەكانیان تا چەند گونجاوە بۆ بە نان كردن؟

- بۆ تەواوی پارێزگای هەولێر 13 ئاشمان هەیە كە گەنم دەهاڕن و دەیكەن بەو ئاردەی كە دەبێت ستاندار و زۆر شیاو بێت بۆ كردنە نان. ئاشەكان هەر هەموویان لە بنەڕەتەوە سەر بە بەغدان و ئەو گەنمەی بۆشیان دێت، هەر لە بەغداوە بۆیان دێت و پارەی گەنمەكەش كە دەكرێت بە ئارد هەر بەغدا بە ئاشەكانی دەدات، بەڵام ئەوەی لەسەر ئێمەیە چاودێریكردنیانە و ئەو ئاردەی لەو ئاشانە بەرهەم دێت، دەبێت بەپێز بێت و لە بەر چاوی لێژنە و چاودێرانی ئێمە دەكرێت بە نان، لەو كاتەدا ئینجا ئێمە ڕێگا بە ئاردەكان دەدەین لە ئاشەكان دابەش بكرێن. لێرەدا دڵنیایی بە خەڵكی خۆمان دەدەین كە ئەو گەنمەی دەكرێت بە ئارد و لە پاشان دابەش دەكرێت، لە ڕێگای بیتاقەی ئازووقەوە، جگە لە گەنم هیچ شتێكی دیكەی وەك گەنمەشامی بۆ نموونە لەگەڵ تێكەڵ ناكرێت و 100% باشترین جۆری گەنمە كە زۆر شیاوە بۆ نانكردن. لەلایەكی دیكەوە ئێمە تیممان هەیە بەسەر بریكارەكانی ئازووقە و ئارد دەگەڕێن و جەخت لەوە دەكەنەوە كە دەبێت سەبەتەی ئازووقەكە بەپێی ئەو جۆر و مواسەفاتەی دانراوە، دابەش بكرێت بەسەر هاووڵاتیاندا و ئاردەكەش بە هەمان شێوە.

* ئایا لە بازگەكان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تیم و كارمەندتان هەیە بۆ چاودێریی ئەو كاڵا و كەرەستە خۆراكییانەی دێتە ناو شار و بازاڕ؟

- ئێمە بۆ هەموو بازگەكان نووسراومان كردووە، بە مەبەستی ئەوەی كە هەموو ئەو بەشە ئازووقەی دابەش دەكرێت، بە هیچ جۆرێك نابێت ببردرێتە دەرەوە، چونكە كاریگەری لەسەر گرانبوونی نرخ كاڵاكان دەبێت، لە هاتنی هەر جۆرە خواردن و سەوزە و میوەش لە دەرەوەی هەرێم ئێمە چاودێر و تیممان هەیە بەدواداچوون و چاودێریی چڕی هاتنی بارهەڵگرەكان دەكەن و لە فڕۆكەخانەش هاتن و چوونی هەر كەلوپەلێك پەیوەندی بە ئێمەوە هەبێت، ئاگادارمان دەكەنەوە و بەپێی پێویست بەدواداچوون دەكرێت. لەلایەكی دیكەوە ئێمە پەیوەندیمان زۆر باش و بەهێز و بەردەوامە لەگەڵ كۆنتڕۆڵی جۆری، چونكە نابێت بە قسە، یان بە گومان كار بكەین لەسەر هیچ كاڵایەك، بەڵكو هەموو كەلوپەل و كاڵایەك لەلایەن كۆنتڕۆڵی جۆری پشكنینی تەواو و زانستی بۆ دەكرێت، ئێنجا دەگاتە بازاڕەكان.

* بۆچی ماوە ماوە نرخی مریشكی كێڵگەكانی ناوخۆ لە بازاڕەكانی شاری هەولێر بەرز دەبنەوە و لەو ئاستە نییە كە خەڵك بتوانێت بیكڕێت؟

- هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی مریشكی كێڵگەكانی ناوخۆ زۆرن، لەوانە گرانبوونی نرخی ئەو جۆرە هێلكانە كە دادەنرێنەوە لە هەڵهێنرەكان و گرانبوونی عەلەف كە لە بەخێوكردنی مریشك بەكاردێت و گرانبوونی سووتەمەنییەكان كە لە كێڵگەكانی بەخێوكردنی پەلەوەر بەردەوام بەكاردێن، هۆكارێكی دیكە كە كاریگەری زۆری لەسەر گرانبوونی نرخی مریشكی ناوخۆی هەیە، ئەوەیە كە لە كاتێكدا نرخی پێداویستییەكان كە بۆ بەخێوكردنی پەلەوەر بەكار دێت، گران دەبێت، ئەوە خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەر بەشی زۆریان كێڵگەكانیان بە بەتاڵی دەهێڵنەوە لەوەی كە هەستن بە بەخێوكردن و گەورەكردنی پەلەوەر كە ئەمەش دەبێتە هۆكارێكی سەرەكی بۆ كەمبوونی مریشك لە بازاڕەكان و داواكاریشی زۆر لەسەرە، بۆیە نرخ یەكجار بەرز دەبێتەوە. هەندێك جار ئێمە خاوەن كێڵگەكانی پەلەوەرمان دیتووە ئەو پرسەمان لەگەڵیان تاوتوێ كردووە، لەو كاتەی كە وردەكارییەكان و خەرجییەكان دەخەنەڕوو، دەبینین ناتوانن مریشك تا دەگاتە دوو كیلۆ لە سێ هەزار و پێنج سەد دینار كەمتری بدەن، چونكە زەرەر و زیانێكی زۆریان پێ دەگات. هاوكات گرانبوونی نرخی مریشك هەندێك جار بۆ بڵاوبوونەوەی هەندێ نەخۆشی لە پەلەوەرەكان دەگەڕێتەوە كە وادەكات ژمارەیەكی زۆر لە مریشك و پەلەوەر مردار ببنەوە، لەو كاتەدا ئەوەی دەمێنێتەوە و تەندروستە نرخەكەی بەرز دەبێتەوە. هۆكارێكی دیكە ئەوەیە بازرگان و خاوەن كێڵگەكان لە دەرفەت دەگەڕێن، هەر بۆیان ڕەخسا، مریشك و پەلەوەرە دەبەنە خوار و ناوەڕاستی عێراق، لەو كاتەشدا دووبارە نرخەكان بەرز دەبنەوە. لە كۆتاییدا داواكارین لە هاووڵاتیان هیچ گۆشتێك نەكڕن كە دڵنیا نەبن لە قەسابخانەكان سەربڕاون. ئەگەر بینیتان لاشەی گۆشتەكان بێ مۆرە لێی دوور بكەونەوە، چونكە ئەوە وەك ئەوە وایە كە مەڕەكە، یان مانگا و گۆلكەكە مردار بووەتەوە، لە پاشان هێناویانەتە دووكانەكان، یان هەر قەساب و كەسێك لەبەر دەركی دووكانەكانیان مەڕ و گا و مانگا بەبێ پشكنین سەر ببڕن، ئەوە قەدەغەیە و ڕووبەڕووی سزا و لێپێچینەوە دەبنەوە.

Top