پـەیــامــی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی حەفتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان

پـەیــامــی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی حەفتایەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
به‌ڕێزان سكرتێر و ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی ئافره‌تانی كوردستان،
به ‌بۆنه‌ی حەفتایەمین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌کێتییە‌که‌تان، یه‌کێتی ئافره‌تانی کوردستان پیرۆزبایی گه‌رم ئاراسته‌ی ئێوه‌ و هه‌موو ئه‌ندامانی رێکخراوه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌تان و سەرجەم ئافرەتانی کوردستان ده‌که‌م.
یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان یەكێكە لە دەستكەوتە هەرە گرنگەكانی شۆڕش و ئامرازێكی گرنگ و كاریگەر بوو بۆ پێگەیاندن و هۆشیاركردنی ئافرەتانی كوردستان و فراوانكردنی بەشدارییان لە ژیانی سیاسی و خەباتی گەلی كوردستاندا و، لەو ڕێگەیەدا یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان ماندووبوون و قوربانیی زۆریشیان داوە.
لە قۆناغی ئێستادا ئەركی ئێوە لەڕووی هۆشیاریی نیشتیمانی و پێگەیاندنی ئافرەتان و داكۆكیكردن لە مافە مەدەنی و سیاسییەكانی ئافرەتان زۆر گرنگە و دەبێ لە ئاراستەی بەشداریی كارای ئافرەت لە ژیانی گشتیی كۆمەڵگەی كوردستاندا بێت. لەوەش دڵنیام یەكێتیی ئافرەتانی كوردستان هەر وەك قۆناغەكانی پێشووتری خەباتی خۆی، لە داهاتووشدا ڕۆڵی كاریگەر و پێشەنگی خۆی لە بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان و بەرگریكردن لە ماف و داخوازییەكانی ئافرەتان دەگێڕێت.
هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازم
مسعود بارزانی
11ی كانوونی یەكەمی 2022

Top