نیشتمان هەڵەبجەیی: سەركەوتنەكانم بە هۆی هاوسەرەكەم بووە، بەتایبەت لە بواری خوێندن پاڵپشتێكی باشم بووە

نیشتمان هەڵەبجەیی:  سەركەوتنەكانم بە هۆی هاوسەرەكەم بووە، بەتایبەت لە بواری خوێندن پاڵپشتێكی باشم بووە

 

 

كۆڵنەدان و نەترسان لە دۆڕان، ڕەنگ و بۆییەكی جوانتر بە ژیان دەدات و، ڕێگە دوورەكان نزیك دەكاتەوە. بمانەوێ‌ و نەمانەوێ‌ ژیان هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە و ئەو كەسە براوەیە كە لەگەڵ ئاستەنگەكان دەجەنگێت و گرەوی خۆی لە رۆژگار دەباتەوە. نیشتمان حەمەدەمەین، ناسراو بە نیشتمان هەڵەبجەیی بە هۆی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەوە لەخوێندن دادەبڕێ و لەگەڵ خێزانەكەی ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبن. دوای گەڕانەوەشیان ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئاریشە و ئاستەنگ دەبێتەوە، بەڵام وەك خۆی باسی دەكات، هەمیشە بە ئومێدەوە هەنگاوی بەرەو داهاتوو هەڵگرتووە. هەر لەو بارەیەوە باسی ژیانی خۆی بۆ گۆڤاری گوڵان دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

نیشتمان حەمەدەمەین، ناسراو بە نیشتمان هەڵەبجەیی ساڵی (١٩٧٨) لە هەڵەبجە لە دایك بووە. ژیانی هاوبەشی پێكهێناوە و دایكی چوار منداڵە، بەڵام بە هۆی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجەوە لە خوێندن دادەبڕێت و لەگەڵ خێزانەكەی ئاوارەی وڵاتی ئێران دەبن. وەك خۆی باسی كرد، تەمەنی منداڵی وەك هەر منداڵێكی ئاسایی بەڕێ كردووە و لە تەمەنی شەش ساڵی نێردراوەتە قوتابخانە و تا قۆناغی سێی بنەڕەتی بە شێوەیەكی ئاسایی درێژەی بە خوێندن داوە، پاش گەڕانەوەیان لە ئێران تا پۆلی پێنجی بنەڕەتی دەخوێنێت، بەڵام بە هۆی سەختی و دژواریی دۆخی ژیان و كاریگەریی دوای جینۆسایدی هەڵەبجە و لەدەستدانی ئازیزانی، نیشتمان بە یەكجاری لە خوێندن دابڕاوە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «بە ناچاری لە قۆناغی پێنجی بنەڕەتی جارێكی دی لە خوێندن دابڕام. لە ڕاپەڕاندنی كاروباری ڕۆژانە وەك هەر كچێك هاوكاری خێزانەكەمم دەكرد، پاش تێپەڕاندنی تەمەنێك و هاوسەرگیری و بوونم بە دایك، دەرفەتی دووبارە خوێندن لە بەردەمم ئەستەمتر بوو، ئەویش بە هۆی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خێزان و ئەركی دایكایەتی و بەڕێوەبردنی كاروباری ناوماڵ، بەڵام هەموو ئەو ئاستەنگانە نەیانوەستاندووم و توانیم پەرە بە تواناكانم بدەم و پەیوەندییەكی بەهێز لەگەڵ ڕێكخراوە مرۆیی و مەدەنییەكان دروست بكەم، دەتوانم بڵێم لە ئێستادا چالاكێكی مەدەنی پڕ وزە و چالاكیم، لەپاش گەورەبوونی منداڵەكانم بیرم لەوە كردەوە دووبارە درێژە بە خوێندن بدەمەوە، بۆ ئەوەی ئەو خەون و خولیایەی لە ڕابردوودا هەمبوو، جێبەجێی بكەم و درێژە بە هەنگاوەكانی گەیشتن بە ئامانجەكەم بدەم. بۆیە دووبارە گەڕامەوە بەر خوێندن و لە ئێستادا دەتوانم بڵێم یەكێكم لە قوتابییە ئاست باشەكان، سەرەڕای ئەوەی كە دەخوێنم، هاوكات وەك خۆبەخشێك بەشداری لە زۆربەی چالاكییەكانی ڕێكخراوە مەدەنییەكان دەكەم و دەیان خولی گەشەپێدانی مرۆیی و ژینگەیی و كۆمەڵناسیم ئەنجام داوە.

نیشمان پێمان دەڵێت: «هەرگیز تەمەن ڕێگر نییە لە بەردەم گەیشتن بە خواست و ئاواتەكان و تەنیا یەكەم هەنگاو زۆر گرنگە، ئەگەر دەتانەوێت بە ئامانجی خۆتان بگەن، خشتەی كاری ڕۆژانەتان پشتگوێ مەخەن و پلان بۆ داهاتووتان دابنێن». داوا لە گەنجانیش دەكات: «كە لە ژیاندا هەرگیز بێ هیوا نەبن و بخوێنن و هەوڵی خۆپێگەیاندن بدەن، بۆ ئەوەی كۆمەڵگەیەكی ڕۆشنبیر پێك بهێنن». هاوكات دەڵێت: «من جیا لە خولیای خوێندن و خوێندنەوە و كاری خۆبەخشی حەز بە كاری ڕاگەیاندنیش دەكەم، بەشداری زۆرێك لە كەناڵەكانم كردووە، لە بوارە جیاجیاكاندا گفتوگۆ و لێدوانم داوە، ئەمە لە كاتێكدا لە ئەكاونتی تایبەتیشم گرنگی زۆرم بەنووسین داوە و بەردەوامم، هەروەها لە ڕیگەی بەرنامەیەكی تایبەت هەر جارەو باس لە بابەتێك دەكەم و تیشك دەخەمە سەر پێویستییەك و خاڵێكی گرنگ و پەیامم دەگەیەنمە هاوڕێیان و دۆستان و لایەنی پەیوەندیداریش. ئومێد دەكەم هەمووان لە خەمی خزمەتكردن و گرنگیدان بە خود و كۆمەڵگەدا بین، ماوەتەوە بڵێم ژیان ناوەستێ و بەردەوامە، ئومێد دەكەم پاش نەمانمان نموونەیەكی جوانمان بەجێ هێشتبێ و سوودبەخشێكی پێویستی كۆمەڵگە بووبین و ناوهێنانمان وانە و هیوا بێت بۆ چوار دەورمان و منداڵەكانیشمان بتوانن نموونەگەلێكی باش بن بۆ كۆمەڵگە و شوێن پێ تەواونەكراوەكەی ئێمە هەڵگرن».

نیشتمان هەڵەبجەیی لە درێژەی وتەكانیدا پەنجە لەسەر هاوڕێیەتی وەك خاڵێكی جەوهەری دادەنێت و دەڵێت: «گرنگیی زۆر دەدەم بە هاوڕێیەتی، هەر لە منداڵییەوە كەسێكی كۆمەڵایەتی بووم و حەزم بە هاوكاریكردن كردووە. قۆناغی منداڵی هاوڕێیەتی سادە و جوان بوو، لە تەمەنی ئێستاشماندا هاوڕێیەتی واتە تەواوكەر و هاوڕازی و گوێگرتن بۆ یەكدی. من وەك خۆم ئەگەر كەسێك خەونەكانی بۆ باس كردبم، یان پێویستی بە هاوكاریی من بووبێ» ئامادەییم هەبووە، هەتا ئەگەر نەمتوانیبێت هاوكاری بم، توانیومە كێشەكەی لەگەڵی دابەش كەم، ئەگەرچی لە ئێستادا هەموو شتەكان و پەیوەندییەكان بە هاوڕێیەتیشەوە نیشانەی پرسیان لەسەرە و بە دەگمەن دەتوانی متمانە بە كەس بكەیت. بەڵام سپاس بۆ خوا من لە هاوڕێێ باش هیچ كات بێبەش نەبووم».

لە وەڵامی دواپرسیاری گۆڤاری گوڵاندا كە چ كەسێك زیاتر پاڵپشتی بووە؟ نیشتمان هەڵەبجەیی گوتی: «زۆر سوپاسی خێزانەكەم دەكەم و دەستخۆشیی تەواو لە هاوسەرەكەم دەكەم، چونكە بەڕاستی نیوەی سەركەوتنەكانم بە هۆی هاوسەرەكەم بووە، چونكە لە ژیاندا زۆر هاوكارم بووە، بە تایبەت لە خوێندن پاڵپشتێكی باشم بووە، هەمیشە سوپاسی هاوسەرم و كچە نازدارەكەم و هەموو ئەو هاوڕێ و مامۆستایانە دەكەم كە بەردەوام هاندەر و هاوكارمن لە بەرەوپێشچوونی خوێندن و تەواوی كارەكانمدا».

 

Top