پڕۆفیسۆر جەیمس لێبۆڤیج بۆ گوڵان: پوتین خۆی تووشی گۆشەگیری كردووە و زەحمەتە ددان بە شكستی خۆیدا بنێت
جەیمس هێنری لێبۆڤیج پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ئاسایشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتییە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، تایبەتمەند و پسپۆڕی چەند بوارێكی گرنگی وەك تیۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی، داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی و ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكانە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەو شەڕە و چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.
* چۆن لە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانیت، بە تایبەتی كە بۆ چەندین مانگە درێژەی كێشاوە و هەردوولا تووشی چەندین زیان و خەسارەتی گەورە بوونەتەوە، بە تایبەتی ڕووسیا لە ڕووی سەربازییەوە و ئۆكرانیاش هەم لە ڕووی سەربازی و هەم لە ڕووی ژێرخانەوە؟
- لە ڕاستیدا ئەمە بارودۆخێكی زۆر نالەبار و دژوارە. ئاشكرایە كە مایەی كاولكاری و وێرانكارییەكی زۆر بووە، بە تایبەتی لەسەر وڵاتی ئۆكرانیا و بگرە كاریگەرییەكەی لە ناوخۆی ڕووسیاشدا هەستی پێ دەكرێت، بە تایبەتی كە كاریگەری و دەرئەنجامی سزاكان دەركەوتن و هاتوونەتە ئاراوە، ئەمە لە ڕووی ئابوورییەوە، دواتر ئەوەی سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین بە ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تایبەت ناوزەدی كرد و بانگەشەی بۆ كرد، بەم شێوەیە لەلایەن خەڵكی ڕووسیا لێی ناڕواندرێت، مەبەستم ئەوەیە دوای ئەوەی ژمارەیەكی زیاتری خەڵكی بانگ كرد بۆ نێو سوپا و دوای ئەوەی خەسارەت و زیانێكی زۆری سەربازیی كرد، ئەوا خەڵكی بە شێوەیەكی دیكە سەیری دۆخەكە دەكەن، هەرچەندە دڵنیانین لەوەی ئایا ئەمە چ كاریگەرییەكی لەسەر دۆخی ناوخۆیی ڕووسیا دەبێت لە مەودای كورت و مامناوەنددا.
* بۆچی ڕووسیا سەرباری ئەو هەموو خەسارەت و زیانە قورسانەی لێی كەوتووە، هێشتا پێداگرە لەسەر بەردەوامیدان و درێژەدان بە شەڕەكە و، بۆچی هەوڵ نادات ڕێگەچارەیەك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دۆخەكە و زیانەكانی لەوە زیاتر نەبن؟
- لە ڕاستیدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە دەبێت ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ڕووسیا و خودی سەرۆك ڤلادمیر پوتین، لە ڕوانگەی ئەمنییەوە لەم پرسە دەڕوانێت، بە واتایەكی دیكە ئەو هەر لە سەرەتاوە بەرگی بەرژەوەندیی ئەمنیی كرد بە بەر پرسەكەدا و، بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە ناتۆ دەیەوێت بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی ڕووسیا بخاتە مەترسییەوە لە ڕێی بەرفراوانكردن و دەستڕۆیشتوویی خۆی بۆ سەر سنووری ڕووسیا، لە هەمان كاتدا سەرۆك پوتین ئەوەی دووپات كردووەتەوە كە كەسانێك هەبوون بەرپرس بوون لە شكستهێنانی یەكێتیی سۆڤییەت، لەلایەكی دیكەوە ئەو كەسانەی لە نزیكەوە كار لەگەڵ سەرۆك پوتین دەكەن، بوێریی ئەوەیان نییە هەواڵە ناخۆش و ڕاستییەكانی پێ بڵێن و تەنیا وتە و بڕیارەكانی ئەو پەسەند دەكەن. واتە ئەو شتانەی پێ دەڵێن كە دەیەوێت ببیستێت، نەك ئەو شتانەی كە پێویستە بیزانێت. كەواتە ئەگەر لە ڕوانگەی كەسایەتیی ئەوەوە لەم پرسیارە ورد ببینەوە، ئەوا پێم وایە زەحمەتە كە پاشەكشە بكات، هەرچەندە لە ئێستادا لە ڕووی سیاسییەوە خۆی تووشی گۆشەگیریی سیاسی كردووە و زۆر زەحمەتیشە بۆی، كە بێ ددانپێدانان بە شكستی خۆیدا پاشەكشە بكات. مەبەستم ئەوەیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئامانجانەی كە ڕای گەیاندبوو، ئەوا زەحمەتە دەرئەنجامێك قبووڵ بكات، ئەگەر دەستبەسەرداگرتنی بەشێكی زۆری خاكی ئۆكرانیا لە خۆ نەگرێت.
* ئێوە لە میانەی وەڵامەكانتاندا ئاماژەتان بەوە كرد كە خەریكە لە نێوخۆی ڕووسیادا هەست بە كاریگەریی سزاكان دەكرێت، یان لە ئێستادا خەڵكی ئەو وڵاتە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی ئەم سزایانەوە، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غازەوە ڕووسیا داهاتێكی زیاتر بە دەست دەهێنێت و، ئەمەش وا دەكات بڵێین ئەو سزایانە كاریگەریی پێچەوانەیان لێ كەوتووەتەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- لە ڕاستیدا من پێم وایە ئەو ڕێكار و سزایانە كاریگەرییان هەبووە، ڕاستە ڕووسیا وڵاتێكی ئابوورییە كە پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بەڵام ئەم سزایانە كاریگەرییان هەبووە لەسەر بەدەستهێنانی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوو، بە تایبەتی بۆ دروستكردنی چەك و پیشەسازیی سەربازی و كەمبوونەوەی گەشەی پیشەسازیی سەربازیی ڕووسیاش، لە كۆتاییدا كاریگەری لەسەر گەشەی ئابووریی ئەو ووڵاتە دەبێت. دواتر سرووشتی سزاكانیش بە چەشنێكە كە كاتیان دەوێت بۆ ئەوەی كاریگەری دروست بكەن، هەرچۆنێك بێت ڕەنگە نەتوانین بڵێین سەپاندنی ئەم سزایانە و گرتنەبەری ئەم ڕێكارە ئابووری و داراییانە دژی ڕووسیا لەسەر ئاراستە و ئاقاری شەڕەكە كاریگەریی یەكلاكەرەوەی دەبێت.
* وەك كەسێكی تایبەتمەند و پسپۆری بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، چۆن وەسفی بارودۆخی ئێستای جیهان دەكەن، ئایا ئەوەی ڕوو دەدات شەڕێكی دیكەی ساردە، یان ئەمە تەنیا ڕكابەری و سیاسەتی نێوان هێزە مەزنەكانی جیهانە و شەڕێكی بە وەكالەتە؟
- لە ڕاستیدا وەك كەسێك كە دیراسەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانم كردبێت و لە ئێستاشدا لە بواری ئەكادیمیدا ئەم بابەتە دەڵێمەوە، ئەوا ڕەنگە بتوانم بڵێم ئەوەی لە ئێستادا ڕوو دەدات هاوشێوەی ڕكابەری و ململانێی هێزە مەزنە جیهانییەكانە، كە لە سەدەی ڕابردوودا لە ئارادا بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا چەندین هێزی مەزنی دیكە هەن لە جیهاندا كە ئەم جۆرە سیاسەتە پیادە ناكەن، یان لەم جۆرە سیاسەتەوە نەگلاون، بەڵام ئەوەی سەرنج دەدرێت ئەوەیە كە لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا ڕووسیا بە چەشنێك ڕەفتار و سیاسەتی كردووە، وەك ئەوەی لە نێو شەڕێكی سارددا بێت، هەرچۆنێك بێت، نابێت ئێمە ڕەفتارێكی ناوازە و هەوڵاوێردی وڵاتێك بكەینە بناغە بۆ حوكمدان و بڕیاردان، چونكە ئەو هەڵسوكەوتەی ڕووسیا دژ و پێچەوانەیە لەگەڵ سیاسەت و هەڵوێستی وڵاتانی دیكەدا. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا كارێكی باشە كە ئێمە لە ڕابردوو بڕوانین و ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ڕووسیاش پێشتر- بە تایبەتی لە جەنگی دووەمی جیهانی- تووشی هەڕەشە و مەترسی بووە لەسەر بوون و بەرژەوەندییە ئەمنییەكان و، ئەوەش هۆكار بوو كە یەكێتیی سۆڤییەت و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات بڕیار بدەن، سیاسەتی تایبەت بە خۆیان بگرنەبەر، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندیی ئەمنیی ڕەوایان هەبوو، بەڵام پوختەی قسەكە بۆ ئێستا ئەوەیە كە -هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێ كرد- ڕووسیا نیگەرانییەكانی خۆی وەك نیگەرانیی ئەمنی و بوونی هەڕەشە و مەترسی لەسەر بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی گوزارشت لێ دەكات، كەچی ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە نەك وڵاتانی ڕۆژئاوا نەبوونەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ڕووسیا، بەڵكو لە ئێستادا خودی ڕووسیا خۆی بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئەوروپا.
* پێت وانییە ڕووسیا بگاتە ئەو قەناعەتەی كە ئەمە شەڕێكە و قابیلی سەركەوتن و بردنەوە نییە و ئیدی دەبێت بە چارەسەرێكی دیكە و گرتنەبەری گفتوگۆ و سازشكردن هەوڵی كۆتاییهێنان بەم دۆخەی ئێستا و یەكلاكردنەوەی ئەم شەڕە بدات؟ ئایا لە ئێستادا هەلومەرجەكە چەند لەبارە بۆ ئەوەی ئەم ڕێگاچارەیە بگیرێتەبەر؟
- بە تێڕوانینی من ئێمە هێشتا نزیك نین لە هەلومەرجێكی لەم چەشنە كە تێیدا ئەم ئەگەرە و ئەم دەرئەنجامە بێتەئاراوە، بە چەشنێك هەردوولا لە ڕێی گفتوگۆوە بتوانن بگەنە ڕێككەوتن، بە تایبەتی ئەگەر ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە هەڵوێستی ڕووسیا و ئۆكرانیا بە چەشنێكە كە یەك ناگرنەوە، چونكە ڕووسیا نایەوێت و خوازیاری ئەوە نییە پاشەكشە بكات و دەستبەرداری ئەو خاكانە بێت كە دەستی بەسەرداگرتوون و داگیری كردوون، لە هەمان كاتدا ئۆكرانیاش پێی وایە ئەگەر دەست لەم خاكانە هەڵبگرێت و سازشیان لێ بكات بۆ ڕووسیا، ئەوا دواجار ڕووسیا دووبارە بەكاریان دەهێنێتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی خاكی زیاتر، كاتێك پێی وابێت كە هەلومەرجە سەربازی و سیاسییەكە لە بەرژەوەندیی ئەودایە، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی ڕووسیا لەم بارەیەوە. لەبەر ئەوە ئۆكرانیا پێی وایە ناكرێت متمانە بە ڕووسیا بكرێت، كەواتە دەتوانین بڵێین ئۆكرانیا هیچ متمانەیەكی بە ڕووسیا نییە و پێی وایە هەر گفتوگۆیەك تەنیا ئاگربەست و ڕاوەستانی شەڕەكەی لێ دەكەوێتەوە، نەك ئاشتییەكی ڕاستەقینە، واتە ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی ڕووسیا لە ئایندەدا بیر لە هێرش و داگیركاری و دەستدرێژكاری نەكاتەوە. هەر لەم ڕوانگەیەشەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هانی ئۆكرانیا دەدات بۆ ئەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی و گفتوگۆكردن وەك بژارەیەك بهێڵێتەوە و لەبەرچاوی بگرێت، بەو پێیە ئەمە هەمیشە ڕێگەچارەیەكی باش و گونجاوە بۆ ئەوەی بگیرێتەبەر، بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمریكا دوودڵە لەوەی گوشارێكی زۆر لە ئۆكرانیا بكات بۆ ئەوەی سازش بۆ ڕووسیا بكات.