مەلا محەمەدی شەڵماشی زانای ئایینی و نووسەر بۆ گوڵان: جێگای داخە تەنیا كورد نەیتوانیوە بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی سوود لە ئایینی ئیسلام وەربگرێت

مەلا محەمەدی شەڵماشی  زانای ئایینی و نووسەر بۆ گوڵان:  جێگای داخە تەنیا كورد نەیتوانیوە بۆ دەوڵەت و سەربەخۆیی سوود لە ئایینی ئیسلام وەربگرێت

 

 

مەلا محەمەدی شەڵماشی ڕووناكبیر و كوردپەروەر و گەورە زانا و مامۆستای ئایینی و نووسەر و وەرگێڕی ڕۆمانی (بێسەرپەرشتان و بێنەوایان)، خاوەن قەڵەمێكی بەبڕشت و دەیان كتێبی ئایینی و مێژوویی و ئەدەبییە، كەسایەتییەكی دیار و ڕێزلێگیراوی ناو مامۆستایانی ئایینییە.

مەلا محەمەدی شەڵماشی خەڵكی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ساڵانی شەستەكانەوە هاتووەتە شاری سلێمانی، برای شەهید مامۆستا ئاوارەیە. مامۆستا بە درێژایی تەمەنی لە خزمەتی ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بووە و لاپەڕەكانی ژیانی پڕیەتی لە پەند و عیبرەت، لەگەڵ سەركردە و كەسایەتییە دینی و نیشتمانپەروەرەكان و ڕۆشنبیر و شاعیرەكانی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان و هەرێمی كوردستاندا ئاشنایەتی زۆری هەیە. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەم زانایەی كورد ساز دا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* بەو پێیەی شارەزاییەكی باشت لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد لە كۆماری كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی و زۆر لە سەركردەكانی دیكەی كوردستانی ڕۆژهەڵات و باشووردا هەیە، سەرەتا پرسیارمان لەوەوە دەست پێ دەكەین، بۆچی لەو سەردەمەدا مەلا و مامۆستای ئایینی پێگەی خۆیان لە شۆڕشەكاندا بووە و لە سەركردەكان نزیك بوون؟

- لە مێژووی گەلی كورددا دەیان زانای بلیمەت و سەركردەی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری لێهاتوو هەڵكەوتوون، بەڵام داگیركاری وای كردووە بەرهەم و گەورەییان دەرنەكەوێت. كورد لە هەر چوار لاوە بە دوژمن دەورە دراوە و خۆیشی دوژمنی خۆیەتی و لە دەوری سەركردەیەك كۆ نابنەوە و، بەردەوام پەرتەوازە و ناتەبان، لە سەردەمی پێشەوادا زۆر لە هۆزە گەورەكان دەیانگوت چۆن دوای مێزەربەسەر دەكەوین و ژێربەژێر لەگەڵ شا-دا پەیوەندییان دژی پێشەوا هەبوو. شێخ مەحموودی حەفید هۆزی كوردی ڕۆژهەڵات دەهات بەرگرییان لێ دەكرد، مەلا مستەفا بارزانی گەلەكۆمەكییەكی گەورەیان لێ كرد، ئەمە بە میراتی بۆمان ماوەتەوە و لە هەمووشی خراپتر كورد، هەست بە خۆكەمزانین دەكات. من بە حوكمی ئەوەی باوكم زیاتر لە 50 ساڵ مەلای مزگەوت و حوجرە بووە و ساڵێك دوای شەهیدبوونی پێشەوا منیش چوومە ناو فەقێتییەوە، سەردەمی پێشەوا و مەلا مستەفام لە بیرە و، ئەو بارودۆخەم بینیوە و تێیدا ژیاوم. ئەو كات لە گوندەكەمان لە (شەڵماشی) لە سنووری سەردەشت كە دەكەوتە ناو جوگرافیای سنووری كۆمارەوە قوتابخانەی لێ نەبوو. لە گوندەكەمان 15 پێشمەرگەی لێ بوون، بە نۆرە دەچوونە ئەركی پێشمەرگایەتی، زەمەنێكی جوان و پڕ بوو لە كوردایەتی و دڵسۆزی و نیشتمانپەروەری، ئەو زەمەنە بۆ یەكەمین جار لە كۆماری كوردستان زمانی كوردی بە فەرمی كاری پێ كرا و، خەڵكی و بەتایبەت ئافرەتان چوونە قوتابخانە. لە بیرمە پێشەوا یەكەمین سەركردە بوو خێزانی خۆی ناردە قوتابخانە. من زۆرم پێ خۆش بوو پێشەوا لەگەڵ مەلا مستەفا بڕۆشتایە و شەهید نەبووایە، پێشەوا و مەلا مستەفا پەیوەندییان زۆر باش بوو، یەك زەڕە موخالیفی یەكتر نەبوون، مەلا مستەفا بارزانی ژەنەڕاڵێكی بەهێز و دڵسۆزی كۆماری كوردستان بوو، مەلا مستەفا زۆر تكای كرد پێشەوا لەگەڵیدا بڕوات، بەڵام لەگەڵی نەڕۆیشت، دواجار پێشەوایان لە سێدارە دا، هۆكاری سەرەكیی ڕووخانی كۆماری كوردستان خیانەت بوو لەلایەن هەندێك هۆزی گەورەی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە ژێر بە ژێر پەیوەندییان لەگەڵ شا هەبوو.

هەموو ئەم زاتانە و سەركردە گەورانەی كورد ئەهلی مزگەوت و حوجرە و خانەقا بوون، مەلا و شێخ و مامۆستای ئایینی لە دەوریان بوون و زۆر فیداكار و چالاك و دڵسۆز بوون.لە شۆڕش و خەبات و حوكمداریدا زۆر سەركەوتوو بوون، بەڵام خیانەتیان لێ كردن. شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحموود و پێشەوا خیانەتیان لێ كرا، لە ناو كورد پیاوی وەكو مەلا مستەفا بارزانی نەبوو، تا كۆچی دوایی كرد، خانووی خۆی نەبوو تێیدا بێت. من لە نزیكەوە زۆر دەچوومە خزمەتی، لە زەمەنی مەلا مستەفا بارزانی مەلاكانی سلێمانی زۆریان چووبوونە دەرەوەی شار و لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی بوون، كەم مەلا لە ناو شاردا مابوون، ئەوانیش پاڵپشتی و پشتگیرییان لە مەلا مستەفا بارزانی دەكرد، ئەویش ڕێزی زۆری لە مەلا و زانا و مامۆستای ئایینی دەگرت و هەر خۆی ئەهلی مزگەوت و ئیمان بوو. مەلا مستەفا بارزانی كە هاتەوە بۆ عێراق نەك تەنیا لە باشووری كوردستان، بەڵكو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش كورد ژیایەوە، زۆر لە ڕۆشنبیر و هونەرمەند و مەلا و كەسایەتی دیوی كوردستانی ڕۆژهەڵاتیش هاتنە لای مەلا مستەفا بارزانی، لە دێیەكانی ئێران یارمەتی و كۆمەك كۆ دەكرانەوە و دەدرا بە ئەحمەت تۆفیق و دەنێردرایە خزمەتی پێشمەرگەكانی شۆڕش. مامۆستا و مەلای كورد لە ڕۆژە خۆش و ناخۆشەكانی میللەتەكەماندا بەشدار بوون، ئەوان بە جوانی خوداپەرست بوون و عیشقیان بۆ خواپەرستی هەبووە و، پاڵپشتیی میللەتەكەیان كردووە. مێژووی كورد بخوێنەوە بزانە چەند مامۆستا و مەلای كورد لە ناو شۆڕشدا بوون، تەنانەت خەتیبی مزگەوتی گەورەی سلێمانیش خیانەتیان لێ كردووە و درۆیان بە دەمیەوە كردووە، خۆی لە نزیكەوە بەمنی گوت بە ناوی منەوە درۆیان هەڵبەستووە لەسەر كیمیابارانی هەڵەبجە، ئەو لە شاخ بوو، كاتێكیش گەڕایەوە نەفی عەرەبستانیان كرد و لە ناو مزگەوتی گەورە لەگەڵ حكومەتێكی دڕندەدا هەر ئەوەندەی پێ دەكرا. كەسایەتییەكی وەكو مەلا عەبدولكەریمی مودەڕس هەرچوار پارچەی كوردستان قەرزاری ئەون، كە خزمەتێكی وا گەورەی ئەدەبیات و زمانی كوردی كردووە.

* ئایا دەتوانین بڵێین تا ئێستاش ئەم ڕۆڵەی مەلا و مامۆستای ئایینی بەردەوامە و هزری نەتەوەیی و ئایینی گرێدراوی یەكترن؟

- دوای ساڵی 1975 ڕۆڵی مەلا و مامۆستای ئایینی كەم بووەوە، ئەو كات مەلا و شێخ و زانای ئیسلام هەبوو ناكۆكییان لە نێواندا نەبوو، لە ساڵی 1968 كاتێك هاتمە سلێمانی یەك مەلا ناكۆكییان لە نێواندا نەبوو، هەمووان یەكگرتوو بوون، ئێستا دەیان حزبی ئیسلامی پەیدا بوون و حیساب بۆ كەس ناكەن. ئەمە زۆر خراپە، خودای گەورەو میهرەبان لە قورئاندا دەفەرموێت : «لَوْ كَانَ فِيهِمَا آلِهَةٌ إِلَّا اللَّهُ لَفَسَدَتَا  ۚ  فَسُبْحَانَ اللَّهِ رِبِّ الْعَرْشِ عَمَّا يَصِفُونَ)»،. ئەو كات ئەم هەموو حزب و حزبایەتی و حزبی ئیسلامی و چەپە پەیدا نەبووبوون، تەنانەت حزبە ئیسلامییەكان و ئەو هەموو ڕەوتە ئیسلامییە بڕوایان بە یەكتر نییە، پێشتر لە شۆڕشی ئەیلوولدا هەموو مەلاكان بێ جیاوازی دوای مەلا مستەفا بارزانی كەوتبوون.

* وەكو زانا و مەلایەكی ئایینی كە لە نزیكەوە مەلا مستەفا بارزانیت بینیوە، دەڵێن ماوەیەك ئەمری گرتنت بۆ دەرچوو بوو، ئایا ئەمە چۆن بوو؟

- من كاتێك هاتمە سلێمانی و لە چەندین مزگەوتێكی ئەو شارە مەلا و گوتارخوێن بووم، تەنانەت 10 ساڵ لە خانەقای مەولانا خالید نەقشبەندی گوتارخوێن بووم، جارێكیان لە بەیاننامەی 11 ئادار مەلاكانی سلێمانی چوونە خزمەتی مەلا مستەفا بارزانی و بە منیان نەگوتبوو، ئەگینا دەچوومە خزمەتی مەلا مستەفا لەگەڵ ئەواندا، كاتێك گەڕانەوە وتیان فەرمانی دەستگیركردنت بۆ دەرچووە، بۆیە چوومە لای مەلا عوسمان كۆڵە لە دێی وەڵزێ، كە دێیەكی گەورەیە لە باڵەكایەتی، لەوێ داوام لە مەلا عوسمان كرد بمباتە لای مەلا مستەفا بارزانی، مەلا عوسمانی كۆڵە كەمێك بێدەنگ بوو، پێی وتم: بە قسەی من بكە و بچۆ سەر پردی گەڵاڵە و تەكسییەك بگرە و سەری خۆت هەڵگرە، من زۆرم پێ ناخۆش بوو، بڕیارم دا بچمە لای جەنابی ئیدریس بارزانی لە گوندێك پێیان دەوت دیلمان، ئەو دەمە كاكە ئیدریس خێوەتگەیەكی لە تەنیشت حاجی ئۆمەران هەڵدابوو، كۆمەڵێ پێشمەرگەی زۆر لە دەوری بوون، لەژێر ڕەشماڵی ئەودا ڕێزیان لێ نام و كاتێك خۆم بە كاك ئیدریس ناساند، هەستا لەبەرمدا و پێمی وت مامۆستا خۆت هاتووی؟ ئیدریس بارزانی لە تەنیشت خۆیەوە داینام و ڕێزێكی زۆری گرتم، كاتێك ویستم بڕۆمەوە، گوتی: دەتبەمە خزمەتی مەلا مستەفا بارزانی. كاتێك چوومە خزمەتی ئەو زاتەش ڕێزی زۆری لێنام و نۆ شەو لەخزمەتیدا بووم. تەنانەت بارزانی لەگەڵ كاك ئیدریس منی ناردە مەولوودێكی بنەماڵەی خۆیان لە قەسرێ، كاتێكیش ناردیانمەوە زەرفێكیان پێم دابوو، پێم وابێ 30 دیناری ئەو كاتەی تێدا بوو، كە زۆر بوو، پۆلیسێك دوو دینار مووچەی بوو، دواتر زوو زوو دەچوومە خزمەتیان و ڕێزێكی زۆریان لێ دەگرتم.

*  لە سەرەتای قسەكانت باسی ئەوەت كرد میللەتی كورد نەیتوانیوە وەكو گەلانی دیكەی ناوچەكە، بەتایبەتی عەرەب و فارس و تورك، سوود لە ئایینی پیرۆزی ئیسلام وەربگرێت، ئەمە هۆكارەكەی بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟

- گەلی كورد لە هەموو گەلانی دیكەی ناوچەكە موسڵمانترە و بە ڕەسەنی و جوانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان وەرگرتووە، جێگای داخە تەنیا كورد نەیتوانیوە سوود لە دینی ئیسلام وەربگرێت بۆ دنیا و خۆشگوزەرانی و سەربەخۆیی، كورد لە هەموو نەتەوەكانی دیكە موسڵمانتر بووە و بۆ نوێژ و خوداپەرستی لە هەموو نەتەوەكانی دی ئازاترن، بەڵام كورد سوودی سیاسی لە ئایین وەرنەگرتووە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ناوخۆیاندا یەكگرتوو نەبوون و بەردەوام شكستی كورد لەسەر دەستی خیانەتكاران بووە. كوردەكانیان دابەش كردووە بە ناو و ناوی جۆراوجۆری ئیمارات و میر و ناوچەوە، بۆ ئەوەی لە دەوری یەك سەركردە و مەرجەعێك كۆ نەبنەوە و یەك نەگرن، هەر بە ناكۆكی و دژایەتیكردنی یەكتر بمێننەوە. ئایینی پیرۆزی ئیسلام زیانی بە كورد نەگەیاندووە، ئەوە سەركردە و لێپرسراوانی فارس و تورك و عەرەبن كە بە ناوی دینەوە زیانیان بە كورد گەیاندووە، كوردیش لە ناوخۆدا یەكگرتوو و تەبا نییە، تۆ سەیر بكە كورد بە گەورەكەی خۆی ڕازی نییە، كەچی عەرەبی عێراق چوون لە مەككە و مەدینە كابرایەكیان هێنا و پێی ڕازی بوون و كردیانە پاشای عێراق، تەنانەت ڕەخنە لە سەركردەیەكی گەورەی كورد دەگرن كە سەڵاحەدینی ئەیوبی بوو، خۆ لە زەمانی ئەودا قەومییەت نەبووە و هەموو موسڵمانان و دوژمنەكانیشی بە گەورە و بلیمەتیان داناوە. خوداپەرستی و نیشتمانپەروەری دژی یەك نین، پێغەمبەر (د.خ) كاتێك كافرەكان لە مەككە دەریان كرد فەرمووی: «والله إنك لخير أرض الله وأحب أرض الله إليَّ ولولا أن أهلك أخرجوني منك ما خرجت منك».

* ئێستا میللەتەكەمان لە قۆناغێكی هەستیاردایە، كەچی حزبە كوردستانییەكان هەریەكەو لە لایەك گوتاری بۆ دۆخەكە هەیە. ئایا لەم بێ سەروبەرییەی ئێستادا ڕۆڵی مامۆستایانی ئایینی چییە و بۆ ئەركی نیشتمانی دەبێت مامۆستایانی ئایینی چۆن هەنگاو بنێن؟

- ئایینی پیرۆزی ئیسلام دژی فیتنە و ئاشووب و نانەوەی دووبەرەكییە، پێغەمبەرمان (د.خ) دەفەرموێت: «المُسْلِمُ أَخُو المُسْلِمِ لاَ يَظْلِمُهُ وَلاَ يُسْلِمُهُ....» واتا موسڵمان برای یەكترن و زوڵم لە یەك ناكات. بەڵام برا وەكو كوڕەكانی حەزرەتی نوح نەبێت، هەر خەریكی فێڵ و ئازاردانی یەكتر و كوشتنی یەكتر بوون، پێویستە كورد گەورەیەكی هەبێت و بە قسەی گەورەكەیان بكەن، نەك وەكو ئێستا كوڕ بە قسەی باوكی نەكات، پێویستە سەرنەكێشین بۆ خراپەكاری و گوێ لە مەلا و مامۆستای ئایینی و گوتاری هەینی ڕابگرن و جێبەجێی بكەن، نەك لەدوای نوێژ بیرمان بچێتەوە و ڕەفتارەكانمان ڕەفتاری موسڵمان نەبێت.

مەلا و مامۆستای ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەبێت پێشەنگ بن بۆ قسە و كاری چاكە، دژی نانەوەی بیدعەی خراپ و هزر و بیری توندڕەوی و بازرگانیكردن بە ئایین بن.ئیدعاكردن و بیدعەی خراپ زیان بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام دەگەیەنێت. بوونی ئەو هەموو حزب و لایەنە سیاسییە لە هەرێمی كوردستاندا ئەگەر بۆ چاكسازی و كاری خێر بێت زۆر بە بەهایە، بەڵام حزب و لایەنی سیاسی دژی میللەتەكەی بێت و لە دژی براكەی لەگەڵ دوژمنەكانی ڕێك بكەوێت، ئەوا شتێكی زۆر خراپە. ئێمەش وەكو بەغدامان لێ هاتووە، دەیان حزبی سیاسی هەیە و كۆمەڵگە و موسڵمانانیان پەرش و بڵاوكردووە و دژی خەڵك و نەتەوە و حكومەتەكەشیانن.

 

Top