سۆزان سۆفی: ڕاهێنەری دۆمانتیسیوری و شارەزا لە ئاشتەوایی خێزان هۆكاری دروستبوونی فەلسەفەی «دۆمانتیسیوری» ئەوەیە كە گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە پەروەردەی منداڵەكانمان بكەین

سۆزان سۆفی:  ڕاهێنەری دۆمانتیسیوری و شارەزا لە ئاشتەوایی خێزان  هۆكاری دروستبوونی فەلسەفەی «دۆمانتیسیوری» ئەوەیە كە گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە پەروەردەی منداڵەكانمان بكەین

 

دۆمانتیسیوری فەلسەفەیەكی پەروەردەییە لە تەمەنی یەك ڕۆژە، تا تەمەنی پێنج ساڵی لەسەر منداڵ جێبەجێ دەكرێت. فەلسەفەی دۆمانتیسیوری لەلایەن سۆزان سۆفی ڕاهێنەری ڕاهێنەرانی مۆنتیسۆری و شارەزا لە ئاشتەوایی خێزان بە پشتبەستن بە دوو فەلسەفەی پەروەردەیی داهێنراوە. بە مەبەستی زیاتر ئاشنا بوون بە فەلسەفەی دۆمانتیسیوری، سۆزان سۆفی لە دیمانەیەكی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لەوە دەكات كە چۆن گەیشتووەتە ئەم بیرۆكەیە و تیشك دەخاتە سەر فەلسەفە پەروەردەییەكان و چەمكەكانی پەروەردە، هاوكات ڕاهێنانی منداڵان بۆ بەخێوكاران شی دەكاتەوە. لە ڕێگەی ئەم فەلسەفەیە ڕێگری لە تووشبوونی منداڵ بە ئۆتیزم و فرەجوولەیی و دواكەوتنی قسەكردن دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

سۆزان سۆفی سەرەتا لە بارەی پسپۆڕییەكەی خۆی دەڵێت: «ئێمە لە فەلسەفەی دۆمانتیسیوری پێشگری لە ڕوودانی كێشە پەروەردەییەكان دەكەین، كە لەم سەردەمەدا پەروەردەكاران و كۆمەڵگەش بەگشتی نیگەران كردووە، وەك: ئۆتیزم و دواكەوتنی قسەكردن و فرەجووڵەیی، زیاد لەوەش منداڵی ئاسایی خێراتر گەشە دەكەن و لە تەمەنێكی زووەوە فێری خوێندنەوە و حیسابی چەندێتی دەبن .لەم ڕێگەیەوە هەوڵ دەدەین دایكایەتی و باوكایەتییتان بەلاوە ئاسان بكەین». گوتیشی: «من لەساڵی 2008 تا ئێستا سەرقاڵی خۆئاشناكردنم بە فەلسەفەی مونتیسیوری، لەو كاتەوە زنجیرەیەك سیمینار و دیمانەی تەلەفزیۆنی و ڕادیۆییم لەسەر ئەم بابەتە ئەنجام داوە، هەروەها چەندین خولیشمان لەسەر ئەم بابەتە كردەوە. ئەو فەلسەفەیە بە گشت خەڵكی كوردستان نامۆ بووە، بەڵام لە وڵاتانی عەرەبی پەیڕەو دەكرێت، هەوڵی ئەوەم داوە دامەزراوەیەكی تایبەت بە مونتیسیوری دابمەزرێنم، بەڵام بەهۆی زۆریی تێچووی دامەزراوەكە نەمتوانی ئەوە بكەم، لەبەر ئەوە ناچار بووم بیرۆكەكە بگەیەنم، دوای ئەوە ئاشنا بووم بە بەرنامەی «دۆمان» كە ئەویش هیچی لە مۆنتیسوری كەمتر نییە، بگرە پێشكەوتووتریشە، بە هەمان شێوە بە دوای سەرچاوەكانی بەرنامەی «گلێن دۆمان»دا گەڕام و زیاتر بە ڕەهەندەكانی ئەو بەرنامەیەش ئاشنا بووم، بۆیە توانای خۆمم خستە سەر هەر دوو فەلسەفەی مۆنتیسوری و گلێن دۆمان، تاوەكو لەگەڵ ژینگەی كوردستان بگونجێت و «دۆمانتیسیوری»م لێی بەرهەم هێنا. لە ئێستادا جانتا پەروەردەییە فێركارییەكە دروست بووە، بەڵام لە هەوڵی ئەوەدام كە بە پوختی و بە بێ‌ كەموكووڕی لە داهاتوویەكی نزیكدا بیخەمە بەر دەستی دایك و باوكان».

سۆزان سۆفی جەخت لەوە دەكاتەوە كە «دۆمانتیسیوری تێكەڵكێشی دوو بابەتە و زادەی هزری خۆمە و لە ئێستادا باخچەیەكی منداڵانمان هەیە، بەڵام دوودڵە لەوەی بڵێت: «سەد لە سەد بەو سیستەمە بەڕێوە دەچێت»، چونكە «منداڵەكانی لە تەمەنی چوار و پینج ساڵییەوە هاتوونەتە لای ئەوان و ناتوانن لەگەڵ منداڵەكان بە تەواوی لەسەر ئەو بەرنامەیە كار بكەن». هەروەها بۆ كادیر و ڕاهێنەرانیش شتێكی تازەیە و كاتی دەوێت بۆ جێبەجێكردنی بە تەواوەتی. بە پێویستی دەزانێت دایك و باوكان زانیاریی زیاتر لەسەر شێوازی ئەو فەلسەفەیە بزانن، كە لەسەر دروستكردنی مرۆڤ بە هەموو لایەنەكانیەوە كاریگەری هەیە. گوتیشی: «بەرنامەمان لە دۆمانتیسیوری بۆ داهاتوو ئەوەیە كە دایەنگەیەك بۆ منداڵان و ئەكادیمیایەك بۆ دایكان و باوكان بكەینەوە، لەو ئەكادیمیایە دایكان و باوكان ئاشنا دەكەین بە چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ منداڵەكانیان پێش لەدایكبوونیان، واتا دایكی دووگیان چۆن و بە چ میكانیزمێك لایەنی تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی خۆی یان چۆن پێشوازی لە منداڵەكەیان دەكەن و بۆ گەشەی دروست یارمەتیدەری دەبن. لە فەلسەفەی دۆمانتسیوری پێمان وانییە دایك و باوك ڕەفتار و جووڵەی منداڵ دروست دەكەن، بەڵكو خودی منداڵەكە خۆی دروستی دەكات، بەڵام پێویستی بە ژینگەیەكی تەندروستە لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە كە بەخێوكاران بۆی دەستەبەر بكەن، ئەوەش ئەركی دایك و باوكە، وێڕای چاودێریكردنیان و پاراستنیان لەو مەترسییانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە» .

وەك باسی كرد، بە گوێرەی دۆمانتیسیوری، ئەو فەلسەفەیە هەر دوو زانای پەروەردەكار، پێیان وا بووە و سەلماندووشیانە كە منداڵ خاوەن بەهرە و توانایەكی ناوازەیە، بەڵام گەورەكان وردە وردە ئەو توانایە كپ دەكەن و ناهێڵن بەهرەكانیان سەرهەڵبدات و پێ بگات. لە فەلسەفەی دۆماندا منداڵان لە تەمەنی یەك ڕۆژی تا تەمەنی 18 مانگی توانای فێربوونی شتگەلێكی ناوازەیان هەیە، كە پەروەردەكاران لێی بێ ئاگان، گوتیشی: بەپێی ئەو فەلسەفەیەی كە باسمان كرد، بەخێوكاران ژینگەی تەندروست بۆ ئەو منداڵە دروست دەكەن، بە پێچەوانەی لای خۆمان كە منداڵ لەناو چواردیوار ژیان دەكات. واتە ئەوەی پەیوەندی بە منداڵەكەوە هەیە، سەبەتەیەكە، كەلوپەلی یاریكردنی تێدایە، لەناو دایەنگەكانیش دەبینین بە هەمان شێوە سیسەمێكی نووستن و چەند یارییەكی میكانۆ و تۆپ و بووكەڵە هەن، لە كاتێكدا منداڵ زۆر لەوانە زیاتری پێویستە، ئەگەر بۆی بكرێت، نەك بە شێوەی هەڕەمەكی پەروەردە بكرێن. كە دێتە باخچەی ساوایان و قوتابخانە، دەبینی ئەو منداڵە تووشبووی ئۆتیزمە جووڵەی زۆرە، چونكە وزەیەكی زۆری لە ناخدایە، بێ ئەوەی ئاراستە كرابێت. لەو حاڵەتەدا پێویستە جووڵەكانیان ئامانجدار بكرێت، نەك كۆنتڕۆل بكرێت. هۆكاری دروستبوونی ئەو فەلسەفەیە ئەوەیە كە گۆڕانكاریی ڕیشەیی لە پەروەردەی منداڵەكانمان بكەین و لەگەڵ گۆڕانكاری و پێشكەوتنەكانی سەردەم هەنگاو بنێین.»

سۆزان سۆفی ڕای وایە: «كاتی ئەوە هاتووە كە ئاراستەی پەروەردەكردن بگۆڕین». هاوكات دەڵێت: لە ئێستادا لە هەوڵی ئەوەداین كە ئەو ژینگەیەی كە پێویستە بۆ منداڵەكانمان لە هەردوو ڕووی ماددی و مەعنەوی بیڕەخسێنین، ئەویش لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هۆشیاری بۆ ئەوەی ئەوانیش بتوانن لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ژیان ڕێ بكەن، نەك بە هەمان شێوە تەقلیدییەكەی كە ئێمە لەسەری پەروەردە كراین، ئەوەش پێویستی بە هەنگاوێكی گەورە و خێرا و بوێر هەیە. منداڵەكەم هەویرێك نییە، من چیم بوێت، ئەوەی لێ دروست بكەم، پەڕەیەكی سپی نییە، چیم بوێت لێی بنووسم، مەدالیایەك نییە، بە ملمەوەی بكەم و شانازی پێوە بكەم، بووكەڵە دڵنەواكەم نییە. منداڵەكەم بیرۆكە، یان خەیاڵ، یان ویست و ئارەزوو، یان پێشبینییەكانی من نییە، ئەو كۆپییەك لە من نییە. ئەو ئازادە و ئەركی من ئەوەیە لێی بگەڕێم و تەنیا لە كاتی پێویست تێكەڵ بە ژیانی بم. ئەركی من ئەوەیە خۆم پڕ متمانە بكەم و متمانەی تەواویش بە تواناكانی منداڵەكەم بدەم، تاكو بەرەو باڵابوون هەنگاو بنێت. ئەو ڕاستییانەی لە ڕێگەی دۆمان فێری دەبین، ئەوەیە كە مێشك لە ڕێگەی بەكارهێنانەوە گەشە دەكات، نەك بە خشتەیەكی كاتیی دیاریكراو. واتا منداڵی ئاسایی لە تەمەنی یەك ساڵیدا یەكەم هەنگاوەكانی دەست پێ دەكات، بەڵام ئەمەش نابێتە بنەمایەكی بەردەوام. كەواتە بابەتەكە بە تەمەن، یان خشتەیەكی زەمەنیی دیاریكراو وابەست نییە، بەڵكو وابەستەیە بە ڕاددەی دەستەبەركردنی ژینگەیەكی گونجاو كە تیایدا منداڵەكە مێشكی بەكار دەهێنێت و پەرە بە توانای بینین و بیستن و هەسی و جووڵە و زمانەوانیی خۆی دەدات».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە هۆكاری دروستبوونی ئەم بیرۆكەیە چی بووە؟ دەڵێت: «پەندێكی كوردیمان هەیە كە دەڵێت: گیا لەسەر بنچی خۆی دەڕوێت. ڕێك لە پەروەردەدا دەبینین گیا پەروەردەییەكانمان لەسەر هەمان بنچ دەڕوێنەوە. لە هەموو دونیادا گۆڕانكاری كراوە و بنچەكە توخمی جیاواز لە باو بەرهەم دێنێت، تەنیا ئێمەین لەسەر هەمان بنچ و هەمان توخم بەرهەم دێنینەوە. ئێمە لە هەوڵی ئەوەداین بەپێی نوێترین زانستی سەردەم مامەڵە لەگەڵ مێشك و توانای منداڵەكانمان بكەین، هەم بۆ پێشگیریكردن لە كێشە پەروەردەیی و فێركارییەكانی منداڵان و هەم بۆ گەشەپێكردنی زیاتر و خێراتری مێشك و توانای منداڵی ئاسایی».

 

Top