ستیڤن زونێس پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سان فرانسیسكۆ بۆ گوڵان:   باسكردن لە ئەگەری شەڕی ئەتۆمی مایەی دڵەڕاوكێ و نیگەرانییە

ستیڤن زونێس  پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سان فرانسیسكۆ بۆ گوڵان:     باسكردن لە ئەگەری شەڕی ئەتۆمی مایەی دڵەڕاوكێ و نیگەرانییە

 

ستیڤن زونێس پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و پڕۆفیسۆری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی سان فرانسیسكۆ، شارەزا و تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پرسی ناتوندوتیژی، چارەسەركردنی ناكۆكی، سیاسەتی دەرەكیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و جیهانگەرایی. دامەزرێنەر و یەكەم بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆی ناوبراو. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پتر پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم شەڕە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* چۆن لە بارودۆخی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەڕوانن و پێتان وایە بۆچی شەڕەكە بەم چەشنە درێژەی كێشا، بەتایبەتی كە ڕووسیا ناوی لێ نابوو ئۆپەراسیۆنێكی سەربازیی تایبەت؟ ئایا پێتان وایە ئەم شەڕە زیاتر درێژە دەكێشێت، یان ئەگەری ئەوە هەیە یەكلا ببێتەوە، چ لە ڕووی سەربازییەوە، یان لە بە ڕێگاچارەی دیپلۆماسی؟

- لە ڕاستیدا دەبێت سەرەتا ئاماژە بەوە بكەین كە سەرەڕای ئەوەی هاوسەنگییە سەربازییەكە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا بوو و سەرباری ئەوەی ڕووسیا باڵادەستییەكی سەربازی هەبوو، بەڵام ئاشكرایە كە ڕووسیا نەیتوانی بە چەشنێكی كارا ئەم شەڕە بەرپا بكات، ڕەنگە هۆكارێكی ئەوە بووبێت كە ڕووسیا زیاد لە پێویست متمانەی بە خۆی هەبوو، هەروەها دەركەوت كە كەرەستە سەربازییەكانیشی هێندە مەزن نین كە پێشبینی دەكرا، یان بانگەشەی بۆ دەكرا، سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانیشی توانا و كارامەییەكی ئەوتۆیان نەبوو. دواتر نابێت ئەوەش نادیدە بگرین كە وڵاتانی ڕۆژئاوا و لە سەرووی هەموویانەوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە بەهای دەیان ملیار دۆلار چەك و كەرەستەی پێشكەوتووی سەربازییان بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر كردووە. هەروەها ڕەنگە هۆكاری سەرەكی، یان هۆكاری هەرە سەرەكی لەم ڕووەوە بریتی بێت لە ئیرادە و ویستی ئۆكرانییەكان بۆ شەڕكردن و بەرگریكردن لە وڵاتی خۆیان و بۆ بەرپەرچدانەوەی داگیركاری و دەستدرێژی. چونكە هاوكێشەی شەڕەكە ئەوەیە كە ئۆكرانیا تووشی داگیركاری بووەتەوە و خەڵكەكەی گیان و وورەی بەرهەڵستی و شەڕكردنیان نییە، لە كاتێكدا ڕووسەكان داگیركارن و ئەم گیانی شەڕكردنە بە چەشنی ئەوەی لە نێو ئۆكرانییەكاندا هەیە، لەماندا بەدی ناكرێت. هەر لەم ڕووەوە نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت كە چەندین جار ڕووی داوە كە سوپایەكی پێشكەوتوو و پڕچەكی وڵاتێكی دەرەكی و داگیركار لە لایەن هێزێكی بەرگری و بەرهەڵستكارییەكە تووشی شكست و پاشەكشە كراون.

* بەڵام ئەگەر ئەمە دۆخی سوپای ڕووسیا بێت كە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانی بەدی بهێنێت و ئێستاش كەوتووەتە باری بەرگرییەوە لە زۆر حاڵەتدا، بۆچی ڕووسیا هێندە پێداگری دەكات لەسەر درێژەپێدانی شەڕەكە و بۆچی بیر لەوە ناكاتەوە كە ڕێگاچارەیەكی دیكە بگرێتەبەر بۆ ئەوەی كۆتایی بەم دۆخە بهێنرێت؟

- ئەمە ڕاستە و خۆی لە خۆیدا جێی سەرسوڕمانە، چونكە هەر چۆنێك بێت، سەرۆكی ڕووسیا ڤلادمیر پوتین دەیتوانی پەنا بباتە بەر گفتوگۆ بۆ ئەوەی جۆرێك لە ئۆتۆنۆمیی سنووردار بۆ ناوچەكانی ڕۆژهەڵات دەستەبەر بكات و هەروەها گفتوگۆ لەبارەی بێلایەنبوونی ئۆكرانیا و نەبوونی بە ئەندامی ناتۆ بكات و جۆرێك لە سەركەوتن لەم شەڕەدا ڕابگەیەنێت، بەڵام لەبری ئەوە درێژەی بە هەوڵەكانی شەڕ داوە و بەردەوامە لەم هەڵمەتەیدا. لەبەر ئەوە پێم وایە زەحمەتە بتوانین لە چۆنیەتیی بیركردنەوەی ئەو (ڤلادمیر پوتین) تێبگەین، بەتایبەتی ئەگەر ئێمە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ئەم شەڕە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەكی زۆری سەربازی سوپای ڕووسیا گیان لە دەست بدەن و سزا ئابورییەكانی سەر ڕووسیاش بارگرانی و كێشەی گەورەیان بۆ ئابووریی ئەو وڵاتە دروست كردووە، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی دروستبوونی هەلومەرجێك كە تێیدا ڕووسیا تووشی گۆشەگیری و دابڕان بووەتەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە هەمان كاتدا شەڕەكە كێشە و ناكۆكی لە ناوخۆی ڕووسیاشدا زیاتر كردووە.

* زۆر باس لە هۆكار و پاڵنەرەكان دەكرێت لە پەیوەندی بە بڕیاری ڕووسیا بۆ پەلاماردان و داگیركردنی ئۆكرانیا، كە ئاماژە بەوە كراوە ڕووسیا دەیەوێت بە داگیركردنی ئۆكرانیا پێگەی خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پتر پتەو بكات، بەڵام ئەوەی لە وەڵامی پرسیاری پێشووی ئێوە دەردەكەوێت، ئەوەیە ڕووسیا تووشی لاوازی و پاشەكشە بووەتەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، كەواتە ئایا دروستە بڵیێن ئەم شەڕە دەرئەنجامی دژ و پێچەوانەی خواستی ڕووسیای لێ كەوتووەتەوە؟

- من پێم وایە ئەم شەڕە زیانی بە ڕووسیا گەیاندووە، چونكە ئەوەتا ناتۆ لە بری ئەوەی لاواز بێت، بەهێزتر بووە، بە تایبەتی ئەگەر دوو وڵاتە نوێیەكە (سوید و فنلەندا) ببنە ئەندام تێیدا، كە ئێمە دەزانین ئەم دوو وڵاتە لە سەردەم و ڕۆژگاری شەڕی سارددا هەڵوێستی بێلایەنیان هەڵبژاردبوو. هەروەها ئەوەتا وڵاتانی ئەوروپا خەرجی و بودجەی سەربازی زیاتر دەكەن، لە كاتێكدا كە خودی ڕووسیا تووشی چەندین سزای ئابووری و دارایی دەبێتەوە. دواتر ئێمە بینیمان كە لە دەنگدانی نێو كۆمەڵەی گشتی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكاندا تەنها پێنج وڵات لەگەڵ ڕووسیادا بوون، كە ئەمەش جێی هەڵوەستە و لەبەرچاوگرتنە. هەرچەندە دەبێت ئێمە لێرەدا ئاماژە بە پرسی دووڕووییش بكەین لە بواری پەیوەندی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، چونكە ئاشكرایە كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا پشتیوانییان لە هەڵوێستی وڵاتی مەغریب كرد بۆ ئەوەی سەحرای ڕۆژئاوا بخاتە سەر خاكی وڵاتەكەی، هەروەها ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەكات لە كرداری داگیركاری و دەستەبەسەرداگرتنی خاكدا لە فەلەستین و سووریادا. خاڵێكی دیكەی جێی نیگەرانی لەم ڕووەوە ئەوەیە كە لە دەرئەنجامدا ببێتە هۆی زیادبوون و هەڵكشانی زیاتری هەژموونی ئەمریكا، كە دەبینین هەندێ لە وڵاتانی جیهان پشتیوانی لە سیاسەت و ئامانجەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان ناكەن لەسەر ئاستی جیهان، ئەگەرچی لە هەمان كاتدا پاڵپشتیی ڕووسیاش ناكەن، چونكە ئومێدی ڕووسیا ئەوە بوو كە وڵاتانی زیاتر پشتیوانی لە هەڵوێست و سیاسەتەكانی بكەن، بەڵام تا ئێستا ئەمە ڕووی نەداوە.

* چ شتێك زیاتر ئێوە نیگەران دەكات لەم كاتەدا، بە تایبەتی كە مشتومڕێكی زۆر دەكرێت لە بارەی ئەگەری پەنابردنەبەر بەكارهێنانی چەكی ناوكی، ئەگەرچی ئەوەی پێی دەڵێن چەكی ناوكی تەكتیكیش بێت؟ ئایا ئەگەر واقیعبینانە بڕوانین ئەم هەڕەشانە، یان باسكردنانە چەند جێی نیگەرانی و دڵەڕاوكێن و تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە ئەم چەكانە بەكار بهێنرێن؟

- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە ئەو لێدوان و باس و ئاماژەپێكردنانە بە ئەگەری بەكارهێنانی ئەم چەكانە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوكێن، چونكە تەنانەت باسكردن لە بەكارهێنانی چەكی ناوكی تەنانەت بە تەكتیكیش مایەی كارەسات و كاولكاری دەبێت، ئەگەرچی ڕەنگە نەبێتە شەڕێكی ئەتۆمیی بەرفراوان كە تێكڕای شارستانییەتی سەر هەسارەی مرۆڤ لە ناو ببات، ئەگەرچی ئەمەش یەكێكە لە ئەگەرەكان، چونكە هەر كاتێك چەكی ناوكی بەكارهات - ئەگەر تاكتیكیش بێت- ئەوا هیچ زەمانەتێك نییە كە لەم ئاستەدا بمێنێتەوە و زیاتر هەڵنەكشێت. بە گوێرەی ئەو شرۆڤەكارییانەی من خوێندوومنەتەوە، ئەوا باس لەوە دەكرێت لە سەتا 10 بۆ 15 ئەگەری ئەوە هەیە ڕووسیا چەكی ناوكی بەكار بهێنێت، ڕەنگە ڕێژەی لە سەتا 10 بۆ 15 لە بارودۆخێكی ئاساییدا زۆر نەبێت و ڕێژەیەكی بەرز نەبێت، بەڵام كاتێك تۆ باسی شەڕێكی ناوكی دەكەیت، ئەوا ئەم ڕێژەیە بە چەشنێكی قبووڵنەكراو بەرزە.

* لایەنێك، یان پەرەسەندنێكی دیكەی ئەم شەڕە بریتییە لە بە ئامانجگرتن و وێرانكردنی ژێرخانی سەرەكی لە ئاو و وزە و كارەبای شارەكانی ئۆكرانیا لەلایەن ڕووسیاوە، كە باس لەوە دەكرێت هەر كاتێك ڕووسیا تووشی شكستێكی سەربازی بێت، تۆڵەی خۆی بەوە دەكاتەوە كە ژێرخانی ئۆكرانیا بكاتە ئامانج، ئایا پێت وایە تا چ ڕاددەیەك وێرانكردنی كەرتی وزە و ئاو و كارەبای ئۆكرانیا كاریگەری لەسەر ڕەوتی شەڕەكە دەبێت؟

- لە ڕاستیدا ئێمە پێشتر حاڵەتی هاوشێوەمان بینیوە لە هێرشكردنە سەر ژێرخانی كەرتی غەززە و وڵاتی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە، بە هەمان شێوە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش ئەم كارەی كرد لە شەڕی كەنداوی ساڵی 1991 لە دژی عێراق. دواتر ئەگەر وەڵامی پرسیارەكەی ئێوە بدەمەوە، ئەوا بەڵێ پێم وایە ئەمە زۆر مەترسیدارە و لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین تاوانی جەنگ ڕووی داوە و دیمەنەكانیش ناخهەژێنن. هەرچۆنێك بێت شتێكی باشە كە دەبینین كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەركۆنە و سەرزەنشتی دەكات و سەرنج بۆ ڕوودانی تاوانی جەنگ ڕادەكێشێت، بەڵام ئەوەی جێی داخە، ئەوەیە كە باس لەوە دەكرێت كە هۆكارەكە ئەوەیە كە ئەو كەسانەی بوونەتە ئامانج خەڵكی ڕەشپێست و كەسانی ئەورووپی و مەسیحین.

 

Top