كاتێك ڕابەر ڕێگە نادات . . . هیچ كەس و لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەر نەتەوەدا فەرز بكات

كاتێك ڕابەر ڕێگە نادات  . . .  هیچ كەس و لایەنێك ئیرادەی خۆی بەسەر نەتەوەدا فەرز بكات

 

 

ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوان هاوپەیمانی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق ئەنجام دراوە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەشێكە لەو هاوپەیمانییە، لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەكانی سەرۆك بارزانی، بەر لەوەی لە پۆست و پشكی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ڕێك بكەون، لەسەر پڕۆگرام و بەرنامەی حكومەتی داهاتوو، ڕێككەوتنەكەیان ئیمزا كردووە.

لەم چوارچێوەیەدا و كردنەوەی ئەو داخرانە سیاسییەی كە ماوەی ساڵێكە لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئۆكتۆبەری 2021 ەوە دروست ببوو، سەرۆك بارزانی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان «ڕێبەر ئەحمەد»ی كشاندەوە و پێشنیاری كرد كە كەسێك لەوانەی خۆیان كاندید كردووە، ببێتە كاندیدی هاوبەش، بۆ ئەوەی یەكێتی نیشتمانییش تووشی ئیحراجیی سیاسی نەبێت، ئەو كاندیدەشی وەك كاندیدی هاوبەش دەستنیشان كرا «د. عەبدوللەتیف ڕەشید» بوو، كە نەك هەر ئەندامێكی دیار و دێرینی یەكێتی بوو، بەڵكو یەكێكە لە ئەندامە نزیكەكانی بنەماڵەی مام جەلال و برایم ئەحمەد.

ئەم دەستپێشخەرییەی سەرۆك بارزانی لە پێناوی ئەوە بوو كە سەرۆك و سەركردایەتیی یەكێتی لەو لۆژیكە تێبگەن، كە لای سەرۆك بارزانی ئەوە گرنگ نییە سەرۆك كۆماری عێراق یەكێتی بێت یان هەر لایەنێكی دیكە بێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە ئەم پۆستە وەك پۆست و ئیستحقاقی كورد لە دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا سەیر بكرێت و وەك ڤیتۆیەك بۆ پاراستنی دەستوور و مافەكانی گەلی كوردستان لە كەمینە و زۆرینەی پەرلەمان بەكاربهێنرێت، نەك وەك پۆست و ئیستحقاقێكی لایەنێكی سیاسی دیاریكراو و دەستكەوتێكی ماددی بەكاربهێنرێت.

بەڵام بەداخەوە، ئەو كەسانەی كە ئێستا خۆیان بە جێنشینی جەنابی مام جەلال دەزانن، نەیانتوانی وەك جەنابی مام جەلال مامەڵە لەگەڵ لۆژیك و بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی بكەن، كە هەموو كات مام جەلال دەیگوت: «من كاندیدی سەرۆك بارزانیم بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار»، بۆیە خۆیان واپیشان دا كە دەتوانن ئیرادەی خۆیان بەسەر ئیستحقاقی گەلی كوردستاندا فەرز بكەن و هەمان سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە بكەنەوە.

بەشی هەرە زۆری لایەنە ‌سیاسییەكانی عەرەب (سوننە و شیعە) لە نییەت و لۆژیكی سەرۆك بارزانی تێگەیشتن، كە ڕازیبوونی بە كاندیدی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ چ مەبەستێكە، هەروەها لە نییەتی ئەو لایەنەش تێگەیشتن كە پێداگرییان لەسەر بەحزبیكردنی ئەو پۆستە بۆ چ مەبەستێكە، هەر بۆیە زۆر بە خێرایی پێشوازییان لە پێشنیارەكەی سەرۆك بارزانی كرد و پرۆسەكە بەو ئاراستەیە ڕۆیشت كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و تەواوی پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بوو.

پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كە لە نێوان دوو كاندید (كە هەردووكیان ئەندامی یەكێتی بوون) بەڕێوەچوو، بەڵام جیاوازیی نێوانیان ئەوە بوو د.بەرهەم ساڵح كاندیدی فەرمیی یەكێتی بوو، د. عەبدوللەتیف ڕەشید كاندیدی هاوبەشی كوردستانی بوو، كاندیدی یەكێتی لە هۆڵی فراكسیۆنی سەوزەوە چاودێریی پرۆسەكەی دەكرد و، كاندیدی هاوبەشیش لە هۆڵی فراكسیۆنی زەردەوە چاودێریی پرۆسەكەی دەكرد، سەرەنجام كێبڕكێ و ململانێی هەردوو كاندیدەكەی یەكێتی بەوە كۆتایی هات، ئەوەی لە هۆڵی فراكسیۆنی زەردەوە چاودێریی ئاكامی پرۆسەی هەڵبژاردنەكەی دەكرد، وەك كاندیدی هاوبەشی كوردستان دەنگی زۆرینەی بەدەست هێنا و بووە سەرۆك كۆمار، ئەوەشی دەیوست وەك كاندیدی یەكێتی خۆی بە سەر ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا فەرز بكات، لەلایەن بەشی زۆری هەر سێ پێكهاتەی سەرەكی «(كورد و شیعە و سوننە) ڕەت كرایەوە.

ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی بۆ پشتگیریكردنی لە كاندیدێكی هاوبەش وەك پشكی گەلی كوردستان لە پۆستە سەروەرییەكانی دەوڵەتی فیدڕاڵیی عێراقدا، تەنیا وانەیەك نەبوو بۆ لایەنێكی سیاسیی كوردستانی كە دەیویست ئیرادەی خۆی فەرز بكات بە سەر ئیرادەی خەڵكی كوردستاندا، بەڵكو وانەیەكیش بوو بۆ لایەنە سیاسییە عەرەبەكان (شیعە و سوننە) لە عێراقدا كە ڕێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن و دەستتێوەردان لە پۆست و كاندیدی گەلی كوردستان نەكەن و، چۆن لایەنی كوردستانی ڕێز لە پۆست و كاندیدی هاوبەشی شیعە و سوننە دەگرێت و دەستتێوەردانی تێدا ناكات، بە هەمان شێوە ئەوانیش لەسەریان فەرزە كە ڕێز لە ئیرادەی گەلی كوردستان بگرن.

بڕیاری سەرۆك بارزانی بۆ پشتگیریكردن لە كاندیدی هاوبەشی خەڵكی كوردستان بۆ ئەو پۆستە و پاشانیش بوونی ئەو كاندیدە بۆ سەرۆك كۆماری نوێی عێراق، گێڕانەوەی شكۆ بوو بۆ پشك و ئیستحقاقی گەلی كوردستان لە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا، تەنانەت بۆ ئەو لایەنە سیاسیەشی دەیویست سووكایەتی بە شكۆ و ئیستحقاقی گەلەكەی خۆی بكات لە چۆنیەتی بەشداریكردنی لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا.

 

Top