ئەندازیار ئومێد ئەحمەد وتەبیژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: لە كابینەی نۆیەم بەرهەمهێنانی كارەبا پتر لە 600 مێگاوات زیاد كراوە

ئەندازیار ئومێد ئەحمەد  وتەبیژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  لە كابینەی نۆیەم بەرهەمهێنانی كارەبا پتر لە 600 مێگاوات زیاد كراوە

 

 

كارەبا یەكێكە لەو خزمەتگوزارییە سەرەكییانەی كە حكومەت لە هەوڵی جددیدایە بۆ باشتركردنی بەرهەمهێنان و دابینكردنی بۆ هاووڵاتییان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیداری لەگەڵ ئەندازیار ئومێد ئەحمەد وتەبیژی وەزارەتی كارەبا تاوتوێ كرد.

 

 

* لە زۆربەی سێكتەرەكان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پڕۆژەی باش جێبەجێ كراون، ئایا دەكرێت بزانین لەم كابینەیەدا ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا چەند زیاد كراوە؟

- بە دیاریكراوی لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانی كارەبا پتر لە 600 مێگاوات زیاد كراوە، ئەو زیادكردنە بە هەوڵ و هیممەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا و سامانە سرووشتییەكان بووە، كە لە هەقیقەتدا ژێرخانەكە ئامادە بوو، ئەمەش بەشێكی لە ڕێگای وێستگەی كارەبای خەباتی هەڵمی كە ڕێزدار سەرۆكی حكومەت خۆی پڕۆژەكەی كردەوە، كە توانای بەرهەمهێنانی 300 مێگاوات كارەبای هەیە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانیش توانیویەتی لە ڕێگای زیادكردنی سووتەمەنی و دابینكردنی بۆ چەندین یەكەو بەشی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاتر لە 300 مێگاوات كارەبای دیكە بەرهەم بهێنرێت بۆ تێكڕای بەرهەمی گشتی كارەبا. لەلایەكی دیكەوە وێستگەیەكی دیكەی بەرهەمهێنانی كارەبامان تەواو بووە، كە وێستگەی بەرهەمهێنانی 1000 مێگاوات كارەبای دهۆكە، ئەم وێستگەیە بەغاز كار دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش پێویستی بەوەیە كە بۆڕیی غازی بۆ ڕابكێشرێت، ئەمەش تێچووی زۆرە بۆیە تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە. ئەگەرچی لە وێستگەی كارەبای دهۆك تەنیا یەك یەكە و هەندێك كات لە یەك یەكەش كەمتر بە گازوائیل دەخرێتە كار بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و نەخۆشخانەكان. كەواتە ئەگەر ئەو وێستگەیەی دهۆكیش بكەوێتە كار ئەوی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بە شێوەیەكی بەرچاوتر بەرز دەبێتەوە. 

* لە بواری گواستنەوەی كارەبادا چەندین پڕۆژەی وێستگە و هێڵی كارەبا بونیات نراون، بەڵام گرنگترینی ئەو وێستگە و پڕۆژەیانەی هێڵی كارەبا چین كە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون؟

- ئێمە لە دەستپێكی كابینەكە دوو هێڵی كارەبای ستراتیژیمان ڕاكێشاوە لە نێوان هەولێر – دهۆك، كە هێڵی كارەبای كەورگۆسك – ئاكرێ و كەورگۆسك – زەنگانەیە، هەروەها هێڵی سۆران – شقڵاوە و بازیان – ڕانیەمان ڕاكێشاوە، لە سلێمانییش هێڵی كارەبای باشوور سلێمانی – سەید سادق تەواو كراوە. هەموو ئەو هێڵانەی ئامـــاژەمان پێ داوە، هێڵی (132 KV)ن، هاوكات چەندین هێڵی كارەبای (133 KV)ی ڕاكێشراون بۆ چەندین ناوچە و دەڤەر و شوێنی جیاواز لە هەرێمی كوردستان. بۆ نموونە: (چۆمان – حاجی ئۆمەران) و 15تا16 مۆبایڵی 132كەی ڤی دانراون بۆ ئەو ناوچانەی گرفتی ئۆڤەرلۆد و خراپیی خزمەتگوزاریی كارەبایان بووە و زیاتر لە (5 تا 6) وێستگەی 132كەی ڤی دانراون، وەك وێستگەی كارێزان و نیشتمان و نووسەران و.. هتد، هاوكات هەر لەو كابینەیەدا چەندین وێستگەی كارەبا تەواو بوون و بە تۆڕی كارەبا بەسترانەتەوە. هەر بۆیە بەهۆی ئەو هێڵ و وێستگانەوە بارودۆخی گواستنەوەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی زۆر باش و گرنگ بەرەوپێشەوە چووە. هەروەها هەر لەم كابینەیەدا زیاتر لە 100 گوند لە ناوچە جیاوازەكاندا ئاوەدان كراونەتەوە و كارەبایان بۆ ڕاكێشراوە.

* كەرتی دابەشكردنی كارەبا زۆرترین گرفتی تێدایە، ئایا پێوەری زیرەك توانیویەتی چارەسەری بكات؟

- بێگومان پێوەری زیرەك لە كارەبادا ئامانجی یەكەمی خۆی پێكاوە و هەر سەرپێچیەك بووبێت، كۆتایی پێ هاتووە و دەتوانێت هۆكارێك بێت بۆ ئەوەی ئاستی خزمەتگوزاری بەرز بكاتەوە و بەكارهێنان سنووردار بكات، بەكارهێنانی كارەباش خرایە سەر ڕێگا ڕاست و ئابووری و زانستییەكەی و لە ئایندەدا دەتوانرێت ئەو پڕۆژەیە بە چەندین ئۆپشن و توانای تەكنیكییەوە بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی زیاتر سیستمی كارەبا بە شێوەیەكی ئابووری و سەلامەت و زانستی بەڕێوەبچێت.

* بۆچی بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبا نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە؟

- لە ڕاستیدا ئەم بابەتە لە وەزارەتی كارەبا و لە ڕووی ئیداری و تەكنیكی هەموو شتێكی تەواو بووە، پاشان ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و لەلای ئەوانیش چەندین پسپۆڕ و شارەزا پێداچوونەوەیان بۆ بابەتەكە كردووە، ئێستا ئێمە بۆ جێبەجێكردنی چاوەڕوانی فەرمانی ئەوان دەكەین.

* هێشتا سەرپێچییەكان لەسەر هێڵی كارەبا بەردەوامیان هەیە، ئایا بیر لە ڕێگەیەكی نوێ نەكراوەتەوە بۆ ئەوەی چیتر سەرپێچییەكان ڕوونەدات؟

- ئێمە لە وەزارەتی كارەبا جگە لە دانانی پێوەری زیرەك وەك ئاماژەمان پێ دا كە كۆتایی بە سەرپێچییەكان دەهێنێت، ئەوا تیمەكانی نەهێشتنی سەرپێچی لەسەر تۆڕەكانی كارەبا لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەكانی دابەشكردنی كارەبای شارەكان بەردەوامن لە كار و بەدواداچوونی خۆیان و لە هەر شوێنێك سەرپێچی هەبێت، چارەسەری دەكەن، بەم هۆیانەوە توانیومانە 8000 حاڵەتی سەرپێچی و زێدەڕۆیی سەر تۆڕی كارەبا كۆتایی پێ بهێنین و لەو ڕووەشەوە لە كارەكانمان بەردەوامین.

* زۆر باسی بریبەیتی كارەبا واتا كارتی كڕینی یەكەی كارەبا دەكرێت، ئەم پڕۆژەیەتان بەكوێ گەیشتووە؟

- ئێمە بۆ ئەو مەبەستە وەك نموونە لە شاری هەولێر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر وەك تاقیكردنەوە و تێست دامانناوە، كە بە پێی قسەی خاوەن دووكان و بازاڕەكە زۆر لێی ڕازین و سەركەوتوو بووە و 24 كاتژمێر بێ كێشە كارەبای بەردەوامیان هەیە، بە پیادەكردنی سستەمی پری پەید، واتە پێدانی نرخی كارەبا بە شێوەی پێشەكی، لە ڕووی ئابوری و بەردەوامیی خزمەتگوزارییەكەوە زۆر سەركەوتوو دەبێت. ئێمە ئەو نموونەیەی هەولێرمان بردووەتە بازاڕێكی دهۆك و لە ئایەندەیەكی نزیكدا لە چەند شوێنێكی سلێمانییش جێبەجێی دەكەین. خۆ ئەگەر زانرا دەرئەنجامەكانی ئەم پڕۆژە و سیستمە زۆر باش و سەركەوتووە و لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیانە، ئەوا هەنگاو بە هەنگاو لە هەموو بازاڕ و شوێن و گەڕەكەكانی شارەكانی هەرێم جێبەجێی دەكەین. هەروەها بە جێبەجێكردنی ئەو سیستەمە كارەبای نیشتمانی دەبێتە 24كاتژمێر و موەلیدەكان نامێنن و لەو ژاوەژاوو بۆنی گازوایل و پیسبوونی ژینگە ڕزگارمان دەبێت.

* وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو چەند بەنداوێكی دروست كردووە، بەڵام بۆچی دیزاینی دانانی تۆڕبینی نییە، خۆ ئەگەر بڕە كارەبایەكی كەمیش بتوانێت دابینی بكات، ئەوە بۆ دەوروبەری بەنداوەكە و كارپێكردنی دامەزراوەكانی گرنگە؟

- لە ڕاستیدا دەكرێت دروستكردنی بەنداو لە شوێنێكی گونجاو بێت و قووڵی و بەرزیی ئەو شوێنەی كە ئاوەكەی تێدا گل دەدرێتەوە شیاو بێت بۆ دانانی تۆڕبین و ماكینەی بەرهەمهێنانی كارەبا، كە پێویستە ئەم پرسانە لە دیزاینی بەنداوەكەدا هەبێت، خۆ ئەگەر لەگەڵ دروستكردنی بەنداوەكەدا دروست نەكرێت، ئەوا دەكرێت دیزاینەكەی هەبێت بۆ ئەوەی لە ئایندەدا بتوانرێت وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای لێ دروست بكرێت. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەماهەنگین و كاری پێكەوەییمان لەگەڵ یەكتر هەیە، ئەگەرچی هەندێ بەنداو بەپێی ئەو خەسڵەت و ناوچەیەی كە تێیدا دروست دەكرێت، تەنیا بۆ گلدانەوەی ئاو و ئاودێری و ئاوی خواردنەوە دەشێت و ناتوانرێت وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای لێ دروست بكرێت، بەڵام هەر بەنداوێك قووڵیی گلدانەوەكەی شیاو بێت بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا، ئەوە ئەنجومەنی وەزیران و هەر دوو وەزارەتی پەیوەندیدار هەماهەنگین بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا لە بەنداوەكەدا. 

* ژمارەیەكی زۆری هاوبەشانی كارەبا قەرزاری كارەبان، بۆ وەرگرتنی ئەو قەرزانە بڕیاری چی دراوە؟

- لە ماوەی ڕابردوو ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی كارەبا جۆرێك لە كارئاسانی و لێخۆشبوونێك بە بڕی 15%ی قەرزی سەر هاوبەشانی كارەبا كرا و چەند جارێكیش ماوەی ئەم هاوكارییە نوێ كرایەوە، هاوكات وەزارەتی كارەبا ڕێگەی داوە هاوشانی كارەبا كە قەرزارن بە چەند قست پارەكانیان بدەن و ژمارەی قستەكانیش بەپێی توانای دارایی هاوبەشەكان بووە، بۆ ئەوەی كاریگەری و قورسایی لەسەر ژیانیان دروست نەكات. وەزارەتی كارەبا هەموو كات بارودۆخی هەرێمی كوردستان و كاریگەریی قەیرانەكانی لەسەر هاووڵاتییان لەبەرچاو گرتووە. ئەگەرچی بەپێی یاسا بەركارەكان و ئەو ڕێنماییانەی لە وەزارەتی كارەبا هەیە، فەرمانگە و دەزگاكانی كارەبا دەستكراوەن بۆ ئەوەی هەر هاوبەشێكی كارەبا سێ جار پسوڵەی كارەبای بۆ بچێت و پارەكەی نەدات، هێڵی كارەباكەی ببڕدرێت، بەڵام ئەو ڕێنماییە لەلای ئێمە لەبەر ڕەچاوكردنی بارودۆخی دارایی خەڵك جێبەجێ نەكراوە، هەر بۆیە لێرەدا داواكارین هاوبەشانی كارەبا بەپێی توانای دارایی خۆیان بەدەم ئەو هاوكاری و ئەو ئاسانكارییانەی حكومەت و وەزارەتی كارەبا بێن. ئێمە لە سەرووی تریلیۆنێك دینار قەرزمان لەلای تەواوی هاوبەشانی كارەبا هەیە كە ئەو قەرزەش لەسەر هاوبەشانی ماڵان و بازرگانی و پیشەسازی و فەرمانگە و دامودەزگاكانی حكومەتە كە ئەگەر ئەو بڕە پارە زۆرەش وەربگیرێتەوە، ئەوا دەتوانرێت بۆ چەندین پڕۆژەی دیكە بەكار بهێنرێت.  

*  لەلایەن هاووڵاتیانەوە گلەیی زۆر لەسەر گرانیی نرخی پێدانی كارەبای موەلیدە دەكرێت، ئایا سنوورێك بۆ ئەو گرانییە دانانرێت، بەتایبەتی بەرەو وەرزی زستان دەچین، چونكە بۆی هەیە ئەو گرانییەی مولیدەكان بارگرانییەكی زۆر لەسەر هاووڵاتیان دروست بكات؟

- لە ڕاستیدا كارپێكردنی موەلیدە ئەهلییەكان و دیاریكردنی كاتژمێر و نرخی ماوەی پێدانی كارەباكەشیان ئەوە وەزارەتی كارەبا دوور و نزیك هیچ پەیوەندییەكی پێوەی نییە، بەڵكو مولیدە ئەهلییەكان سەرپەرشتی و بەدواداچوون و هەموو كارێكیان لە ڕێگای پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانیانەوەیە و قائمقامیەت و ناحیەكانیش خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەكەن. بەڵام ئەوەی بەرپرسیارێتی وەزارەتی كارەبایە بریتییە لە دابینكردنی زۆرترین كاتەكانی كارەبا. دواتر مەرج نییە نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان تەنیا پەیوەست بێت بە كاتژمێرەكانی كاركردنیانەوە، بەڵكو نرخی گازوایلیش ئەگەر گران بوو، ئەوا دەبێتە هۆكاری گرانبوونی نرخی كارەبای موەلیدە ئەهلییەكان، هەروەها گازوایل لە شارێك بۆ شارێكی دیكە نرخی جیاوازە و بۆی هەیە لە هەولێر لە چاو سلێمانی گرانتر بێت، لەبەر ئەوە ئەمپێری كارەبا لە هەولێر گرانتر دەبێت لە سلێمانی یان دهۆك.

Top