گلێن ئەریك پڕۆفیسۆر لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج بۆ گوڵان: شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەرئەنجامی ڕەتكردنەوەی سیستمی نێودەوڵەتییە

گلێن ئەریك پڕۆفیسۆر لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكانی زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج بۆ گوڵان:  شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا دەرئەنجامی ڕەتكردنەوەی سیستمی نێودەوڵەتییە

گلێن ئەریك ئەندرێ دیزەن زانایەكی سیاسیی نەرویجییە و بڕوانامەی دكتۆرای لە بواری دامەزراوە و تەنگژە ئەمنییەكان لە زانكۆی ئازاد لە ئەمستردام بەدەست هێناوە. پێشتر نیشتەجێی ڕووسیا بووە و لە سكووڵی باڵای ئابووری لە مۆسكۆ كاری كردووە و شارەزا و تایبەتمەندی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا و ئاوێتەبوونی ئەوروپایە. لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە بەشی مێژوو و زانستە كۆمەڵایەتییەكان لە زانكۆی باشووری ڕۆژهەڵاتی نەرویج. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاتوێ كردن كە پەیوەست بوون بە شەڕی ئێستای ڕووسیا و ئۆكرانیا و دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی ئەم شەڕەوەوە.


  • چۆن لە شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و درێژەكێشان و پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم شەڕە دەڕوانن، بە تایبەتی ئەگەر ئێمە ئەو بۆچوونە لەبەرچاو بگرین كە پێی وابوو ئەگەرەكانی پەنابردنە بەر شەڕ لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا كەم بوونەتەوە، چونكە پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەكان بە چەشنێكن كە بواری پەنابردنەبەر هەڵگیرساندنی شەڕیان كەم كردووەتەوە؟
    - لە ڕاستیدا ئەگەر ئێمە بمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ ڕەگ و ڕیشەی ئەم شەڕە، یان بۆ هۆكار و پاڵنەرەكانی هەڵگیرساندنی، ئەوا دەبێت ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگرین كە هەمیشە ڕووسیا باسی ئەوە دەكرد كە بەرفراوانبوونی ناتۆ بە چەشنێكە كە نیگەرانییە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەی لەبەرچاو نەگرتووە، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی ڕووسیا بڕیاری داگیركاری بدات. هەرچەندە پێشتر هەوڵ و كۆششەكان بۆ خاوكردنەوەی بارگرژییەكان كۆتاییان هات لە شێوەی گەیشتن بە ڕێككەوتنەكان، بە چەشنێك ئۆكرانیا ڕازی بوو بە پەسەندكردنی ئۆتۆنۆمی بۆ دۆنباس، بەڵام ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو كە ویلایەتە یەگكرتووەكانی ئەمریكا بە ئاقار و ئاراستەیەكی دیكەدا كاری كرد و لە ئەنجامدا ئەم هەوڵ و ڕێككەوتنانە لەبار بران. ئێمەش دەزانین ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانی ئەم شەڕەش- هەروەك لەلایەن ڕووسیاوە ڕاگەیەندراوە- بریتییە لەوەی كارێك بكرێت كە ڕێگری لە بەرفراوانبوونی ناتۆ بكرێت.
    * زۆرجار باس لەوە دەكرێت كە ڕەنگە ڕەوا نەبێت بوترێت ئەمە تەنیا شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیاییە، بە واتایەكی دیكە ئەم شەڕە دووبارە ململانێ و ڕكابەریی نێوان هێزە جیهانییە گەورەكانمان بۆ بەرجەستە دەكات، بە چەشنێك كە دەرئەنجامەكەی هەرچییەك بێت، ئەوا دەبێتە هۆی گۆڕینی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی جیهانی، دید و تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟
    - ئەگەر ئێمە وەڵامی ئەم پرسیارە گرێ بدەینەوە بە وەڵامی پرسیاری پێشووەوە، ئەوا دەكرێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوە بكەین كە ئەم شەڕە بەرجەستەبوونی شكستێكی گەورەترە لەسەر ئاستی دامەزراوە و ڕێكارە نێودەوڵەتییەكان، واتە دەكرێت بڵیێن دەرئەنجامی ناكۆكبوون و نەگەیشتنە بە هاوڕابوون و كۆدەنگییەك لە نێوان هێزە جیهانی و نێودەوڵەتییە دەستڕۆیشتووەكانی جیهانەوە، بە واتایەكی دیكە كۆتاییهاتنی شەڕی سارد ئەو دامەزراوە نێودەوڵەتییانەی نەهێنایە ئاراوە كە جێی كۆدەنگی بن. بەڵكو بارودۆخی دوای ئەو ڕۆژگارە (ڕۆژگاری دوای شەڕی سارد) ناهاوسەنگییەك باڵی بەسەردا كێشابوو و ڕۆژئاوا بە سەركردایەتیی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەوڵیدا لەسەر حیسابی ڕووسیا برەو بە قەڵەمڕەوی ئاسایشی خۆی بدات. لەم ڕوانگەیەوە ڕەنگە بتوانرێت بوترێت لە ئێستادا شەڕێكی دیكەی سارد سەری هەڵداوەتەوە، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوەیە كە ئێستا شەڕەكە شەڕی بە وەكالەتە كە لە نێو جەرگەی ئەوروپادا ڕوو دەدات.
    * وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن ڕایگەیاند، ڕووسیا بەم شەڕ و داگیركارییەی كە هەڵیگرساندووە، ئەوا سیستمی نێودەوڵەتیی «بنیاتنراو لەسەر ڕێساكان»ی هەڵتەكاندووە، تێڕوانین و شرۆڤەكاری ئێوە چییە لەم ڕووەوە و ئایا پێتان وایە پایەكانی ئەم سیستمە بە چەشنك لەق بوون كە بتوانین بڵێین بەرەو ئاوابوون و لە ناوچوون دەچێت؟
    - ئەگەر ئێمە سەرەتا ئاماژە بە ناوەرۆك و جەوهەری ئەم سیستمە بكەین، ئەوا دەكرێت بڵێین ئەم سسیتمە بە چەشنێك پێكهاتووە و دامەزراوە كە كەلێن و كەلەبەرێك لەخۆ دەگرێت، واتە بە چەشنێكە كە جەخت لەسەر پابەندبوون و پەیوەستبوون دەكاتەوە بە بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی، بەڵام لە هەمان كاتدا بوار دەدات كە لە حاڵەت و بارودۆخی نائاساییدا ئەم بنەما و پرەنسیپانە فەرامۆش بكرێن، ئەویش تەنیا بۆ هێزەكانی ڕۆژئاوا. واتە ئەم مافە تەنیا بە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەوا بینراوە. ئەوە بوو كە سیستمێكی هاتەئاراوە و باڵادەست بوو و باڵی كێشا بەسەر جیهاندا كە دەوڵەتان خاوەن سەروەرییەكی یەكسان نەبن، بە پێچەوانەی ئەو بانگەشانەوە كە ئاماژەیان بەوە دەكرد، سەرجەم وڵاتان بە چەشنی یەك یەكسانن لە بواری سەروەری و سەربەخۆییدا. لەم ڕوانگەیەوە دەكرێت بڵێین كە ئەم شەڕە دەرهاویشتە و دەرئەنجامی ڕەتكردنەوەی ئەم سیستمەیە.
    * هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا پەرەسەندن و پێشهاتەكانی شەڕ گۆڕانكارییان بە سەردا هاتووە و بەشێكی ئەو خاك و شارانەی كە ڕووسیا توانیویەتی دەستیان بەسەردا بگرێت، لە دەستی داوە و ئێستاش تا ڕاددەیەك ڕەوتی شەڕەكە پێچەوانە بووەتەوە، ئایا پێت وایە ئاقار و ئاراستەی شەڕەكە بەرەو كوێ دەچێت؟ ئایا پێشبینی درێژەكێشانی زیاتری ئەم شەڕە و هەڵكشانی بەرەو شەڕێكی ناوكی دەكەن، یان پێتان وایە دەكرێت دەروازەیەك و ڕێگاچارەیەك بۆ كۆتایی پێهێنانی بدۆزرێتەوە؟

  • ج- لە ڕاستیدا ڕەوت و ڕەوڕەوەی شەڕەكە بە چەشنێك هەڵكشاوە كە چاوەڕێ و پێشبینی ئەوە ناكرێت لە ئێستادا بتوانرێت لە ڕێی گفتوگۆوە كار و كۆشش بكرێت بۆ كۆتاییهێنان و ڕاگرتنی ئەم شەڕە. ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ وەڵامەكانی پێشوو لە پەیوەندی بە ئامانجە ڕاگەیەندراوەكانی ڕووسیا لە ئاست ئەم شەڕەدا، ئەوا ڕووسیا پێی وایە ئەم شەڕە و ئەم بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە پەیوەستە بە بوون و چارەنووسی وڵاتەكەیەوە. لە لایەكی دیكەوە نابێت ئەوەش لە یاد بكەین كە ناتۆ و خودی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بە چەشنێك سەنگ و قورسایی خۆیان خستووەتە نێو ئەم شەڕەوە كە ئاسان نییە بتوانن وێنای ئەوە بكەن كە دۆڕان لەم شەڕە بە وەكالەتەدا قبووڵ بكەن.
    * ئاشكرایە كە ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا تەنیا پاڵپشتی و هاوكاریی سەربازی بۆ ئۆكرانیا دەستەبەر ناكەن، بەڵكو هەنگاوی بەرچاو و گەورەیان گرتووەتەبەر بۆ سەپاندنی سزا ئابووری و داراییەكان بەسەر ڕووسیادا، ئایا پێتان وایە تا چەند ئەم سزایانە كاریگەرییان هەبووە لەسەر حیساباتی شەڕەكە و ناچاركردنی ڕووسیا بە گۆڕینی هەڵوێستەكانی لە ئاست ئەم شەڕەدا؟
    - ئەوەی تا ئێستا ڕوونە ئەوەیە كە ئەم سزایانە و ئەم ڕێكارە ئابووری و داراییانە كە ڕووسیایان كردووەتە ئامانج نەیانتوانیوە ئەو دەرئەنجام و ئاكامە خوازراوانەیان لێ بكەوێتەوە كە ڕۆژئاوا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چاوەڕێییان دەكرد، یان ئومێدی ئەوەیان هەبوو بەدییان بهێنن. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە ئێمە داڕووخان و تێكشكانێكی خێرای ئابووری ڕووسیامان بەدی نەكرد. لەوەش زیاتر دەتوانین بڵێین كە ئەم سزایانە كاریگەری پێچەوانەیان هەبووە لەسەر خودی ڕۆژئاوا و بە دیاریكراوی وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە پرسی وزەوە. ڕەنگە یەكێك لە هۆكارەكانی كەمكاریگەریی سزاكانی ڕۆژئاواش لە دژی ڕووسیا ئەوە بێت كە ڕۆژئاوا نەیتوانی و سەركەوتوو نەبوو لەوەی كارێك بكات كە وڵاتانی دیكە هەمان هەنگاو هەڵبگرن، مەبەستم ئەوەیە بچنە پاڵ ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوەی سزا بەسەر ڕووسیادا بسەپێنن. هەرچەندە دەبێت لەم ڕووەوە ورد و وریا بین لە شرۆڤەكاری و هەڵسەنگاندنەكەماندا، چونكە دەكرێت لە مەودای دووردا ئەم سزایانە ئابووریی ڕووسیا تووشی دژواری بكەنەوە. بەڵام ئەگەر بمانەوێت لەو گۆشەنیگایەوە حوكم لەسەر كاریگەریی ئەم سزایانە بدەین كە ئایا بوونەتە هۆی ئەوەی كاریگەرییان بووبێت لەسەر سیاسەتەكانی پەیوەست بە پێداچوونەوە بە بڕیاری بەردەوامیدان و درێژەدان بە شەڕەكەوە، ئەوا ڕەنگە بتوانین بڵێین كە ئەم سزایانە سەركەوتنیان بەدەست نەهێناوە و ئامانجەكانی خۆیان بەدی نەهێناوە.
    * ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە ئەم سزایانە كاریگەرییەكی تێكشكێنەری ڕاستەوخۆیان نەبووە لەسەر ئابووری ڕووسیا، بە پێچەوانەوە ئەوەتا وڵاتانی ئەوروپا كەوتوونەتە بارودۆخێكەوە كە تووشی كێشە و تەنگژەی پەیوەست بە وزەوە بوونەتەوە، ئەوەی ئێستا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە وڵاتانی ئەوروپا -بە تایبەتی ئەڵمانیا- لە هەوڵی ئەوەدان سەرچاوەی بەدیلی هاوردەكردنی وزە بدۆزنەوە و خۆیان لە پشتبەستن بە هاوردەكردنی وزەی ڕووسیا دوور بخەنەوە، ئێوە چۆن لەم گۆڕانكارییانە دەڕوانن؟
    - بە تێڕوانینی من وڵاتانی ئەوروپا زیاتر لە ڕێگاچارەیەكیان لە بەردەمدا بوو لە پەیوەندی بە پرسی هاوردەكردنی وزەوە، مەبەستم ئەوەیە ئەوروپا یان وڵاتانی ئەم كیشوەرە دەیانتوانی كارێك بكەن كە چیتر پێداگری نەكەن لەسەر برەودان بە ئامانجە هەژمونخوازییەكانیان و لەم ڕووەوە دەیانتوانی بە چەشنێك كار بكەن كە نیگەرانییە ئەمنییەكانی ڕووسیا لەبەر چاو بگرن. هەرچۆنێك بێت، ئەوەی پەیوەندی بە پرسی دەستهەڵگرتن لە وزەی ڕووسیاوە بێت، ئەوا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە ڕووسیا وەك كاردانەوەیەك كاری لەسەر ئەوە كردووە كە خۆی لە ئاوێتەبوون و تێكەڵبوون لەگەڵ ئابووریی ئەوروپا داببڕێت.
Top