پێكەوە ژیان لای زانایانی ئیسلام دروشم نییە بەڵكو قەناعەت و بڕوایە
يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُمْ مِنْ ذَكَرٍ وَأُنْثَيٰ وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا ۚ إِنَّ أَكْرَمَكُمْ عِنْدَ اللَّهِ أَتْقَاكُمْ
پێكەوە ژیان لە ئایینی ئیسلامدا تەنیا دروشم نییە بەڵكو قەناعەت و بڕوابوونە بە پێكەوە ژیان و قورئانی پیرۆز و پێغەمبەری خۆشەویستمان (د.خ) فێری كردووین كە بڕوامان بە پێكەوە ژیانی نێوان مرۆڤەكان هەبێت، ئەوجا هەر ئایین و بیروبۆچوونێكی هەبێت.
لێرەوە ئەگەر ئەو پرسیارە بكەین، ئایا ئێمە لەسەر چ بنەمایەك پشتگیری لە پێكەوە ژیان دەكەین؟ لە وەڵامدا دەڵێین: چەندین هۆكار هەیە لەوانە:
1. پشتگیریكردنمان لە پێكەوە ژیان جێبەجێكردنی ئەو ویستە خواییەیە كە داوای لە ئێمەی مرۆڤ كردووە پێكەوە بژین، هەر بۆیە دژایەتیكردن و كۆسپ دروستكردن بۆ پێكەوە ژیان، كۆسپ دروستكردنە بۆ ویستی خوای گەورە.
2. لەبەر ئەوەی خوای گەورە فەرمانی پێ كردووین پێكەوە بژین، كەواتە پێكەوە ژیان لە ئاییندا تەنیا دروشم نییە و قەناعەت و بڕوایە و ئێمە وەك موسڵمانمان بڕوامان بەوەیە كە پێویستە لەگەڵ خەڵكی دی پێكەوە بژین و لەگەڵ ئەو دید و بۆچوون و پێكهاتە جیاوازانە پێكەوە بژین.
3. پێغەمبەری خۆشەویست (د.خ) كە یەكەمین كۆمەڵگەی موسڵمانانی لە شاری مەدینە دامەزراند، لەسەر بنەمای پێكەوە ژیان دایمەزراند و ئەو ئازادییە ئایینییەی لە شاری مەدینە هەبوو لە هیچ شوێنیكی دیكەی جیهان نەبووە.
ڕەنگدانەوەی ئەم بنەما سەرەكییانە لای هاوەڵانی پێغەمبەریش (د.خ) بوونی هەبووە. ڕۆژێك كریستیانەكانی «نەزران» دەبن بە میوانی حەزرەتی عومەر (خ.ل) خەلیفەی موسڵمان. حەزرەتی عومەر لە هەیوانی مزگەوتی مەدینە (مزگەوتی پێغەمبەر) پێشوازییان لێ دەكات و ڕێگەیان پێ دەدا لەناو مزگەوتی پێغەمبەر نوێژی خۆیان بكەن، ئەمەیە ئازادی ئایینی لە ڕوانگەی خەلیفەی موسڵمانانەوە.
هەر حەزرەتی عومەر كاتێك فەتحی بەیت مەقدس دەكات، پێی دەڵێن وەرە نوێژ لە كەنیسە بكە، لە وەڵامدا دەڵێت نوێژ لەناو ئەو كەنیسەیە ناكەم، نەوەك ڕۆژێك لە ڕۆژان یەكێك بێت و بڵێت عومەر نوێژی لێرە كردووە و بەو بیانووە لە برا كریستیانەكانی داگیر بكات.
حەزرەتی عومەر دوای فەتحی بەیت مەقدس دەچێتە كەنیسەی «قیامە» و دەبینێت ژمارەیەك «خاچ» تۆزیان لەسەر نیشتووە، بە دەستی خۆی خاچەكان دێنێتە خواراوە و تۆزەكەیان لەسەر لادەبات و پاكیان دەكاتەوە و لە شوێنی خۆی دایان دەنێتەوە. ئەم ڕەفتارەی بۆ ئەوە بوو بە موسڵمانان بڵێت كە نابێت هەستی خەڵكی دیكە لەبەر جیاوازیی ئایینی بریندار بكەن.
ئێستا كێشەیەك هەیە لەسەر ئەوەی ئایا دروستە بە غەیری موسڵمان بڵێت برا، یان نە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: ئیسلام ئێمەی فێر كردووە بە چاوی برایەتی سەیری مرۆڤایەتی بكەین و هەموومان لە مرۆڤایەتی یەكسانین، بۆیە زۆر بە ڕاشكاوی دەڵێم: برای كریستیان، برای ئێزدی و شوێنكەوتووانی هەموو ئایینەكانی دیكەش هەر بە برا دەزانین. لەسەر ئەم ڕوانگەیە ئێمە لە ڕابردوو پشتگیریی پێكەوە ژیانمان كردووە و لە ئێستا و داهاتووش بە بەردەوامی پشتگیریی پێكەوە ژیان دەكەین و دژی هەر هەنگاوێكیش دەوەستینەوە كە كاریگەریی نەرێنی لەسەر پێكەوە ژیان دروست بكات.
یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلام لە كوردستان، بە درێژایی 52 ساڵی تەمەنی خۆی بە هەموو شێوەیەك هەوڵی داوە پێكەوە ژیان لەناو تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بە جیاوازی ئایین و مەزهەب و نەتەوەوە، بەهێز بكات و فاكتەرێكی سەرەكی بووین بۆ ڕەنگدانەوەی پێكەوە ژیان لە تەواوی كوردستاندا.
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم، لە زۆر وڵات تەنیا وەك دروشم و سیاسەت باسی پێكەوە ژیان دەكەن، بەڵام لە كوردستان پێكەوە ژیان بووەتە واقیع و لە واقیعێكەوە هەڵقوڵاوە كە خەڵكی كوردستان بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە بڕوایان پێیەتی.
هەندێك جار خەڵكانێك هەبوون هەوڵیان داوە ژینگەی پێكەوە ژیان لە كوردستان بشێوێنن و زیان بە پێكەوە ژیان بگەیەنن، بەڵام خۆشبەختانە ئەقڵمەندان لەسەر ئاستی هەموو ئایینە جیاوازەكان ڕێگر بوون لەوەی شتێك بكرێت، زیان بە پێكەوەژیان لە كوردستان بگەیەنێت.
كوردستانی خۆشەویستمان لانكەی كۆمەڵێك ئایین و نەتەوەی جیاوازە، بەڵام سەرفرازین لە كوردستان هیچ كێشەیەك بە ناوی كێشەی نێوان ئایین و مەزهەب و نەتەوەكان بوونی نییە، بەڵكو هەموومان پێكەوە یەك ئامانجمان هەیە و ئەو ئامانجەش بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستانە.
دڵنیام هەموو ئایینەكان چۆن پشتگیری لە پێكەوە ژیان دەكەن، بە هەمان شێوەش پشتگیری لە مەزڵوومیەتی گەلانیش دەكەن، كوردستانیانیش بە تێكڕا لە كورد و ئەو پێكهاتە جیاوازانەشی لەسەر ئەم خاكە دەژین، هەموویان كۆكن لەسەر مەزڵوومییەتی گەلی كورد و بەرگری لێكردنی. هەر بۆیە جارێكی دیكە جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، ئێمە وەك مامۆستایانی ئایینی و یەكێتیی زانایانی ئیسلامی لە كوردستان، پشتیوانییەكی تەواوی پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان دەكەین و، هەمووشمان پێكەوە هاوكار دەبین كە چۆن ئێستا كوردستان بووەتە نموونەیەكی دیاری پێكەوە ژیان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان. لەسەر ئەم بنەمایە ئەركی سەرشانی ئێمەیە كە منداڵەكانمان و نەوەی داهاتوو بەو شێوەیە پەروەردە بكەین كە بەردەوامی بە پێكەوە ژیان بدەن و ئەم كەلتوورە وەك میراتێك بۆیان بەجێبهێڵین.
زۆر گرنگە ئەوە لەبەر چاو بگرین ئێمە هەموومان لە مرۆڤایەتیدا یەكسانین و هەمووشمان یەك چارەنووسمان هەیە كە ئەویش گەڕانەوەیە بۆ لای خوای پەروەردگار، ئەمە پێمان دەڵێت كە ئێمە خالق و مەرجەع و مەئوامان هەر یەكە، ئەمەش فەرزی دەكات لەسەرمان هەموومان بە هێزێكی پتەو نەوەكانی داهاتوو لەسەر گیانی پێكەوە ژیان و یەكتری قبووڵكردن پەروەردە بكەین.
تێبینی: ئەم وتارە لە ڕێوڕەسمی دابەشكردنی كتێبی «بە یەكەوە ژیان لە كوردستان – دید و تێڕوانینی ئایینە جیاوازەكان» پێشكەش كراوە.
(*)
سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی كوردستان